20/5/2019 03:47 PM

ئەحمەد شەماڵ

 

خە لیل عەبدولڵا

 ئەحمەدی خولە سنەیی یاخود ئەحمەد شەماڵ هونەرمەندێكی میللی كوردستانە‌و خزمەتێكی زۆری بە هونەری میللی كوردی كردووە.ئەحمەد مەحمود محەمەد ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیە‌و لەناو خەڵكدا بە ئەحمەدی خولەسنەیی یاخود ئەحمەد شەماڵ ناسراوە.
ئەم هونەرمەندە بە رەچەڵەك خەڵكی خۆرهەڵاتی كوردستانن‌و بەهۆی كاری كاروانچێتییەوە باوك‌و باپیری لەشاری سنەوە هاتونەتە شاری سلێمانی‌و لەو شارە نیشتەجێبوون.
ئەحمەد شەماڵ ساڵی 1922 لە گەڕەكی چوارباخی سلێمانی لەدایك بووە.
كەسێكی رەنجدەر بووە‌و ئیشوكاری قورسی وەك كاروانچێتی‌و تونچێتی كردووە‌و ژیانێكی سەخت‌و دژوار، بەڵام سەربەرزانە ژیاوە.لەسەرەتای گەنجییەوە خولیای هونەری گۆرانی بووە‌و وەك هونەمەندێكی خاكی‌و میللی لە بۆنە‌و ئاهەنگەكاندا گۆرانی وتوە.زۆربەی گۆرانییەكانی گۆرانی فولكلۆری یاخود لە هۆنینەوەی خۆی بوون‌و رەنگدانەوە‌و ئاوێنەی ئەو ژیانە كولەمەرگییە بووە كەبەسەری بردووە.
ئەم هونەرمەندە نزیكەی نیو سەدە خزمەتی بە دنیای هونەری كوردی كرد‌و 67 گۆرانی تۆماركراوی هەیە.ئەوەی جێگەی سەرنجە، وەك پێویست‌و زۆر ئاوڕ لەم هونەرمەندە نەدراوەتەوە‌و تیشك نەخراوەتە سەر ژیان‌و بەرهەمەكانی. بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ساڵی 2016لەیادی ساڵڕۆژی كۆچی دوایی هونەرمەند ئەحمەد شەماڵدا،كەسایەتیی نیشتمانی‌و كەلتورپەروەر د. تەها رەسوڵ لەسەر ئەركی خۆی پەیكەرێكی بۆ دروستكرد‌و لەزێدی هونەرمەند لەگەڕەكی چوارباخ دانرا.بەداخەوە ئەم هونەرمەندە خاكی‌و زەحمەتكێشەلە3ی نیسانی 1997 بەهێمنی‌و بەهۆی نەخۆشییەوە بۆ دواجار لەشاری سلێمانی ماڵئاوایی لەژیان كرد‌و چووەدنیای نەمرانەوە.درود بۆ رۆحی پاك‌و بێگەردی ئەحمەد شەماڵی هونەرمەندی خاكی‌و سەربەرز.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved