5/10/2019 08:23 AM

پرۆفیسۆر عیززەدین موستەفا ڕەسوڵ و ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە

 

پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

هاوشێوەی گۆگڵ وفلۆبیر وتۆڵستوی وكافكا وهێمنگوای، عیززەدین موستەفا ڕەسوڵا هەمیشە هەوڵی داوە ئاوێنەیەكی ڕاستەقینەی دۆخە سیاسی وفیكری وئەدەبی وئابوورییەكانی كۆمەڵگا بێت .كاراترین چەك بۆ چارەسەری كێشە وگەندەڵییە سۆسیۆڵۆژی وفیكرییەكانیش ڕەخنە بوو. ئەمەش لەكاتێكدا وبەئاشكرا دەیبینی كۆمەڵگا ڕووبەڕوی چەندین گرفت ومەسەلەی هەستیاری فیكری وسیاسی بۆتەوە،لەسەر ئاستی دەرەكی وناوەكی.گەرچی گۆڕینی دۆخەكان لەئەستۆی ئەودا نەبووە بەوپێیەی دەسەڵاتێكی سیاسی بەرپرسیارێتی ئەم كارەی لەئەستۆ گرتووە،بەكۆن وتازەوە، بەڵام توانیوێتی ڕووبەری پرسیارەكان لەئاستێكی سادەوە بگوێزێتەوە بۆ ئاستی پرسیاركردن بەنموونەی كوردستان وئەو پرسیارانەی كەبەدەوری كوردستاندا دەسوڕێتەوە وەك ناسنامە ودامەزراندن وسنوور ودەسەڵات وزمان وئەدەب ...هتد.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەناوبراو هەر لەسەرەتای تێكەڵبوونی بەفیكرێكی ئایدیۆڵۆژیایی،یان دەستپێكردنی نووسین،بەشیعر یان وتار ولێكۆڵینەوە،چەمكی بێدەنگی شكاندووە وبوێرانە ڕەخنەی لەسەرجەم دەسەڵاتەكان گرتووە بەخۆماڵییەكانیشەوە.لێرەدا تێگەیشتنەكانی بۆ فیكر وسیاسەت بەشێوە تیۆری وپراكتیكەكەیەوە كردارێكی ووزەبەخش بووە بۆ ئەم جۆرە دەربڕینانە.بەمانایەكی تر،هەر لەسەرەتاوە هەوڵی داوە دووربكەوێتەوە لەچەمكە كڵاسیزمەكانی نووسین كەزیاتر پەیوەستە بەوێنەگرتنەكانەوە بەبێ ئەوەی بچێتە نێو ووردەكارییەكانی نێو ئەو وێنانەوە.لەلایەكی تریشەوە تێكەڵبوونی بەدیدە جیهانییەكانەوە، بەتایبەتی ئەوانەی كەباسیان لەدادپەروەری ویەكسانی وبرایەتی وشوناس دەكرد،ئەركی وێناگرتنەكانی ڕیالیزمی ڕەخنەگرانەی گەلێگ فراوانتر كرد وەك ئەوەی بڵێت نەتەوەكانی جیهان لەڕێگەی ئەو جۆرە دیدانەوە سەربەخۆیی خۆیان بەدەستهێناوە.ڕاستە،عیززەدین موستەفا ڕەسوڵ بەفۆڕم كەسێكی ماركسی بوو بەڵام لەناوەڕۆكدا كوردایەتییەكەی كەمتر نەبووە لەوانەی كەهەمیشە گەڕاوون بەدوای نەتەوەدا بەنموونەی مەلیك مەحمود وتۆفیق وەهبی بەگ وڕەفیق حیلمی بەگ وبێكەس ...!جارێكی تریش ڕووداوێكم لەسەر كوردبوونی پرۆفیسۆر عیززەدین گێڕاوەتەوە لەكاتێكدا ولەزەمەنی ئەنفالدا بەبڕیارێكی ڕژێمی بەعس فەرمانی سووتانی كتێب وسەرچاوە بەنرخە كوردییەكان دەرچوو.ئەو كات هەردووكمان مامۆستا بووین لەكۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەددین.ڕاگری كۆلێژ لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ دەستنیشانكردن وكۆكردنەوەی سەرچاوەكان بەمەبەستی سووتاندنیان لەگۆڕەپانی كۆلێژ.هەر زوو هەواڵەكەم گەیاندە پرۆفیسۆر كەلەژوورێكی كۆلێژدا كاری دەكرد.بەبیستنی چاوی چووە پشت سەری وڕایكرد بەرەو گۆڕەپان وبەدەنگێگی بەرز هاواری دەكرد "ئێوە دونیاتان كاول كرد ئێستاش هاتوونەتە سەر سووتانی سەرچاوەكانمان ..دەبێت پێش سووتانی ئەو سەرچاوانە من بسووتێنن".لەوێدا ئەم هەڵوێستە نەتەوەییە جۆرێك لەحەماسی دروست كرد وڕاگرایەتی وپیاوانی ڕژێم ترسان بەوەی مەسەلەكە بەرەو ئاقارێكی تر بڕوات.بۆیە هەر زوو كۆنتڕۆڵی دۆخەكەیان كرد...!
 كاركردن لەسەر دیدە جیهانییەكان پێویستی بەتێكەڵبوون وپەیوەندی وخوێندنەوەی چڕ هەیە وخۆڕسكانە نایەتە بەرهەم.هەر لەبەر ئەمەش بوو دۆستایەتی نزیكی لەگەڵ كەڵە نووسەرە عەرەب وبێگانەكاندا هەبووە،یان كتێبخانە دەوڵەمەندەكەی بەڵگەیەكی باوەڕپێكراوە.تەنانەت دانیشتن لەگەڵیدا ئەوەی دەسەلماند كەتەواو ئاگاداری سەرچاوە بەنرخەكانی جیهانە وبەووردیش كاری لەسەر كردوون.جگە لەمەش ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە پێویستی بەدیدە دیالێكتیكییەكانە كەئەمەش لەلایەكەوە پێویستی بەزانیارییەكانە ،لەلایەكی تریشەوە بەبوێری وئازایەتی.ڕژێم بەیارمەتی كەسانێكی خۆپەرست وهەلپەرست هەوڵیاندا كەبەشی زمانی كوردی،لەزانكۆی سەڵاحەددین ولەزەمەنی ئەنفال وكیمیاباریندا، دابخەن بەبیانووی ئەوەی ئەم بەشە خزمەت بەڕۆشنبیرییەتی عێراقی ناكات وسنوورەكانی تەسك وبچووكن.لەبری ئەمە بایەخ بەزمانی كوردی بۆ دەستپێكەران بدرێت كەتەنها عەرەبەكان بۆیان هەبێت بچنە نێو ئەو بەشەوە.دیارە ئەمەش بەمەبەستی گەورەكردنی دەزگا سیخووڕی وئەمنییەكانی ڕژێم بوو بۆئەوەی پێویستیان بەزانیاری كوردەكان نەبێت بەتایبەتی لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا لەگەڵ خاوەن هەڵوێستەكان.پرۆفیسۆر بەمەی زانی وهەر زوو خۆی گەیاندە لای بەرپرسانی ڕژێم وبەزانیارییە چڕەكانی كەوتە دایەڵۆگ كەداخستنی ئەم بەشە،جگە لەزیانە ڕۆشنبیری وئەدەبییەكەی، زیانێكی فیكری وسیاسیش دەخوڵقێنێت بەوەی پەیوەندییەكانی نێوان كورد وعەرەب زیاتر ئاڵۆزتر دەكات.ئینجا،مام جەلال ئاسایی ،كەوتە دەرهێنانی ئەو فەرمانانەی كەلەكاتی خۆیدا بەشەكەی لێكراوەتەوە وچۆنیش دەسەڵاتی بەعس پشتگیری لێكردووە.بەمەش دەسیسەی هەلپەرستەكان شكستی هێنا.یەكێك لەكێشەكانی ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە ڕەشبینییە.ئەم ڕەشبینییە دەرئەنجامی بایەخنەدانی بەرامبەرەكانە،یان باشتر وایە بڵێین ئەوانەی كەپرۆفیسۆر پشتگیری لێكردوون یان پشتی پێ بەستوون،بەبۆچوون وزانیارییە ووردەكان كەلەبەرژەوەندی خۆیان وتێكڕای خەڵكیدایە.زۆری نووسی لەسەر سروشتی زمانی كەناڵ وڕۆژنامە وگۆڤارەكان،زۆری ووت دەرهەق كاولكارییەكانی براكوژی وشەڕی ناوخۆ.لەسەر یەكگرتن وبرایەتی.كەسی نەخوێندەوار،نەفام كەئاگاداری سەرچاوەكانی خۆی نیە.هەروەها لەسەر بابەتیبوونی كاركردن لەدەزگا ڕۆشنبیری وفیكری وئەكادیمییەكان.وێنەیەك لەڕەشبینییەكانی دوا كونجی بوو كەلەكوردستانی نوێ،ڕۆژی 3 / 10 / 2019 بڵاویكردۆتەوە بەنێوی" ئیتر بۆ بنووسم".لەم نووسینەدا ئاماژەی بەنەخوێندنەوە وهاندانی شەڕی برا كوژی داوە لەلایەن كەسێكێكەوە كەوەك خۆی دەڵێت "مەسئوول یشە".ئەمە وشتی تریش هەمیشە پرۆفیسۆریان نیگەران دەكرد ودەم وچاوی تەواو گرژ دەبوو.بەداخەوە ،هەروەك خوی لەو كونجەیدا ئاماژەی پێداوە،ئاواتەكەی نەهاتە دی كەبەشی پێنجهەمی كوردستان ببینێت كەبەشێكی گرنگی ووڵاتی كازاخستانە.ئەوەتا دەڵێت"ئای ئەوە زۆر دەڵێمەوە:خۆزگە (پیری ونەخۆشی) ڕێگەی دەدام وجارێك ئەو پارچەیەشم دەبینی".لەهەمان كاتیشدا داوا لەو بەرپرسەش دەكات ئەویش سەردانێكی ئەو بەشە بكات تالەنزیكەوە بزانێت بەشی پێنجهەمی كوردستان بوونی جوگرافی ونەتەوەیی خۆی هەیە.







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved