13/2/2022 04:57 PM

یوشاهیدی (بەشی دووەم)

رێبەرایەتی
یوشاهیدی لەلایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی کینیایی بە هاوکاری پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا دامەزرا؛ کەسانێک کە نەیاندەتوانی بەشێوەیەکی پاسیڤ دانیشن و تەنها بینەر بن. ئۆکۆلۆ لەدایکبوو و پەروەردەکراوی ناوچە گوندییەکانی کینیا بوو. ئەو جۆرەی بۆخۆی باسی دەکا: «ئەمڕۆکە بۆ زۆرینەی ئەفریقییەکان، ئەو شوێنەی وا لێی دەژی، ئەو شوێنەی وا لێی لەدایک بووی یان ئەو بارودۆخەی تێیدا لەدایک بووی، دیاری دەکات کە درێژەی ژیان چۆناوچۆن دەبێت. من دەمویست کە وەها گۆڕانێک دروست بکەن و دەزانم کە بۆ هەر گۆڕانێک دەبێ سەرەتا لە خۆمانەوە دەست پێبکەین. ئێمە وەکوو ئەفریقییەک دەبێ بەرپرسایەتیی کیشوەرەکەی خۆمان لەئەستۆ بگرین».
ئۆکۆلۆ لە زانکۆی پیتسبرگ لە ئەمریکا خوێندی و پاشان بۆ خوێندنی باڵا لە کۆلێژی مافی زانکۆی هاروارد وەرگیرا. ساڵی ٢٠٠٥، خوێندنی لە کۆلێژی ماف تەواو کرد و گەڕایەوە بۆ ئەفریقا و بوو بە وێبلاگنووسێکی سیاسیی ناسراو. ساڵی ٢٠٠٦، "ئێمزالێندۆ"ـی بۆ چاوەدێری کردنی پەرلەمانی کینیا دامەزراند. ئێمزالێندۆ کە لە زمانی سەواحیلی‌دا بە مانای «نیشتمانپەروەر»ـە، سیستمێکی چاوەدێرییە کە لەلایەن چالاکانی خۆبەخشەوە بەڕێوە دەچێت و کۆمەڵێک پۆست و وتار سەبارەت بە ئەندامانی پەرلەمانی کینیا بڵاو دەکاتەوە. چالاکییە مەدەنییەکانی ئۆکۆلۆ ئەوی لەگەڵ تۆڕێکی بەهێز لە پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا و چالاکانی کینیا گرێ داوە. ئێریک هێرسمان، کە لە کینیا و سوودان گەورە بووە، پسپۆڕی تەکنەلۆژیا و نووسەری وێبلاگی «ئەفریقای سپی»ـیە. ئەو جگە لە یوشاهیدی، ماڵپەڕی «ئەفری‌گەجێت»ـیشی دامەزراندووە؛ ماڵپەڕێک لە رێگەچارەی تەکنەلۆژیک و داهێنەرانە بۆ کێشەکانی ئەفریقا دەخاتە روو.
جولیانا راتیچ، نووسەری وێبلاگ کە لە کینیا گەورە بووە و لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری ITـدا خوێندوویەتی، لەو کەسانەیە کە یارمەتیدەر بووە لە دامەزراندنی یوشاهیدیدا. دەیڤید کوبیا، ئەگەرچی سەدان کیلۆمەتر لە ئەمریکا دووەرە، لە دیزاین و پەرەپێدانی نەرم‌ئامێری یوشاهیدیدا یارمەتییەکی شایانی کردووە. ئەو جۆرەی ئێریک هێرسمان دەڵێ، ئەگەرچی تەکنەلۆژیای کێشانەوەی خەریتەکان، سێ ساڵ بەر لە رێکخستنی یوشاهیدییش بوونی هەبووە، بەڵام تیمی یوشاهیدی دەرەتانی بۆ بەکارهێنانی چالاکانە و بێ‌وێنەی ئەم نەرم‌ئامێرەی هێنایە ئاراوە.

کەشی مەدەنی
ئەو توندوتیژیانەی بووە هۆی دامەزراندنی یوشاهیدی، ریشەی لە ناکۆکی و دژایەتییە ئەتنیکییەکانی کینیادایە؛ ناکۆکی لەسەر مڵکایەتیی زەوییەکان و مافی حکومەت. پاش سەربەخۆیی کینیا لە حوکمڕانیی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٦٣ـدا، مڵکایەتیی ئەم وڵاتە بەگشتی بەدەست بڕواپێکراوانی حکومەت و هاوپەیمانە سیاسییەکانییەوە بوو، نەک ئەو خاوەن زەویانەی کە پێش سەردەمی کۆلۆنیالیزمیش خاوەنی ئەم زەویانە بوون. دابەشکردنی نادادپەروەرانەی زەوییەکان، لەتەنیشت گەندەڵیی بەربڵاو لە حکومەتی پاش‌کۆلۆنیالیستیی کینیا، کەلێنێکی قووڵی خستە نێوان گروپە ئەتنیکییەکانی ئەم وڵاتە؛ نێوان گروپ‌گەلێک کە پێوەندییە سیاسییەکانی خۆیان بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی بەکار دێنا و ئەو گروپانەی چانسی وەها کارێکیان نەبوو.
مڵکایەتیی زەوییەکان و مافی حکومەت بەردەوام  لە هەڵبژاردنە چەند حزبییەکانی کینیادا خاڵێکی سەرەکی بوون. یەکەم هەڵبژاردن ساڵی ١٩٩٢ لەم وڵاتە بەرێوە چوو. چاوەڕوان نەدەکرا کە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٧ و قەیرانەکانی دوا هەڵبژاردن، ١٠٠٠ کوژراو و زیاتر لە ٥٠٠٠ ئاوارەی لێبکەوێتەوە.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved