13/5/2018 03:10 PM

محەمەد موكری

 

خەلیل عەبدولڵا
محەمەد موكری نوسەرو ئەدیب‌و روناكبیرێكی گەورەی كوردستانە‌و نزیكەی نیوسەدە لە خزمەتی ئەدەب‌و رۆشنبیری كوردیدا بوو.موكری ساڵی 1945 لەگەڕەكی قەڵای شاری كەركوك لەدایك بووە.
هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجیەوە خولیای جیهانی ئەدەب‌و نوسین بووە‌و خاوەنی چەندین چیرۆك‌و رۆمانی ناوازەیە كە لەدیارترینیان ئەمانەن( سەگوەڕ، تۆڵە، هەرەس، ئەژدیها، نێچیر).
موكری بایەخیشی بەشانۆ داوە‌و چەند شانۆگەریەكی نوسیوە لەوانە شانۆگەری (هارونە رەشید، دادگا).لەبواری وەرگێڕانیشدا شوێن دەستی دیارە‌و 10 شاكاری شانۆیی گەورە شانۆنوسانی جیهانی بۆ زمانی كوردی وەرگێڕاوە.
محەمەد موكری وەك نوسەرێكی بەهەڵویست چۆتە ریزی شۆڕشی نوێ‌‌و بەچەك‌و قه‌ڵه‌م بەرگری لەگەلەكەی كردووە.هەر لەشاخ موكری بایەخیشی بەكاری رۆژنامەنوسی داوە‌و لەرۆژنامە‌و گۆڤارەكانی سەردەمی شۆڕشدا بەرهەمەكانی بڵاو كردۆتەوە‌و گۆڤاری كەلتوری لەشاخ‌و پەیڤینی لەشار دەركردووە كە دوو گۆڤاری سەنگین بوون.
هەر لەشاخ چەند چیرۆك‌و رۆمانێكی نوسی‌و بڵاو كردەوە.لەناو ئەوانەدا رۆمانی سەگوەڕ كە بەشێوازێكی رەخنەیی لەسەر شۆڕش نوسرا بوو گفتو گۆ‌و مشتومڕی زۆری لەسەر كرا‌و كاردنەوەی توندی لێكەوتەوە، تا هەڤاڵ مام جەلال هاتە سەر خەت‌و ئاماژەی بەوە كرد كەدەبێ‌ قەڵەم بەقەڵەم وەڵام بدرێتەوە‌و دروشمی نان‌و ئازادی بۆ نوسەران بەرجەستە كرد.
لەدوای راپەرینیش موكری لەخزمەتكردنی ئەدەبی‌و روناكبیری‌و رۆژنامەنوسی بەردەوام بوو ‌و چەندین بەرهەمی نوێی خستە سەر خەرمانی بەرهەمەكانی دیكەی.
بەداخەوە ئەم كەڵە نووسەرەی كورد لە رۆژی 6ی ئایاری 2012 بەنەخۆشی ماڵئاوایی یەكجاری كرد‌و لەشاری سلێمانی بەخاك سپێردرا‌و چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.
درود بۆ گیانی پاكی محەمەد موكری ئەدیب‌و روناكبیری گەورەی كوردستان لە ساڵرۆژی ماڵئاواییدا.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved