29/5/2018 03:16 PM

تەحسین تەها

 

خە لیل عەبدولڵا
تەحسین تەها هونەرمەندێكی دیارو ناسراوی كوردستانە‌و لەچەند بوارو رشتەیەكی جیاوازدا خزمەتی بەهونەرەكانی گۆرانی‌و موزیكی كوردی كردووە‌و رۆڵی دیار‌و بەرچاوی لە نوێكردنەوەی هونەری گۆرانی لەناوچەی بادینان هەبووە.
تەحسین تەها محەمەد سەلیم ئامێدی ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیە‌و بەتەحسین تەها ناسراوە.ساڵی 1941 لە ناوچەی بیبۆی سەر بەشارۆچكەی ئامێدی لەدایك بووە.
قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی لە مانگێش‌و باتوفە‌و دهۆك تەواو كردووە.
لەبەر ئەوەی هەر منداڵییەوە خولیای هونەری گۆرانی بووە، دوای قۆناغی ناوەندی چۆتە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا‌و لەساڵی 1964 ئەو پەیمانگایەی تەواو كردووە.
ئەو ماوەیەی لەبەغدا بووە، هەلی بۆ رەخساوە چۆتە رادیۆی كوردی بەغدا‌و گۆرانییەكانی بۆ ئەو رادیۆیە تۆمار كردووە‌و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی كە خەڵكی كوردستان بەدەنگە بەسۆزەكەی ئاشنا بن‌و بیناسن.
بەپێی هەندێ‌ ئامار نزیكەی 120 گۆرانی لەو ئیزگەیە تۆمار كردووە‌و بەگشتیش خاوەنی نزیكەی 150 گۆرانییە.بێ‌ لەگۆرانی مامۆستا تەحسین تەها لەبواری ئۆپەرێتیشدا خزمەتی كردووە‌و لە ئۆپەرێتەكانی( داستانی شۆڕش‌و روباری ژیان‌و دەرگاكانی ژیان) وەك ئەكتەر بەشداری كردووە‌و رۆڵی دیار‌و سەرەكی بینیوە.
تەحسین تەها وەك مامۆستای هونەریش خزمەتی زۆری بەهونەرەكانی موزیك‌و سروود‌و گۆرانی كردووە‌و لە مەخموور‌و هەولێر مامۆستای هونەر بووە‌و شوێن پەنجەی بە خزمەتكردنی هونەرو پەروەردەی هونەری خوێندكارانەوە دیار بووە.
یەكێكیش بووە لە دامەزرێنەرانی تیپی هونەری هەولێر، ئەو تیپەی خزمەتێكی زۆری پێشكەش بەهونەری كوردی كردووە.ئەم هونەرمەندە گەورەیە بەشی زۆری ژیانی بۆ خزمەتكردنی هونەری كوردی تەرخانكرد‌و بەرهەم‌و بەخششە هونەرییەكانی وەك سەرمایەكی هونەری بەنەمری ئەمێننەوە.
بەداخەوە ئەم كەسایەتییە مەزنە هونەرییە لە ئاوارەیی‌و لەغەریبی لە رۆژی 28ی ئایاری 1995 بۆ یەكجاری ماڵئاوایی لە جیهانی هونەر كرد‌و چووە دنیای نەمرانەوە‌و لە 4ی حوزەیرانی هەمان ساڵ تەرمەكەی هێنرایەوە بۆ كوردستان ‌و لە زێدی خۆی لەشاری ئامێدی دڵگیر بەخاك سپێردرا.درود بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی مامۆستا تەحسین تەهای هونەرمەندی ناسراوی كوردستان.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved