25/6/2018 09:11 AM

سووده‌كانی یۆگا بۆ منداڵان

یۆگا وه‌رزشێكی جه‌سته‌یی و ده‌روونییه‌، مێژووی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شه‌ش هه‌زار ساڵ پێش ئێستا، به‌تایبه‌تیش له‌ وڵاتی هیندستان، وه‌كو رێوڕه‌سمێكی ئایینی باو و بڵاوبوو.

وشه‌ی (یۆگـا) له‌ (زمانی سه‌نسكریتی)ه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، كه‌ زمانی كۆنی هیـند بوو.

له‌ ئه‌مڕۆشدا وه‌رزشی یۆگـا رۆژ له‌دوای رۆژ له‌ جیهاندا ته‌شنه‌ ده‌كات، هه‌وادارانی له‌ زۆربووندان، سوودو گرنگی زیاتری ئاشكراده‌كه‌ن، راهێنان و داهێنانی تازه‌ ده‌خه‌نه‌ سه‌ری. له‌ شاره‌كانی كوردستانی ئێمه‌شدا وه‌رزشكه‌ران و حه‌زلێكه‌رانی یۆگـا له‌ زۆربووندان، كۆمه‌ڵه‌ی یۆگـاو چه‌ندین گـروپی تری ئه‌م وه‌رزشه‌ هه‌ن.

یۆگـا جۆرو شێوازو راهێنانه‌كانی زۆرن، له‌ ئاسانه‌وه‌ بۆ قورس ده‌ستپێده‌كات، گه‌وره‌و منداڵان حه‌زیان لێی هه‌یه‌و به‌ تاك و به‌ كۆمه‌ڵ ده‌یكه‌ن.

یۆگـای منـداڵان، بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك مه‌شق و راهێـنانی سوك و ئاسان كه‌ له‌گه‌ڵ توانای جه‌سته‌ی منداڵاندا گونجاو و له‌بارن بۆ تێكه‌ڵبوونی روح و هۆش و جه‌سته‌یان و به‌دیهێنانی گونجـانی ناوه‌كی خـودی منـداڵان. سه‌ره‌ڕای سوودی زۆری جه‌سته‌یی و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی، منـداڵان وه‌كو یارییه‌كی خۆش وه‌رزشی یۆگـا ده‌كه‌ن و خـۆشی و شادییه‌كی زۆریان پێده‌به‌خشێت.

سووده‌كانی یۆگا بۆ منـداڵان
سووده‌كـانی یۆگـا بۆ منـداڵان زۆرن، به‌كـورتی له‌م خـاڵانی خـواره‌وه‌دا گـرنگترینی ئه‌و سوودانه‌ باسده‌كه‌یـن:

1ـ یۆگـا یه‌كێكه‌ له‌و وه‌رزشانه‌ی كه‌ پشت به‌ هێمنی و ئارامی ده‌به‌ستێت. كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات منـداڵان زیاتر له‌ زمـانی جـه‌سته‌و هـۆشی خۆیان بگه‌ن، له‌ڕیـی وه‌رزشی یۆگـاوه‌ فێری هیمنی و ئارامی و ئاسووده‌یی ده‌بن. له‌ رووداو و كاره‌ساته‌كـاندا، زیاتر له‌سه‌رخـۆن و ئـارامگـرن و نه‌رمـڕه‌وییان پێوه‌ دیـاره‌.

2ـ یۆگـا ماسوولكه‌كان خاوده‌كاته‌وه‌، رێگری له‌ خه‌وزڕان ده‌كات و یارمه‌تی منداڵان ده‌دات كه‌ باشتر بنوون، زۆر له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌باره‌ی سووده‌كانی یۆگا بۆ منداڵان، جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كـردووه كه‌ منـداڵانی خـوار ته‌مـه‌ن ده‌ ساڵان ناتـوانن به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاو و پێویست بوه‌ستن، به‌ڵام گه‌ر هه‌نـدێ له‌ راهێنانه‌كانی یۆگـا بكه‌ن ده‌بنه‌ هۆكارێكی گـرنگ بۆ پشـوودان و باشـتر نووستن.

3ـ یۆگـا یارمه‌تی رێكخستنی هه‌ناسه‌ ده‌دات، به‌تایبه‌تیش ئه‌و منـداڵانی كه‌ توشبووی هه‌ناسه‌ته‌نگی (ره‌بـۆ) بوون. له‌ زۆربه‌ی فـشاره‌ ده‌روونییه‌كـانیش رزگـاریان ده‌بێت. رێـز له‌ خـۆیان ده‌گرن و له‌گه‌ڵ خـودی خۆیانـدا به‌ ئـارامی و ئاشـتی ده‌ژیـن.

4ـ زۆر له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كـان، جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كـردووه كه‌ یۆگـا یـارمه‌تی ئه‌و منـداڵانه‌ ده‌دات كه‌ زۆر جوڵه‌و بزێو و بێئۆقره‌ن، له‌رێی وه‌رزشی یۆگاوی رێكوپێكه‌وه‌ ئاسانه‌ كه‌ به‌سه‌ر ئه‌م كێشه‌ نه‌رییانـه‌دا سه‌ربكه‌ون.

5ـ یۆگا یارمه‌تی خاوبوونه‌وه‌و حه‌سانه‌وه‌ی له‌شی منداڵان ده‌دات و ده‌روون و مێشكیان هـێورده‌كاته‌وه‌. ئازارى جه‌سته‌ش كه‌متر ده‌كاته‌وه‌. یۆگـا یارمه‌تی منـداڵانی نه‌خۆش ده‌دات كه‌ خێراتر له‌ نه‌خۆشییه‌ درێژخـایه‌نه‌ جه‌سـته‌یی و ده‌روونییه‌كـانیان چـاكببـنه‌وه‌. یۆگـا چاره‌سه‌رێكی ته‌واوكه‌ری چـاره‌سه‌ره‌كـانه‌. ئه‌و منـداڵانی كه‌ وه‌رزشی یۆگـا بكه‌ن، كه‌متر توشـی نه‌خۆشییه‌ مه‌تـرسیداركان ده‌بن، چونكه‌ یۆگـا هـێزی به‌رگـری له‌ش چالاكـتر ده‌كات. هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ری ئـازاری ئه‌ژنـۆو پشـت و پێیه‌كان ده‌كـات.

6ـ یۆگـا دڵ و ده‌روونی منـداڵان خـاوێن ده‌كـات، له‌ بیرو نیـازی خـراپ و له‌ خه‌یـاڵی ناپه‌سه‌ندو له‌ به‌دكـاری و له‌ چكوسی (ئیره‌یی) دووریـان ده‌خـاته‌وه‌. ده‌تـوانن به‌ روحێكی وه‌رزشی و هاوڕێتی و لێبووردن له‌گه‌ڵ منداڵانی تردا بگونجێن و هه‌ڵبكه‌ن.

7ـ به‌شێكی زۆر له‌ منـداڵانی بچووك یۆگـا به‌ یارییه‌كی خۆش ده‌زانـن، پێكه‌وه‌ جۆره‌ یۆگـایه‌كی ئاسان ده‌كه‌ن. شادییان پێده‌به‌خشێت و خـۆشی لێوه‌رده‌گـرن.

8ـ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌وه‌ سه‌لمێنراوه‌ كه‌ یۆگـا روانین و سه‌رنجی منداڵان تیژتر ده‌كات، فـێری ئه‌وه‌یان ده‌كات كه‌ به‌وریایی و به‌وردی سه‌رنـج بـده‌ن، تا به‌ سه‌ركه‌وتـوویی راهێنانه‌كـان ئه‌نجامبده‌ن. ئه‌و منـداڵانی وه‌رزشی یۆگـا بكه‌ن وا هه‌ستده‌كه‌ن كه‌ هۆشیارن و توانایه‌كی باشیان هه‌یه‌، له‌ خوێندنـدا سه‌رنج وردتـرن له‌ منـداڵانی تر. له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی وانه‌كانیشدا بـڕواو متمانـه‌یه‌كی زیاتـریان به‌ سه‌ركه‌وتن و به‌ ده‌رچـوونی خۆیان هـه‌یه‌.

9ـ یۆگـا وه‌رزشێكی ململانێ و كێبڕكێ نییه‌، له‌پێناوی بردنه‌وه‌و به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵات و ده‌سكه‌وتدا نییه‌. قـه‌واره‌و قه‌ڵافـه‌ت و كێش و شێوه‌ی جه‌سته‌ی منداڵانیش مه‌رج و گرنگ نییه‌، هه‌موو منداڵێك به‌پێی حه‌زو كێش و توانای خۆی ده‌توانێت یۆگـا بكات.

10ـ یۆگـا وزه‌و  گـوڕوتینێكی زیاتر به‌ منداڵان ده‌به‌خشێت. كێشی زۆر داده‌گرێت و كه‌متری ده‌كاته‌وه‌.. منداڵانیش له‌ دڵه‌ڕاوكێ و مشه‌وه‌شی و خه‌مۆكی و گۆشه‌گیری و له‌ گرژی و له‌ په‌ستی و هه‌ڵچوون و رق و كینه‌و توندوتیژی و خۆپه‌رستی و شه‌ڕانگێزی دوورده‌خاته‌وه‌. ده‌تـوانن كۆنترۆڵی خویان بكه‌ن. به‌ زمـانی گـوڵ یه‌كتری بـدوێنن.

11ـ یۆگـا گه‌شـبینی و هـیواخوازی و دڵـخۆشی و شـادی و رووگـه‌شی به‌ منـداڵان ده‌به‌خشێت. وایان لێده‌كات كه‌ چـێژی زیاتر له‌ جوانییه‌كـان وه‌ربگرن و ژیـانیان لا شيرینتر بێت و له‌ ژیـانێكی خـۆشترو له‌ داهـاتوویه‌كی باشـترو گه‌شـتر بـڕوانن.

12ـ سوودێكی گرنگی تری یۆگـا بۆ منـداڵان، هۆش و هـزرو خه‌یاڵی منداڵان فراونتر ده‌كـات، واشـیان لێده‌كـات كه‌ هـه‌میشه‌ نوێخـوازبن و هـه‌رده‌میش بـیر له‌ داهێـنان و له‌ دۆزینه‌وه‌و له‌ پێشـكه‌وتن بكه‌نـه‌وه‌.

13ـ یۆگـا هاوسه‌نگی و گونجـان له‌نێوان جه‌سته‌و هـۆش و ده‌روون و سـۆزداریدا پێكده‌هێنێت، منـداڵان له‌ هـه‌ڵه‌شه‌یی دوورده‌خـاته‌وه‌، به‌په‌له‌ ره‌فـتار ناكه‌ن و به‌بێ بیركـردنه‌وه‌ش بڕیار ناده‌ن. به‌ شێوه‌یه‌كی لـۆژیكیش بڕیار ده‌ده‌ن و به‌ دروستیش گۆزارشت و كارو ره‌فتار ده‌كه‌ن.


خاك
ره‌زا شوان - نه‌رویج













زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved