2/2/2019 09:50 AM

هه‌ڵسه‌نگاندنی وێبمێتریكس

به‌ره‌وپێشچوونه‌ به‌رده‌وام و خێراكان له‌بواری (ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری)، نوێترین ئامرازه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای خسته‌ خزمه‌ت پرۆسه‌كانی (فێركردن و فێربوون)، ئاسانكاری ته‌واویشی بۆ باشتر به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌ كارگێڕی و ئه‌كادیمییه‌كان له‌ زانكۆو په‌یمانگاكان كرد. به‌رده‌ستبوونی به‌رهه‌مه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری؛ بوو به‌ پاڵنه‌رێكی بنچینه‌یش بۆ چاككردنی ئاست و كوالێتی خزمه‌تگوزارییه‌ زانستی و ئه‌كادیمیيه‌كان و فه‌راهه‌مكردنی توانای ده‌ستراِگه‌یشتن به‌ هه‌موو زانیارییه‌كان و په‌یوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ ئه‌كادیمی و زانستیه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا.

له‌ ئه‌نجامی به‌رده‌وامی شۆرشی ته‌كنه‌لۆژی و زیاتر ده‌ركه‌وتنكی گرنگی دامه‌زراوه‌ زانستی و ئه‌كادیمییه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌كاندا، ورده‌ ورده‌ چه‌ندین دامه‌زراوه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و چالاكیانه‌ هاتنه‌بوون كه‌ زانكۆكان له‌میانی ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت پێشكه‌شی ده‌كه‌ن. له‌نێو هه‌موو ئه‌وانه‌ش؛ دامه‌زراوه‌یه‌كی ئیسپانی له‌ مه‌دریدی پایته‌خت به‌ناوی (هه‌ڵسه‌نگاندنی ماڵپه‌ڕی زانكۆ جیهانییه‌كان: (Web metrics Ranking of World Universities) دروستبوو. ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ به‌ (وێبمێتریكس - web metrics) ناسراوه‌، سه‌ر به‌ ناوه‌ندی نیشتیمانی ئیسپانیایه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ (CSIC-- National Research Council) كه‌ له‌ڕێگه‌ی هه‌ردوو تاقیگه‌ی (Cyber metrics Lab& CCHS) ته‌واوی كاره‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌ ئه‌نجامده‌درێت.

مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌مجۆره‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ نوێیه‌. یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی به‌ شێوه‌یه‌كی كرداری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی (2004)، له‌و ساڵه‌دا (16) زانكۆ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌دا به‌شداربوون. ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌نجامدانی ئه‌مكاره‌ش هه‌ستكردن یاخود پێدانی ئاگادارییه‌ به‌ زانكۆكان له‌سه‌ر ئاماده‌گیان له‌ڕێگه‌ی چالاكی و كاره‌ زانستیه‌كانیانه‌وه‌ له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت كه‌ مه‌به‌ست له‌ (ماڵپه‌ڕی ئه‌لیكترۆنی زانكۆكان)ه‌، نه‌وه‌ك خودی زانكۆكان خۆیان. پرۆسه‌كه‌ له‌ ساڵێكدا دوو جارو له‌ مانگه‌كانی (كانوونی دووه‌م و ته‌مموز) ئه‌نجامه‌كانی ڕاده‌گه‌یه‌نرێت.

پێوه‌ره‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندنی (وێبمێتریكس - web metrics):
(دامه‌زراوه‌ی وێبمێتریكس) چه‌ند پێكهاته‌یه‌كی له‌نێو بونیادی ماڵپه‌ڕی زانكۆكان مه‌به‌سته‌و فۆكه‌سی پرۆسه‌كه‌ی له‌سه‌ر داده‌نێت، ئه‌وانیش بریتین له‌:
1.قه‌باره‌ی ماڵپه‌ر (Web Size): بریتیه‌ له‌ قه‌باره‌ی كۆمه‌ڵێك لاپه‌ڕه‌ی پێكه‌وه‌یی كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی پێكه‌وه‌ به‌ستراون، له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و ڕاپۆرته‌ خوولیانه‌ی دروستكراون كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ كۆمپانیاكانی: (گۆگڵ، یاهوو، ئه‌كسالید و لایڤ) بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌.

مه‌به‌ست له‌ (قه‌باره‌ی ماڵپه‌ڕ): قه‌باره‌ی ئه‌و زاكیره‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ماڵپه‌ڕی زانكۆكان هه‌یانه‌و بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی چالاكیه‌كانیان به‌كاریده‌هێنن. ئاشكرایه‌ ماڵپه‌ڕه‌كان وه‌ك یه‌ك و به‌یه‌ك ئاست ئه‌و قه‌باره‌یه‌یان نیه‌و به‌كاریشی ناهێنن، چونكه‌ ئه‌وكاره‌ په‌یوه‌سته‌ به‌قه‌باره‌ی زانكۆ له‌ڕووی ژماره‌ی كۆلێج و به‌ش و خوێندكار له‌وه‌شدا؛ مه‌رجنیه‌ زانكۆكان هه‌مان ژماره‌ له‌ كۆلێج و به‌ش و خوێندكارو یه‌كه‌ی كارگێڕییان هه‌بێت. هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ئه‌و ساڵانه‌یه‌ی كه‌ ماڵپه‌ڕی زانكۆكان یان كۆمپانیاكان بۆ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كانیان ده‌یده‌ن، وه‌ك یه‌ك نین، ئه‌مه‌ بۆ هه‌موو ماڵپه‌ڕه‌ فه‌رمیه‌كان به‌هه‌مانشێوه‌یه‌، نه‌وه‌ك ته‌نها ماڵپه‌ڕی زانكۆكان. هه‌رچی زاراوه‌ی (لاپه‌ڕه‌ پێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌كان)یشه‌، مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ چی له‌خۆی گرتووه‌، ئه‌و شتانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه‌ن چۆن نه‌خشێنراون و به‌ چه‌ند كلیك و چۆن ده‌توانین پێیان بگه‌ین.

2.دۆسیه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان (Rich Files): بریتیه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و دۆسیه‌و زانیارییه‌ نووسراوانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی زانكۆ هه‌ن، ئه‌مه‌ هه‌موو دۆسیه‌ جیاوازه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ به‌ستراون به‌ ماڵپه‌ڕی زانكۆوه‌ له‌ڕێگه‌ی (گۆگڵ)ه‌وه‌.

3.گۆگڵ زانستیی (Google scientists): لێره‌دا مه‌به‌ست لێی هه‌بوونی بابه‌تی زانستیی زانكۆكانه‌ له‌سه‌ر (گۆگڵ سكۆلار)، وه‌ك: لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌سه‌ن، نامه‌ی زانستی، پوخته‌، توێژینه‌وه‌ی هه‌ڵهێنجراو، ڕاپۆرتی ته‌كنیكی و زانستی و بابه‌تی هه‌مه‌جۆر له‌شێوه‌ی: وێنه‌، فیلم، نه‌خشه‌و.. كه‌ به‌ ناوی ماڵپه‌ڕی زانكۆوه‌ بڵاوكرابێتنه‌وه‌.

4.گرێدان و ده‌ركه‌وتن (Links  &  Visibility): مه‌به‌ست له‌و به‌سته‌رانه‌یه‌ كه‌ به‌ ڕه‌نگی شین ده‌رده‌كه‌ون و زانیاری له‌هه‌ناویاندایه‌، له‌ڕێگه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی گه‌ڕانه‌كان: (Browsing , Search Engines).

لێره‌دا مه‌به‌ست له‌وه‌یه‌: تاچه‌ند له‌نێو ماڵپه‌ڕی زانكۆكاندا گرنگی به‌ (هایپه‌رلینك – كلیك له‌سه‌ر وشه‌ یاخود ده‌سته‌واژه‌.. بكه‌یت و زانیاری ته‌واوت پێبدات له‌سه‌ری) دراوه‌. ئه‌مه‌ ئاسانكارییه‌كی زۆر بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ سه‌ردانی ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ده‌یخوێننه‌وه‌ ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی (شینكردنه‌وه‌ – هایپه‌ركردن) كلیكیان له‌سه‌ر بكه‌ن و له‌هه‌ناویانه‌وه‌ زانیاری زیاتر له‌وه‌ی خراوه‌ته‌ڕوو وه‌ربگرن.

دابه‌شكردنی نمره‌كان به‌سه‌ر پێوه‌ره‌كان له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی دامه‌زراوه‌ی (وێبمێتریكس - web metrics)دا
ئه‌م دامه‌زراوه‌ ئیسپانییه‌، نمره‌ی به‌سه‌ر ئه‌و چوار پێوه‌ره‌ی كه‌ پێشتر خستمانه‌ڕوو وه‌ك یه‌ك دابه‌ش نه‌كردووه‌، به‌ڵكو به‌پێی گرنگیان خاڵه‌كانی پێداون، به‌مشێوه‌یه‌: (20%) له‌سه‌ر (قه‌باره‌ی ماڵپه‌ڕ)، هه‌روه‌ها (15%) له‌سه‌ر (دۆسیه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان)، (گۆگڵ زانستی)ش (15%) و هه‌رچی ده‌ركه‌وتن و گرێدان (هایپه‌رلینك)یش هه‌یه‌ به‌ته‌نها (50%) خاڵه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌ی له‌سه‌ر دانراوه‌.

ڕێگه‌كانی به‌رده‌م زانكۆكان بۆ تۆماركردنی ئاستی پێویست له‌ (وێبمێتریكس - web metrics)دا دوو ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی له‌پیش زانكۆكان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خۆیان له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی وێبمێتریكسدا بگونجێنن و دوانه‌كه‌ون، ئه‌وانیش:

یه‌كه‌م: وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م و بنچینه‌یی، ده‌بێت ژێرخانێكی به‌هێزو تۆكمه‌ له‌بواریEnterprise Mail Solutions) ) بۆ خۆیان دروستبكه‌ن. ئه‌م ژێرخانه‌ ده‌بێت به شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ توانای هه‌ڵگرتن و سه‌یڤكردنی زۆرترین قه‌باره‌ی زانیاری هه‌بێت له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا، هه‌روه‌ك خاوه‌ن سیكیوریتیه‌كی به‌هێز بێت و توانای به‌رده‌وامی هه‌بێت به‌بێ پچڕان و ڕاوه‌ستان، له‌وه‌ش گرنگتر كه‌مترین تێچوونی بوێت.

دووه‌م: له‌پاڵ خاڵی یه‌كه‌مدا؛ گرنگ و پێویسته‌:
1.ئیمه‌یڵی زانكۆیی بۆ سه‌رجه‌م خوێندكاران دروستبكرێت و  ئامرازی تری كارلێككردنی خوێندكار له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی زانكۆ بهێنرێته‌ ئارا.
2.فه‌راهه‌مكردنی هه‌موو ئه‌و ئه‌پانه‌ی كه‌ ده‌كرێت له‌ڕێگه‌ی ئیمه‌یڵی زانكۆییه‌وه‌ به‌ده‌ستبهێنرێت بۆ خوێندكاران و ستافی ئه‌كادیمی.
3.زۆر گرنگه‌ ئیمه‌یڵه‌كان به‌ شێوه‌ی په‌یوه‌ستكراو و ئۆتۆماتیكی بن.
4.مه‌شقكردن به‌ خوێندكاره‌كان له‌سه‌ر به‌كارهێنان ئیمه‌یڵ و ئه‌په‌كانی و پێشكه‌شكردن و فه‌راهه‌مكردنی پشتیوانی هونه‌ری بۆیان.
5.ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ به‌رده‌وام له‌كاردا بێت و نه‌وه‌ستێت.
6.توانای گه‌یشتن به‌و ئیمه‌یڵه‌ دروستكراوه‌ له‌هه‌ر ئامێرێكی كۆمپیوته‌ر یان مۆبایل و له‌ هه‌موو شوێنێك.
7.له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش گرنگتر، هه‌بوونی هێڵێكی به‌هێزی ئینته‌رنێت له‌ به‌ش و كۆلێجه‌كان، تاوه‌كو مامۆستایان و خوێندكاران بتوانن هه‌ركات ویستیان ئیمه‌یڵه‌كانیان به‌كاربهێنن یاخود سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی زانكۆكه‌یان بكه‌ن.

گرنگه‌ بونیادی (ماڵپه‌ڕی ئه‌لیكترۆنی) به‌ شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ له‌ڕووی جۆرو قه‌باره‌ی فۆنت، هه‌ڵبژاردنی ڕه‌نگ زۆر گونجاو بێت. هه‌روه‌ها هه‌موو پێكهاته‌ هونه‌رییه‌كانی نێو ماڵپه‌ڕه‌كه‌ به‌شێوه‌ی زانستیی بن، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا لایه‌نی ده‌روونی خوێنه‌ران له‌به‌رچاو بگیرێت تێیداو هه‌وڵبدرێت سه‌رنجڕاكێش بێت و زیاتر جوڵاو بێت تاوه‌كو وه‌ستاو و فۆتۆیی، چونكه‌ ئه‌مجۆره‌ ماڵپه‌ڕانه‌ كه‌مه‌ندكێشی خوێنه‌ر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانیان بكه‌ن. هه‌روه‌ها زۆر گرنگه‌ به‌كارهێنانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی كاری تێدا ده‌كه‌ن ئاسان بێت و توانای ئه‌وه‌شی تێدابێت كه‌ له‌ داهاتوودا به‌پێی پێویست به‌شی نوێی بۆ زیادبكرێت یاخود لابدرێت. بێجگه‌ له‌ چالاكی زانكۆو مامۆستایان، زۆر گرنگه‌ خوێندكارانیش خۆیانی تێدا ببیننه‌وه‌و شوێنی سكاڵاو ڕه‌خنه‌و سه‌رنجی ئه‌لیكترۆنی هه‌بێت و ئه‌وانه‌ی ئیمه‌یڵی زانكۆییان هه‌یه‌ بتوانن سه‌رنجه‌كانیانی لێوه‌ی تۆماربكه‌ن. له‌گه‌ڵ زۆر میكانیزمی تری میدیایی كه‌ پێویستن له‌ ماڵپه‌ڕێكی پرۆفیشناڵدا هه‌بن و ئێره‌ شوێن و بواری وتنی هه‌موویمان پێنادات.

یادگار عه‌لی - مامۆستای زانكۆی گه‌رمیان

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved