13/6/2019 09:52 AM

سلێمانی..كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانی هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنێت

حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانی له‌ سنووری شاری سلێمانی ناوی بێكاران تۆمارده‌كه‌ن و هه‌لی كاریان بۆ ده‌دۆزنه‌وه‌، ناوتۆماركردنیش ته‌نها (6) رۆژ ده‌بێت‌. قائیمقامی سلێمانیش ئاماده‌یی ده‌برِی له‌رووی دابینكردنی شوێن و پاراستنی لایه‌نی ئه‌منییه‌وه‌ هاوكاری پرۆسه‌كه‌ بكان.

دیار حه‌مید نوێنه‌ری به‌رێوبه‌رایه‌تی گشتی كاری سلێمانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی رایگه‌یاند: به‌رنامه‌و پلانێكی فراوان له‌نیوان وه‌زاره‌تی كارو رێكخراوی (GIZ)ی ئه‌ڵمانی دارێژراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی به‌ ته‌واوی شار‌و شارۆچكه‌نه‌وه‌ ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ تۆمار بكرێت كه‌ بێكارن به‌ هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه‌وه‌، به‌ خوێنه‌وارو نه‌خوێنه‌واره‌وه‌، به‌ مه‌رجێك ته‌مه‌نیان له‌نێوان (18-60) ساڵیدا بێت و فه‌رمانبه‌ر نه‌بێت.

وتیشی: له‌رۆژی پێنجشه‌ممه‌ (13/6/2019)وه‌ له‌ سنوری شاری سلێمانی ناو تۆماركردن ده‌ستپێده‌كات و رۆژی (13 و 16)ی مانگ له‌ناو ته‌لاری هونه‌ر ده‌بێت و رۆژانی (17،18،19،20) ناونوسین له‌ناو پاركی ئازادی ده‌بێت، لایه‌نی ئه‌منی و دابینكردنی شوێنیش بۆ به‌رێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ له‌و چه‌ند رۆژه‌دا له‌لایه‌ن قائیمقامیه‌تی سلێمانی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ دابینكراوه‌.

نوێنه‌ره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاری هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ دوای تۆماركردنی ناوه‌كان به‌پێی سیستمی بایۆمه‌تری وردبینی ته‌واویان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كارو رێكخراوی (جی ئای زێت)ه و پارێزگاكانه‌وه‌ بۆ ده‌كرێت و دواتر هه‌وڵده‌درێت هه‌لی كار بۆ ئه‌و بێكارانه‌ بدۆزرێته‌وه‌و هه‌لی كاریان بۆ دابینبكرێت.

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه‌ تۆماركردن بێ به‌رامبه‌ره‌و بۆ هاووڵاتیانی ناو شاری سلێمانییه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ له‌ شار‌و شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ری سلێمانی نه‌یانتوانیوه‌ له‌كاتی خۆیدا به‌هۆی نه‌خۆشی و گه‌شته‌وه‌ ناویان تۆماربكه‌ن، ده‌توانن له‌گه‌ڵ بێكارانی سلێمانیدا ناویان تۆماربكه‌ن، هه‌ركه‌سێكیش دووباره‌ ناوی تۆماربكات راسته‌وخۆ هه‌ردوو ناوه‌كه‌ له‌ سیستمه‌كه‌ لاده‌برێت.


خاك - رِاگه‌یاندنی قائیمقامییه‌تی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved