بەهۆی بێزاركردنی هاووڵاتیان و دروستكردنی ژاوەژاو، بەكارهێنانی بڵندگۆی بەرزكردنەوەی دەنگ لەلایەن دوكاندارو ئۆتۆمبێل و فرۆشیاران قەدەغە دەكرێت و سەرپێچیكارانیش روبەرووی سزای یاسایی دەكرێنەوە. قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەنراوێكیدا ئاماژەی بەوە داوە كە بەكارهێنانی ئامێری تایبەت بە بەرزكردنەوەی دەنگ (بڵندگۆ) لەلایەن بەشێك لە دوكاندارو ئۆتۆمبێل فرۆشیارانی میوەو خۆراك لە بازاڕو گەڕەكەكاندا بووە بە دیاردە، ئەمەش بێزاری هاووڵاتیانی لێكەوتووەتەوە، دەشڵێت: بڕیاری قەدەغەكردنی بەكارهێنانی بڵندگۆكانیانداوەو لەلایەن لیژنە هاوبەشەكان و پۆلیسی رێكاری (الانضباط) و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. رونیشیكردووەتەوە: لە نووسراوێكدا كە لەلایەن پۆلیسی سلێمانی/ بەشی رێكاریی ئاڕاستەی قائیمقامیەتی سلێمانی كراوە هاتووە "لەناو بازاڕی شاری سلێمانیدا دەستبەسەر (119) بڵندگۆدا گیراوە كە بونەتە هۆی نانەوەی كێشەو ئاژاوەو دروستكردنی ژاوەژاو لە بازاڕەكانی شاری سلێمانی، ئەوەش خراوەتەڕوو بفەرموون بە وەرگرتنی ئەو بڵندگۆیانەی (مكەبەرە) دەستی بەسەردا گیراوە بۆ لەناوبردنی لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە. لای خۆشیەوە ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: رێگە نادرێت بەهیچ جۆرێك ئەو ئامێرانە لە بازاڕو گەڕەكەكەندا بەكاربهێنرێت و لیژنە هاوبەشەكانیشی راسپاردووە دەست بەسەر هەموو ئەو بڵندگۆیانەدا بگرێت و سەرپێچیكارنیش روبەڕووی رێكاری یاسایی دەكاتەوە. پێشتریش ژمارەیەك هاووڵاتی شاری سلێمانی گلەیی و گازندەی خۆیان لەڕێگەی لاپەڕەی (قائیمقامیەتی سلێمانی) لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك گەیاندە قائیمقامی سلێمانی و بێزاری گلەیی خۆیان لەو دیاردەیە دەربڕیوەو دوای قەدەغەكردنیان كرد، بۆیە بڕیاری قەدەغەكردنی تەواوەتی ئەو ئامێرانەی داوە. خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure