24/6/2019 09:21 AM

هاووڵاتیان له‌ خواردنه‌وه‌یه‌كی مه‌ترسیدار‌ ئاگادارده‌كرێنه‌وه‌

خواردنه‌وه‌یه‌ك له‌ بازاڕه‌كانی سلێمانیدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ هیچ مه‌رجێكی ته‌ندروستی تێدا نییه‌و هۆشداری ده‌درێته‌ هاووڵاتیان خۆیانی لێ به‌دووربگرن و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش رێكاری پێویستی به‌رامبه‌ر بگرنه‌به‌ر.

به‌پێی نووسراوێكی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی/ هۆبه‌ی زانیاری و به‌دواداچوونی فه‌رمانگه‌كان كه‌ ئاراسته‌ی قائیمقامیه‌تی قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی كردووه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ جۆرێك ئاوی لیمۆ له‌ بازاڕه‌كانی سلێمانیدا هه‌یه‌ به‌ناوی ئاوی لیمۆی (مه‌حشه‌ر)، دوای ئه‌وه‌ی پشكنینی فیزیايی و كیمیایی له‌ تاقیگه‌دا بۆ كراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ نه‌گونجاوه‌ بۆ خواردنه‌وه‌.

ئه‌و خواردنه‌وه‌یه‌ دروستكراوی وڵاتی ئێرانه‌و هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی ئه‌و به‌رواره‌ی له‌سه‌رێتی به‌سه‌رچوو نییه‌" به‌ڵام به‌هۆی خراپی پێكهاته‌كه‌یه‌وه‌، ده‌ستبه‌جێ و دوای ئه‌و نووسراوی ئاسایشی سلێمانی، قائیمقامی سلێمانی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی راسپارد بۆ كاری پێویست و به‌په‌له‌و بڕیاردرا له‌هه‌ر بازاڕو شوێنێكدا ئه‌وجۆره‌ خواردنه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ناوی ئاوی لیمۆوه‌ ده‌فرۆشرێت بینرا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت و ده‌ستبه‌جێ له‌ناوببرێت.

هه‌ربۆیه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی هه‌ڵمه‌ته‌كانی بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ئه‌وجۆره‌ خواردنه‌وه‌یه‌ فراوان كردووه‌و داواش له‌ هاووڵاتیان كرا له‌هه‌ر شوێنێك به‌رچاویان كه‌وت لیژنه‌كانی لێ ئاگاداربكه‌نه‌وه‌.


خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved