25/6/2019 09:25 AM

سلێمانی.. هاووڵاتیان دڵنیا ده‌كرێنه‌وه‌

بۆ رێگریكردن له‌ سوتانی چیای ئه‌زمڕو گۆیژه‌ به‌ درێژايی چیاكه‌ ئاگربڕ دروستده‌كرێت و بنكه‌یه‌كی پۆلیسی دارستانیش له‌ چیاكه‌ جێگری ده‌كرێت, قائیمقامی  سلێمانیش ده‌لێت: بۆ پاراستنی دارستان و پوش و پاوانی  چیاكه‌ هه‌موو هه‌نگاوێكی پێویست گیراوه‌ته‌به‌ر.

به‌ مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ بۆ پاراستنی چیاكه‌ له‌ ئه‌گه‌ری ئاگركه‌وتنه‌وه‌، ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی سه‌ردانی چیای ئه‌زمڕو گۆیژه‌ی شاری سلێمانی و ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو ئه‌و تیمانه‌ كرد كه‌ سه‌رقاڵی پرۆسه‌ی ئاگربڕن بۆ چیاكه‌ وه‌ك هه‌وڵێك بۆ رێگریكردن له‌ رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌.

راشگه‌یاند: هه‌موو رێگه‌یه‌كی پێویست ده‌گرنه‌به‌ر بۆ پارێزگاریكردن له‌ دارستان و پوش و پاوانی چیای ئه‌زمڕو گۆیژه‌, قائیمقامی سلێمانی وتیشی: له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای سلێمانی بڕه‌ پاره‌یه‌ك دابینكراوه‌ بۆ دروستكردنی ئاگربڕ بۆ چیاكه‌و سوود له‌ ئه‌زموونی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ وه‌رده‌گیرێت كه‌ پێشتر له‌ ئه‌زمڕو گۆیژه‌ كاریان كردووه‌و ئێستا به‌هۆی ته‌مه‌نیانه‌وه‌ خانه‌نشین بوون, ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ ئه‌زمونێكی زۆریان هه‌یه‌ بۆ پارێزگاریكردن له‌ چیاكه‌ له‌ به‌رامبه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌كی رۆژانه‌ هه‌مان ئه‌ركی پێشوویان گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ.

ئاوات محه‌مه‌د  ده‌شڵێت: دروستكردنی ئاگربڕ رۆلێكی گرنگی ده‌بێت له‌ رێگریكردن له‌ رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی ئه‌گه‌ری ئاگركه‌وتنه‌وه‌, ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ شه‌وێنه‌كه‌یان گونجاوه‌ به‌ ئامێری شۆفڵ و گرێده‌ر ئاگربریان بۆ ده‌كرێت و ئه‌و ناوچانه‌ش كه‌ ئامێر ناتوانێت پێیان بگات له‌رێگه‌ی كرێكاره‌وه‌ ئاگربڕی بۆ دروستده‌كرێت.

هه‌ر له‌ چیای ئه‌زمڕ ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی سه‌ردانی بنكه‌ی پۆلیسی دارستانی كرد كه‌ به‌مدوایه‌و دوای پێشنیاری لیژنه‌ی فریاگوزاری خێرا له‌ چیاكه‌ جێگیر كراوه‌و ئه‌ركی پارێزگاریكردن ده‌بێت له‌ چیای ئه‌زمڕو گۆیژه‌ له‌هه‌ر روودێك كه‌ زیان به‌ ژینگه‌و سروشتی ناوچه‌كه‌ بگه‌یه‌نێت, قائیمقامی سلێمانی ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو تیمه‌كانی پۆلیسی دارستانی بنكه‌كه‌ كرد كه‌ به‌رده‌وام له‌ شه‌ونخونیدان بۆ پاراستنی چیاكه‌و رێگری له‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی له‌رووی ئه‌منیشه‌وه‌ رۆڵی گرنگیان هه‌یه‌ له‌ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كه‌.

ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی له‌میانه‌ی به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌یدا سه‌ردانی ئه‌و به‌شه‌ی چیای گۆیژه‌شی كرد كه‌ له‌ ساڵی 2016 دا به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ زیانێكی زۆری به‌ركه‌وتووه‌و به‌هۆیه‌وه‌ به‌هه‌زاران دار له‌ناوچوون, به‌ڵام دواتر له‌شوێنیان داری تر روێنراوه‌ته‌وه‌, ئه‌و دارانه‌ش كه‌ له‌ناوچوون دوای بڕینه‌وه‌یان له‌رێگه‌ی زیادكردنێكی ئاشكراوه‌ ده‌فرۆشرێن.

ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ پاراستنی چیای ئه‌زمڕو گۆیژه‌ له‌ ئه‌گه‌ری كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگرو رووداوی سروشتی قائیمقامی سلێمانی رایگه‌یاند: له‌رێگه‌ی "لیژنه‌ی فریاكه‌وتنی خێرا" كه‌ له‌ نوێنه‌ری زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سلێمانی پێكهاتووه‌, هه‌موو هه‌نگاوێكی پێویست گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ رێگریكردن له‌ ئاگركه‌تنه‌وه‌و پاراستنی دارستان و پوش و پاوانی ناوچه‌كه‌.

ئاوات محه‌مه‌د داواشی له‌ هاووڵاتیان و ئه‌و گه‌شتیارانه‌ كرد كه‌ بۆ به‌سه‌ربردنی كاته‌كانیان رووده‌كه‌نه‌ چیاكه‌ به‌وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و نه‌بنه‌ هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر, ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد هه‌ر كه‌سێك هۆكاربێت بۆ ئاگركه‌وتنه‌وه‌و زیانگه‌یاندن به‌ ژینگه‌و سروشتی چیای ئه‌زمڕو گۆیژه‌ به‌توندی روبه‌ڕووی سزایی یاسایی ده‌كرێته‌وه‌, چونكه‌ چیاكه‌ به‌شێكی گرنگه‌ له‌ پێكهاته‌ی سروشتی شاری سلێمانی و به‌ سوتاندنی زیانێكی گه‌وره‌ به‌ر ژینگه‌و سروشتی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌وێت.


خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی








زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved