22/9/2019 11:34 PM

هواوی چیرۆكی سەركەوتنێكی گەورە

مۆبایلی «هواوی» شایانی ئەوەیە لە چەند روویەكەوە باسبكرێت، دوای سێ دەیە لە تەمەنی هواوی، ئەم كۆمپانیا چینییە بە جێگیری و بێ دڵەڕاوكێ روبەڕووی گەورەترین دەوڵەتی جیهان بۆتەوە، لەڕێی بەكارهێنانی هێزی نەرم و لە چەند مەیدانێكیشدا.

لەبری پاڕانەوەو پاشەكشێ و ملكەچبوون
گرنگترین گۆڕانی گەورە كە لەمدوواییەدا لە هواویدا روویدا، خستییە پێگەی دەوڵەتێكی راستەقینە، دوای ئەوە هات كە بە حكمەت و شارەزاییەكی زۆرەوە روبەڕووی بڕیارەكانی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بووەوە، لەكاتێكدا دەوڵەتان و ئیمپراتۆرییە گەورەكانی ملكەچی بڕیارەكانی كۆشكی سپی دەبن و هەموو ئەوەی لێیان داوا دەكرێت جێبەجێی دەكەن، هواوی بە نەرمی روبەڕووی بڕیارەكەی ترامۆ وەستایەوە، كە دەیویست ئەم كۆمپانیا زەبەلاحە ملكەچی بڕیارەكانی بێت و تەنیا ئەمریكا قۆرخی ئەم تەكنەلۆجیایە نوێیە بێت، لەبری پاڕانەوەو پاشەكشێ و ملكەچبوون بۆ بڕیارەكانی كۆشكی سپی، هواوی رایگەیاند كە بەشێوەیەكی توندو بە هێزی نەرم لە بەرامبەردا دەوەستم، دوای ئەوەی سیستمێكی تایبەتی كارپێكردنی بۆ خۆی بونیاتنا، ئەمەش بە مانای ئازادبوونی هواوی لەو هەردوو سیستمەی كە ئێستا جیهان كاری پێدەكات، ئەوانیش ئەندرۆیدو سیستمی كارپێكردنی «ئەی ئۆ ئێس»ن كە تایبەتن بە كۆمپانیای ئەپڵ.

لەسەر بنەمایەكی وردو دروست سیاسەتەكانی دادەڕێژێت
هواوی سیستمێكی تایبەت بەخۆی «هارمۆنی ئەواس» دروستكرد، ئەم سیستمە تایبەت نییە بە چەند جۆرێكی كارپێكردن بەڵكو هەموو جۆرە كارپێكردنەكان دەگرێتەوە، واتە هواوی تەنیا لەو گەمارۆیەی لەسەریەتی رزگاری نەبووە، بەڵكو بەم دەستكەوتەی دەرفەت بۆ كۆمپانیا گەورەكانی تریش دەڕەخسێنێت كە لەو قۆرخكارییەی كە كۆمپانیا ئەمریكییەكان سەپاندوویانە لەڕێی قۆرخكردنی سیستمەكانی كارپێكردنی مۆبایلەوە، رزگاریان بێت.

ئەوەی كۆمپانیای هواوی جیادەكاتەوە، كە ئیدارەی ئەمریكی پێوەی سەرقاڵ بووە، لەبەرئەوە نییە كە كێبڕكێكارێكی گەورەی بازرگانی گەورە كۆمپانیاكانی ئەمریكایە كە لەبواری تەكنەلۆجیای نوێدا كاردەكەن، بەڵكو لەبەرئەوەیە كە ئەم كۆمپانیایە لەسەر بنەمایەكی وردو دروست سیاسەتەكانی دادەڕێژێت، ئەمەش وایكردووە كە ببێتە پێشەنگی ئەو كۆمپانیایانەی كە بە هەنگاوی جێگیرو متمانەیەكی گەورەوە بەرەو ئایندە دەڕوات.

(500) شارەزا كاری تێدا دەكەن
لەو هۆكارانەی كە وایكرد هواوی ئەو پێگە گرنگ و بەرزە بەدەستبهێنێت، لە داڕشتنی سیاسەتەكانی بۆ ئایندە پشت بە سەنتەرێكی توێژینەوەی تایبەت بە توێژینەوەكانی بازاڕ ببەستێت، كە زیاتر لە (500) شارەزا كاری تێدا دەكەن، هەروەها بودجەیەكی زۆر گەورەی بۆ تەرخانكردووە، كە ساڵانە لەنێوان 10 بۆ 15 ملیار دۆلارە، شارەزایانی ئەم سەنتەرە بەدواداچوون بۆ رەوشی بازاڕ دەكەن نەك هەر لەناو چین و سنورەكانی دەوروبەری، بەڵكو هەموو جیهان دەگەڕێن تاوەكو بازاڕی نوێ بدۆزنەوە، هەروەها بچنە نێو گەورە شارەكانی جیهان كە تێیدا گەرمترین كێبڕكێی تێدا دەكرێت لەگەڵ كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ئەم بوارە. چوونیان بۆ ناو هەر بازاڕێك، پشت ئەستورن بەو توێژینەوانەی كە شارەزایانی سەنتەرەكەیان لەمرووەوە بۆیانی ئامادەكردوون، دەركەوت كە كۆمپانیای هواوی سەركەوتنی یەك لەدوای یەك لە زۆربەی دەوڵەتانی جیهان بەدەستهێناوە.

سەرمایەیەكی ئێجگار گەورەی هەیە
هەر لە ساڵی 1987وە كە هواوی هەنگاوەكانی بەوردی هەڵنا، كاتێك وەك كۆمپانیایەكی ئاسایی دەستی بەكار كرد، كێبڕكێی هەڵنەبژارد كە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی تێدان، بەڵكو سەرپەشتیارانی كۆمپانیاكە ناوچە دوورە دەستەكانیان بۆ دەستپێكی كاركردنیان دەستنیشان كرد، دوای ئەوەی بەهێز بوو و شوێنپێی خۆی كردەوە، چووە ناو ئەو ناوچانەی كە كۆمپانیا زەبەلاحەكان تێیدا كێبڕكێ دەكەن.

هواوی كە سەرمایەیەكی ئێجگار گەورەی هەیە، خاوەن چەكێكی گەورەی نەرمە، شارەزاو عەقلی هەیە، پلان و سیاسەتەكانی بەوردی لەسەر بنەمای توێژینەوەو ئامارو داتا دادەڕێژێت، دەكرێ بوترێ دەوڵەتێكە بۆ خۆی، بەڵكو گەورەترە لە زۆرێكی دەوڵەتانی جیهان كە گەندەڵی دایڕزاندوەو نەخوێندەواران دامەزراوەكانی بەڕێوەدەبەن.


* فەیسەل عەلی - سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved