25/9/2019 12:16 AM

چاویلكه‌ نوێییه‌كه‌ی Google یارمه‌تی توشبووانی ئۆتیزمی داوه‌

توێژینه‌وه‌یه‌كی پسپۆڕانی زانكۆیه‌كی ئه‌مریكی ئاشكرایكردووه‌: چاویلكه‌ هۆشمه‌نده‌كه‌ی (Google) توانیویه‌تی یارمه‌تییه‌كی باشی ئه‌و كه‌سانه‌ بدات كه‌ نه‌خۆشی ئۆتیزمیان هه‌یه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌سته‌كانی كه‌سانی به‌رامبه‌ریان و په‌یوه‌ندیكردنیان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌یاندا.

ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن پسپۆڕانی زانكۆی ستانفۆردی كالیفۆرنیاوه‌ كراوه‌‌و ئه‌نجامه‌كه‌شی له‌ وه‌رزنامه‌ی (بدیاتریكس)ی سه‌ر به‌ كۆمه‌ڵه‌ی پزیشكی ئه‌مریكیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، تێیدا (71) مناڵ له‌ ته‌مه‌نی 6 ساڵی تا 12 ساڵی توشبوو به‌ ئۆتیزم به‌شدارییان كردووه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و چاویلكه‌ هۆشمه‌نده‌ توانیویه‌تی وا له‌ مناڵه‌كان بكات به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌روبه‌ره‌كه‌یان‌ و هه‌ستی به‌رامبه‌ره‌كانیان بخوێننه‌وه‌.

ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی پسپۆڕه‌كانی زانكۆی ستانفۆرد هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌وڵه‌ زۆرانه‌ی ده‌درێن بۆ په‌ره‌پێدانی چه‌ند ته‌كنیكێك به‌ مه‌به‌ستی یارمه‌تیدانی مناڵی توشبووی ئۆتیزم كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ڕۆبۆته‌كانی كارلێككه‌رو چاویلكه‌ی دیجیتاڵی ده‌گرێته‌وه‌.

مه‌به‌ست له‌ توێژینه‌وه‌ی تیمه‌كه‌ی زانكۆی ستانفۆردیش لێكۆڵینه‌وه‌ بووه‌ له‌و به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌ی كۆمپانیای (Google) كه‌ ناوی (Superpower Glass)ه‌و تایبه‌تی كردووه‌ بۆ نه‌خۆشانی ئۆتیزم كه‌ ده‌توانن هه‌فته‌ی چه‌ند جارێك له‌ چاوی بكه‌ن.

دروستكه‌رانی ئه‌و ته‌كنیكه‌ نوێیه‌ی چاویلكه‌ی (Google) باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌یان له‌ ته‌له‌فۆنی هۆشمه‌ند ده‌به‌سترێت‌و سكرینێك و سپیكه‌رێكی لێبه‌ستراوه‌ بۆ تۆماركردنی دیدی به‌كاربه‌ر، ئه‌مه‌ش یارمه‌تی توشبووانی ئۆتیزم ده‌دات به‌ته‌واوی ئاماژه‌كانی ڕوخسارو ئاماژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه‌ بخوێننه‌وه‌.

پسپۆڕانی ستانفۆرد ده‌ڵێن» هۆكاری سه‌ره‌كی گۆشه‌گیری مناڵانی توشبوو به‌ ئۆتیزم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پشێوی له‌ گه‌شه‌كردنیاندا هه‌یه‌و به‌چاو ناتوانن به‌پوه‌ندییه‌كانیان دروستبكه‌ن، چونكه‌ زۆرجار كێشه‌ی بینیان هه‌یه‌و ئه‌مه‌ش ڕێگره‌ له‌ شیكردنه‌وه‌ی هه‌سته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان و دواجاریش ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كییان له‌ په‌یوه‌ندیكردن و مامه‌ڵه‌دا».

توێژه‌ره‌وه‌كان ده‌شڵێن» به‌هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی چاویلكه‌ هۆشمه‌نده‌كه‌ی گۆگڵ هه‌یه‌تی، توانیویه‌تی یارمه‌تی مناڵان بدات بۆ تێگه‌یشتن له‌ هه‌سته‌كان و گوزارشتی سه‌ر ڕووخساری به‌رامبه‌ره‌كانیان و به‌ته‌واوی ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و هه‌ست و گوزارشتانه‌».

هه‌مان ئه‌و توێژه‌ره‌وانه‌ پرۆگرامی چاویلكه‌كه‌یان دابه‌زانده‌ سه‌ر ته‌له‌فۆنه‌ هۆشمه‌نده‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداران فێربكه‌ن كه‌ گوزارشته‌كانی ڕووخسار بناسنه‌وه‌. دواتر 40 مناڵ بۆ ماوه‌ی 6 هه‌فته‌ ئه‌و چاویلكانه‌یان به‌كارهێناوه‌ كه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا چوار ڕۆژ بووه‌و له‌هه‌ر ڕۆژێكیشدا ماوه‌ی 20 خوله‌ك بووه‌، دواتر پشكنیان بۆ ئه‌و مناڵانه‌ كردووه‌و سه‌رنجیان داوه‌ ئه‌نجامی (SRS-II)كانیان زۆرباش بووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش فۆرمێكی زانیاری بووه‌و دایك و باوكه‌كان پڕیان كردووه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ كارامه‌ییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی مناڵه‌كانیان، ئه‌مه‌ش بۆخۆی مانای باشتربوونی حاڵه‌تی مناڵه‌ به‌شداره‌كانی گه‌یاندووه‌.

د.دینیس ول مامۆستا له‌ پزیشكی مناڵان و پزیشكی ده‌روونی و ئاماده‌كاری توێژینه‌وه‌كه‌ وتی» ئه‌و ئه‌نجامانه‌ هیوایه‌ك ده‌ستبه‌رده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ توانای ئه‌و چاویلكه‌ هۆشمه‌نده‌و ڕه‌نگه‌ چاره‌سه‌رێكی باش بێت له‌ چاودێری نه‌خۆشی ئۆتیزمدا».

وتیشی» ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ به‌ته‌واوی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ره‌ دیجیته‌ڵییه‌كان ده‌توانن كاریگه‌ری باشیان هه‌بێت له‌ چاره‌سه‌ری ئۆتیزمدا».

به‌شدارانی دیكه‌ له‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، ئه‌و چاویلكانه‌ به‌هۆی به‌ئاسانی ده‌ستكه‌وتنیان و تا ڕاده‌یه‌ك هه‌رزانیان، واده‌كات ڕیزه‌كانی چاوه‌ڕاوانی له‌ كلینیكی چاره‌سه‌ركارانی ڕه‌فتاریدا كه‌متربكاته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا هه‌ندێك له‌ پسپۆڕانی دیكه‌ی پزیشكی و ته‌كنیكی بڕوایان وایه‌ پێویسته‌ چاویلكه‌ هۆشمه‌نده‌كانی گۆگڵ و هه‌موو ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی دیكه‌ی دیجیته‌ڵی هاوشێوه‌ به‌ته‌واوی تاقیبكرێنه‌وه‌، دواتر بخرێنه‌ به‌رده‌ست نه‌خۆش و كه‌سوكاریان، چونكه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وجۆره‌ ته‌كنیكانه‌ له‌گه‌ڵ ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌ جوانه‌كانیان كه‌ خزمه‌تكردنی مرۆڤایه‌تییه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ هه‌ندێك مه‌به‌ستی دیكه‌ سوودی لێببنرێت كه‌ دژی به‌ها مرۆییه‌كانه‌.

خاك - س: elaph

 print




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved