15/10/2019 10:48 PM

خواردنی سووره‌وه‌كراو له‌ خوێندنگه‌كان قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت

جارێكی تر لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان فرۆشگای خوێندنگاكان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ پابه‌ندی فرۆشتنی ته‌نها ئه‌و خواردنانه‌ بن كه‌ به‌پێی رێنمایی ته‌ندروستی بۆیان دیاریكراوه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رێكاری پێویستیان له‌گه‌ڵدا ده‌گیرێته‌به‌ر.

گۆران قادر سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: پێشتر ته‌واوی ئیداره‌و فرۆشگای خوێندنگاكانیان له‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هیچ جۆرێك نابێت به‌ خوێندكاران بفرۆشرێن، به‌تایبه‌ت (جبس) به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌و خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان و شیرو شه‌ربه‌تی پاكه‌ت و بنێشت و نقوڵ و له‌فه‌ی خواردنی سوره‌وه‌كراو.

وتیشی: ئه‌و خواردنانه‌ی به‌شی خۆراكی به‌رێوبه‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی رێگه‌ی پێداوه‌ له‌ فرۆشگای خوێندنگه‌كاندا بفرۆشرێن بریتین له‌ (میوه‌ی وشككراوه‌و چه‌ره‌سی داپۆشراو، له‌فه‌ی فه‌لافل و په‌تاته‌ی كوڵاو و مریشكی كوڵاو و له‌فه‌ی نۆكاو و قاورمه‌و هێلكه‌ی كوڵاو و له‌فه‌ی په‌نیر به‌ جۆرێك ته‌نها جۆری كیری و سێگۆشه‌ی پێچراوبن)، فرۆشگاكان ده‌شتوانن میوه‌ی فرێش و پسكیتی پێچراو و نه‌سته‌له‌ی جۆری دارك و گه‌نمه‌شامی بفرۆشن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ تێبینیان كردووه‌‌ له‌ چه‌ند خوێندنگایه‌ك پێشێلی رێنماییه‌كان كراوه‌و خواردنه‌وه‌ی گازی و جبس و له‌فه‌ی سوره‌وه‌كراو فرۆشراوه‌ به‌ خوێندكاران، بۆیه‌ هه‌موو لایه‌ك ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان به‌ به‌رده‌وامی سه‌ردانی فرۆشگای خوێندنگاكان ده‌كات و له‌كاتی بینینی هه‌ر سه‌رپێچییه‌ك رێكاری پێویست ده‌گرێته‌به‌ر.

وتیشی: پێویسته‌ ئیداره‌ی خوێندنگاكان لیژنه‌ی تایبه‌تیان به‌ سه‌رپه‌رشتی فرۆشگاكان هه‌بێت و رێگه‌ نه‌ده‌ن خۆراكی خراپ و رێگه‌ پێنه‌دراو به‌ خوێندكاران بفرۆشن.


خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved