18/10/2019 08:34 PM

نمایشكردنی چوكا ئێستا كاتژمێر چه‌نده‌یه‌ له‌ فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی

فیلمی به‌ڵگه‌یی "چوكا ئێستا كاتژمێر چه‌نده‌یه‌" له‌ ده‌رهێنانی "بێهرووز بوچانی" و "ئارش كه‌ماڵی سه‌روێستانی" له‌ به‌شی "نمایشكردنی تایبه‌ت" له‌ چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی "سلێمانی" چووه‌ سه‌ر په‌رده‌. 

به‌ پێی ڕاپۆڕتی لێژنه‌ی ڕاگه‌یاندنی گشتیی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی، فیلمی به‌ڵگه‌یی "چوكا ئێستا كاتژمێر چه‌نده‌یه‌" Chauka, Please Tell Us the Time له‌ ده‌رهێنانی "بێهرووز بوچانی" رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ری كورد و "ئارش كه‌ماڵی سه‌روێستانی" سینه‌ماكاری ئێرانی دانیشتووی وڵاتی هۆڵه‌ندا به‌ دیمه‌ن و وێنه‌گه‌لی راسته‌قینه‌ له‌ دوورگه‌ی مانووس له‌ وڵاتی ئۆستڕاڵیا به‌ فێلمهه‌ڵگرتنی شاراوه‌ و به‌دزیی له‌ لایه‌ن "بێهرووز بوچانی" به‌ مۆبایله‌كه‌ی به‌ دوور له‌ چاوی سه‌ربازان و لێپرسراوانی ئه‌م دوورگه‌یه‌ كه‌ تیایدا زیاتر له‌ هه‌زار په‌نابه‌ر ده‌ژین، به‌ ئاماده‌بوونی "ئارش كه‌ماڵی سه‌روێستانی" له‌ به‌شی ده‌ره‌وه‌ی ركابه‌ریی واته‌ "نمایش كردنی تایبه‌ت" له‌ چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی "سلێمانی" Slemani له‌ هۆڵی سیتی سینه‌ما" له‌ شاری سلێمانی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری هه‌رێمی كوردستانی عێراق نمایش كرا‌. 

دوورگه‌ی مانووس ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی ئۆستڕاڵیا له‌م شوێنه‌ پڕله‌ كێشه‌یه‌ بۆ راگرتنی هه‌میشه‌یی زیاتر له‌ هه‌زار په‌نابه‌ر كه‌ڵك وه‌رده‌گرێت. ئه‌م شوێنه‌ هه‌روه‌ها شوێنی ژیانی "بێهرووز بوچانی"یه‌ كه‌ براوه‌ی خه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی ژیاننامه‌ی ئۆستڕاڵیا، براوه‌ی خه‌ڵاتی گرینگی رۆژنامه‌وانی شیكاری "ئانا پۆلیتكۆفسكایا"، براوه‌ی خه‌ڵاتی "ڤیكتۆریه‌ن پرێمیر" گرینگترین خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیی ئۆستڕاڵیا، براوه‌ی خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی "نیو سات ویڵز پرێمیر"، خه‌ڵاتی پیشه‌سازی كتێبی ئۆستڕاڵیا و هه‌روه‌ها براوه‌ی خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی ئیندێكس بۆ په‌یامنێره‌ راپۆڕتنووسه‌كانی دژی سانسۆر بووه‌. 

په‌یامنێران ئیجازه‌ی چوونه‌ ناو دوورگه‌ی مانووسیان نیه‌ و بوچانی كه‌ بۆ خۆی ئه‌زموونی ژیانی راسته‌قینه‌ی له‌م دوورگه‌یه‌دا هه‌یه‌، هیوا ده‌خوازێت كه‌ له‌ به‌ڵگه‌ فیلمی "چوكا ئێستا كاتژمێر چه‌نده‌یه‌" بارودۆخی مه‌ترسیدار و تاقه‌ت پرووكێنی ئه‌م ناوه‌نده‌ی راگرتنی په‌نابه‌ران به‌ دونیا نیشان بدات. 

به‌ڵگه‌ فیلمی "چوكا ئێستا كاتژمێر چه‌نده‌یه‌" له‌ دوای به‌شداریی له‌ فیستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سیدنی له‌ وڵاتی ئۆستڕاڵیا، له‌ نوێترین نمایش كردنی جیهانیی خۆیدا له‌ شه‌ست و یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی له‌نده‌ن له‌ وڵاتی به‌ریتانیا چووه‌ سه‌ر په‌رده‌. 

ناوی ئه‌م فیلمه‌ كه‌ له‌ ناوی باڵنده‌یه‌كی خۆجێیی له‌ دوورگه‌ی "پاپۆوا گینه‌ی نوێ" به‌ ناوی "چوكا" وه‌رگیراوه‌، له‌ راستیدا ناوی به‌ندیخانه‌یه‌كی تاكه‌كه‌سیشه كه‌ له‌ ناو ئۆردووگاكه‌دا بۆ په‌نابه‌ران كراوه‌ته‌وه‌. باڵنده‌ی چوكا به‌ بڕاوی كه‌سانی خۆماڵی ناوچه‌كه‌، هێمای پێناسه‌ی خه‌ڵكی خۆجێی ئه‌م ناوچه‌یه‌‌یه‌ كه‌ به‌ ئاواز و ده‌نگی به‌رز و سه‌رسووڕهێنه‌ری خۆی، كات راده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ وێنه‌یان له‌م فیلمه‌دا گیراوه‌، له‌و رۆژانه‌ی كه‌ له‌ چوكا تێپه‌ڕیان كردووه‌، وه‌كوو خراپترین رۆژه‌كانی ژیانی خۆیان ناو ده‌به‌ن. 

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی "سلێمانی‌" له‌ لایه‌ن كۆمپانیای سینه‌مایی "مه‌ستی فیلم" به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی "فوئاد جه‌لال"، به‌ سه‌رۆكایه‌تی "مه‌لا به‌ختیار" به‌رپرسی به‌شی پاڵپشتیی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی به‌رجه‌سته‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ریی "دانه‌ر عومه‌ر فارس" و به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رنامه‌داڕشتنی خاتوو "لینا ره‌زا" و به‌ نمایش كردنی 134 فیلم له ده‌رهێنه‌ره‌كانی 79 وڵاتی جیهان؛ له‌ دوو به‌شی ركابه‌ریی سه‌ره‌كیی "سینه‌مای جیهان" (نێوده‌وڵه‌تی) و به‌شی ركابه‌ریی "سینه‌مای كوردی" (نه‌ته‌وه‌یی) و هه‌روه‌ها سازدانی وۆركشۆپه‌كانی پیشه‌یی و پسپۆڕانه‌ی سینه‌مایی و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش؛ به‌ دروشمی "شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی" له‌ 5 هۆڵی "سیتی سینه‌ما"، "سینه‌ما سالم"، هۆڵی "ئه‌منه‌ سووره‌كه‌" و هه‌روه‌ها له‌ ته‌لاری "هونه‌ر" له‌ شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو. 


خاك - به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved