ره‌زا قاسمی رۆماننووس و چیرۆكنووس و شانۆنامه‌نووس و مۆسیقارێكی ئێرانییه، ساڵی 1949 له ئه‌سفه‌هان له دایكبووه و ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌ژی. خاوه‌نی سێ رۆمان و سێ كۆمه‌ڵه چیرۆك و دیوانێكی شیعری و چه‌ندان ده‌قی شانۆیی و چه‌ند كتێبێكی لێكۆڵینه‌وه‌یه له بواری مۆسیقادا. له‌م كۆڕه‌دا باسی رۆمان و زمان دەکات . له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم رۆژی شه‌ممه (16/11/2013) ره‌زا قاسمی رۆماننووس و مۆسیقار، له شاری لۆس ئه‌نجلس له زانكۆی (UCLA) له كۆڕێكدا قسه‌ی بۆ خوێنه‌ران و ئاره‌زوومه‌ندانی به‌رهه‌مه‌كانی كرد. ئه‌م كۆڕه له‌لایه‌ن گروپی فه‌رهه‌نگی (سه‌رو)ه‌وه رێكخرابوو، جگه‌له خوێندكارانی زانكۆكه كه‌سانی تری هاوڕێی ره‌زا قاسمی ئاماده‌ی كۆڕه‌كه بوون له‌وانیش: عه‌بباسی مه‌عروفی، نووسه‌ر، عه‌بباسی صهفاری، شاعیر، خه‌سره‌و ده‌وامی، نووسه‌ر، میهرنووش مزارعی، نووسه‌ر، هۆشه‌نگی ته‌وزیع، ده‌رهێنه‌ری شانۆیی، وهزریك دهرساهاكیان، وه‌رگێڕ. ره‌زا قاسمی له‌گه‌ڵ باسكردنی ئه‌وه‌دا كه یه‌كه‌م سه‌فه‌ری بۆ لۆس ئه‌نجلۆس وه‌كو ده‌رهێنه‌ری شانۆ بووه، دووه‌م سه‌فه‌ری بۆ كۆنسێرتی مۆسیقا هاتووه و ئه‌مجاره‌ش وه‌كو نووسه‌ر هاتووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاشنایه‌تییه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ وه‌رگراندا نییه بابه‌تێكی گشتی هه‌ڵبژاردووه بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر بكات، ره‌زا قاسمی به ناونیشانی»چۆن ده‌توانین رۆمانی باش بناسین؟» قسه‌كانی ده‌ستپێكرد. ره‌زا قاسمی نووسه‌ری رۆمانی «چاه بابل-بیری بابل»، وه‌كو دوو ره‌گه‌زی گرنگ كه له ناساندنی رۆمانی باش‌دا گرنگن، باسی «ناو» و «دیزاینی سه‌ر به‌رگ»ی كرد. به‌ڵام وتیشی: «نابێ رۆمان له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه هه‌ڵبسه‌نگێنرێت، چونكه هه‌ندێ جار ناو» و دیزاینی سه‌ر به‌رگ به ده‌ست نووسه‌ر نییه. ره‌زا قاسمی ده‌ستپێكی باشی به خاسیه‌تی باشی رۆمان له قه‌ڵه‌م دا و وتی:»من كاتێ بۆ كتێب كڕین ده‌چمه كتێبخانه‌یه‌ك، كتێبه‌كه ده‌كه‌مه‌وه و سه‌ره‌تاكه‌ی ده‌خوێنمه‌وه، ئه‌گه‌ر زانیم ده‌مه‌وێ به‌رده‌وام بم له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه ئه‌وا ده‌یكڕم. له ده‌ستپێكه جوانه‌كان ده‌توانین ئاماژه بۆ رۆمانی «عاشق»ی مارگرێت دۆراس یان رسته‌كانی سه‌ره‌تای رۆمانی «ئانا كارنینا»ی تۆڵستۆی بكه‌ین. ره‌زا قاسمی پاشان باسی په‌یوه‌ندی نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریی و رۆمانی كرد و وتی:»له رۆماننووسینی ئێرانی‌دا، بیره‌وه‌ریی نووسین بووه به باو. هه‌موومان ژیانێكی پڕ به‌سه‌رهاتمان هه‌یه و ئه‌گه‌ر بینووسینه‌وه له‌وانه‌یه سه‌رنجڕاكێش بێت. ته‌نانه‌ت ده‌شێ له رووی فۆرم و بیناشهوه ئاماده بێت. به‌ڵام بیره‌وه‌ریی نووسین «ئه‌ده‌ب»نییه. نووسینی بیره‌وه‌ریی نووسه‌ر ده‌كاته دیلی ئه‌و رووداوانه‌ی كه روویان داوه. ئه‌ده‌ب لۆجیكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. هونه‌ر چوونه لێواری سنووره‌كان و ناوچه قهیراناوییهكانه واته (Extreme Iimits). له بیره‌وه‌ریی نووسیندا گیرۆده‌ی محافیزهكاری ده‌بین و رێگه‌ی جووڵه‌مان نادات بگه‌ینه لێواری سنووره‌كان.» ره‌زا قاسمی به‌رده‌وامبوو وتی:»وه‌كو خودی خۆم كه‌ڵك له بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆم وه‌رده‌گرم، بیره‌وه‌ریی و ئه‌زموونی ژیان له رێگای كاره‌كته‌ره‌كانی رۆمانه‌وه بڵاوده‌بنه‌وه. رۆمان بۆ خۆی دروستكردنی جیهانێكه.» ره‌زا قاسمی له‌گه‌ڵ باسكردنی ئه‌وه‌دا كه (سنگی بر گوری-به‌ردێك له‌سه‌ر گۆڕێك) باشترین به‌رهه‌می جه‌لال ئال ئه‌حمه‌ده وتی: «بریا ئه‌م كتێبه كاتێ چاپ ده‌بوو كه ئال ئه‌حمه‌د له ژیاندابوو. دیاره ئه‌گه‌ر وابووایه مێژووی هاوچه‌رخ ده‌گۆڕا، چونكه ئه‌م كتێبه ئێمه‌ی به ئال ئه‌حمه‌دێكی جیاواز ئاشنا ده‌كرد. هه‌ڵبه‌ته ئێمه نازانین كه ئال ئه‌حمه‌د له‌م كتێبه‌دا چه‌نده بیره‌وه‌ریی نووسیوه‌ته‌وه و چه‌نده بایه‌خی به «ئه‌ده‌ب» داوه. قاسمی وتی: « لێره‌دا ده‌مه‌وێ دان به شتێك‌دا بنێم، من بابه‌تێكم نووسیوه به ناونیشانی «بۆچی ده‌نووسم؟ مه‌به‌ستم بیره‌وه‌ریی نووسین بوو، به‌ڵام زۆر له شته‌كان كه له‌و بابه‌ته‌دا نووسراون راست نین. له كاتی نووسیندا زمان رایكێشام بۆ جێگوڕكێ پێكردن و پێناسه‌كردنی رووداوه‌كان به پێی لۆجیكێك كه لۆجیكی ئه‌ده‌به.» قاسمی نووسه‌ری رۆمانی «همنوایی شبانه اركستر چوبها-هارمۆنیای شه‌وانه‌ی ئۆركێسترای ته‌خته‌كان.» له ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی رۆمانێكی باش ئاماژه‌ی بۆ بینا یان ستراكتۆری هاوئاهه‌نگ و وه‌سف كرد و به باسكردنی چه‌ند نموونه‌یه‌ك بیروبۆچوونی خۆی روونكرده‌وه. ره‌زا قاسمی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا باسی ته‌كنیكه‌كانی چیرۆك و رۆماننووسینی كرد و وتی: «ناوه‌ڕۆكێكی تازه له ئارادا نییه به‌ڵكو كۆمه‌ڵێ شێوازی تازه‌ی گێڕانه‌وه له ئارادایه.» له روونكردنه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا ئاماژه‌ی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی پراكتیكی رۆمانی «نامۆ»ی ئه‌لبێر كامۆ و «برایانی كارامازۆڤ»ی دۆستۆیڤسكی كرد و وتی: «ئایدیا له فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌بدا جیاوازه. كامۆ و دۆستۆیڤسكی یه‌ك ناوه‌ڕۆكی فه‌لسه‌فییان كردووه به بنه‌مای ئیشه‌كه‌یان، به‌ڵام رۆمانه‌كه‌ی كامۆ ده‌ڵێی به ده‌رزی ئایدیا فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی تێكراوه، كه‌چی رۆمانه‌كه‌ی دۆستۆیڤسكی ده‌ڵێی ئایدیا فهلسهفییهكه له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا كوڵاوه.» ره‌زا قاسمی له ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی رۆمانی باش‌دا باسی هه‌بوونی «pattern-شێواز»ی تایبه‌تی كرد، له كۆتاییشدا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه «زمان» یه‌كێكه له گرنگترین ره‌گه‌زه‌كانی هه‌ر رۆمانێكی باش. قاسمی سه‌باره‌ت به جیاوازی نێوان «داڕشتن یان په‌خشان» و «زمان» وتی: «له‌ناو هاوته‌مه‌نه‌كانی مندا ته‌نیا قسه له‌سه‌ر په‌خشان بوو، بۆ نموونه ده‌یانوت جه‌لال ئال ئه‌حمه‌د و ئیبراهیمی گوڵستان په‌خشان یان داڕشتنێكی جوانیان هه‌یه. قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر زمان نه‌بوو. من خۆم یه‌كه‌مجار رسته‌یه‌كی هایدگه‌رم خوێنده‌وه كه ده‌ڵێت»زمان ماڵی بوون یان وجوده.» و ئه‌مه له مێشكمدا بوو تا ئه‌وه‌ی دواتر له ۆركشۆپی نواندن-دا به شانۆنامه‌یه‌كی پیته‌ر هاندكه ئاشنا بووم و ده‌یانوت هاندكه له ژێر كاریگه‌ریی «لودفیگ ڤیتگنشتاین»دایه. (له نێوان دوو كه‌وانه‌دا ده‌بێت باسی ئه‌وه بكه‌م ۆركشۆپی نواندنه‌كه له كاتێكدا بوو كه بۆ نموونه «ئاربی ئاڤانسیان» سێ ساڵ پێش ئه‌وه‌ی ئیشه‌كه‌ی هاندكه له فه‌ره‌نسا نمایش بكرێت له ئێران نمایشی كرد، من له زۆر له‌و شتانه‌دا كه فێریان بووم خۆم به قه‌رزاری ئه‌و ۆركشۆپی نواندنه ده‌زانم.) له‌گه‌ڵ ئاشنابوونمدا به «ڤیتگنشتاین» به بابه‌تی رزیوی یان بێتوانایی زمان ئاشنا بووم و ئه‌وه‌ش فێربووم كه زمان شتێكی جێگیر نییه و ده‌گۆڕێت، عه‌ماره‌پۆ ده‌بێت و ده‌ڕزێت ده‌بێت سه‌رله‌نوێ دروست بكرێته‌وه. هه‌روه‌كو چۆن كۆمه‌ڵگا هه‌میشه له گۆڕاندایه، زمانیش هه‌میشه له گۆڕاندایه.» ره‌زا قاسمی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: «له ئه‌ده‌بدا هه‌ر كه‌سێك ده‌بێت زمانی تایبه‌تی خۆی بدۆزێته‌وه، ئه‌گه‌رنا هیچی نه‌كردووه. جه‌لال ئال ئه‌حمه‌د به هه‌مان داڕشتن كه چیرۆك و رۆمانی پێده‌نووسی، وتار و نامه‌ی ده‌نووسی. داڕشتن یان په‌خشان گه‌یشتن بوو به جۆرێك له ئیستاتیكا له نووسیندا كه كه‌سه‌كه له هه‌موو جێگایه‌كدا ئه‌و بنه‌مایانه‌ی به‌كارده‌هێنا، زمانی ستانداردیش له زانكۆكاندا هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مانه هیچ كامیان زمان نین. زمان كاتێ به‌لای منه‌وه بوو به شتێكی گرنگ كه ده‌ستمكرد به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كۆن. هه‌تا ماوه‌یه‌كی زۆر تێگه‌یشتێكی روونم سه‌باره‌ت به زمان نه‌بوو. هه‌تا كاتێ شانۆگه‌ریی «چو چحاك شد بر جهان شهریار-كاتێ زوحاك بوو به پاشای جیهان»م نووسی و هاوكات «ته‌فسیری سورئابادی»م ده‌خوێنده‌وه. له‌م شانۆگه‌رییه‌دا زمانێكم به‌كارهێنا كه له ژێر كاریگه‌ریی سورئابادیدایه له كاتێكدا ده‌بوو پشتم به خودی فیرده‌وسی ببه‌ستایه. له زمانی فیرده‌وسیدا نائارامیی و په‌رێشانیی دیمه‌نه‌كانی شه‌ڕ و نه‌رم و نیانی دیمه‌نه‌كانی عه‌شق هه‌ستی پێده‌كرێت.» له درێژه‌ی قسه‌كانیدا قاسمی وتی:»كڵێسایه‌ك بخه‌ره به‌رده‌می ده شێوه‌كاری شێوازه جیاوازه‌كان بابه‌تی تابلۆكان كڵیسایه، به‌ڵام رووبه‌ڕووی ده ئیشی سه‌ربه‌خۆ ده‌بیته‌وه. تۆ ناتوانی رۆمانێك به یه‌ك شێواز بنووسیت. ئیشی زمان ئه‌وه‌یه كه بۆ وه‌سفی هه‌ر دیمه‌نێك زمانی وه‌سفی ئه‌و دیمه‌نه دروست بكه‌یت. له هه‌مانكاتدا كه ئیبراهیمی گوڵستان و ئال ئه‌حمه‌د به‌وه ناسرابوون كه داڕشتنێكی جوانیان هه‌یه هوشه‌نگی گوڵشیری (شازده احتجاب-شازاده ئیحتیجاب)ی نووسی كه زمانێكی باشی هه‌بوو. به‌ڵام له ژێر كاریگه‌ریی فه‌زادا رۆمانی(معصوم پنجم یا …-بێگوناهی پێنجه‌م یان …)ی به شێوازی داڕشتنی (ئاركاییك-دێرین) نووسی. گوڵشیری زیره‌ك بوو له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه به‌رده‌وام نه‌بوو. به‌ڵام هه‌ندێك له شاگردهكانی به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر زمانی دێرین. رۆمان دیارده‌یه‌كی مۆدێرنه و ناتوانین به زمانی دێرین یان كۆن رۆمان بینووسین. به پێچه‌وانه‌ی ئال ئه‌حمه‌ده‌وه هیچ كاتێ كه‌س نه‌یوت (به‌هرام سادقی) داڕشتنێكی جوانی هه‌یه، به‌ڵام سادقی به شێوه‌یه‌كی خۆڕسك له به‌رهه‌مه‌كانیدا بایه‌خی به زمان دا و چیرۆكنووسێكی دره‌وشاوه‌یه.» قاسمی نووسه‌ری رۆمانی (وردی كه برهها می خوانند-ئه‌و وێردهی به‌رخه‌كان ده‌یخوێنن) له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: «زمان هه‌م ملكه‌چ و هه‌م خوڵقێنه‌ری شوێنه، درێژیی یان كورتیی رسته‌كان ده‌بێت له‌گه‌ڵ كار و كرده‌وه‌ی كاره‌كته‌ردا نزیكایه‌تی هه‌بێت و بگونجێت له شوێنێكی ئارام‌دا، زیاتر ئه‌و وشانه به‌كاردێن كه ده‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رم و نیانیان تێدا زۆر بێت، له كاتی شه‌ڕ و پێكداداندا ئه‌و وشانه به‌كاردێن كه له‌و پیتانه دروست بوون زه‌نگی توندوتیژیی و شه‌ڕ لێده‌ده‌ن.» ئه‌م كۆڕه به گفتوگۆی خوێنه‌ران ده‌رباره‌ی زمان و په‌خشان و رۆمان و وه‌رگێڕان كۆتایی هات. سه‌رچاوه: www.tribunezamaneh.com Top of Form Bottom of Form
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure