18/11/2019 10:23 AM

پێنج منارە، قوربانیی جەهل و ئیسلامی سیاسی

مەحمود نەجمەدین
بەشی چوارەم و کۆتایی
      دوا بەرهەمی ماحسون فیلمی پینج منارەیە، سیناریۆ و دەرهێنانی ماحسون قرمزیگویلە و فیلمەكە لە سێ‌ شوێن وێنەی گیراوە، نیۆرك و ئەستەمبوڵ و بەتلیس. كۆمەڵێك ئەكتەری تورك و بیانی دەوریان تێدا بینیوە، ئەم فیلمە لە دوو حەفتەی یەكەمی لە نمایشكردنی دوومیلۆن و نیو بینەری هەبووە. فیلمەكە باسی دوو پۆلیس دەكات، كە دەنێردرێن بۆ ئەمریكا بۆ گرتنی سەركردەی رێكخراوێكی ئایینی كە نازناوی دەجالی هەیە. دەرهێنەر باس لە بارودۆخی ئیسلامییەكان دەكات لە ئەمریكا لە دوای 11 سێبتەمبەرەوە. ئەو دوو ئەفسەر (ئاكار و فورات) تەكلیف دەكرێن بچن بۆ ئەمریكا بۆ گرتنی ئەو سەركردە ئاینییە كە بە دەجال ناسراوە. ماحسون دەوری فورات دەگێڕێت و وەك ئەفسەرێك لەگەڵ ئەفسەرێكی تردا بەناوی ئاكار بۆ گرتنی ئەو پیاوە چووەتە ئەمریكا و بەهاوكاری (ئێف- بی- ئای) هەوڵی گرتنی ئەو پیاوە دەدەن. لێرەوە فیلمەكە دەكەوێتە نێو کۆمەڵگەی ئەمریكییەوە و باس لە بارودۆخی موسڵمانەكانی ئەمریكا دەكات، كە چۆن رووبەڕووی گرتن و لێكۆڵینەوە دەبن، باسی خەڵكانێك دەكات لە ئەمریكا بوون بە موسڵمان. ناوی فیلمەكەش لە گۆرانییەكی میللی توركییەوە وەرگیراوە بە ناوی پێنج منارە لە بەتلیس
      "پێنج منارە" بە تەقینەوەیەكی تیرۆریستی دەست پێدەكات. كە رۆژنامەنووسێك بەناوی شاهین لە ترۆمبێلەكەی خۆیدا دەتەقێنرێتەوە. فیلمەكە باس لەوە دەكات، كە ئیسلامییەكان چۆن دەست بۆ كێشەی فەڵەستین دەبەن و هاوخەمیی خۆیان بۆ ئەفغانستان و عیراق دەردەبڕن و چۆن كار لەسەر ئیسلامێكی یەكگرتوو دەكەن و دژی ئەمریكا دەوستنەوە. گوتارەكانیان دژی جوولەكە و ئەمریكایە. فیلمەكە چیرۆكی ململانێی عیلمانی و ئیسلامییە لە توركیایەكدا، كە پێشتر و لە سەردەمی عوسمانیدا دەوڵەتێكی گەورەی ئیسلامی بووە و پاشان ئەتاتورك كردی بە دەوڵەتێكی عەلمانی و پاشان لە سەردەمی تازەدا و لە ناوەڕاستی سەدەی بیست بەدواوە وردە وردە بەرەو ئیسلامی گەڕایەوە و تا ئەمڕۆ پارتی داد و گەشەپێدان حوكم دەكات. دەرهێنەر باسی ململانێی سوپا و مزگەوت دەكات.
      كاتێ‌ رووداوەكان دەچنە ئەمریكا باس لەوە دەكرێ‌ كە چۆن پۆلیس هەڵدەكوتێتە سەر موسڵمانەكان. كاتێ‌ پۆلیسەكان دەچنە سەر ماڵی حاجی غومیز ئەو بەردەوامە لە نوێژ كردن و لەو كاتەدا پۆلیسێك بە زۆر تەختی عەرزی دەكات و ناهێڵێت نوێژەكەی تەواو بكات. لێرەوە فیلمەكە باس لە دوو جۆر ئیسلام دەكات. ئیسلامێكی سەلەفی توندڕەو و تیرۆریست و ئیسلامێكی سۆفی و میانڕەو و عاشق بە ژیان. حاجی غومیز و  ماركۆس نموونەی ئسلامێكی مۆدێرنن و لەگەڵ ژیانی ئەمریكادا هەڵدەكەن. حاجی غومیز پیاوێكی موسڵمانە و خەڵكی بەتلیسە و بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە چووەتە ئەمریكا و لەوێ‌ ژنێكی مەسیحی هێناوە. غومیز رێگر نییە لەبەردەم ژنەكەیدا كە سەرپۆش لەسەر دەكات، یاخود رێگرنییە لەبەردەم كچەكەیدا كە چۆن و لەگەڵ كێ‌ هاوسەرگیری دەكات. لە كڵێسا هاوسەرگیری دەكات یان لە مزگەوت... ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگە بەختەوەریی كچەكەیەتی. غومیز لەو جۆرە موسڵمانانەیە كە پێی وایە گرنگ ئەوەیە مرۆڤ پەیوەندیی لەگەڵ خودادا هەبێ‌، ئیتر گرنگ نییە لە رێگای كام ئایینەوە بێت. ئەمەش  زۆرتر لە دنیای تەسەوفدا هەیە. ماریا ژنی غومیزە و بەجۆرێك عاشقی حاجی غومیزە هێندە خۆشی دەوێت كە هەمیشە لە خەمی رزگاركردنی دایە لەو گرفتە.
      فورات و ئاكار ئەو دوو ئەفسەرەن كە بۆ گرتنی حاجی غومیز هاتوون، پێیان وایە ئەو دەجالە، كە پۆلیسی فیدراڵی گرتوویەتی و دەیانەوێت بیدەنەوە بە توركیا تا دادگایی بكرێ‌. فورات خەڵكی بەتلیسە حاجی غومیزیش خەڵكی بەتلیسە. دوای ئەوەی حاجی غومیز دەگیرێ‌ و لە كاتی رەوانەكردنەوەی بۆ توركیا بە پلانێكی ماركۆسى هاوڕێی لە رێگا رزگار دەكرێ‌. ماركۆس هاوڕێی سی ساڵەی حاجی غومیزە. پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان هەیە. ئیتر ئەو دوو ئەفسەرە توركە و پۆلیسی ئەمریكی بەدوای حاجی غومیزدا دەگەڕێن، لێرەدا دەرهێنەر دیمەنی مزگەوت و موسڵمانەكانی ئەمریكا نیشان دەدات. دوای گەڕان و چاودێری كردن لە رێگای تەیمورەوە كە یەكێكە لە كەسە نزیكەكانی حاجی غومیز هەردوو ئەفسەرە توركە كە شوێنی حاجی غومیز دەدۆزنەوە، بەڵام دەكەونە بەردەستی كۆمەڵێك رەشپێست كە ئەو رەشپێستانە موسڵمانن و لەگەڵ ماركۆسدان و بە فەرمانی ئەو كار دەكەن و وەك رێكخراوێكی ئیسلامی. لێرەدا حاجی غومیز وەك موسڵمانێكی میانڕەو لەگەڵ ماركۆس دەگەنە سەر فورات و ئاكار و بە ئازادانە مامەڵەیان لە گەڵ دەكەن. بەجۆرێك كە حاجی غومیز دەرگای دیالۆگ لەگەل ئاكار و فوراتدا دەكاتەوە. بۆ ماوەیەكی زۆر دیالۆگ دەكەن و غومیز دەیەوێت حاڵییان بكات كە ئەو موسڵمانێكی میانڕەو بێ‌ كێشەیە و كاری بە تیرۆرەوە نییە و كەسی نەكوشتووە، بەڵام ئەوان باوەڕ ناكەن و بەتایبەتی فورات زۆر توندە و پێی وایە حاجی غومیزكاری تیرۆریستی لەناو توركیادا ئەنجام دەدات. غومیز دەتوانێ‌ ئەو دوو ئەفسەرە بكوژێت، چونكە لەژێر دەستی ئەو دان، بەڵام ئەو پیاوێكی میانڕەوە و ئەو كارە ناكات. دوایی ئاكار باوەڕ بەوە دەكات كە غومیز كەسێكی پاك و بێتاوانە، بەڵام فورات باوەڕ ناكات، بۆیە غومیز بڕیار دەدات بچێتە بەردەم یاسا و بگەڕێتەوە بۆ توركیا هەرچەند ئەو لە ترسی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی توركیای بەجێهێشتووە وەك خۆی دەڵێ‌ لەبەر جەهل و نەزانی، بەڵام بۆ سەروەریی یاسا دەگەڕێتەوە بۆ توركیا و دوای گرتن و دادگایی و لێكۆڵینەوە بێسیوود دەبێ‌ کە ئەو هیچی نەكردووە تا دانی پێدا بنێ،‌ بۆیە زیندانی دەكەن. تا ئەوكاتەی كە دەجالە راستەقینەكە دەدۆزنەوە كە پیاوێكی تیرۆریستە و هەموو كردەوەكان ئەو كردوونی و دوای گرتنی ئەو دەجالە حاجی غومیز ئازاد دەكرێت.
     لێرەوە فیلمەكە دەچێتە نێو كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لە بەتلیس. كاتێ‌ حاجی غومیز بێتاوان دەردەچێ‌ و ئازاد دەكرێ‌ بڕیار دەدات لەگەڵ ماریای ژنی كە لە كاتی گرتنیدا لە گەڵ ماركۆس هاتبوونە توركیا و لەگەڵ ئاكار و فورات كە هاوشارییەتی بچن بۆ بەتلیس، بەڵام ماركۆس نایەت و دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریكا.
      دوای سی ساڵ حاجی غومیز دەگەڕێتەوە بەتلیس. لێرەدا چاوی كامێرا دیمەنی بەتلیس نیشان دەدات و دیمەنەكان گوزارشتن لە ژیانی خەڵكی لەو شارەدا. دوای سی ساڵ بۆ دواجار غومیز بە دایكی ئاشنا دەبێتەوە. كاتێ‌ باپیری فورات بەهاتنەوەی غومیز دەزانێ‌ بە فوراتی كوڕەزای رادەگەیەنێت كە غومیز بكوژی باوكییەتی و فوراتیش بۆی روون دەكاتەوە، كە بە هەڵە تێگەیشتنێك هەیە و ئەوەی باوكی كوشتووە غومیز نییە، بەڵکوو براگەورەكەی غومیز بووە، بەڵام باپیری قەناعەت ناكات و بەدزی فوراتەوە خۆی‌ ئەو كارە دەکات و حاجی غومیز لە كاتێكدا دەكوژێ‌ كە چەند خولەكێكە بەدایكی شاد بووەتەوە. ئاكاریش دەستبەجێ‌ باپیری فورات دەكوژێ‌. لێرەدا لە كاتی سەرەمەرگدا غومیز رووداوەكانی منداڵی دێتەوە بەرچاوی كە چۆن براكەی باوكی فوراتی كوشتووە و دەمانچەكەی داوە بە غومیز.
      حاجی غومیز لە دواساتەكانی ژیانیدا دەڵێ‌ لە جەهل رام كرد، و ئەوا ئێستاش بەهۆی جەهلەوە دەمرم. دوایەمین وشەی بانگی ماریای ژنی و كچەكەی دەكات. ئەو لە جەهل رایكرد و دواجار بەهۆی جەهلەوە كوژرا. ئەم رووداوە كۆمەڵایەتییە نیشاندانی دیمەنی کۆمەڵگەیەكی دواكەوتووە لە توركیای ئەمڕۆدا.

دوو تاوەرەكەی ئەمریكا بەسەر "حاجی غومیز"دا رووخا
      غومیز دژی تیرۆرە. لە موسڵمانە میانڕەوەكانە، كەسایەتیی حاجی غومیز دەكرێ‌ بڵێین شێوەیەك لە ئەردۆغانی تێدایەك، بەڵام غومیز سۆفیانەخوا دەپەرستێ‌ و ئەردۆغان سیاسیانە خودا دەپەرستێ‌. غومیز دژی شەڕە و لەگەڵ ئاشتییە. بیروباوەڕی غومیز دژی توندوتیژییە. ئەم پیاوە رووخسارێكی جوانی هەیە و  مرۆڤدۆستە و بۆ ژیانی كچەكەی بەپەرۆشە، بە دیالۆگە نەرم و نیانییەكانی لەگەڵ فوراتدا قسەدەكات. كەسایەتی حاجی غومیز هێندە غەمگینە مرۆڤ لەبەردەم ئەو رووخسارەیدا خەریكە بگری. ئەو پەرۆشییەی بۆ كچەكەی، ئەو سۆزەی بۆ ژنەكەی. ئەو نەرمی نواندنەی كە لەگەڵ فورات دیالۆگ دەكات. تا فورات توندتر دەبێ‌ ئەو نەرمتر و هێمنتر قسە دەكات، لە كاتێكدا دەتوانێ‌ فورات بكوژێ‌، چونكە فورات و ئاكار لەژێر دەستی ئەو ماركۆس و هاوڕێكانی دان. ژیانی پڕ لە خەمگینی و رابردووی سەخت و دابڕان لە كەس و كار و حوزن وای كردووە حاجی غومیز جوان بێ‌. ئەفسەری لێكۆڵەری توركی بە توڕەییەوە پێی دەڵێن تۆ پەیوەندیت لە تالیبان و حیزبوڵڵادا هەیە و حاجی غومیزیش دەڵێ‌ من بە خواوە پەیوەندیم هەیە. بەجۆرێك وا دەڵێ‌ لە سۆفییەكی پاك و بێگەرد دەچێ‌ كە هەموو ژیانی رامان بێ‌ لە دنیا و جوانیی رۆحانییەت. لە پەیوەندیی نێوان غومیز و كچەكەیدا دەرك بەوە دەكەین كە غومیز باوكێكی چەند میهرەبانە و چۆن بۆ كچەكەی دەسووتێ‌.. چۆن پێشوازی لە هاوسەرگیری كچەكەی دەكات و چەند بەداخە لەو بارودۆخەدا ناتوانێ‌ بەپێی پێویست بەشداری لە هاوسەرگیری كچەكەیدا بكات. روخساری غومیز و روخساری دەجال چەند جیاوازن.

ئەمریكا دوای یانزەی سێپتەمبەر

      ئەمریكا لە دوای یانزەی سێپتەمبەرەوە مامەڵەكردنی لەگەڵ موسڵمانەكاندا گۆڕی و دەستپێكی ئەو مامەڵەیە جەنگی ئەمریكا بوو لەگەڵ تالیبان لە ئەفغانستان و پاشان عیراق. تا سەردەمی ئۆباما، لە سەردەمی ئۆباما بەدواوە مامەڵەی ئەمریكا لەگەڵ ئیسلامدا گۆڕا. ئۆباما كەسایەتییەكی میانڕەوە و پێی وایە كێشەكان بەتوندوتیژی چارەسەر ناكرێ‌ و دەبێ‌ رێگای دیالۆگ و میانڕەوی بگیرێتەبەر. هۆكاری ئەم جۆرە مامەڵەیەی ئۆباما ئەوەیە، كە ئەم پیاوە لەژێر كاریگەریی مارتن لۆتەركینگدا مامەڵە لەگەڵ دنیای سیاسەتدا دەكات و بنچینەی بیروباوەڕی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی كینگ و مەهاتما گاندی.
       ئەم فیلمەی ماحسون باس لە ئەمریكایەك دەكات كە هێشتا لە ئیسلام تووڕەیە و باس لە ئەمریكایەك دەكات كە هێشتا پێی وایە بە توندوتیژی كێشەی تیرۆر چارەسەر دەكرێ‌. دیمەنێكی فیلمەكە، دیداری نێوان دوو ئەفسەرەكەیە لەگەڵ دەست و پێوەندی ئەمریكی بەناوی (دەیڤید بیكیر) كاتێ‌ خۆیان دەناسێنن‌، ئەوکات دەزانێ‌ فورات كوردە و بە كوردی قسەی لە گەڵ دەكات و دەڵێ‌ من لە رزگاركردنی عیراقدا لەوێ‌ چەند وشەیەكی كوردی فێر بووم لێرەوە دیالۆگەكە دەچێتەسەر باسی نەوت و شەڕی ئەمریكا بۆ نەوت. 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved