18/11/2019 10:29 AM

مامۆستا كەریم كابان و تەمەن

ئەحمەد محەمەد
منداڵ بووم لە ساڵەكانی حەفتادا، كە گوێم لە دەنگی مامۆستا كەریم كابان دەبوو، هەستم ئەكرد ئەم دەنگە جاویدە لەگەڵا خۆیدا پەلێكشم دەكات بۆ ناو نەوا و سەدا و ئاوازێك كە هەستی خودی منداڵانەی خۆشم نەیدەتوانی گوزارشت لەو دەنگە ئارام بەخشە بكات، تەنها ئەوە بوو وەك منداڵێك كە پێم دەنایە ناو نەوجەوانییەوە ئەم دەنگە لەگەڵا خۆیدا بەرەو خەون و خەیاڵێكی ئەفسوناوی ئەیبردم، ئەوەی كە بە منداڵی هەرگیز بە خەیاڵمدا نەهاتووە و بیرم لێنەكردۆتەوە ئەوە بوو كە مامۆستا كەریم كابان رۆژێك لە رۆژان شیعرێكی من بكاتە گۆرانی و ئەو شیعرەش نمایشی تەمەنی خودی مامۆستا بێت. من نامەوێ‌ بە زمانێكی شیعری بدوێم بۆیە زۆر بە سادە و سانایی دەڵێم: تەمەن قوفڵی گۆرانییەكانی مامۆستا كەریم كابانە لە رووی ئاواز و موزیك و وتن و شیعرەوە. 
دیارە هەموو كەسێكی ئەدەبی و هونەری و سیاسی دوو تەمەنی هەیە، تەمەنێك لە ژیانی ئاسایی خۆی، تەمەنێكیش لە تەمەنی هونەری. واتە ئەبێت بڵێیت تەمەنی هونەری مامۆستا كەریم كابان لە كەیەوە دەستی پێكردووەو لە كوێدا دەگاتە پایان .
لە سەرەتای نەوەدەكاندا من شیعری تەمەنم نووسیبوو دواتر لەگەڵا چەند شیعرێكی تر دامە هاوڕێم زانای مەحمود هەژار دیارە ئەویش ئاوازی بۆ دانا و دواتر وەك گۆرانییەك بۆ مامۆستا كەریم كابانی سازكرد.
من لێرەوە ئەتوانم بڵێم كە تەمەنی ئەدەبی و هونەری من و زاناش پەیوەست بوو بەو گۆرانییەوە. دوای تۆماركردنی گۆرانی تەمەن و ئێمە وەك كۆمەلێك گەنج زیاتر لە میهر و خۆشەویستی كاك كەریم كابان نزیك دەبووینەوە و ئەویش زیاتر و باشتر خۆشەویستی خۆی بۆ دەردەبڕین .
رۆژێك ئەم دوو دێڕە شیعرەم بۆ كاك كەریم كابان خوێندەوە
تۆ كچێكی بەهاری بوویت ، منیش كوڕی گەڵاڕێزان
خۆ ئەتزانی كە گوڵا نابێت بەهاودەمی وەرزی خەزان
دیارە ئەویش زۆری پێخۆش بوو، وتی ئەو هۆنراوەیەم بۆ بنووسە تا خۆم ئاوازی بۆ دابنێم و بیكەمە گۆرانییەك، ئەوەبوو پاش چەند رۆژێك شیعرەكەم بۆ برد و ئەویش ئاوازی بۆ دانا، بەڵام بەداخەوە لەو كاتەوە باری تەندروستی مامۆستا رێگەی نەدا تا تۆماری بكات هەتا ئەو گۆرانییەش ببێتە شاكارێكی تر لە شاكارە نەمرەكانی مامۆستا كەریم كابان.
هەڵبەتە من لێرەدا تەنها زوومی وتەكانم لەسەر دوو ساتی جیاوازی ئەو هونەرمەندە گەورەیەدا بووە، ئەگەر بكرێت خۆێندنەوەیەكی دروست بۆ سەرجەم لایەنەكانی ئەم ئەم كەڵە هونەرمەندە بكرێت دەبێت كەسانی پسپۆڕ لە بوارەكانی موزیك و مێژوو و ئەدەبی بە شیكردنەوەیەكی ورد و درشت لەسەر مامۆستا كەریم بدوێن و سەردەم و پێناسەی لە رۆژی دەستپێكردنییەوە شیبكەنەوە تا ئەم ساتەی كە بۆتە ناسنامەی شاری سلێمانی، ئەگەر كەسێك هاتبێتە سلێمانی ناكرێت بەرزی و گەورەیی ئەم هونەرمەندەی سلێمانی نەبینێت ئەگەر غەریبەش بێت.
كابان دەنگێكە لەگەڵا بارانی بەهاردا ئەودێت و بەشنەی پاییز ئەمانلاوێنێت و بە نەسیمی بەیانیان بێدارمان ئەكاتەوە، تەمەنی ئەم داهێنەرە كورتی تەمەنمان نیشان دەدات و بە فلاش باك دەمنباتەوە بۆ سەردەمی پەپوولەكان خۆزگەی ئەم پیاوە خۆزگەیەكە كە لەمنداڵیدا پێكەنینمان بەخەم هاتووە و لەناو گریانمانا زەردەخەنەیەك هاتۆتە گۆ. تەمەنی ئەم كەڵە هونەرمەندە نامەیەكی پێیە ئەو نامەیە ئەوەمان پێدەلێت كە لەتەمەنی منداڵی كەریم كابانەوە سەدان و هەزاران هاوتەمەنی كەریم كابان لەم شارەدا ژیاون و گەورە بوون، بەڵام تەنها ئەم پیاوە بەهرەمەندە توانی تەمەنی خۆی لەسەر شەپۆلی دڵی هەموو تاكێكی ئەم كوردستانە بنووسێتەوە.

تێبینی ئەم بابەتە نووسینێكی شاعیر ئەحمەد محەمەدە، كاتی خۆی لە پاشكۆی خەنەبەندان بڵاوبووەتەوە، كە پاشكۆیەكی رۆژنامەی كوردستانی نوێ بوو، رێزلێنانێك بوو لە مامۆستا كەریم كابان. 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved