ئامادەكردنی: زاهیر سدیق و مەحمود نەجمەدین بەشی دووەم بوشرا كەسنەزانی: سوڵتان وەلەد ئاماژە بەو عەشقە گرنگ ئەدات كەوا لەمەولانادا كە شوێ، شەمسی تەبرێزی بكەوێت، بەدەر لەوە لەهەموو دیوانی غەزەلیاتەكەیدا و لەمەسنەوی و مەعنەویدا ئێمە بەر ئەم عەشقە ئەكەوین كە دواتر دێینە سەر تەریقەتەكە. بۆ بەڵگەهێنانەوەی ئەمە لەكتێبی فیهی مافیهی دا كە مەقالەكانی مەولانای رۆمییە كە پاش خۆی موریدەكانی لەگەڵ كوڕەكەیدا كۆیان كردوەتەوە، حیكایەتێكی جوان دەهێنێتەوە سەبارەت بەوەی كە عەشق چییە و ئەم بۆچی شوێنی شەمسی تەبرێزی كەوتووە، ئەگەرچی لەكۆی وتارەكەدا راستەوخۆ ئاماژە بەوە نادات كە هۆكاری شوێن كەوتنی شەمس چییە، بەڵام ئێمە تێدەگەین كە مەبەستی لەوەیە. وەك ئەڵێن لەسەردەمی مەجنوندا لەمەجنونیان پرسی كچانێكی زۆر جوانتر و شیرینتر هەن لە لەیلا، تۆ بۆچی ئاڵاوی بەلەیلاوە؟! مەجنونیش وەڵامێكی جوانیان ئەداتەوە و ئەڵێ لەیلا بۆ من جامێكە، كاسەیەكە كە من شەرابی تێدا ئەخۆمەوە، شەرابی عەشقی تێدا ئەخۆمەوە، هەمووان چاویان لەسەر كاسەكەیە، بەڵام من چاوم لەسەر شەرابەكەیە، ئەگەر ئەو كایە بۆ من كولەكەیەكی شكاویش بێت، گرنگ ئەو شەرابەی ناوێتی، لەیلا عەشقەكە ئەدات بەمن، مەولانا خۆی بەراورد ئەكات بەمەجنون بەو جۆرە كە شەمس بۆ ئەم كاسەیەكی عەشقی ئیلاهی تێدا نۆشیوە، لێرەدا من دەمەوێت ئاماژە بەخاڵێكی زۆر گرنگ بكەم كە مەولانا ئەگەرچی شوێنكەوتەی شەمسە، بەڵام كەماڵ و تایبەتمەندی خۆی لەدەست نەداوە، تەنها ئەوەی كە لەدەستی ئەدات شتە مادییەكانە، غرورێكە كە لەسەردەمێكدا هەیەتی غروری شارەزایی و ناوبانگ و پابەندبوونە بەشەریعەوە، لەهەمووی گرنگتر ئەوەی كە لەدەستی ئەدات و بەحوكمی شەمس وازی پێدەهێنێ، وازهێنانە لەكتێب و وانە و خوێندنەوە و وەرگرتنی مەعریفە لەناو كتێبەكاندا، هەر لەو سەردەمەدا مەولانا سەرسامییەكی زۆری هەیە بۆ دیوانە شیعرییە كلاسیكییەكانی عەرەب بەتایبەتی موتەنەبی، بەڵام شەمس داوای لێ دەكات واز لەهەموو شتێك بهێنێ و كاروخولیای ببێتە عاشق بوون و ببێتە سووتان لەناو عەشقدا بۆ ئەوەی پاكببێتەوە لە هەموو شتە دنیاییەكان، تا ئەو نورەی دەست بكەوێت كە شایەنێتی. هەتا لەیەكێ لەگێڕانەوەكاندا ئەڵێن شەمس كاتێ دێتە بەردەمی ئەڵێ من هاتووم تۆ بكەم بەموریدی خۆم، من موریدم ناوێ بیكەم بەموریدی خۆم، شێخ ئەكەم بەموریدی خۆم، ئەویش چ شێخێك؟! شێخێكی كامڵ، ئەو شێخە كامڵە مەولانایە كە ئەبێتە مریدی شەمسێكی تەبرێزی بەو گەورەییە، دواتر مەولانا، ئەو مەولانایەی لێ دەردەچێ لەسنووری ئەدەبیاتی عیرفانیدا، نەك لەجیهانی سۆفیگەری ئیسلامیدا، بەڵكو بەجیهانی ئەبێ، ئەبێتە كارئەكتەرێك كە لەسەردەمی مۆدێرنەشدا سوود لەقسەكانی وەردەگیرێ و شوێنكەوتوانی زۆر بۆخۆی پەیدا ئەكات. مەولانای رۆمی ئەو پیاوە مەزنەی وەك دەڵێن گڕی لەعاشقانی دنیا بەردا، غەزەلیاتی مەولانا خۆرێكی گەشە، تیشكی عەشقی گەشی مەولانا تەنانەت بەستەڵەكی ئەوروپاشی تواندوەتەوە، دنیای مەولانا و غەزەل و پەند و قسە و بەرهەمەكانی هێندە بەرین و جیهانین بەجۆرێك بەناو رۆحی مرۆڤدا بڵاوبوونەتەوە توانیویانە دڵی ئیماندار و بێ ئیمانیش بۆ خۆیان رابكێشن، مەولانا دەریایەكی هێندە بەرینە هەموو كەس و هەموو بیروباوەڕێك دەتوانێ لەگۆشە نیگای خۆیەوە مەلەی تێدا بكات. سەماع، یان سەمای مەولەوی ئەو جۆرە لەسەما كردنەیە كە لەمەولانای رۆمییەوە داهاتووە و تا ئەمڕۆش گرنگی زۆری پێدەدرێ وئەوانەی لەسەر تەریقەتی عەشق و خوداناسین و بەشوێن پێی مەولانادا رۆیشتوون گرنگی زۆری پێدەدەن. بوشرا كەسنەزانی: لەناو سەماعدا قسە لەسەر ئەوە دەكرێ زۆرێك پێیان وایە حەرامە، زۆرێك پێیان وایە ئەمە لادانە لەشەریعەت، لەكاتێكدا هەموو رێبازە سۆفیگەرییەكانی ئاینی ئیسلام یەكەمین پلە كە ئەبێ جێبەجێی بكەن شەریعەتە، پاشتر ئەچێتە ناو حەقیقەت و مەعریفەتەوە و تەریقەت خودی رێبازەكەیە. بۆیە ناكرێت وەكو لادانێك سەیر بكرێت، كاتێك مەولانا زۆر گرنگی بەم سەماعە ئەدا دیارە بەپشت بەستن بەئیمامی غەزالی بووە، چونكە پێش ئەوەی مەولانا گۆڕانە گەورەكە لەژیانیدا روبدات خوێنەرێكی سەرسەختی بەرهەمەكانی ئیمامی غەزالی بووە و ئیمامی غەزالیش بەجۆرێك ئاماژە ئەدات بەو جوڵە و ترپە و ئیقاعەی كە لەناو ناخی ئەوانەدا هەیە و جەزبە لێئەدات، لەراستیدا كارێكی دروستە، چونكە ئەمە هەوڵ و تەقەلا و كێشمەكێشمی رۆحە بۆ دەرچوون لە زیندانی جەستە. بۆیە كاتێ ئیمامی غەزالی ئەم رەوایەتییەی پێئەدات، مەولاناش هەمان رەوایەتی ئەداتەوە بەم جوڵە و سەمایانە و جۆرێك لەسەر مەستی بارئەهێنێ بۆ مرید، كە وێڕای چێژەكە پاكبوونەوەی رۆحێكە و گەیشتنە بەپلەی مەعریفەت. مەحمود شێرزاد: سەماع یان سەمای مەولەوی نیشانەی كۆمەڵێك خاڵی زۆر سەرسوڕهێنەرن، یەك لەو خاڵانە كە مەولانا بە منداڵیش، كە تەمەنی دوو بۆ سێ ساڵ بووە، وەك ئێستا لەم سەردەمەشدا زۆر منداڵ هەن، منداڵەكانی خۆمان زۆر بە دەوری خۆیدا خولاوەتەوە تا ئەو كاتەی سەرەگێژەی گرتووە و بەربووەتەوە، زۆری حەز لەم خولانەوەیە بووە بە دەوری خۆیدا، بەڵام خولانەوەی دوای شەمس، یان با بڵێم سەماعەكەی، سەماكەی دوای شەمس لەگەڵ ئەم خولانەوەیەی سەردەمی منداڵییەی جیاوازە، لەكەوندا ئەوە هەیە، كەون بەدەوری نوختەیەكدا خولدەخوات، سەماع سەمایەكی كەونییە، سەماع لەلای مەولانا و هەتا شەمسیش، بێگومان شەمس ئەوەی كردوە كە مەولانا سەماع بكات، چونكە ئیشی شەمس بووە سەماع، دوایی كە مەولانا روناك بووەتەوە ئەویش دەستی كردوە بەسەماع، یەكەم كە چووەتە سەماعەوە لەو پەڕی سەمادا بەسكوون گەیشتووە، دەگێڕنەوە كە سی و شەش سەعات لەسەمادا بووە، كە هاتووەتە دەرەوە پێیانوتووە تۆ سی و شەش سەعاتە سەما دەكەیت. باوەڕی نەكردووە. بۆ؟ چونكە لەوپەڕی خولانەوەدا بەسكوون گەیشتووە جا ئەمە هەم حاڵەتێك، یان قانونێكی كەونییە، هەم فیزیای كوانتۆمیش باسی دەكات و پەی پێبردووە و هەم لەكۆنیشدا و ئێستاش یۆگییەكان تەجروبەیان كردووە و پەییان پێبردووە، و هەم وەسیلەیەكیشە لای مەولانا و ئەو عارفانەی كە سەماعیان بەكارهێناوە وەسیلەیەكە بۆ بەجێهێشتنی عالەمی خاكی و پەیوەندی گرتن لەگەڵ عالەمی مەلەكوتدا، مەولانا بەسەماع پەیوەندی لەگەڵ عالەمی مەلەكوت گرتووە، تەنانەت سەماكەی بووەتە بیست و چوار سەعاتە، واتە كە رۆیشتووەتە دەرەوە و چووەتە كوچە و كۆڵان، بەشی هەرە زۆری بەسەماع رۆیشتووە، رۆیشتنی ئاسایی زۆر زۆر كەم ماوە، هەتا شەمسیش دەڵێت سەمای عارفان سەمایەكی زۆر ناسكە، زۆر لەتیف و بێ كێشە، شەمس دەڵێ ئەو كەسانەی لەباتندا وەكو كێو وان، و لەزاهیردا وەكو پەڕی كا وان، سەماع هی ئەو جۆرە كەسانەیە، هی ئەو جۆرە ئیماندارانەیە، جا ئیمان بەرۆحی ئەو كەونە، بەدارما، یان بەرهەرشتێكی تر، بەڵام هەر هێزێك تۆ ئەوەندە هەمئاهەنگ بیتەوە و دەرونت لەناخدا وەكو كێو قورس و قایم بێت لە دەرەوەش وەكو پەڕی كا سووك بیت مەعلومە وەسمات دەخات. ئەوەی مەولانا لەدوای دیداری شەمس ناخی بەقورسایی كەون قورسە و هەموان كە ئیشراق دەكەن وایان لێ دێ، زاهیریشی چی لەسەر ئەم زەوییە زۆر سووكە وەكو كێش لەو سوكتر دەبێ، بۆیە تەنانەت تۆ دەبینی ئەم رەهەندەی یۆگییەكان لەزەوی بەرز دەبنەوە و قانونە فیزیاییەكان دەخەنە ژێر پێوە، بەهۆی ئەمەوەیە. بوشرا كەسنەزانی: قسەكردن لەسەر سەماع پاساوی زۆر جوانی هەیە. هەندێكیان پێیان وایە ئەگەرێتەوە بۆ ئەو كاتەی لەسەردەمی لاهوتدا خودا قسەی لەگەڵ رۆحی مرۆڤدا كردووە، كاتێك مرۆڤ رۆحی پاك دەبێتەوە بیری ئەو قسەیەی ئەكەوێتەوە، دیارە هەموو كەسێكی ئاسایی بیری ئەو قسەیەی ناكەوێتەوە بۆیە لەتۆنی دەنگی خودایی ئەوكاتە رۆحی گوێی لێبووە ئەكەوێتە سەماو جوڵە و جەزبە و یادی خوای ئەكەوێتەوە. هەندێكی تر پێیان وایە لەهەمان دەنگی خوا كاتێك كە مرۆڤ دروست دەكات، پێش دروست بوونی مرۆڤ پرۆسەی دروست بوونی كەون خوا بەفەرمانی كون هەموو شتەكان كون فەیە كون دەبن، هەر لەهەمان ئەو دەنگەی خودادا كە پێی فەرموون كون ەمان دیسان بیریان ئەكەوێتەوە، دواوەڵامی قەتعی كە مەولانا خۆی وەڵامی بەشیعرێك ئەداتەوەی ئاماژە بەوە ئەدات كە ئێمە هەموومان نەوەی ئادەمین و هەموومان لەبەهەشتە گوێمان لەو دەنگانە بووە بەخێربێ سەماع با ئێمە بچین دوای سەما بكەوین، ئێمە ئەو یادە زیندوو بكەینەوە، لەیەكێ لەشیعرەكانیدا ئاماژەی پێداوە. لهۆن قادر مەولانا تەریقەتی مەولەوییەی داهێنا، تەریقەتی مەولەوییە بریتی بوو لەشێوازێكی تازە لە عیبادەت كردن، كە بریتی بوو لە سەما و مۆسیقای عیبادەت كردن ئەمە راماندەكێشێ بۆ زۆربابەتی تر بۆ نموونە یەكێك لەو بابەتانە لای زۆرێك لەزانایانی هاوسەردەمی مەولانا، بێگومان مەبەستمان لەزانایانی ئیسلامییە و تەنانەت لەدوای مەولانا و ئێستاشی لەگەڵدابێ و پێش مەولانایش قسەكردن لەسەر ئەوە بووە كە مۆسیقا حەرامە، بەڵام بیرمان نەچێ غەزالی هاوسەردەمی مەولانای رۆمییە، غەزالی قسەی سەریحی هەیە لەبارەی مۆسیقاوە كە مۆسیقا حەڵاڵە، مەولانا باس لەحەرام و حەڵاڵ بوون ناكات، مەولانا پێی وایە مۆسیقا پەیوەستە بەوەی ئەو كەسەی مۆسیقاكە ئەژەنێ ناخی خۆی چی تێدایە، ئەگەر ناخی خۆی پڕە لەئیجابیات و پڕە لەچاكە، ئەوە لە ژەنینی مۆسیقاكەدا رەنگ ئەداتەوە، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە بێت بەهەمان شێوەیە. بۆیە مەولانا قەناعەتی وابوو مۆسیقا كاریگەرییەكی زۆر گەورەی هەیە لەسەر مرۆڤ و مرۆڤ ئەتوانێ بەدەم مۆسیقا ژەنینەوە هەڵگری ئیلهاماتی خوایی بێت. ئیحساس و هەستەكانی هێندە ناسك بێتەوە بتوانێ لە ساتێكی عیبادەتی باڵادا بێت بەجۆرێك شعوری و دەرونی و ناخی راستەوخۆ پەیوەست بێتەوە بەخواوە، بۆیە جارێكیان بەمەولانا دەڵێن كاتی نوێژە، مەولانا لەساتەكانی جێبەجێكردنی سەمای تەریقەتی مەولەوییەدایە زۆر عەجیب وەڵام ئەداتەوە و ئەڵێت بۆچی ئێمە ئێستا خەریكی عیبادەت نین!. هەر ئەو سەردەمەش و ئێستاشی لەگەڵدابێ بەجۆرێك لەجۆرەكان دژایەتی ئەم جۆرە بیركردنەوەیەی مەولانا كراوە و وەكو بیدەعەیەك سەیر كراوە، بەڵام نەتوانراوە راستەوخۆ ئەوە بكرێ، چونكە مەولانا سۆفییەكی زاهیدی گۆشەگیری عەوام نەبووە مەولانا زانایەكی گەورە بووە. شیعر و غەزەلیاتی مەولانا بەشی هەرەزۆریان بەزمانی فارسی نووسراون، ئەگەرچی مەولانا سەردەمی عرفان و عەشقی حەقیقی، مەولانایەك بووە لەقۆنیە لەوڵاتی توركەكاندا ژیاوە، بەڵام زۆرتر شیعر و غەزەلیاتی ئەم عارفە مەزنە بەفارسی نووسراون و هەندێكی كەمی نەبێ بەتوركی نووسراون و چەند غەزەلێكی زۆر كەمیشی بە یۆنانی نووسیوە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە بەدەر لەتوركی و عرەبی و فارسی، یۆنانیشی زانیوە.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure