تەها بابان ناتوانین بە چاكی لەم لایەنەی مامۆستا برایم بگەین ئەگەر لەگەڵ لایەنەكانی تری كەسێتی ئەودا بە یەكەوە سەیرنەكرێ، چونكە یاساناسیەكەی ئەو وەك خەڵكی تر لایەنێكی سەربەخۆ نەبوو، بەڵكو هەریەكە ئەوی تری تەواو دەكرد و بە كۆمەڵ روخساری ئەو پایە و دەگمەنەی بۆ بەرجەستە ئەكردین. من كە لەمێژووی ژیانی برایم ئەحمەد ئەكۆڵمەوە نەك هەر هەست، بەڵكو بە تەواوی ئەو راستییەم بۆ دەردەكەوێت كە یاساناسی خواستی بەرودوای ئەو نەبووە، بەڵكو هۆیەك بوو كە بەكاری هێناوە بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی دوورتر و گەورەتر كە ئەویش ئازادیی میللەتەكەی و رزگاركردنی نیشتمانەكەی بووە لە ژێردەستەیی.. بەواتایەكی تر ئەو كاتێك خوێندنی یاسای هەڵبژاردووە بۆ ئەوە نەبووە كەببێت بە پارێزەر و لە دوایدا بەدادوەر و بەوە پلەوپایەی كۆمەڵایەتی شیاو و ژیانێكی خۆشی رەنگاوڕەنگ وەك ئەوانیتر بۆ خۆی فەراهەم بكات، نەخێر بەڵكو لەبەر ئەوە بووە تابتوانێ لە هەموو جۆرەكانی تر بە توانای بكات و بەهرەكانی بتەقێنێتەوە و زیاتر بشێت بۆ ئەو دەورەی كە قەدەر پێی رەوابینی لە چارەنووسی میللەتەكەیدا لەوەشدا بە هەڵەنەچووبوو، چونكە زۆربەی پیاوانی مێژوو سیاسەتمەدارانی دوێنێ و ئەمڕۆی جیهان لە یاساناسەكانن هەر وەك ئەو. بۆ ئەوەی وانەزانرێ كە ئەو بۆچوونانەی سەرەوە هەر قسەی رووت و بێ بەڵگەن، بۆ سەلماندنیان ئەم هەڵوێستەی مامۆستا برایم ئەخەمەوەیاد. لە ناوەڕاستی ساڵانی سییەكاندا مامۆستا برایم كۆلیجی یاسا تەواو ئەكات و ئەبێت بەپارێزەر، زیرەكی و لێهاتوویی و زمانپاراویی و شارەزایی لە داب و نەریتی كۆمەڵایەتیدا هەر زۆر زوو ئەیكات بە پارێزەرێكی سەركەوتوو ناسراو و جێی متمانەی خەڵكی و لەو لاشەوە دەستكەوتێكی مادی باش. نەخێر بەوەشەوە ناوەستێ و هەمووی چەند ساڵێك بەسەر پارێزەریدا تێپەڕنابێ كە دەیكەن بە دادوەر، دواپایە كە یاساناسێك ئاواتی بێ، ئیتر ئەگەر برایم ئەحمەد یاساناسێكی پیشەیی بوایە ئەبوایە هەر بە دادوەری بمایاتەوە هەتا خانەنشین ئەكرا، بەڵام بەم رووداوەدا دەردەكەوێت كە دادوەریی شتێكی لاوەكی بووە لەژیانی ئەودا و بابزانین چۆن؟ لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 1939دا مامۆستا دەستبەرداری ئەو پلە و پایەیە بووە، چونكە ببوو بەكۆسپێك لە ڕێگای ئەو پەیامەدا كە ئەو خۆی بۆ نەزركردبوو. ئەو كاتە ئەتوانین بڵێین كە چاپەمەنی كوردی نەبوو یان زۆر كەم بۆ ئەوەی زمانی كوردی و ئەدەبی كوردی و مێژووی كورد نەفەوتێ، كەسی كورد شوناسنامەی خۆی لە بیرنەچێتەوە ئەبوو پرۆژەیەكی رووناكبیری دابمەزرێ، ئاوا برایم ئەحمەد بیری دەكردەوە، ئەوەبوو لە ئەنجامدا توانی مۆڵەتی دەرچوونی گۆڤاری گەلاوێژ وەرگرێ، ئەو گەلاوێژەی كە تا ئێستاش لە ئاسمانی رووناكبیریماندا ئاوا نەبووە. بەمامۆستایان وت: یان گەلاوێژ یان دادوەریەكەت، چونكە ئەوەی ببێ بە خاوەنی گۆڤار یان سەرنووسەر نابێ فەرمانبەری دەوڵەت بێ. ئەگەر مامۆستا یاساناسێكی پیشەیی بوایە ئەبوو دادوەریەكەی هەڵبژاردایە، بەڵام ئەو گەلاوێژی هەڵبژارد، چونكە ئەوە هەنگاوێك بوو لەو پرۆسەیەدا كە بۆخۆی كێشابووی لە ژیانیدا نەك دادوەری. مامۆستا برایم جارێكی تر دەستی كردەوە بە پارێزەریی، یەك بۆ ئەوەی بژی، دووش بۆ ئەوەی خەرجی دەرچوونی گۆڤارەكەی دەربێنێ.. لە هەموو كارێكیدا تەنانەت لە پارێزەریشدا كە پیشەیەكە بۆ دەستكەوت، وەك هەموو پیشەكانی تر ئەنجام دەدرێت ئەویش دیسان هەر پەیام بوو پیادەی ئەكرد تاڕادەیەكی زۆر بۆ بەرژەوەندی گشتی بۆ نموونە لێی ئەگێڕنەوە كە تابڵێیت دەست پاك و دڵسۆز بووە لەكارەكەیدا بەزەیی بە داماو و دەستكورت و زوڵم لێ كراواندا هاتووەتەوە، ئەگەر دەستگیرۆیشی نەكردبن ئەوا بە خۆڕایی لە دادگادا لە سەری كردوونەتەوە.. نەك هەر ئەوە، بەڵكو لەگەڵ پارێزەرەكانی تردا لیژنەیەكیان پێكهێنابوو بە ناوی (معاونە العدالە) واتا یارمەتیدانی دادوەری، كە بەخۆڕایی داواكانیان ئەبینین و تەنانەت ئەو پارەیەش كە ئەچووە داواكەوە لە گیرفانی خۆیان ئەیاندا بۆ داماوەكان و بەتایبەتی بۆ زیندانە سیاسییەكان. هەر لەو سەردەمەدا یاسای تسویە دەرچوو بوو بۆ بەلایەكداخستنی موڵكایەتی زەوی و زاریی لادێ، ئەوەش بووە هۆی زۆرانبازیەكی گەورە و زۆرجار خوێناویش لە نێوان دەرەبەگی دەستڕۆیشتوو جووتیارە رەش و ڕووتەكاندا. زۆر لە پارێزەرەكانی ئەو سەردەمە كە نووسەر و سیاسی و نیشتمانپەروەریشیان تیابوو، چونكە لای دەرەبەگەكان چەوربوو پشتی ئەوانیان گرت! بەڵام برایم ئەحمەدی خاوەن پەیام لایەنی رەش و ڕووتەكانی دەگرت، چونكە ئەیزانی میللەتێك پێش ناكەوێت ئەگەر زۆربەی زۆری چەوساوە بێت، یان چۆن دڵسۆزئەبن بۆ نیشتمان كە ئەو نیشتمانە نان و كەرامەتیان بۆ فەراهەم نەكات؟! دێهاتەكان مامۆستایان بەخەمخۆر و بەتەنگەوە هاتووی جووتیاران دەزانی كە ئەگەر نەیپەرژایە ببێتە پارێزەریان هەموو وەكو تەعزێدار خەم دایئەگرتن! ئەوەبوو لەو پێناوەدا بۆ ئەوەی وەك كۆسپێك لەڕێی دەرەبەگەكاندا لای بەرن تەقەیان لێ كرد و برینداریان كرد، بەڵام خۆشبەختانە وانەبوو كە بیكوژن، بەڵام برایم ئەحمەد زۆر لەو مەترسیانە ئازاتربوو، ئەوەندە بڕوای بە پەیامەكەی بەهێزبوو بۆیە دوای ئەوەش هەر لەسەر هەمان رێگە بەردەوام بوو. بۆ دڵسۆزیی جووتیارەكان و پێزانینیان بەو خزمەتە گەورەیەی كە ئەو ئەیكردن، جارێكی ئەم رووداوە خۆشەی بۆ گێڕاینەوە: كاتێك كە لە خەستەخانە كەوتبووم بە برینداری هێندێك لە نوێنەری جووتیارەكان هاتن بۆ سەردانم من لە دڵی خۆمدا وتم: ئەوە هاتوون داوای ئەو پارە پێشەكیەم لێدەكەنەوە كە داومیانەتێ ناهەقیشیانم نەئەگرت، چونكە من لە ئیشكەوتبووم و بۆ ئەوەی بیدەن بەپارێزەرێكی تر تا ئەو ئیشەكەیان بۆ تەواو بكات.. كەچی بەپێچەوانەی هەموو بۆچوونەكانمەوە دەمڕاستەكەیان دەستی كرد بە باخەڵیداو بڕێك پارەی دەرهێنا و لای سەرمەوە دایناو وتی: قوربان ئێمە دەزانین تۆ لەسەر ئێمە بەم دەردە چوویت و ئێستاش دڵنیاین چونكە لە ئیش كەوتوویت و بێ پارەیت، بۆیە ئەم پارەیەمان بۆ كۆكردوویتەوە بۆمان هێناویت! برایم ئەحمەد وەك هەموو ئەوانەی كە بەهرە و توانای نائاساین، كەسایەتی زۆر پتەوبووە، بۆیە چاونەترس و ئازاو شارستانی بووە. لێی ئەگێڕنەوە كە لە ساڵی 1948دا لەگەڵ خوالێخۆشبوو پارێزەر و نووسەر و تێكۆشەر شێخ مارفی بەرزنجی دا خۆیان ئەپاڵێون تا لەسەر شاری سلێمانی ببن بە نائیب پەرلەمانی ئەو سەردەمەدا، خەبەر بەحكومەت ئەگاتەوە كە هەردووكیان لەگەڵ چەند كەسێكی سەربەخۆیان لە ئوتومبێلدا بەڕێوەبچن بۆ قەرەداغ بۆ ئەوەی وا لە خەڵكی ئەو ناوچەیە بكەن كە دەنگیان بۆ بدەن، بۆیە كاربەدەستان كەحەزیان نەئەكرد ئەوانی نیشتمانپەروەر دەرچن، فەرمان بە حاكمی لێكۆڵینەوەی سلێمانی دەدەن كەوا دیاربوو كەسایەتی لاوازبووە كەبیانگرێ، ئەویش یەكسەر فەرمانی گرتنەكە وادەرئەكات كە كێ لە ئوتومبێلی فڵان ژمارەدایە لە ڕێی قەرەداغ بیانگرن و بیانهێنن. كە ئەیانهێننە بەردەم حاكمەكە مامۆستا برایم پێی دەڵێت: تۆ حاكم نیت تۆ پۆلیسیت و سدارەكەت لێ وون بووە! حاكمەكە ئەڵێت: چۆن تۆ قسەی وائەكەیت وەڵامی ئەداتەوە و ئەڵێ تۆ ئەبێ بەپێی یاسا ناوی سیانی هەر یەكێك لە ئێمە بنووسی، نەك فەرمانی وا جەڵەبی دەربكەیت و لەسەری ئەڕواو ئەڵێ: باشە ئەوا ئێمەی تیانەبووین و پڕی بوو لەمەڕو بزن، خۆ ئێستا ئێرە پڕی بووبوو لەمەڕو بزن! هەر لەو جۆرە ئازایەتیانە: لە زەمانی مەلەكیدا سەرۆك وەزیرانێك دێت بۆ سلێمانی و لە گەڕانەوەیدا سەری ژووری پارێزەران ئەدا، لە پارێزەری رەحمەتی رەئوف مستەفا ئەپرسێ تۆ كوڕی كێیت ئەویش وەك گاڵتەپێكردنێ ئەڵێ: من كوڕی باوكمم! سەرۆك ئەڵێ: ئەو سەرە سەری خۆت نییە واتا ئەكوژرێیت. مامۆستا برایمیش لەوێدا هەڵئەداتێ و بە سەرۆك ئەڵێ: تۆش ئەو سەرە سەری خۆت نییە! (1) جا سەیرەكە لەوەدایە كە قسەی هەردووكیان لە دواڕۆژدا دێتەدی: ئەوەبوو بەعسیەكان لەساڵی 1974دا خوالێخۆشبوو رەئوف مستەفایان لەسەر كوردایەتی ئیعدام كرد و سەرۆك وەزیرانەكەشیان دوای شۆڕشی چواردەی تەموز لە ساڵی 1960دا دیسان ئیعدام كرد!! ئەنجام لە ساڵی 1958دا مامۆستا برایم بۆ هەتاهەتایە وازی لەپارێزەریی هێناو خۆی تەرخانكرد بۆ مەبەستێكی زۆر گەورەتر، بۆ كوردایەتی، چونكە ئەوكاتە بوو بە سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەوەبوو شۆڕشی 11ئەیلولی 1961ی بەسەردا بەرپابوو، ئەو ئامانجەی كە هەر لەمنداڵیەوە مامۆستا برایم ئەحمەد خۆی بۆ ئامادەدەكرد و پێی دەگەیاند و خەونی پێوە دەبینی.. (2) (1) واتا ئەوەندە چاوقایم بی ئاوا گاڵتە بەسەرۆك وەزیران بكەیت لەئەنجامدا ئەكوژرێیت، مامۆستا برایمیش مەبەستی ئەوەبووە كە سەرۆك مادام لەخزمەتی رژێمێكی وا دیكتاتۆری دژ بەمیللەت ئەكات لەئەنجامدا لەسەردەستی میللەتدا لەناوئەچێ، ئینجا فەرموون سەیری بلیمەتی ئەو سێ كوچكەیە بكەن.. (2)بۆ ئەم نووسینە چاوپێكەوتنێكم لەگەڵ دادوەر بەڕێز كەمال ئەحمەد ساڵحدا كرد كە هاوڕێ و هاوسەردەمی پارێزەری مامۆستا برایم بووە، ئەو چاوپێكەوتنە زۆر بەنرخ بوو، چونكە لەو تاقمە تەنیا مامۆستا كەمال لە ژیاندا ماوە و خوا تەمەنی درێژبكات.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure