20/11/2019 09:49 AM

خودنووسینه‌وه‌ی‌ ژنان

مه‌حمود نه‌جمه‌دین

گێڕانه‌وه‌ی‌ چیرۆكی ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازار و به‌سه‌رهاتی سه‌خت و ناخۆشی هه‌ر میلله‌تێك گرنگترین كاره‌ كه‌ ده‌بێ میلله‌تانی‌ بن ده‌سته‌ و سته‌مدیده‌ وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی‌ جددی‌ ده‌ستی‌ بۆ ببه‌ن، جا ئه‌م كاره‌ ئه‌گه‌ر بۆ میلله‌تانی‌ بن ده‌سته‌ی‌ دیكه‌ جارێك پێویست بێت بۆ كورد سه‌د جار پێویسته‌، چونكه‌ كوردی چل ملیۆنی‌ هێشتا بن ده‌سته‌ی‌ چوار ده‌وڵه‌ته‌ و له‌و سه‌دان ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌ی‌ دنیاش ده‌ركه‌وت دۆستی‌ نییه‌، نانخۆری‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی‌ وه‌ك فریشته‌ هاتووه‌ بۆ نه‌وت و گاز هاتووه‌، نه‌ك بۆ رزگاركردنی‌ كورد، ئه‌وه‌تانێ به‌ به‌رچاوی‌ دنیاوه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا وه‌ك هه‌شتاو هه‌شتی‌ شووم جارێكی‌ تر كیمیاباران كراین و دنیاش هه‌ر قسه‌ی‌ هه‌یه‌ و كرداری نییه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێ خۆمان پشت و په‌نای‌ یه‌كتر بین و یه‌كبگرین و له‌پاڵ شۆڕش و تێكۆشاندا په‌ره‌ به‌شۆڕشی رۆشنبیریی و نووسینه‌وه‌ی‌ رابردووی‌ خۆمان بده‌ین. گێڕانه‌وه‌ی‌ چیرۆكه‌ خوێناوییه‌كانی‌ رابردوومان له‌ هه‌موو شتێك گرنگتره‌ بۆ ئه‌مڕۆ.
مه‌رج نییه‌ هه‌موو جارێك نووسینه‌وه‌ی‌ ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ به‌ شیعر یان رۆمان و چیرۆك بێت، جوله‌كه‌ له‌ پاڵ فیلمی‌ سینه‌مایی و دیكۆمێنتاری و رۆمان و شیعر و چیرۆك و شانۆدا هه‌زاران كتێبی بیره‌وه‌ری‌ و گێڕانه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ له‌باره‌ی‌ هۆڵۆكۆسته‌، زۆربه‌ی‌ گه‌لانی‌ دنیا به‌ جددی‌ ده‌ستیان به‌م كاره‌ كردوه‌، ته‌نێ كورد نه‌بێ به‌پێی پێویست چیرۆكی رۆژه‌ ره‌شه‌كانی‌ خۆی‌ نه‌نووسیوه‌ته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ كه‌م و زۆر گێڕانه‌وه‌ رۆڵی خۆی‌ هه‌بووه‌ و چه‌ند به‌رهه‌مێك له‌به‌رده‌ستماندایه‌، لێ به‌گوێره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌رمان هاتووه‌ یه‌ك له‌ سه‌دی‌ چیرۆكی‌ قڕكردن و كوشتنی خۆمانمان نه‌گێڕاوه‌ته‌وه‌، بۆ نموونه‌، ئه‌نفال، كیمیاباران، كوشتاری‌ دێرسیم، كۆڕه‌و، چیرۆكی‌ زیندانه‌كانی‌ به‌عس، ته‌رحیل و ته‌بعیس، قه‌تڵ و عامی‌ به‌عس له‌ شاره‌كاندا، گولله‌باران كردنی‌ سه‌دان و هه‌زاران كوڕ و كچی‌ كورد له‌هه‌موو پارچه‌كانی‌ كوردستاندا. كوشتاری كوردی‌ به‌دبه‌ختی‌ شه‌نگال كه‌ هه‌م باجی‌ كوردبوون و هه‌م باجی‌ ئێزدی بوونیان دا، فیسفۆری‌ پیس و بۆگه‌نی‌ توركی ئۆردوگانیش دواین ژه‌هرێكه‌ به‌سه‌رماندا رژێنراوه‌، ئێمه‌ سه‌دا چه‌ندی‌ ئه‌م چیرۆكانه‌مان نووسیوه‌ته‌وه‌؟ هه‌زار نا ده‌یان هه‌زار كتێب بنووسرێنه‌وه‌ هێشتا كه‌من. خۆزێ ئه‌وانه‌ی‌ چیرۆكێكیان هه‌یه‌ له‌رابردوودا ئه‌شكه‌نجه‌دراون بیریان له‌ نووسینه‌وه‌ی‌ بكردایه‌. ئه‌وه‌نده‌ی‌ خه‌ریكی‌ ده‌رده‌دڵ و بۆڵه‌بۆڵین با نیو ئه‌وه‌نده‌ سه‌رقاڵی نووسینه‌وه‌ی‌ رابردووی خوێناوی‌ خۆمان بین.
ئه‌م به‌رهه‌مه‌ خودنووسینه‌وه‌ی‌ ژنان پرۆژه‌یه‌كی‌ زۆر گرنگ و شیاوی‌ به‌رز نرخاندنه‌، ده‌بێ گرنگی‌ به‌م جۆره‌ كارانه‌ بدرێ له‌ پێناوی‌ ئه‌وه‌ی‌ نووسینه‌وه‌ی‌ رۆژگاری‌ سه‌خت و به‌سه‌رهاتی‌ خوێناوی‌ كورد بوون گه‌شه‌ بسه‌نێ و په‌ره‌ به‌م مۆدێله‌ له‌ نووسینه‌وه‌ی‌ رابردوو بدرێ، وه‌ك چۆن بووه‌ به‌عاده‌ت سێ به‌شی‌ كورد شیعر ده‌نووسێ، خه‌ڵكێكی‌ زۆر په‌نایان بۆ نووسینی‌ رۆمان بردووه‌، هیوام وایه‌ خوێنده‌واران و رۆژنامه‌نووس و نووسه‌رانمان په‌نا بۆ ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ ببه‌ن، چونكه‌ هونه‌ری‌ رۆمان و شیعر و چیرۆك كارێكی‌ ئه‌سته‌مه‌ و شاره‌زایی و سه‌لیقه‌ی‌ ده‌وێت، هه‌روا ئاسان نییه‌، به‌ڵام نووسینه‌وه‌ی‌ ئه‌م جۆره‌ له‌ بیره‌وه‌ری‌ یان كۆكردنه‌وه‌ی‌ كارێكی‌ ئاسانتره‌ و به‌ ئه‌ندازه‌ی‌ نووسینی‌ رۆمان گرنگه‌، بگره‌ زیاتریش، ده‌بێ به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باش بۆ رۆماننووس و شاعیره‌كان. له‌ نووسینه‌وه‌ی‌ ده‌قی ئه‌ده‌بی رۆمان ئاسناتریشه‌.
خودنووسینه‌وه‌ی‌ ژنان كه‌ خاتوو هۆزان مه‌حمود ئاماده‌ی‌ كردووه‌، كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر به‌شدارن تێیدا به‌ نووسین و وه‌رگێڕان و نووسینه‌وه‌ی‌ چیرۆكی‌ ئه‌و شێره‌ژنانه‌ی‌ وا رۆژگارێك داستانی‌ شه‌ره‌ف و مه‌ردایه‌تیان تۆمار كردووه‌.
ئه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌ زنجیره‌ بڵاوكراوه‌كانی‌ نووسیاره‌، بابه‌ته‌كه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ گێڕانه‌وه‌، چیرۆكی‌ ژیانی‌ ژنی كورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی‌ كوردستانی داگیركراو، له‌م به‌رهه‌مه‌دا ژنان به‌ پێنووسی خۆیان ده‌نووسن، به‌زمانی‌ خۆیان ده‌دوێن. ناوه‌ڕۆكی‌ كتێبه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك بابه‌ت پێكدێ، كه‌ كۆی‌ بابه‌ته‌كان چیرۆكی‌ مه‌ردایه‌تی‌ و تێكۆشانی ژنه‌، چیرۆكی‌ ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ ژنانی‌ به‌ش مه‌ینه‌تی كورده‌. یه‌كێك له‌و چیرۆكانه‌ی‌ له‌م كتێبه‌دایه‌ به‌سه‌رهاتی‌ پڕ له‌ ئازار و مه‌ردایه‌تی‌ دایه‌ سه‌بریه‌، دایكێك غیره‌تی‌ شێرێك له‌رۆحیدایه‌. ئه‌م دایكه‌ مه‌رده‌ باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ رۆژگارێك چۆن رووبه‌رووی‌ ئازارێكی‌ قورس بووه‌ته‌وه‌، كاتێك كوڕه‌كه‌ی‌ له‌ لایه‌ن جه‌للاده‌كانی‌ به‌عسه‌وه‌ ئیعدام كراوه‌، ئه‌و به‌وپه‌ڕی مه‌ردایه‌تییه‌وه‌ رووبه‌رووی‌ جه‌للاده‌كانی‌ به‌عس راوه‌ستاوه‌ به‌سه‌ربڵندی‌، پاشنانیش ئه‌و ئازاره‌ سه‌خت و قورسه‌ی‌ له‌ رۆحی خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌ تاوه‌كو جه‌ژن له‌منداڵه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ نه‌شێوێنێ، ته‌نیا و ته‌نیا خۆی‌ وه‌ك شێره‌ژنێك به‌رگه‌ی‌ ئه‌و مه‌رگه‌ سه‌خته‌ی‌ گرتووه‌، له‌ پاش جه‌ژن به‌خێزانه‌كه‌ی‌ گوتووه‌ بابڕۆین ته‌رمی‌ ئارام بهێنینه‌وه‌!! ئه‌و مه‌ردایه‌تییه‌ كه‌ دایه‌ سه‌بری‌ كردویه‌تی‌ ته‌نیا ئه‌و ژنانه‌ی‌ دایكن تێده‌گه‌ن چ غیره‌تێك له‌ رۆحی‌ ئه‌م ژنه‌دایه‌، ئه‌وه‌یه‌ ژنی‌ پۆڵایین. جا نووسینه‌وه‌ی‌ ئه‌م چیرۆكانه‌ گرنگییه‌كه‌ی‌ له‌وه‌دایه‌ به‌م نه‌وه‌یه‌ ده‌ڵێ باشووریش له‌سه‌رده‌می‌ شۆڕشدا وه‌كو رۆژئاوا به‌ ئاهه‌نگ و شایی و لۆغان ته‌رمی‌ شۆڕشگێره‌كانی‌ خۆی‌ به‌خاك سپاردووه‌. ئه‌م ماوه‌یه‌ی‌ پێشوو زۆرجار گوێم له‌و گه‌نجانه‌ی خۆمان له‌ باشوور ده‌بوو به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ باسی ئه‌و باوك و دایكانه‌یان ده‌كرد كه‌ له‌رۆژئاوا به‌ سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕكێ ته‌رمی‌ كوڕه‌ شه‌هیده‌كانیان به‌خاكسپاردووه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ رۆژئاوا رووده‌دات لووتكه‌ی‌ مه‌ردایه‌تی‌ و غیره‌ت و جوامێرییه‌، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین له‌ شۆڕشه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كورد له‌ هه‌موو پارچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان شۆڕش پڕ پڕ بووه‌ له‌ ژن و پیاوی‌ مه‌رد و جوامێر، كورد هه‌زار نا سه‌دان هه‌زار چیرۆكی‌ قاره‌مانێتی‌ و مه‌ردایه‌تی‌ هه‌یه‌. به‌ڵام حه‌یف، هه‌زار حه‌یف چیرۆكی‌ خۆی‌ نانووسێته‌وه‌ و سه‌رقاڵی غه‌ربزه‌دییه‌، سه‌رقاڵی شتی‌ لابه‌لا و بێ سووده‌، له‌ماوه‌ی‌ بیست و هه‌شت ساڵی رابردوودا ئه‌گه‌ر ئه‌و چیرۆك و به‌سه‌رهاتانه‌مان كۆبكردایه‌ته‌وه‌ ئێستا خاوه‌نی‌ كتێبخانه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی رۆژه‌ ره‌شه‌كان بووین.
چیرۆكێكی دیكه‌ی‌ ئه‌م كتێبه‌، چیرۆكی‌ ئازایه‌تی‌ نازه‌نین خانه‌ كه‌ ئه‌ویش چیرۆكی‌ زیندانه‌كانی‌ به‌عسه‌، یان چیرۆكی‌ تولین داغ كه‌ له‌ناو زیندانه‌وه‌ به‌ره‌و ناو دڵی دنیا. یان چیرۆكی‌ فه‌ره‌ح شه‌ریفی‌ له‌ زیندانی‌ ماڵه‌وه‌ بۆ پێشمه‌رگایه‌تی‌. یان به‌سه‌رهاتی‌ سێڤین جمۆ رۆژێك له‌ تل ره‌فعه‌ت… ئه‌مانه‌ و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ كه‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئازار و ژان و قاره‌مانێتی ژنی كورده‌ له‌ زمانی‌ خۆیانه‌وه‌. وه‌ك هۆزان له‌ پێشه‌كییه‌كه‌دا نووسیوێتی‌ «ئه‌م كتێبه‌ی به‌رده‌ستان ده‌نگی‌ كۆمه‌ڵێك ژنی‌ كورده‌ له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی‌ كوردستان و تاراوگه‌ و هه‌موو چین و توێژه‌كان، ده‌نگی‌ ئه‌وانه‌ كاتێك ده‌دوێن و باسی ژیانی‌ خۆیان ده‌كه‌ن. لێره‌وه‌..»
هه‌رچه‌ند بنووسم له‌باره‌ی‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ جدییه‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌م حه‌قی خۆی‌ پێ ناده‌م، ئه‌م چیرۆكانه‌ خه‌یاڵی نووسه‌رێك نییه‌ له‌ خه‌یاڵدانه‌وه‌ رژابێته‌ سه‌ر كاغه‌ز، به‌ڵكه‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ راستییه‌ تاڵ و خوێناوییه‌كانه‌، چیرۆكی‌ ئازار و قاره‌مانێتی‌ ژنی‌ كورده‌. كه‌ ئه‌م میلله‌ته‌ خاوه‌نی‌ هه‌زاران شێره‌ژنی‌ وه‌ك ته‌ڵا كومه‌یسه‌رییه‌ و نه‌وه‌كانی‌ ئه‌مڕۆ لێ بێ ئاگان.
له‌كۆتاییدا سوپاس بۆ هۆزان مه‌حمود و ستافه‌ به‌رێزه‌كه‌یان كه‌ بیریان له‌ كارێكی‌ زۆر گرنگ كردوه‌ته‌وه‌، هیواخوازم به‌مه‌وه‌ نه‌وه‌ستن و درێژه‌ به‌م كاره‌ بده‌ن. كه‌ بۆ ئه‌مڕۆی‌ ئه‌م نه‌ته‌وه‌ به‌دبه‌خته‌ له‌ نان و ئاو پێویست تره‌. هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی له‌و ستافه‌ جوانه‌ ده‌كه‌م كه‌ هاوكاربوون له‌م كاره‌دا ئه‌وانه‌ش : ئسماعیل حه‌مه‌ ئه‌مین، نه‌به‌ز سه‌مه‌د، خه‌نده‌ حه‌مید، فه‌رهاد چۆمانی‌ و هه‌موو ئه‌و خاتوونانه‌ی‌ كه‌ به‌شداریان كردووه‌ له‌م به‌رهه‌مه‌. به‌نووسین و گێڕانه‌وه‌ بیره‌وه‌ری‌ ر‌وژگاری مه‌ردایه‌تی‌ ژنی‌ كورد. كه‌ ئه‌م میلله‌ته‌ سته‌مدیده‌یه‌ له‌سه‌رده‌می‌ كۆن و نوێدا خاوه‌نی‌ گه‌لێك شێره‌ژنه‌، ژنی پۆلاینی‌ تێدا هه‌ڵكه‌وتووه‌، كه‌ شانبه‌شانی‌ پیاوه‌كان چیرۆكی‌ مه‌ردایه‌تیان تۆماركردوه‌، له‌م رۆژگاره‌شدا گه‌لێك ژنی‌ ئازا و مه‌ردمان هه‌یه‌ له‌ بواری‌ ئیداریدا شوێن ده‌ستیان دیاره‌، چ له‌ئیداره‌ی‌ نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆی‌ باشوور و چ له‌ باكوور و له‌ په‌رله‌مانی‌ توركاندا ژن وه‌ك شێر به‌گژ فاشیستدا ده‌چێت و زیڕه‌ی‌ مه‌رگی‌ به‌دوژمن كردوه‌. جا سه‌رچاوه‌ی‌ ئه‌م مه‌ردایه‌تییه‌ كۆنه‌، نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد له‌مێژه‌ شۆڕش به‌دوای‌ شۆڕش، نه‌وه‌ له‌دوای‌ نه‌وه‌ په‌یامی‌ شۆڕش ده‌گوازێته‌وه‌، له‌پاڵ پیاواندا ژنانیش مه‌ردانه‌ به‌شداریان كردوه‌.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved