20/11/2019 09:53 AM

ئەو دەنگەی كە سەرانسەری رۆژهەڵاتی كوردستانی داگرت!

ناسر رەزازی
ئەو كاتەی كە شۆڕشی ئەیلوول لە گەرمەی بڕۆبڕۆیدا بوو، ترس لەوەی كە نەكا سەرهەڵدان لە لای ئێمەش دەست پێ بكا، ساواك ناودۆژی نێوان ئێران و ئێراقی نە تەنیا كڵۆم كردبوو، بەڵكو ناوچەكەشیان خستبووە ژێر چاوی ساواك و موخابەرات و تەنانەت قاچاخچییەكانیشیان ڕاچاو (كنترل) دەكرد و بارەكانیشیان دەپشكنی كە نەكا كاسێتی گۆرانیی گۆرانیبێژەكانی باشوور بگەنە لای ئێمە، ئەو سەردەمەی كە شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسكۆ هات و كورد كەوتە ناو گێژاوی دەربەدەری و ماڵوێرانیی و راگواستن، تیپی شۆڕش كە هەموویان بە پشتوێنی ڕەش گەییشتنە سنە، كۆچكردووان عوسمان عەلی و عومەر خەزان و ئیبرایم سابیر و حوسێن وەندییان لەگەڵ بوو، لە تەلەفزیۆنی سنە گۆرانییان گوت و، گوڕوتینێكی زۆریان خستە ناو دڵی هۆگران و تینووانی گۆرانیی كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ئێمە خەونمان بە باشووری كوردستانەوە دەدیت و ئاواتمان ئەوە بوو كە گۆرانیبێژەكانیان لە نزیكەوە ببینین، یەكێك لەو گۆرانیبێژانەی كە لەلای ئێمە زۆر خۆشەویستە و بە چوونی بۆ شاری سنەی دەستە خوشكی سلێمانی و رێزی خەڵكەكەی بۆ ئەو گۆرانیبێژە، قسەكانی من دەسەلمێنێ، مامۆستا كەریم كابانە، ئەو هونەرمەندەی لەلای ئێمە زۆر خۆشەویست و جێگای رێزە.
كۆتایی ساڵی ١٩٧٨ و سەرەتای ١٩٧٩ كاتێك كە تیپی سلێمانی لە فێستیڤاڵی بەغدا گەڕانەوە، بەرهەمەكانیان گەییشتنە لای ئێمە و زۆربەی بەرهەمی گۆرانیبێژەكانی سلێمانی كە گۆرانیبێژەكانیان بریتی بوون لە مامۆستایان كەریم كابان، قادر كابان، برایم خەیات، عوسمان عەلی، حەسەن گەرمیانی و چەند گۆرانیبێژی دیكە و، لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی بەرهەمەكانیان تۆمار دەكرد، زۆربەیان بەناوی مامۆستا كەریم كابانەوە لە لای ئێمە بڵاو دەبووەوە، بەڵام دواتر وردەوردە بە هۆی پێوەندی شۆڕشی هەر دوولا و رادیۆكوردییەكان ئەوانیشمان ناسی.
لێرەدا قسەكردن لەسەر مامۆستا كەریم كابان و بەرهەمەكانی، بە بێ تیپی مۆسیقای سلێمانی و مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی و مامۆستا خالید سەركار و مامۆستا سەلاح رەئووف و مامۆستا زانای مەحموود هەژار و ئەو بەڕێزانەی دیكە كە لەو تیپەدا خەبات دەكەن، ناگاتە ئەنجام، هەر لەگەڵ ئەو تیپە ماوەتەوە و ئەو تیپەش هەر بە وەفاوە لەتەكیا ماونەتەوە. كارەكانی مامۆستا لە ئاستێكی باش و رێكوپێكدا تۆمار كراون، هەرچەند ئەو سەردەمە وەكو ئێستا نەبوو، تەكنیك جۆرێكی دیكە بوو، گرووپ و گۆرانیبێژ پێكەوە گۆرانییان تۆمار دەكرد، بەڵام بە پشتیوانیی خەڵك و رەنجی خۆیان ئەو بەرهەمانەیان ئافەریە دەكرد.
لە راستیدا لەناو ئەم هەموو گۆرانیبێژانەدا بۆچی مامۆستا كەریم كابان ئاوەها دەنگی بوو بە ساڕێژدەری دڵی بەسۆی ئێمە؟ یەكەم لەبەر ئەوە بوو كە كارەكانی تیپی مۆسیقای سلێمانی كە لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە كاریان دەكرد باش و تازە و لەهەمان كاتیشدا مۆركی ڕەسەنایەتی خۆی پاراستبوو، لەلایەكی دیكەشەوە گۆرانییەكانی مامۆستا كەریم كابان هەڵگری دوو پەیام بوون: یەكێكیان ئەو ئاوازە جوان و تازەگەلە بوون كە خۆی دایدەنان، ئەو ئاوازانە بەرگی شێوازێكی تازەیان لەبەر كردبوو كە ئێستاش لە گوێی ئێمەدا دەزرنگێنەوە و تا ئێستاش شیوازێكی ئاوەها لە كوردستاندا نەهاتۆتەوە سەر گۆڕەپانی گۆرانیی كوردی، ئەوی دیكەشیان ئەو هۆنراوە بەرز و پڕواتاگەلەی شاعیرە بەرزەكانی باشوور بوون كە ئاوازەكانیان دووئەوەندەی دیكە خۆش و بەپێز كردبوون، دیارە دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە مامۆستا كەریم كابان خاوەن دەنگێكی بەسۆز بوو، دەنگێك كە لەسەر هەست و ئاوەزی مرۆڤ شەوتیان دادەنا، ئەو گۆرانییانەی كە مامۆستا كەریم كابان لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی تۆماری كردوون، راستە لە هەموو كوردستاندا بڵاو بوونەتەوە، وەلێ مۆركی شاری سلێمانییان پێوەیە، ئەو شارەی كە ئاڵاهەڵگری هونەر و وێژەی كوردییە و لە شۆڕشی كۆن و نوێی باشووری كوردستاندا دەور و نەخشێكی هەرمانی دیوە، مامۆستا كەریم كابانیش رۆڵەی ئەم شارەیە و مۆركی ئەو شارە وا بە گۆرانییەكانییەوە.
گۆرانییەكانی مامۆستا كەریم كابان لە كاتێكدا هاتنە بەرهەم، كە كورد تووشی نائومێدیی بووبوو، مامۆستا كەریم كابان هەرچەند لەژێر دەسەڵاتی بەعسی خوێنڕێژ و گۆڕبەگۆڕدا دەژیا و گوشار و زۆررێكی یەكجاری لەسەر بوو، بەڵام دیسان توانی بە پشتیوانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و چەند هونەرمەندی مووزیكزانی وەكو مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی و مامۆستا خالید سەركار و مامۆستا سەلاح رەئووف و.. هیدیكە لەو سەردەمە ئەنگوست لەچاوەدا ئەو بەرهەمە بەپێزانە بخولقێنن و لە گوێ و دڵی گوێگردا جێگای خۆیان بكەنەوە و بۆ ئێمەش كە لەژێر دەسەڵاتی ساواك و رژێمی پاشایەتی شای گۆڕبەگۆڕدا تەنیا گۆرانی كوردی و كوردی ئاخافتنی ناو كۆڵان و ماڵانمان بۆ مابووەوە نەخشێكی زۆر گرنگ ببینێ و ببێتە هۆی ئەوە كە ئێمە لەوێ لاسایییان بكەینەوە و بە گۆرانییەكانی ئەوان خۆمان فێری گۆرانیگوتن بكەین، من كە دەستم بە گۆرانیگوتن كرد، راستە رەدووی قوتابخانەی نەمران مامۆستا تاهیر تۆفیق و مامۆستا حەسەن زیرەك و مامۆستا موحەممەدی ماملێ و مامۆستا عەلی مەردان بووم، لە كاسێتی یەكەممدا كە بە كیبۆردێكەوە تۆمارم كرد، بە گوتنەوەی گۆرانییەكی مامۆستا كەریم كابان و گۆرانییەكی مامۆستا برایم خەیات و چەند گۆرانیبێژی دیكە، هەنگاو بنێمە ناو جیهانی گۆرانیگوتن، ئەو كاسێتە یەكەم ئەزموونی من بوو لە گۆرانیگوتندا.
بەراستی گۆرانییەكانی تیپی مۆسیقای سلێمانی كە مامۆستا كەریم كابان یەكێك لە گۆرانیبێژەكانی بوو، نەخشێكی باشیان لە زیندووكردنەوەی هەستی نەتەوەییدا بینی. بەڕای من مامۆستا كەریم كابان یەكێك لە ئاڵاهەڵگرانی شێوازی نوێی گۆرانی كوردییە بە پشتیوانی تیپی سلێمانی، ئەگەر كۆچكردوو قادر كابانیش بمابایە هیچ دەستكەمێكی لە مامۆستا كەریم كابان نەدەبوو، چونكە ئەویش هەر یەكێك بوو لە ئاڵاهەڵگرانی گۆرانی نوێ لە باشووری كوردستان. لەپەنا ئەم هونەرمەندە گۆرانیبێژانەشدا، تیپی مۆسیقای سلێمانی، بەرهەمەكانیان شاز و كلاسدار بوو، زۆركەس لە باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان لاسایی گۆرانییەكانی مامۆستا كەریم كابانییان دەكردەوە، مەرزیەی كۆچكردوو ئەو سەردەمەی كە لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە (دانشسەرای مقدماتی) واتە سەرای زانست بۆ دەسپێكی خوێندن، دەستی بە گۆرانیگوتن كرد، لاسایی مامۆستا كەریم كابانی دەكردەوە و بە گۆرانییەكانی ئەو هونەرمەندە هاتە ناو جیهانی هونەری گۆرانی. دەنگی مامۆستا كەریم كابان و گۆرانییەكانی ئێستاش هەر زاخاودەری مێشك و گوێی خەڵكی ناو كۆمەڵگای كوردەوارییە، هەرچەند بە پێی تەمەنی هونەریی خۆی بەرهەمەكانی زۆر نین، بەڵام ئەو بەرهەمانەی كە تۆماری كردوون، جوان و رازاوە و رێكوپێكن و چەپكەگوڵێكە لە خەرمانی چەپكەگوڵەكانی سەرتۆپی گۆرانی و مۆسیقای كوردی.
تێبینی :ئەم بابەتە پێشتر لە پاشكۆی خەنەبەندان بڵاوبووەتەوە لەرۆژنامەی كوردستانی نوێ.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved