سەڵاحوددینی موهتەدی/سوید دەیەی سی لە چەرخی بیستەمدا، دەورەیەكی چارەنووسساز و سەرەتای وەرچەرخانێكی نەوعییە لەخەباتی رزگاریخوازی گەلی كورددا. ناتوانین چەندوچوونی ئەم گۆڕانكارییە گرنگە تێبگەین، ئەگەر ئاوڕێك لەسەدەی پێشووتر نەدەینەوە. لەدەیەكانی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا پادشاو حاكمو میرەكانی كورد، دوای بەرەنگاربوونەوەیەكی قارەمانانەو خوێناوی لەبەرامبەر هێرشی هەماهەنگی دەوڵەتانی داگیركەردا، سەرەنجام یەك لە دوای یەك تێكشكانو دەوڵەتو دەسەڵاتی سەربەخۆو نیوەسەربەخۆی كوردی لەهەر چوارگۆشەی كوردستان، هەرئەوەی بەسەرهات كەگۆران لەزمانی سالم- ەوە دەڵێت: زەلیلی نەجمو هیلالە شەوە، سولەیمانی غرووبی كردووە رۆژی شكوویی بابانی لە ئەنجامی ئەو تێكشكان و داگیركرانەدا، رێگا خۆشبوو بۆ زنجیرەیەكی نەپساوە لە شۆڕشی رزگاریخوازی چەكدارانە، كە لەشۆڕشەكانی یەزدان شێرو شێخ عوبەیدوڵڵای شەمزینی-یەوە دەستپێدەكات و بەشێخ مەحمودی مەلیك و شێخ سەعیدی پیران و كایل ئاغای سمكۆ و سەرەنجام راپەڕینەكانی دەرسیمو ئاگری و بارزان كۆتایی پێدێت. ئەم دەورەیە لەمێژووی كوردو كوردستاندا بەشێكی زۆر لەسەدەی نۆزدەو بەشێك لەنیوەی یەكەمی سەدەی بیستی بۆ خۆی تەرخانكردووە. ئەم شۆڕشانە زۆر بەرین و جەماوەری بوون و هەموویان دوو سیفەتی هاوبەشیان هەبوو: یەكەم؛ راپەڕینی چەكداری بوون.. دووەم؛ لەدەوری سەركردایەتی شێخێك یا سەرۆك عێلێك یان بنەماڵەیەكی ناودار كۆدەبوونەوە. بەدرێژایی ئەو ماوەیە، (جگە لەشۆڕشی چەكدارانە)، كاری گەورەی سیاسی، دیپلۆماسی و رووناكبیری كراوە، كە زەمینەسازبوون بۆ ئەو گۆڕانكارییە گرنگەی سییەكانی سەدەی بیست و خۆشیان هەركام ئەستێرەی گەشی خەباتی كوردایەتی بوون، وەك كارە شاكارەكەی حاجی قادری كۆیی بۆ وەخەبەرهێنانی میللەت و داڕشتنی تیۆری ناسیۆنالیزمی كوردی لەسەر بناغەی یەكبوونی نەتەوەو نیشتمان و زمانی كوردی و بەرامبەربوونی هاووڵاتیان. هەموو تێكۆشانە بەنرخەكانی بنەماڵەی سەربەرزی بەدرخان؛ دیپلۆماسییەتی پرشنگدار و پڕسوودی شەریف پاشای خەندان، خەباتی سیاسیی شەهیدی مەزن شێخ عەبدولقادری شەمزینی و زاناو تێكۆشەرانی ناو تەعالی و تەرەققی لەئەستەمبوڵا و تێكڕای ئەو چاپكراوو گۆڤارو رۆژنامانەی كەسیمایەكی نوێیان بەخشی بەخەباتی گەلی كورد لەم سەردەمەدا، جا با كەڵەپیاوانی وەك نەمران: میقدادو سورەیا بەدرخانو حوسێن حوزنی موكریانیو حاجی تۆفیقی پیرەمێرد ناچاربووبن بەتەنیاو بەدەستی خاڵی دەستی بدەنێ و هەركام یەك بەهەزار بن! بەڵام چۆن ئەو كارە پیرۆزە پڕبایەخەو ئەو خەباتە بێوچانە دژوارە لەدەستی تاكە فەردی سیاسەتمەدار و بنەماڵەدار و رووناكبیرەوە بگوێزرێتەوە بۆ ناو جەماوەری فراوانی كرێكار و جووتیار و كاسبكار و خوێندەوار؟ بۆناو ملیۆنەها ئینسانو خێزانی هەژارو بێدەرەتانی ناو دێهاتو شار، كەهەمیشە دەستەچیلەی ناو هەرسووتانێك بوون، چ لەپەلامارو زوڵمو زۆری داگیركــــــەرانداو چ لەڕاپەڕینو سەرهەڵدانەكانی میللەتی كورددا؟ چۆن شێوەیەكو رێبازێك لەخەبات دابمەزرێ، كەكۆمەڵانی خەڵك نەك هەر بەشدار، بەڵكو رێكخەر و بڕیاردەرو بەڕێوەبەری خەبات بن؟ئەوەش چۆن دەكرێ تا ئەو ملیۆنەها خەڵكە گوزەرانو بژێویی خۆیانو خێزانیان لەسەركەوتنی خەباتەكەدا نەبینن؟ تا دڵنیانەبن كە لە ژێر سایەی دەوڵەتو دەسەڵاتی میللیدا، چەوسانەوە دەگۆڕێ بەحەسانەوە، برسیەتیو ترسو تاڵان جێی خۆی دەدا بەتەسلیو تەباییو ئاسایش؟ برایم ئەحمەد-ی گەنج, ئەم دەرسەی لەڕاپەڕینی بەردەركی سەرا فێربوو و پاشان بەدرێژایی تەمەنێكی پڕهەوراز و نشێو، هەموو بەهرەی خۆكردو خواپێداوی تەرخانكرد بۆ داڕشتنو بەرەوپێشبردنو بەئەنجامگەیاندنی ئەم ئەزموونو بەرنامەیە. ناسیۆنالیزمی كورد لەسەر دەستی مامۆستا برایم ئەحمەد لەدەیەی سیی سەدەی بیست بەدواوە، بوو بەتێهەڵكێشی لەبارو هاوسەنگ لە (عەدالەتی كۆمەڵایەتیو مافی نەتەوایەتی). برایم ئەحمەد؛ لەو رێبەرانەیە كەخەباتی خۆی وەك رووناكبیرو تیۆریسیەن لەگەڵا خەباتی وەك (سیاسەتمەدارو بەڕێوەبەر) لەیەكتری موتوربە كرد و لەئەنجام دا: دەستەملانێو هاوپەیمانیو هەماهەنگێكی دیالكتیكو هارمۆنێك لەنێوان داخوازی (چینایەتیو نەتەوایەتی)و دژایەتیكردنی هەر رێبازێكی راستڕەو و چەپڕەو، كەیەكێك لەو دوو ناوەڕۆكە فەرامۆش بكات، حاشای لێبكات یان وەلای بنێ، بوو بەتیۆری ناسیۆنالیزمی نوێی كوردی و بوو بەداهێنانێكی مێژوویی لەو كاروانە دوورو درێژەی كوردایەتیدا، كەمۆركی برایم ئەحمەد-ی بۆ هەتاهەتا لەسەر نەخشاوە. ئەم بابەتە لە پاشكۆی تایبەت بە مامۆستا برایم ئەحمەد لە كوردستانی نوێ بڵاوبووەتەوە.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure