15/12/2019 08:47 AM

قەوزەیەكی دیكەی فاشیزم


مەحمود نەجمەدین
فاشیزم ئەو دێوەزمەیەی بەشەرییەتی داپڵۆسیوە، لەسەر دڵی مرۆڤە بێدەسەلاتەكان ڕم ستەمی چەقاندووە، لەهەموو سەردەمێكدا ترس لە فاشیزم ترسێكی كوشندەیە و هەمیشە ئامادەیی هەیە، لەسەردەمی تازەدا و لەم رۆژگارەدا فاشیزم تا ئەندازەیەك لە رۆژئاوا كاڵ بووەتەوە، بەڵام لە رۆژهەلات و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فاشیزم هێشتا مەترسی گەورەی هەیە لەسەر مرۆڤایەتی. بەتایبەت تر لەو وڵاتانەی كە كەمینە بن دەستەی زۆرینەن. كوردیش وەكو هەموو میللەتانی بن دەستە گیرۆدەی فاشیزمە، سەدان چیرۆكی خوێناوی و بەسوێی هەیە.
 بۆیە لەم پێناوەدا و بۆ هۆشیار كردنەوەی خەڵكی كورد سەدان كتێبی لەبارەوە بنووسرێ هێشتا كەمە، ئەم چەمكە دەبێ زیاتر روون بكرێتەوە و قسەی لەسەر بكرێن، فاشیزم چی بەمرۆڤایەتی كردووە، ئەوەی لەرابردوودا بەسەر مرۆڤایەتی هاتووە و ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر مرۆڤدا دێت بە تایبەت لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست بەهۆی فاشیزمەوەیە، ئەوەی دوێنێ هیتلەر و سەدام كردیان و ئەوەی ئەمڕۆ ئەردۆغان دەیكات دێوەزمەی فاشیزمە.
قەوزەیەكی دیكەی فاشیزم كتێبێكی نووسەر و رۆماننووس ئیسماعیل حەمە ئەمینە، ئەم كتێبە لە دووتوێی 177 لاپەڕەدا شەرح و شیكاری فاشیزمی ئەڵمانی، نازی دەكات و هاوكات بەراورد بە بەعسیزمی دەكات، ئەم كتێبە گەڕانەوەیە بۆ چیرۆكی ئەو كوورە ئاگرینەی فاشیزمی ئەڵمانی بۆ جوولەكەكانی دروستكرد، نووسەر بەراوردی ئایشمان و عەلی حەسەن مەجید و هاوڕێ خوێنمژەكانی دەكات، دوو وێنەی فاشیزم لە دوو سەردەمی جودادا، كە یەك بیانوویان هەبوو بۆ قەتڵ و عامی مرۆڤی گوناه. ئەوەی لەسەر دەستی نازیزم ئەنجام درا تاوانێگی گەورە بوو بۆ قڕكردنی جوولەكە، بە خەیاڵی فاشیزمی ئەڵمانی كۆتایی هێنان وە بەجوولەكە، بەڵام نەیتوانی، خەیاڵ بەعس بەهەمان شێوە پێی وابوو بە ئەنفال و كیمیاباران كۆتایی هێنان وە بە نەتەوەیەكی چەند ملیۆنی كە نەتەوەی كورد بوو، كورد لە عیراقدا پتر لە هەشتا ساڵ بوو تێدەكۆشا بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو عیراقەی كە بەزۆر ویلایەتی موسڵی پێوە لكێنرابوو، شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكان، دەسەڵاتدارە یەك لە دوای یەكەكانی عیراق ئەم كێبڕكێیە تا سەردەمی بەعس درێژەی كێشا، لە سەردەمی بەعسی فاشیستدا خەیاڵی سەركردە خێڵەكییە كاڵفامەكانی بەعس وابوو كە دەتوانن بە قڕكردنی بەكۆمەڵی كورد دەتوانن كۆتایی بەنەتەوەیەك بهێنن، لەكۆتاییدا فاشیزمی بەعس نەیتوانی كۆتایی بەكورد بێنێت و لەسەردەستی دادوەرێكی كورد كۆتایی بەو عەقڵە چەقبەستووە كاڵفامە هات كە تا دوا ساتەكانی تەمەن و لەبەردەم دادگاشدا خۆیان بە حەق زانی، كۆتایی بە نازیزمی ئەڵمانیش هات و جوولەكەش ئێستا خاوەنی دەوڵەتن، ئەنجامی ئایشمانەكانی عیراق و ئەڵمانیا خنكان بوو بە پەتی یاسا.
ئەم كتێبە قەوزەیەكی دیكەی فاشیزم، قسە كردنە لە پەنجەرەی هانا ئارنێتەوە، هانا ئەو فەیلەسووفە جوولەكەیەی كە لەبارەی فاشیزمی ئەڵمانیای نازییەوە قسەی خۆی هەیە، ئەو دەسەڵاتە فاشیستەی جگە لە نازیزم كەسی قبوڵ نەبوو، جوولەكەش وەكو كەمینەیەكی وریا و ژیر كە هەمیشە و لە هەموو سەردەمێكدا بە كەمینەیەكی بێ زیان و ژیاندۆست و ژێر و بلیمەت ناسراون، تاوەكو پێش دروست بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل جوولەكە وەك كەمینەیەكی ستەم لێكراو هەمیشە سەرقاڵی ژیان بوون، ئەمانە توانایەكی باشیان هەیە لە بازرگانی كردن و خەڵكی زیرەكیان تێدایە، بۆیە ئەڵمانیای نازی بوونی جوولەكەی بە مەترسی زانی بۆ سەر ژیانی ئەڵمانیای نازی، لەكاتێكدا جوولەكە كەمینەبوون، هەروەك چۆن كورد لەعیراق كەمینە بوون، بەڵام كەمینەیەكی مەترسیداربوون لەسەر فاشیزمی بەعس و یەك پارچەیی عیراق، جا ئەم فاشیزمە تا ئێستاش رەگی قووڵی ماوە و لە شوێنی خۆیدا سەری قوت كردوەتەوە، بۆ نموونە وەختێ‌ كورد بە ریفراندۆمێك داوای مافی سەربەخۆیی خۆی دەكات كە مافێكی یاساییە دیسانەوە دەبابەی فاشیزم بەسەر جەستەی كوردی بن دەستەدا دێت و بەسەر خاكی كوردستاندا دەڕوات، بەڵام ئایشمانەكانی ئەڵمانیا جارێكی تر ناتوانن بە دەبابەوە بەسەر جەستەی جوولەكەدا بڕۆن، چون جوولەكە ئەمڕۆ سەردەستەیە و دەسەڵاتدارە، ئەڵمانیاش وەكو وڵاتانی دیكەی ئەوروپا تا ئەندازەیەك لەو كاڵفامییە رزگاری بووە، بەڵام فاشیزم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سوریا، لە عیراق، توركیا، لە زۆر وڵاتی دیكەی رۆژهەڵاتدا فاشیزم لەبرەودایە و ئەو فیسفۆرەی ئەردۆغان بە قاقای پێكەنینەوە نای بەسەرێ كانییەوە رەگی فاشیزمی توركییە و بەشێك لە خەڵكی تورك بەگۆرانی و بە شیعر شانازی بەو فاشیزمەوە دەكەن كە پانزە ملیۆن كوردی باكووری خنكاندووە و هێندە چاوچنۆك و خوێن خۆرە پەل بۆ رۆژئاوای كوردستان دەبات و بیانووەكەشی ئەو مەترسییەیە كە ئایشمانەكانی نازی لە جوولەكە هەیان بوو، ئەنجامی هەموو ئەو فاشیستانەش مەرگێكی یاسایی یە لە دۆخێكی كاڵفامامەدا.
ئەم هەوڵەی نووسەر ئیسماعیل حەمە ئەمین، هەوڵێكی جددییە و یەكێكە لەو كارانەی كە زۆر پیویستە بۆ ئێمەی كورد كە هەمیشە و ئێستاش قوربانی فاشیزمین و ترسێك لە ئێمەی بن دەستە هەمیشە دەمان چەوسێنێتەوە. بوونی كتێبی لەم شێوەیە و لەمەڕ ئەم دۆسێیە لە پێناوی هۆشیاری نەتەوەیەك لە ئاستی فاشیزم زۆر پێویستە، چون خودی خۆشمان هێشتا لە نێو فاشیزمدا دەژین و تاوەكو ئەم ساتەوەختەش فاشیزم بە كاریگەری دۆخی فاشیستی وڵاتەكە و چوار دەورمان وای كردوە لە ناخی زۆرێك لە تاكی ئێمە رۆحێكی فاشی هەیە، بۆ یەكتر قبوڵ نەكردن، ئەوەی لە دوای راپەڕینەوە بەسەرمان هاتووە و ئەوەی ئەو ساڵانە گوزەرا لەشەڕی خۆخۆری و یەكتر بڕینەوە جگە لە رۆحی فاشیزمی چی دیكە نەبوو، رۆحی یەكتر سڕینەوە و یەكتر قبوڵ نەكردن.
ناوەڕۆكی ئەم كتێبە قەوزەیەكی دیكەی فاشیزم لە كۆمەڵێك بابەت پێكدێ لەوانە : حەقیقەت و درۆی سیاسی، ئایشمان لەئۆرشەلیم، كە چیرۆكی گرتنی ئایشمانە لە ئەرجەنتین و دادگایی كردن و لە سێدارە دانێتی لە ئۆرشەلیم، ئەو شوێنەی كە فاشیزمی ئەڵمانی هەرگیز باوەڕی نەبوو، تەنانەت خەیاڵیشی بۆی نەدەچوو رۆژگارێك جوولەكەی بن دەستە بتوانن لە ئۆرشەلیم دادگایی ئەوانە بكەن، هەروەك چۆن سەدام هیچ كات خەیاڵی بۆ ئەوە نەچوو بوو رۆژگارێك لە پایتەختەكەی خۆیدا و بە فەرمانی دادوەرێكی كورد لە سێدارە بدرێ، تەنانەت كوردیش هەرگیز بە خەیاڵدا نەهاتووە و بەو خاڵە نەگەیشت رۆژگارێك ئاوا بەئاسانیی سەدام حوسێنێك كە گەورە و بچووك زیڕەیان لێ كردبوو، لە سێدارە بدرێ، یان ئاوا بە زەلیلی و لات و پووتی لەبەردەم دادگادا راوەستێ. بابەتێكی دیكەی كتێبەكە بكری پشتمێز، ئەم بابەتەش باس لەو بكەرانەی قەتڵ و عام و كوشتنی خەڵك دەكات كە لەپشتی مێزەوە بەدەستی خوێناوی واژۆی كوشتنی مرۆڤی بێ گوناه دەكات، ئەم جۆرە لە مرۆڤی فاشیست هەمیشە خۆی وەكو پەپوولە دەبینێ، خۆی دەپەڕێنێتەوە لە تاوان بە بیانووی ئەوەی ئاگادار نەبووە و زانیاری نییە، ئەمانە لە هێڵی ناوەڕاستدان، لەسەرەوە فەرمانیان پێ دەكرێ و ئەو فەرمانە دەگوازنەوە بۆ ئەو بكەرانەی كە كردەی كوشتنی بەكۆمەڵ ئەنجام دەدەن. بابەتێكی دیكەی كتێبەكە كۆپییەكانی ئایشمان لە عیراقدا كە وەكو پێشتر ئاماژەمان پێدا ئەم بابەتە بەراوردكردنی ئایشمانی نازیزم و بەعسیزمە، كە هەردووكیان بە یەك بەرنامە كاریان كردوە و دواجاریش چارەنووسیان چوونیەك بوو لە دوو سەردەمی جیاوازدا. ئەمانە و چەندین بابەتی دیكە لە دووتوێی ئەم كتێبەدا هەن كە شایەنی خوێندنەوە و لەسەر راوەستانن، جێی خۆیەتی دەستخۆشی لە نوووسەر بكەین بۆ ئەم پرۆژە جددییە كە بۆ ئێمەی قوربانی فاشیزمی عیراقی وەكو نان و ئاو پێویستە و دەبێ هۆشیار بین لە ئاستی ئەو فاشیزمەی كە تاوەكو ئەم چركە ساتە مەترسی لەسەرمان هەیە. 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved