مامۆستا سەڵاحودینی موهتەدی ئەو پیاوە تێكەوشەر و خەباتگێڕەی كە هەموو تەمەنی خۆی بۆ كوردایەتی تەرخان كردووە، ئەم پیاوە لە هەرزەكارییەوە كەوتە ناو دنیای سیاسەت و شۆڕشەوە، پیاوێك بەهەموو تەمەنی خزمەتی نەتەوە بەش مەینەت ستەمدیدەكەی تەرخان كرد، زانایەكی مەعلانە بە سیاسەت و دنیای رامیاری، بۆچوونەكانی زۆر گرنگن، لە بارەی سیاسەت و چارەنووسی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان. لە ساڵانی رابردوودا یان باشتر بڵێم لە دوای راپەڕینی باشوورەوە ئەم پیاوە خوێندەوارە بلیمەتە كوردپەرەوەر لەشاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە دەبینرا كاتێ دیداریان لەتەكدا ساز دەكرد، زۆر ژیرانە و بلیمەتانە قسەی لەسەر دۆسێی كورد لە جیهاندا دەكرد، راوسەرنجی خۆی پێشكەش دەكرد، بۆ چارەسەری كێشەی نەتەوەكەشی هەمیشە بەچەند خاڵێك بۆچوونی خۆی دەردەبڕی و قسەكانیشی نەقش بوون. بەداخەوە ئەم پیاوە بلیمەتە ئێشتا نەخۆشی و پیری بڕستی لێ بڕیوە و توانای جارانی نەماوە تاوكو بێتەوە سەرشاشەكان و بۆچوونە گرنگ و پڕ بابەخەكانی خۆیمان پێشكەش بكات، جێگەی داخە ئەو نەوەیە لەسیاسەتمەداری بلیمەت یەك بە یەك رۆیشتن و دنیای ئێمەش خاڵییە لەو پیاوە خوێندەوارانەی وەكو مامۆستا برایم ئەحمەد و مام جەلال و مامۆستا سەڵاحودین و... گەلێكی تر كە هەمیشە وەكو قوتابخانەیەك سەبارەت بە سیاسەت و چۆنێتی خەبات كردن بۆچوونی خۆیان هەبووە و نەوەی دوای خۆیان بە كوردایەتی و سیاسەتی دروست پێ دەگەیاند. ئەم كتێبە دوو دیدارە لەگەڵ سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕی كورد مامۆستا سەڵاحودینی موهتەدی، كە نووسەر و رۆژنامەنووس خەڵەف غەفوور سازی داوە و لەبڵاوكراوەكانی كوردستانی نوێ یە لەدووتوێی 108لاپەڕەدا چاپ بووە، جگە لە دیدارەكان، نووسەر و رۆژنامەنووس ستران عەبدوڵڵا سەرنووسەری كوردستانی نوێ بابەتێكی لەبارەی مامۆستاوە نووسیوە، هەروەها ئامادەكاری دیدارەكەش پێشەكییەكی بۆ نووسیوە. دیداری یەكەمی كتێبەكە مامۆستا سەڵاحودین لەبارەی ژیان و خانەوادە و شوێنەزای خۆی و گەشە و نەشەی بیری نەتەوەیی خۆیەوە دەدوێت، چۆن هاتووەتە نێو دنیای سیاسەت و كوردایەتییەوە، لەكوێوە بۆ كوێ، مامۆستا كوڕی بنەماڵەیەكی عەشایەری دەوڵەمەند موتوربە بە سیاسەت و خوێندەواری و كوردایەتی. ئەم پیاوە خوێندەوارە كوردپەرەوەرە كە هەموو هیوا و ئاواتێكی دەوڵەتێكە بۆ كورد، هەموو تەمەنی لە سیاسەت و خەبات و كاری رێكخراوەییدا بەسەربردووە، شار بە شار گوند بەگوند، لەبۆكانەوە بۆ سەقز، مەهاباد، تاران... ئێستاش لە سلێمانی دەژی. دیداری یەكەمی ئەم كتێبە لەگەڵ باس و خواسی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی خۆیدا باسی شۆڕش و تێكۆشانی گەلی كوردە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و چالاكییەكانی حزبی دیموكرات و كۆمەڵەی ژ.ك كە ئەم وەكو گەنجێك چۆن چووەتە نێو دنیای شۆڕش و تێكۆشانەوە، پەرەی بە بیری سیاسی و نەتەوەیی خۆی داوە. ئەم كتێبە ئەگەرچی قەبارەی بچووكە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی و بە خێرایی باس لەگەلێك وێستگەی شۆڕش و تێكۆشان دەكات، یەك لەو وێستگانە باسی هاتنەسەر كاری كۆماری ئیسلامی ئێران و وەفدی دانوسانكاری كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، كە چۆن بووە و ئاكامەكەی بەچی گەیشتووە. دیداری دووەمی كتێبەكە لەبارەی رێكخراوێكی تیرۆریستی وەكو داعشەوەیە، مامۆستا باس لەو رێكخراوە تیرۆریستییە دەكات، هاوكات باس لەوە دەكات كە دەبێ كورد چی بكات، لە دۆخێكی وەهادا كە عیراق لەبەردەم هەڕەشەیەكی گەورەدایە، راوبۆچوونی دروست و ژیرانەی خۆی لەبارەی رێكخراوێكی وەكو داعشەوە دەردەبڕێ. بەشی كۆتایی كتێبەكەش ئەلبوومی وێنەكانی مامۆستایە لەگەڵ نووسەر و سیاسەت مەدار و رۆژنامەنووسانی كورد. سەڵاحودینی موهتەدی كوری سەردەمێكە كە سیاسەت و شۆڕش لە دۆخێكی عەشایەریدابووە و عەشیرەت و عەشایەر بە بیری ئاینییەوە شۆڕشیان كردوە، بەڵام مامۆستا موهتەدی و هاوڕێ و هاوسەردەمەكانی ئەو عەیامە وەكو كۆمەڵێك گەنج لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا هاتنە مەیدانی سیاسەت و شۆڕش و شۆڕشی سیاسی و رۆشنفیكری و دنیای ئەدەبیاتیان بەیەكەوە گرێ دا، وەك لە باشووریش مێژوو شاهیدە كە برایم ئەحمەد و تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا و چەند سەركردەیەكی دیكە توانیان شۆڕش لە دۆخی عەشایەری و ئاینییەوە ببەنە قۆناغێكی دیكەوە، شۆڕش و رۆشنبیریی و رۆژنامەگەریی و ئەدەبیات تێكەڵ بە سیاسەتێكی تازەگەری خۆشكراو بە بیری چەپ گەشەی سەند. سیروان ئەحمەد
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure