27/1/2020 10:24 AM

جیهانی خوێندنەوە و خەمی گەورەی ئێمە


خوێندنەوەی ورد و ژیرانە و تێگەیشتن لەوەی چی دەخوێنیتەوە، ئەوەی دەیخوێنیتەوە تا چەند سوودمەند دەبی لێی، گرنگە، بە گشتی خوێندنەوە لە دوای نان و ئاو دووەم پێویستی مرۆڤە، زەخیرەیەكی باشە بۆ مرۆڤی بیركەرەوە، كە لەدۆخی نەزانییەوە دەتپەڕێنێتەوە بۆ دۆخی زانین، بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە خوێندنەوە گرنگی پێ نادرێ، نەك هەر لەناو عەوامدا، بگرە لای رۆشنبیرەكانیشمان پرۆسەكە بە سستی دەڕوات، بەڵگەش بۆ ئەم خەمە گەورەیە فرۆشی كتێب و رۆژنامەكانە، بازاڕی كتێب بە بەراورد بەحاڵی ئابووری وڵاتەكەمان سستە و بەپێی پێویست نییە، بەتایبەت لە ئاستی كتێبە باشەكاندا خوێنەر زۆركەمە، بەشێكی زۆری خەڵكی ئێمە بەرهەمی جددی ناخوێننەوە، دیسان ئەمەش بە بەڵگەوە فرۆشی كتێبی بازاڕی چەند قاتی فرۆشی كتێبە باشەكانە، چ واتەیەكی هەیە كتێبە باشەكانی دنیای ئەدەب و فەلسەفە تۆزیان لەسەر نیشتووە، بەڵام شیعرە مۆبایل بە تیراژی دە هەزار و پانزە هەزار چاپ دەكرێت و لە بازاڕدا ناكەوێتە ئەرز!؟ ئەمەیە دەڵێین چی دەخوێنینەوە؟ دەبێ ئێمە خوێنەر پەروەردە بكەین. هەڵبەت بۆ ئەم كێشە گەورەیە هۆكار زۆرە، كە لەوانەیە لێرەدا دەرفەت نەبێ هەموو هۆكارەكاران بخەینە روو، بۆ نموونە یەكێ لە هۆكارەكان دنیای ئەنتەرنێت و بازاڕی پەیجەكانە، هۆكارێكی دیكە دەزگاكانی چاپە، كە بەشی زۆریان سەرقاڵی كتێبی بازاڕین و ئەدەب و فەلسەفە و هۆنەری رەسەن و جدییان بەلاوە گرنگ نییە، بۆ نموونە ساڵانێكی زۆرە لە باشووری كوردستان دەزگاكان بەردەوام بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن كە چیرۆك رەواجی نییە و ناخوێنرێتەوە، بۆیە چاپی ناكەن، لە كاتێكدا لە ئەمریكا بڵاوكراوەیەك هەزاران دۆلار وەك پاداشت دەدات بە نووسەرێك كە چیرۆكێكی خۆی لەو بڵاوكراوەیەدا چاپ بكات. لێ لای ئێمە ئەو هەزاران دۆلارە وەك پاداشت دەدرێ بە نووسەری شیعرە مۆبایل، كە نەك هەر سوودی نییە بۆ خوێنەر بگرە خوێنەر گەمژە دەكات، وای لێ بەسەر دەهێنێ بیر نەكاتەوە. یەكێكی دیكە لەكێشەكانی نێوەندی رۆشنبیریی كوردی ئەوەیە كە زۆرێك لە نووسەرەكانمان گلەیی ئەوە دەكەن بەرهەمەكانیان فرۆشی نییە و ناخوێنرێتەوە، ئێ بەشی زۆری نووسەری ئێمە ئامادەیە رۆمانێكی ئاست نزمی بیانی بخوێنێتەوە، بەڵام پێی قورسە بەرهەمی نووسەرە هاوڕێكەی بخوێنێتەوە، یان بەلایەوە سەختە دان بە بەرهەمی هاوڕێكەیدا بنێ كە بەرهەمێكی جوان و ئاست بەرزە، خوڵاسە بەشی زۆری نووسەری ئێمە هەوڵەكانی فەردییە و تەنیا بیر لەوە دەكاتەوە بەرهەمەكەی خۆی چۆن دەخوێنرێتەوە، چۆن بازاڕی بۆ گەرم بكات، لەكاتێكدا نووسەری ئێمە دەبوو وابیربكاتەوە كە هەموومان سەربازی ئەدەب و رۆشنبیریی كوردی بین، لەو پێناوەدا ورد و بەسەلیقە بین، بەرهەمی خۆمان بخوێنینەوە، رەخنە بگرین لە پێناوی هونەر و ئەدەب و فەلسەفەیەكی جیدی و بێ خەوش. بەڵام جێی داخە بازاڕی بەرهەمی جددی و خۆماڵی زۆر سستە، رەخنە تا ئاستی نەبوونە و ئەوەی هەیە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێ. ئەمە تەنیا لەم بەشەی كوردستاندا هەیە و لە هیچ شوێنێكی دنیا نییە، بۆ نموونە لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەو دۆخە خراپەوە، بەو حاڵە سەختەوە، كە ئابوورییان سفرە، بەرهەمی ناوخۆیی دوو هێندەی بەرهەمی بیانی رەواجی هەیە، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە كە چاپخانەكانی رۆژهەڵات ئەوەندەی بەرهەمی ئەدەبی و فیكری كوردی چاپ دەكەن نیوهێندە بەرهەمی وەرگێڕدرای بیانی چاپ ناكەن. دەردەدڵ زۆرە لەسەر دۆخی خوێندنەوە، تەواو نابێ، بەم حاڵەوە ناگەینە ئەنجامێكی باش، چون رەخنە بەگوێی كەسدا ناچێت. باشتروایە ئاوڕێك لەم بەرهەمەی نووسەر و رەخنەگر ئارام سدیق بدەینەوە، كە نیازمان وایە بەسەری بكەینەوە و چاوێك بەناوەڕۆكەكەیدا بخشێنینەوە، هەڵبەتە دەبێ سوپاسی هەوڵەكانی ئەم نووسەرە گەنجە بكەین كە پێشتریش بە كتێبێك بەناوی چۆن خوێندنەوە بكەین بە كەلتوور لەسەر ئەم بابەتە كاری كردوە، ئەم كتێبەش بەهەمان شێوە لەبارەی خوێندنەوەیە و نووسەر پەنجەی خستووەتە سەر برینەكانی كۆمەڵگەیەك كە خوێندنەوەی فەرامۆش كردوە.
جیهانی خوێندنەوە هەنگاوە كردارییەكانی بەكەلتووركردنی خوێندنەوە بەرهەمێكی تازەی نووسەر و رەخنەگر ئارام سدیقە لە دووتوێی 211 لاپەڕەدا چاپ بووە و لە بڵاوكراوەكانی ناوەندی رۆشنبیریی رەهەندە، كۆی ئەم وتارە رەخنەییانە خەمی نووسەرە لە ئاستی خوێندنەوەی جددی و وردی خوێنەرەكانمان. ئەوەی لە دووتوێی ئەم كتێبەدایە لەكۆمەڵێك بابەت پێكدێ‌، لەوانە بەكەلتووركردنی خوێندنەوە چییە؟، بەكەلتوور كردنی خوێندنەوە لە كوێوە، قۆناغی یەكەم پەروەردە، قەیرانی سیستمی پەرورەدە لە كوردستاندا، سیستمی پەروەردە و تۆرانی، لە باخچەی ساوایان چی كراوە بۆ بەكەلتوور كردنی خوێندنەوە؟... كۆی ئەو بابەتانەی لەدووتوێی ئەم كتێبەدا لەبارەی قەیرانی خوێندنەوەیە، نووسەر زۆر بەوردی لەبارەی رەگی ئەم كێشەیەوە قسە دەكات، لە بناغەوە خوێندنەوە چۆن هاتووە و چی بكراوە بۆ خوێندنەوە لەم بەشەی كوردستان كە وا بۆ سی ساڵ دەچێ حوكمڕانی خۆمان هەیە و ئازاد و سەربەستین، بەڵام داڕما و وێرانین، بە جۆرێك خۆزگە بۆ هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەخوازین كە دنیای كتێب و خوێندنەوە لەكوردستانی بن دەستی بەعسدا سەرباری یاساغی و رێگرییەكانی بەعس زۆر لە ئێستا باشتر و جددی تربوو. ئەوەی لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو چاپ دەكرا لە ژانری كورتە چیرۆك و شیعر و رۆمان و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی و فەلسەفە ئەگەرچی بە بەراورد بە چاپی ئەمڕۆ كەمتربووە، بەڵام پوخت بوو، بەرهەمی جیددی بوون. بەشێكی ئەو بەرهەمانەی ئەمڕۆ چاپ دەبن ناپوختەن، خراپن، بە جۆرێك كە زیانی بۆ خوێنەر هەیە قازانجی نییە، جێی داخە ئەو بەرهەمە خراپانە كە بۆ بیروهۆش و دنیابینی خوێنەر وەكو تریاك زیانی هەیە قازانجی نییە، كەچی بازاڕێكی هەیە لە مۆبایلی هواوی باشتر دەفرۆشرێ!. قسە كردن لەسەر ئەم برینە تەواو نابێ و تا زیاتر پەنجەی لەسەر دانێی ئازاری زۆرترە چون بێ چارەسەر ماوەتەوە و تا دێت برینەكە قووڵتر دەبێ، رۆژ لەگەڵ رۆژدا گەمەكردن بەخوێندنەوە برەو دەسەنێ و خەریكە ئەوە گەمە كردن بە كتێب و خوێندنەوە دەبێ بەكەلتوور. بەڵام دەبێ هەوڵەكان چڕبكرێنەوە، لەهەموو لایەكەوە بە دەستەجەمعی هەوڵ بدەین دنیای خوێندنەوە لەو قەیرانە رزگار بكەین، ئەمە كارێكە دەبێ هەموومان هەوڵی بۆ بدەین. دەزگاكانی چاپ و رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوكراوەكان بەگشتی، تیڤییەكان... دەبێ وردتربن و بەكارەكانی خۆیاندا بچنەوە، ئیتر كاتی ئەوەهاتووە ئێمەش وەكو گەلانی نییە كتێبخانەیەكی دەوڵەمەندمان هەبێ كە پڕ بێت لە بەرهەمی جیدی لە هەموو ژانرەكان.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved