5/2/2020 05:30 PM

چیرۆكی داڕمان و تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ لە ڕۆمانی "تۆقی‌ عه‌زازیل"دا



عه‌زیز مه‌حموودپوور

یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مۆدێرنێته‌ سڕینه‌وه‌ی ڕاز و ڕه‌مزه‌ له‌ سروشت و بیری پێش مۆدێرن. هاوكات له‌گه‌ڵ گۆڕانی ڕوانگه‌ی ئینسان سه‌باره‌ت به‌ سروشت و خۆی و تێڕامانی سه‌باره‌ت به‌ بوون، ڕوانگه‌شی سه‌باره‌ت به‌ زمان گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌. ئه‌گه‌ر زمان له‌و دنیا جادوویی و دینییه‌دا كه‌ره‌سته‌یه‌ك بوو له‌ خزمه‌ت پێناسه‌كردن و په‌سنی ئه‌م فه‌زا جادووییه‌، له‌ دۆخی مۆدێرندا زمان دژكرده‌وه‌ و ئامێرێكه‌ له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌م دنیایه‌دا.
زمانی ئینسانی پێشمۆدێرن بوونێكی وه‌ستاو و نه‌گۆڕه‌. زمان له‌ خزمه‌ت ئه‌و ڕوانگه‌ نه‌گۆڕه‌دایه‌. مرۆ مافی ده‌ستێوه‌ردانی له‌و سیستمه‌ زمانی و تێفكرینه‌دا نییه‌ كه‌ بۆی دیاریكراوه‌. یانی مافی هیچ كه‌م و زیادكردنێكی به‌سه‌ر چه‌مكه‌ زمانییه‌كاندا نییه‌.
مرۆی پێشمۆدێرن له‌ باری فكرییه‌وه‌ ئینسانێكی ئه‌فسوون‌زه‌ده‌ و مریده‌. مریدی موقته‌دایه‌كی پیرۆز كه‌ پیرۆزیی خۆی له‌ دنیایه‌كی میتافیزیكی به‌ده‌ستهێناوه‌. پیرۆزییه‌كان به‌ سه‌ختترین شێوه‌ ده‌پارێزرێن و مل ناده‌نه‌ به‌ر گۆڕان. زمان له‌ خزمه‌ت پاراستنی ئه‌و پیرۆزییه‌ ئایینی و جادووییه‌دایه‌ و به‌ بڕشتترین ئامێره‌ بۆ به‌رده‌وامیدان به‌م شێوازه‌ فكرییه‌.
ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆمانی "تۆقی‌ عه‌زازیل"دا له‌ هه‌موو شت به‌رچاوتره‌، گێڕانه‌وه‌ و به‌تایبه‌ت زمانی گێڕانه‌وه‌یه‌. زمانێك كه‌ نوێنه‌ری ئه‌و دنیا جادوویی و ڕه‌مزاوییه‌یه‌ و له‌ عه‌ینی حاڵیشدا پێكهاته‌یه‌كی نوێی زمانییه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دنیا ئایینی و فه‌زا میتافیزیكییه‌. زمان له‌م ڕۆمانه‌دا ماكی سه‌ره‌كی و خاڵێكی پڕ ڕه‌نگامه‌یه‌ بۆ دووان و شرۆڤه‌كردن.
له‌م ڕۆمانه‌دا ڕاست له‌و كه‌ره‌سته‌ زمانییه‌ كه‌ هه‌موو نه‌سه‌ن و ڕه‌سه‌نه‌كانی زمانێكی سوننه‌تی له‌خۆ گرتووه‌ كه‌ڵك وه‌رگیراوه‌. یانی به‌ ئامیانێكی به‌ ڕواڵه‌ت سوننه‌تی كه‌ڵك وه‌رگیراوه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌یه‌كی مۆدێرن و سه‌یرتر له‌و ڕۆنانی زمانێكی مۆدێرن. ئه‌م شێوازه‌ ئیبتكارییه‌ نموونه‌ی نییه‌ له‌نێو زمانی گێڕانه‌وه‌ی كوردیدا.
له‌ "تۆقی‌عه‌زازیل"دا، زمانێكی به‌ ته‌واوه‌ت سوننه‌تی كه‌ قه‌ڵای بیر و بڕوایه‌كی سوننه‌تی و محافزه‌كاره‌ و چه‌ندین و چه‌ن ساڵه‌ بڵنگۆ و زاری ئه‌و فكره‌ بووه‌، ئێستا وه‌ك ئانتی‌تێزێك عه‌مه‌ل ده‌كات بۆ ده‌بڕینی پێكهاته‌یه‌كی ڕیوایه‌تی به‌ ته‌واوه‌ت مۆدێرن. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و زمانه‌ به‌ ته‌واوه‌ت محافه‌زه‌كار و سوننه‌تییه‌ وه‌ك دژبه‌رێك له‌ به‌رامبه‌ر خۆیدا كه‌ڵكی لێ وه‌رگیراوه‌. لێره‌دا زمان دژ به‌ خۆی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ ته‌ورێك كه‌ بنه‌ما فكری و ئیدۆئۆلۆژییه‌كانی خۆی له‌ بن دێنێ. زمان له‌و حاڵه‌ته‌ وه‌ستاو و خه‌ساوه‌ جاڕز ده‌بێ و به‌خۆدا دێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ زه‌رفێك بۆ ده‌ربڕینێكی نوێ و هه‌ڵگری توخم و ڕوانگه‌یه‌كی نوێیه‌.
ده‌ق سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دیالۆگێكه‌ له‌گه‌ڵ مێژووی خۆی هه‌ر وه‌ها دیالۆگێكی به‌رده‌وامه‌ له‌گه‌ڵ ڕابردوو. واتای ده‌قێك ته‌نیا نه‌به‌سراوه‌ته‌وه‌ به‌ نییه‌تی نووسه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ری ده‌قه‌وه‌. هه‌رچه‌ندێكی زمان بیهه‌وێ مانا له‌ چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراودا پاوان بكا و دار و له‌له‌ی بۆ دانێ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و مانایانه‌ی وه‌پشت گوێ خراون و حه‌زف كراون سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ و به‌ شێوه‌ی وه‌بیرهاتنه‌وه‌ له‌ ناخوداگای خوێنه‌ردا ده‌بووژێنه‌وه‌ و سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌.
له‌ ڕۆمانی "تۆقی عه‌زازیل"یشدا هه‌ر وایه‌ و مانای لاوه‌كی به‌ بێ ویستی نووسه‌ر یان به‌رهه‌مهێنه‌ری ده‌ق له‌ زه‌ینی خوێنه‌ر ده‌هاڵێن و لق و وه‌چی لێده‌بێته‌وه‌. زمان له‌م شێوازه‌ ڕیوایه‌تییه‌دا تووشی هه‌ڵاوه‌سان دێ و به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌باری ڕسته‌به‌ندی و فۆرمی زاهیرییه‌وه‌ گۆڕانێكی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا بێ هه‌رجاره‌ و به‌ ژماره‌یه‌ك مه‌عنای نوێ به‌رهه‌مدێنێ.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved