لەتیف حامید بەرزنجی، چیرۆکنووس و شاعیری ناوداری کورد ساڵی 1940 لەکفری لەدایکبووە، ساڵی 1962 کۆلێژی ئەدەبی لەبەغدا تەواوکردووە، لە ماوەی ژیانیدا لەبواری ئەدەبیاتی کوردیدا کاریکردووە و چەندین ماستەرنامەش لەسەر بابەتەکانی نووسەر نوسراون، دیارترینیشیان ماستەر نامەی خۆێندکار سیروان عەبدولکەریم بوو بەناوی ئاشناکردنی چیرۆکی کوردی بەپێکهاتەی مۆدێرن لەڕێگای جەیمس جۆیس. ئەم نووسەرە بە تەمەنێکی کورتەوە ناوێکی گەورەی بۆخۆی تۆمارکرد و خزمەتێکی گەورەی بە ئەدەب و چیرۆکی کوردی کردووە، ئەو بە ڕچەشکێنی پێوەرە باوەکانی دەق نووسین هەژماردەکرێت و رابەرێکی دیاری چیرۆکنووسی سەردەمە، ڕچەی کۆنی چیرۆکی کوردی شکاند و پێشەنگایەتی بۆ خۆی تۆمارکرد، ساڵی 1962 دوای تەواکردنی زانکۆ لە بەسرە دەبێتە مامۆستا و لەڕووی وەرگێڕانەوە دەستێکی باڵای هەبووە و بابەتگەلێکی زۆری وەرگێڕاوە، خوێنەوار و زمانزانێکی باش بووە، بەشێکی زۆری هۆنراوەکانی (گۆران و حاجی قادر و لەتیف هەڵمەت) و (چیرۆکەکانی سەدرەدین عارف)ی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و لە گۆڤار و رۆژنامەکانی ئەو سەردەمەدا بڵاوی کردۆتەوە، لە ژیانی خۆیشیدا ١٢ چیرۆکی نووسیوە، لە تەمەنی 34 ساڵی و لە22/2/1974 بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی (شێخ محی الدین) کەرکوک بەخاکسپێردرا. بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا و بەجوانەمەرگی سەری نایەوە، ئەگەرئەم نووسەرە مۆدێرنە شارەزایە بە ئەدەبیات تەمەنی درێژبوایە و مردن رێگەی پێنەگرتایە لەوانە بوو گەلێك بەرهەمی ئاست بەرزی پێشكەشی ئەدەبی كوردی بكردایە، لەتیف حامید بەو تەمەنە كورتەوە داهێنانی كرد، بە دوانزە چیرۆكەوە ناوێكی درەوشاوەیە لە ئەدەبیاتی چیرۆكی كوردیدا و شێوازی گێڕانەوە و تەكنیكی نووسینی چیرۆكەكانی بە مەنەلۆجە، ئەم شێوازەش بۆ خۆی ئاڵۆزە و خوێنەری تایبەتی دەوێت، بۆیە لەتیف حامید نووسەرێك بوو بۆ نووسەرەكان و شارەزایانی بواری ئەدەب و خوێنەری ئاسایی دەرەقەتی ئەو شێوازە لە نووسینی ئەو نەهاتوون.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure