د. موحسین ئەحمەد عومەر ڕاستەوخۆ ئەو پرسیارە دەكرێ شێخ ڕەزا چ سوودێكی هەیە بۆ ئەمڕۆ ؟ من دەڵێم شێخ ڕەزا بە تایبەتی سوودی زۆرە بۆ نووسینەوەی دەستوورێكی مرۆیانە و عەلمانیانە و دیمۆكراسییانە بۆ كوردستان، ئەمە ئەو سوودە مەزنەیە كە لە مێژووی ئێمەدا هەیە، شێخ ڕەزا خاوەن تەكیە و تەریقەت و نەریتی ئایینی بوو، بەڵام شێخ ڕەزا سەلەفی و جیهادی و ئوسولی و فەناتیك و ئەنتیگریست و فاشیست نەبوو، لە مەزهەریشدا باوەڕ ناكەم خاوەن ڕیشێكی پان و پۆڕ و دوو بست درێژ بووبێ، بگرە لە سەردەمی ئەو مەلا و شێخەكان ڕیشیان نەبووە. لە ناو كورد مەلاكان بە تەنكەڕیش ناسرابوون، ئەمەش شتێكی ناسك بوو. شێخ ڕەزا هەرگیز نەتەوە و ئایین و سیاسەتی تێكەڵی یەكتر نەكردووە هەروەكو ئێستا لە ناو كورد باوە و لاسایی مۆدێلی هاتوو لە دەرەوە دەكەنەوە. شێخ ڕەزا پێش هەموو شتێك كورد بووە، ئینجا شاعیرێكی كورد بووە، شیعری ئەو مۆدێلێكە (توانج و پلار) مێژووێكی مەزن و دوور و درێژی هەیە لە مێژووی نەك هەر ئەدەبی كوردی، بەڵكو وەك مۆدێڵێك ئەو مێژووە لەگەڵ شیعری لاواندنەوە، شیعری پەسن، كۆنترین جۆری شیعرین كە سەرچاوەكانیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش مێژوو، لە ئەدەبی یۆنانی كۆن ( سێنێك ( Seneque – كارێكی ئەدەبی هەیە بە ناوی ( ئەپۆكۆلۆكینتۆس Apocoloquintos - ) كە شیعرێكی ساتیریكییە و تێكەڵەیەكە لە پەخشان و شیعر ، هەجو و گاڵتەیەكی بەهێزی ئیمپڕاتۆر " كلۆد "Claude- دەكا كە بە برینێك لە گەدەی مردووە. لە ئەدەبی ئۆڕوپی شیعری "هەجو Pamphlet- " ، دەبێتە دوو بەش شیعری ساتیریكی Satirique – و شیعری پۆلێمیك – Polemique ( واتە شیعرێك كە جەدەل و گفتوگۆ و ململانێ دروست بكا)، دەشێ ئەمانە لە كوردی بەرامبەرەكەیان شیعری توانج و پلار و شیعری پەسن بێ، جیاوازی ئەم دوانە لە ئەدەبیات و رۆشنبیری ئۆروپی، شیعری پۆلێمیك گفتوگۆ و دیالۆگ و ململانێ ڕەپێش دەكا، بەڵام شیعری ساتیریكی یان توانج و پلار زۆر ڕاستەوخۆیە، داشۆرینێكی بەهێزی كەسێك، دەزگایەك، سیستەمێك یان ئیدیۆلۆژییەكی دیاریكراوی تێدایە. ئەم فۆڕمانە لە فۆڕمە هەرە كۆنەكانی ئەدەبین، هەر هەمووشیان لە ناو شیعری لاواندنەوە و شیعرە ئایینیە كۆنەكان دەرچوونە و گەشەیان كردووە. بەڵام دواتر لە ئەنجامی گەشەسەندنی شارستانی و دروستبوونی میتڕۆپۆلە گەورەكان، فۆڕمی تایبەت بە خۆیان وەرگرتووە، شیعری پۆلێمیك و شیعری ساتیریك لە شارەكان گوتراون، لە ناو ئەدەبیاتی كوردی شێخ ڕەزای تالەبانی نموونەیەكی مەزنی ئەم جۆرە شیعرەیە، لە ڕوانگەی من شیعری شێخ ڕەزا لەگەڵ هی نالی و حاجی قادر و كوردی و سالم (مەحوی لی بچێتە دەرەوە كە لە ڕوانگەی من یەكەمین شاعیری سەلەفی كوردی بووە) شیعر و شاعیری سەردەمی نوێبوونەوەن، نوێبوونەوە بە مانای سەردەم نەك نوێبوونەوەی شیعری كە هەڵبەت ئەمەشی تێدایە، چونكە لە ڕوانگەی من ئەدەبی پێش نالی بە ئەدەبی كۆنی لە قەڵەم دەدەم و ئەم سەردەمی نوێبوونەوەش لەگەڵ گۆران دەكاتە لووتكەی خۆی و كۆتایی پێ دێ، لێرەوە سەردەمێكی تر و ئەدەبێكی تر سەرهەڵدەدا. ئەو زمانە ڕەخنەییە نوێیەی ئەمڕۆ هەیە دانانی بناغەكەی دەگەڕێتەوە بۆ شێخ ڕەزا و ئەوانی تر، ئێمە بەردەوام لە ناو توانج و پلار و پەسندا دەژین، بە دڵنیاییەوە هەموو پەسنێك (رێژەیەك گەندەڵی لە پاڵە) هەموو توانج و پلارێكیش (غەدرێك لە پشتییەوە هەیە)، ئەم پێكهاتەیەش لە گشت خیتاب و زمانێكدا دەدۆزرێتەوە، لە مێدیای خوێندراو و بینراو و بیستراو، لە زمانی مەلاكانەوە بگرە تا دەگاتە هەر كێشەیەكی تری كۆمەڵایەتی یان سیاسی...هتد. كە ئاوڕ لە ڕۆشنبیری خۆمان دەدەینەوە دەبینین شێخێكی وەك شێخ ڕەزا و حاجی و نالی لە لووتكەی هونەردا دەژین و زمانێكی پڕ لە ڕۆشنایی و لێبووردەیی و دیمۆكراسییان لە شیعرەكانیاندا هەیە، دەپرسم باشە بۆ ئەم شاعیرانە، ئەم مەلا و شێخە عەلمانیی و متەنەویرانە، دژە فاشیزمی ئایینی و فیكری، بۆ نەبنە سەرچاوەی دەستوور نووسینەوە، دەستوورێكی عەلمانی پڕ لە لێبووردن و ئازادی و برایەتی و یەكسانی و دیمۆكراسی، سەرەنجام هەست دەكەم مەحاڵە ئەم كولتوورە، ئەم ئەدەبیاتە ئاراستەیەكی تر لە غەیری ئەمەی سەرەوە وەریگرێ، بۆیە لە شیعری شێخ ڕەزا هەردەم ئەو تازەگییە هەیە و درێژەش بە خۆی دەدا، ئەمەش دەنگێكە دژی تاریكی، دژی ستەمكاری، دژی تاكڕەوی، دژی فەناتیزم و دژی ئەوانەن كە دژی ئەدەب و هونەر و ئایندەن، ئەم چەند دێرە مەزنەی خوارەوەش هەڵگری هەموو ئەو هەڵكەوتەیە كە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، بێگومان وەڵامێكیشە بۆ ئایندە : هەزار ئەفسوون و جادووی پێوە ئاوێزانە ئەم ڕیشە عیلاجی گەر ببێ یا گوزە یا گوێزانە ئەم ڕیشە بە تەحریكی تەلێكی سەد هەزار نەفسی بە كوشتندا ڕەئیسی حیلەكاران شای قوماربازانە ئەم ڕیشە بە بای سەڕ سەڕ لە شوێن ناجمێ ڕیشی ئەمەندە سەختە بە بێ حیكمەت نییە گەر جاربەجار لەرزانە ئەم ڕیشە بە زاهیر سافە وەك زیوی سپی، ئەمما لە باتیندا ڕەش و پیس و مولەووەس وەك بنی قازانە ئەم ڕیشە. *** ئەم بابەتە كاتی خۆی لە پاشكۆی تایبەت بە شێخ رەزا لە كوردستانی نوێ بڵاوبوەتەوە
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure