هێشتا دوو هەفتەی ماوە تا کاتی ناساندنی فەرمیی ئاڵاهەڵگرە نوێیەکانی هواوی لەلایەن ئەم کۆمپانیایەوە، بەڵام نرخ و تایبەتمەندییەکانی مۆدێلی P40 بڵاو بووەتەوە. تایبەتمەندییەکانی هواوی P40 دەری ئەخات مۆبایلێکی سەرنجڕاکێشە کە کامێرایەکی 5 بەشی هەیە و نرخی مۆدێلە سەرەکییەکەی 1000 یۆرۆیە. هواوی لەڕێکەوتی 26ـی ئەم مانگەدا پەردە لەسەر نوێترین مۆدێلەکانی خۆی لا ئەدات. ئێستا بەر لەناساندنی فەرمیی ئەم بەرهەمانه، ماڵپەڕێکی کۆریایی تایبەتمەندییەکانی هواوی P40ـی خستۆتە روو. ئەم مۆبایلە زیرەکە خاوەنی شاشەیەک 6.7 ئینچییە بە کواڵتی QHD+. هواوی بۆ ئەم بەرهەمە نوێیەی خۆی پیلێکی 5500 میلیئەمپێری دابین کردووە کە ئەتوانێ پشتگیری لەتەکنەلۆژیا شەحنی خێرای شەحنکەرەوەی وایەرداری 50 وات و شەحنکەرەوەی 27 واتی بێ وایەر بکات. وزەی ئەم مۆبایلە لەلایەن چیپسێت کایرینی 5G 990ـەوە دابین ئەبێت و رامی 12 گێگابایت و بیرگەی 256 گێگابایتی هاوڕێی ئەم وزەخانەیەن. کامێرای سێڵفی ئەم مۆبایلە لە قوولکەیەکی بچووک لەبەشی سەرەوەی شاشەکەدا جێگیر بووە و بە توانستی 32 مێگاپیکسڵ وێنە و ڤیدیۆ تۆمار ئەکات. کامێرای سەرەکی ئەم مۆبایلە 52 مێگاپیکسڵە و کۆمەڵێک هەستەوەری دیکە هاوڕێیەتی ئەم کامیرایە سەرەکییە ئەکەن کە بریتین لە: هەستەوەری 40 مێگاپیکسڵی CINE، لێنزی پریسکۆپی، هەستەوەری 8 مێگاپیکسڵی و لێنزی 3D ToF. ئەم ماڵەپەڕە هەروەها نرخی هەر دوو مۆدێلەکەی هواوی P40ـیشی ئاراستەی بەکارهێنەران کردووە کە بەم شێوەیەیە: * هواویP40(سەرەکی): 779 و 889 یۆرۆ * هواوی P40ـی پرۆ: 999، و 1099 یۆرۆ جیاوازی نێوان ئەم دوو نرخه ئەگەڕێتەوە سەر رادەی بیرگەی هەر کام لەم مۆدێلانه. بەگوتەی ماڵپەڕە کۆریاییەکە نرخی ئاڵاهەڵگرانی هواوی لە وڵاتانی جۆراوجۆر 50 بۆ 100 یۆرۆ لەگەڵ ئەم نرخانه جیاوازی ئەبێت.
سەرچاوە: pocketnow
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure