بەرپرسێکی باڵای حکومەتی چین لەکاتی سەردان بۆ شاری ووهان لەلایەن هاووڵاتیانەوە درایە بەر رەخنە و ئەمەش دەریدەخات کە ڤایرۆسی کۆرۆنا خەریکە دەسەڵاتدارێتی حزبی کۆمۆنیستی ئەم وڵاتە ئەخاته ژێر پرسیارەوە. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەحاڵێکدا کە "سان چۆنلان"ـی جێگری سەرۆکی حکومەت، لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەرپرسانی حکوومی سەردانی ناوچەی "شین شان"ـیان کردبوو، خەڵکی ناوچەکە بە دەنگی بەرز و هاوئاهەنگ ئەو دروشمەیان دووپات دەکردەوە: "درۆیە، درۆیە، هەموو شتیکتان درۆیە". دانیشتووانی شاری ئووهان زیاتر لە مانگێکە لە کەرەنتینەدان و بەگوتەی ئەوان قسەکانی حکومەت سەبارەت بەوەی لەم ماوەیەدا گۆشت و سەوزەی ئاراستەی خەڵک کردووە یەکسەر پرۆپاگاندایە. بەگوتەی ئاژانسی هەواڵنێریی حکوومی "شین هووئا"، خاتوو "سان" بڕیاری داوە بەدواداچوون بۆ ئەم کێشانه بکەن، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بەم ناڕەزاییانه نەکردووە. ڤیدیۆیەک لە ناڕەزایی دەربڕین و دەروشمدان بەدژی حکومەت لەلایەن یەکێک لەبەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی TikTokـەوە بڵاوبۆتەوە و پاشان لەلایەن زۆرینەی میدیاکانی چینەوە کەڵکی لێ وەرگیراوە. ئەوە یەکەم جارە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی چین تا ئەم رادەیە ناڕەزاییەکانی خەڵک بە دژی حکومەت رووماڵ دەکەن. بەڵام رۆژنامەی گاردییەن گوتوویەتی رووماڵی ئەم ناڕەزاییانە نیشانەی هەوڵدانی حکومەتە بۆ کۆنتڕۆڵی گوتاری ناڕەزایی و هەروەها نیشاندانی ئەوەی کە حکومەت لەهەرحاڵدا سەرقاڵی جێبەجێکردنی کێشەکانی خەڵکە. توێژینەوەکانی ئەم دواییانە دەریانخستووە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی چین بۆ نموونە YY و WeChat لە 31ـی دیسامبەرەوە دەستیان کردووە بە سانسۆری زانیاری و هەواڵەکان سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، واتە رێک لەو رۆژەوە کە حکومەتی چین دانی پێدانا کە وڵاتەکەی تووشی ئەم ڤایرۆسە بووە. لەدوای قەبووڵکردنی بوونی ئەم ڤایرۆسە لە پارێزگای "هۆبی"، حکومەت هۆشداری دا بڵاوکردنەوەی هەر چەشنە ناوەرۆکێکی رەخنەگرانه لەسۆشیاڵ میدیادا قەدەغەیە و بە تاوان دێتە ئەژمار. دکتۆر "لی وەنلیانگ" لە 30ـی دیسامبەر و رۆژێک بەرلەوەی حکومەت بە فەرمی بوونی کۆرۆنا لەوڵاتی چین قەبووڵ بکا، لە ڤیدیۆیەکدا باسی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لەناو هاوکارەکانیدا ئەکات، بەڵام پۆلیسی ئووهان دکتۆر "لی" ناچار ئەکا ئەم قسانە رەد بکاتەوە. ئەم پزیشکە لەمانگی 2ـی 2020 بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا و مەرگەکەی بووە هۆی دەربڕینی ناڕەزانیی لەناوەوە و دەروەی چین بەدژی سانسۆر لەلایەن حکومەتەوە.
سەرچاوە: businessinsider
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure