26/3/2020 12:02 PM

تۆپەکەی ساعیدی

غوڵام حسەین ساعێدی یەكێكە لە نووسەرە ناودارەكانی ئێران، بە ماركیزی ئێران ناسراوە، ساعێدی خاوەنی كۆمەڵێك بەرهەمی ئەدەبییە لە چیرۆك و رۆمان، بەشێك لەم بەرهەمانەی وەرگێڕدراون بۆ سەرزمانی كوردی لەوانە ترس و لەرز و تازێبارانی بەیەل نووسەر و وەرگێڕ بەرۆژئاكرێی وەریگێڕاون، هەروەها رۆمانی تاتار خەندان و رۆمانی تۆپ لەلایەن وەرگێڕ خالید فاتیحییەوە وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانی كوردی بڕیار وایە خالید فاتیحی تەواوی بەرهەمەكانی ساعێدی وەربگێڕێتە سەرزمانی كوردی و بەدەر لەم رۆمانەی كە تازە بڵاوبووەتەوە رۆمانی غەوارەكەی شار- یشی وەرگێڕاوە و بڕیار وایە بەمزوانە بڵاوبێتەوە.
ئەم رۆمانەی ئێستا لەبەردیدەی خوێنەراندایە رۆمانی تۆپ، لەدووتوێی 223 لاپەڕەدایە و لەبڵاوكراوەكانی بەرێوبەڕێتی رۆشنبیری و هونەری ڕاپەڕینە.
بەگشتی شێوازی نووسین لای ساعێدی شێوازێكی خۆشڕەوتە و لەخوێندنەوەدا خوێنەر تا دواین لاپەڕە حەزناكات دەستی لێ هەڵبگرێت، گرنگی بەدیالۆگ زۆر دەدات، بەشی زۆری كارەكانی دیالۆگی كارئەكتەرەكانە، كە بەزمانی خۆیان شەرحی حاڵی خۆیان دەكەن، زۆرتر و لەزۆر بەرهەم دا ئەم نووسەرە وێنەی ئەو چینە نیشان دەدات كە هەژار و دواكەوتوون، لەنێو دنیای هەژاری و نووشتە و دوعا و خۆڕافەدا دەژین. لە تازێبارانی بەیەل نووسەر لەكۆی ئەو بەرهەمەدا وێنەیەكی خەمگین و پرسە ئامێز نیشان دەدات، بەجۆرێك هەست بە غەمێكی قوڵ دەكەیت دۆخی كەسایەتییەكان و چیرۆكە غەمگینەكەیان بە شێوەیەكی توند و تۆكمە كاری تێدا كراوە. لە كۆمەڵە چیرۆكی ترس و لەرز دا كە چیرۆكی ترسناكن و تا ئەندازەیەك كەسایەتییەكان و شوێنی رووداوەكان جۆرێك لە یەكگرتوویی داوە بە چیرۆكەكان. دەتوانین بڵێین تێهەڵكێشن. لەتاتار خەندانیشدا دیسانەوە ساعێدی دەچێتەوە نێو كەشی گوندێكی دواكەوتوو، كە كارئەكتەرەكە دكتۆرێكی نائومێدە لەژیان و بیر لەخۆكوشتن دەكاتەوە. بەڵام وەختێ‌ دەچێتە ئەو گوندەوە ژیانی دەگۆڕێ، سەرقاڵی بەخەڵكی دواكەوتووی ئەو گوندە، كە چۆن لەدنیای خوڕافەدا دەژین.
غوڵام حسەین ساعێدی ساڵی 1934 لە شاری تەبرێز لەدایك بووە، ساڵی 1985 لە پاریس كۆچی دوایی كردووە. دكتۆرای لە زانستی دەروونناسی هێناوە، لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە چووەتە دەرەوەی وڵات و لە پاریس ژیاوە تا كاتی مردنی. ساعێدی لە ئەزموونی ئیشكردنی خۆیدا رۆمان و چیرۆك و شانۆ و سیناریۆ و هاوكات وەرگێڕانیشی كردووە. لەبەرهەمەكانی شانۆگەری غوهر مراد. رۆمانەكانی تاتارخەندان، تۆپ، غەوارەكەی شار، لە كۆمەڵە چیرۆكەكانی ترس و لەرز، تازێبارانی بەیەل.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved