3/4/2020 08:20 PM

لێكۆڵینەوەیەك لەسەر فەیسبوك و كۆرۆنا

یەكەمین توێژینەوەی زانستییە بە زمانی كوردی توێژینەوەی (ڕۆڵی سۆشیال میدیا لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری دەربارەی كۆرۆنا) بڵاوكرایەوە.

چەند مامۆستایەكی زانكۆی گەرمیان و زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی یەكەمین توێژینەوەی زانستییان بە زمانی كوردی دەربارەی ڕۆڵی فەیسبوك لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی سەبارەت بە نەخۆشی كۆرۆنا بڵاوكردەوە.

ئەو توێژینەوەیە لەلایەن (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.هێرش ڕەسوڵ مامۆستاو پسپۆری ڕاگەیاندن لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، یادگار عەلی و دەشتی عەلی مامۆستاو پسپۆرانی بواری ڕاگەیاندن لە زانكۆی گەرمیان) ئەنجامدراوەو لە جۆری توێژینەوە پەسنیەكانەو ڕێكاری ڕوپێوی بە بەكارهێنانی فۆرمی ڕاپێوی تێدا بەكارهاتوەو بژاردەیەكیش لە مامۆستایانی زانكۆی گەرمیانیش بە نمونەی توێژینەوەكە وەرگیراون.

پەسەندنامەی بڵاوكردنەوەی ئەو توێژینەوەیە لە ماڵپەڕی فەرمی زانكۆكانی گەرمیان و پۆلیتەكنیكی سلێمانی بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە كە دەبێت بە یەكەمین توێژینەوەی زانستی بە زمانی كوردی لە هەرێمی كوردستان كە تایبەتبێت بە راگەیاندن و هۆشیاریی تەندروستی دەربارەی پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ ناسراو بە (كۆڤید ۱۹).

توێژینەوەكە لەلایەن گۆڤاری زانستی زانكۆی گەرمیان ڕەزامەندی بڵاوكردنەوەی وەرگرتوەو گەیشتوە بە چەندین ئەنجامی زانستی، لەوانە:

1. (فەیسبوك)ـی كوردزمانان بە شێوەیەكی گشتی و لەرێگەی خزمەتگوزارییە جیاوازەكانییەوە، توانیویەتی رۆڵ لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە نەخۆشی (كۆرۆنا) لە هەرێمی كوردستاندا بگێڕن.

2. مامۆستایانی زانكۆی گەرمیان گرنگی بەو هەواڵ‌و زانیارییانە دەدەن كە دەربارەی نەخۆشی (كۆرۆنا) لەرێگەی (فەیسبوك)ـەوە بڵاودەكرێنەوە.

3. بەرتوێژان، بە شێوازی جیاواز بەشداری لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ‌و زانیاری سەبارەت بە (كۆرۆنا) دەكەن و (فەیسبوك) بەكاردێنن، (ناردنی پۆستەكان بە نامەی تایبەت)ـیش بە پلەی یەكەم.

4. زۆرینەی بەرتوێژان، هەموو روەكانی سروشتی خستنەڕوی نەخۆشی (كۆرۆنا) لە فەیسبوك (ئەكاونت، پەیج، گروپ)‌ و لەرێگەی خزمەتگوزارییە جیاوازەكانییەوە پەسەند كردوە، لەوانە: بە شێوەیەكی قوڵ لایەنە جیاوازەكانی نەخۆشییەكە روماڵدەكەن، وەك رووداوێكی گەرم‌و مەترسیدار مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن...تاد.

5. زۆرینەی بەرتوێژان، هەموو رێگاكانی بەكارهێنانی (فەیسبوك) بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەسەر نەخۆشی (كۆرۆنا) بە پەسەند دەزانن، لەوانە: ئامادەكردن‌و بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی تایبەت بە ئامۆژگاریی پزیشكان‌و پسپۆران لەسەر نەخۆشییەكە، گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر  دژ بە بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكە... تاد.

6. زۆرینەی بەرتوێژان، لەگەڵ هەمو ئاستە جیاوازەكانی رەنگدانەوەی رێنماییە تەندروستییەكانی تایبەت بە هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیاندان بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی (كۆرۆنا) لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك)ـدا، لەوانە: بڕگە‌و بابەتی هۆشیاری تێروتەسەل لەسەر نەخۆشی (كۆرۆنا) پێشكەشدەكەن، شێوازەكانی پشكنین بۆ نەخۆشییەكە بە هاووڵاتیان ئاشنادەكەن... تاد.

7. زۆرینەی بەرتوێژان، پێیانوایە خستنەڕوی زانیاریی لەسەر نەخۆشی (كۆرۆنا) لەرێگەی (فەیسبوك)ـەوە كاریگەری هەمەلایەنەی هەیە، لەوانە: زیادكردنی ترس لەسەرم بەرامبەر نەخۆشییەكە، ناهێڵم ئەندامانی خێزانەكەم بەر پۆشاك‌و پێڵاوی كاركردنم بكەون... تاد.

8. زۆرینەی بەرتوێژان، بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی دەربارەی نەخۆشیی (كۆرۆنا) لە (فەیسبوك)ـدا بەگرنگ دەزانن، وەك: هۆشیاریی تەندروستیی بەگشتی زیاددەكات، خێرا وەرگرتنی چارەسەر‌و گەڕانەوە بۆ كار... تاد.

لە كۆتایی توێژینەوەكەدا، توێژەران بە شیوەیەكی گشتی و بۆ ئەوەی (فەیسبوك) باشتر بۆ هۆشیاری هاوڵاتییان دەربارەی نەخۆشی (كۆرۆنا) بەكاربهێنرێت، چەندین پێشنیاریان پێشكەشكردوە، لەوانە: ئەو بابەتانە بڵاوبكرێنەوە كە ترسی خەڵكی دەڕەوێننەوە‌و ورە‌و بەرگرییان بەرزدەكەنەوە، گرنگییدان بە بڵاوكردنەوەی ئەنجامەكانی ئەو توێژینەوانەی لە وڵاتانی دەرەوە (‌لە ناوخۆش گەر هەبێ) لەسەر نەخۆشییەكە بۆ بەرچاوڕونی خەڵك... تاد.


خاك - پوكمیدیا





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved