رۆمانی نوێ یەکێک لە بزووتنەوە ئەدەبییەکانی هاوچەرخە لە رۆژاوا کە هاوکاتە لەگەڵ ئالوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کۆتاییەکانی دەیەی 50 لە فەڕەنسا و لەڕاستیدا رەخنەگری شێوەی دەربرینی ریالیستییە لە رۆماندا. رۆمانی نوێ لەناو کۆمەڵگای ئینگلیزی زماندا زیاتر بە "دژە-رۆمان" بەناوبانگە کە بە رەخنەگرتن لە پێکهاتە باوەکانی نووسینی رۆمان، بۆ نموونە (کەسایەتی، رووداو و پلۆت)، بەتەما بوو بە جەختکردنەوە لەسەر گۆڕانکارییە بەردەوامەکان لە ئەدەبیاتدا، شێوەیەکی نوێ بۆ نووسینی رۆمان پێشکەش بکات کە زیاتر لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و لایف سیاتلی سەردەم هاوتەریب بێت. ئەم شێوازە بە رۆمانی "ترۆپیسم"ـی "ناتالی سارووت"ـەوە دەست پێدەکا و بە رۆمانی "Erasers"ـەکانی "ئالەن رۆب گرییە" بەهێز دەبێت. رۆمانی نوێ رێبازی ئەدەبی نییە، بزووتنەوەیەکی بێ رێبەرە و بێ ئۆرگانە، بەڵام هەمووان "رۆب گرییە" بە رێبەری ئەم رەوتە دەزانن. رۆمانی نوێ بڕوای بەو زنجیرە رووداوە لۆژیکییانەی کە لە رۆمانی کلاسیکدا یەک لەدوای یەک روو دەدەن نییە، بەڵکوو زیاتر خەریکی دەروونشیکاری لایەنی نائاسایی و تاریکی کەسایەتییەکانە. کەسایەتی لە رۆمانی نوێدا شوناسێکی تایبەتی نییە. هەندێک جار ناویشی نییە و لەجیاتی ناو "پیت"ـێک دادەندرێ، بۆ نموونە "بەرێز A" یان "خاتوو C". رۆمانی نوێ خۆی لە هەر چەشنە لاینگرییەکی ئایدیۆلۆژیک بەدوور دەگرێت. سیما ناسراوەکانی ئەم رەوتە ئەدەبییە بریتین لە: ئالەن رۆب گێرییە، ناتالی سارووت، مارگارێت دۆراس، میشێک بۆتۆر و کلۆد سیمۆن. هەڵبەت ئەم نووسەرانە خۆیان پێ داهێنەری ئەم رەوتە نییە، بەڵکوو نووسەرانێکی وەک "مارسل پرۆست" و "جەیمز جۆیس" بە پێشەنگی خۆیان دەزانن. رۆمانەکانی "خۆشەویستی من هیرۆشیما" لە نووسینی مارگارێت دۆراس، "ترۆپیسم" لەنووسینی ناتالی سارووت، "گۆڕانکاری" لەنووسینی میشێل بۆتۆر و "Erasers" لە نووسینی رۆب گرییە، بەشێکن لە بەرهەمە سەرەکییەکانی ئەم بزووتنەوە/ رەوتە ئەدەبییە.
خاک _ پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure