ئەوبولقاسم لاهووتی كرماشانی (1264 - 1336) سیمایەكی ناسراوی ئەدەبی، رۆشنبیری و سیاسیی دەورەی مەشرووتەی ئێران بووە و دواتر بۆتە ئەندامی حیزبی توودە و چۆتە ناو هێزی سەربازییەوە پلەی "سەرگورد"ـی پێدراوە. لە سەردەمی رەزا شادا بەهۆی بیروباوەڕی سیاسیەوە حوكمی ئیعدامی بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام توانیویە رابکات و پەنا بەرێتە بەر یەكیەتیی سۆڤیەت. بۆ ماوەیەك پۆستی وەزیری فەرهەنگ و هونەری تاجیكستانی سەردەمی یەكیەتیی سۆڤیەت بووە و لەو ناوچەیە رەوتی شانۆی "ئۆپێرا"ی بنیات ناوە و لەناو كانوونی نووسەرانی شۆرەویدا جێگە و پێگەیەكی تایبەتی هەبووە و بۆ ماوەیەك لەناو لیژنەی بەڕێوبەریی نووسەرانی شۆرەویدا جێگری ماكسیم گورگی نووسەری گەورەی رووس بووە. هەرچەند هێندێ بەڵگە لەبەر دەست دان كە لاهووتی تەنیا شێعری فارسی نووسیبێت، بەڵام نووسەر و لێكۆڵەری گەورەی كورد "محەممەد عەلی سوڵتانی" لە بەرگی سێهەمی كتێبی "حەدیقەی سوڵتانی"ـدا نووسیویە: "لاهووتی لە سەرەدەمی مێرمنداڵیدا شێعری هەجو و تەنزی كوردی بۆ هاوگەڕەكەكانی لە كاتی شەڕە گەڕەكدا خوێندووە. دواتر لاسایی شێعری ئایینی ـ حەیرانعەلیشانی كردۆتەوە، پاشان لە قۆناغی لاویەتیدا سەردانی سلێمانی، كەركووك و ئەستەمبۆڵی كردووە و لەوێ ژیاوە و هات و چۆی لای شێخی بەردە قارەمانی كردووە كە ئەودەم لە بەندی بریتانیاییەكاندا دیل كرابوو، چۆن دەكرێت و دەگونجێت بە كوردی شێعری نەنوسیبێ." هەتا ئێستا بە هەوڵ و تەقەلای توێژەر و دلسۆزانی ئەدەب و مێژووی كورد وەك: محەممەدی مەلا كەریم، حەسەن قازی، ئەنوەر سوڵتانی و محەممەد عەلی سوڵتانی، سێ پارچە شێعری لاهووتی كە بە زمانی كوردی نووسیویەتی، دۆزراونەتەوە و لە گۆڤار و ماڵپەڕە كوردییەكاندا چاپ كراون. 1 ـ پارچە شێعری یەكەم لە ژمارە 25ی ساڵی پێنجەمی گۆڤاری "ژین"دا بڵاو كراوەتەوە، واتە هی ئەو بڕگەیەی ژیانی لاهووتیە كەلە ئەستەمبۆڵ ژیاوە كە دەكاتە دەوروبەری ساڵانی 1919 و 1920ی زایینی. 2 ـ پارچە شێعری دووهەم مامۆستا مەحەممەد عەلی سوڵتانی ساڵی لە 2000دا بڵاوی كردۆتەوە كە رێكەوتی نووسینی بۆ دیاری نەكراوە. 3 ـ پارچە شێعری سێهەم لە ژمارە 23ی گۆڤاری ژین چاپی 28/8/1919ی ئەستەمبۆڵ دا بڵاو كراوەتەوە. دیارە بەهۆی مێژووی ژیانی سیاسی و فكریی لاهووتی، لە ئەندێشە و نووسین و شێعرەكانیدا خاوەن بیرۆكەیەكی توندوتۆڵی ئێرانگەرێتی و لایەنگری پاراستنی یەكڕیزیی گەلانی ئێران بووە و هەر هەنگاوێكی گەلانی ئێرانی لەپێناو سەربەخۆیی نەتەوەیی، بە پیلانی ئیمپریالزم زانیوە كە ئەو سەردەمە دروشم بووە و لاهووتی لە هەر دوو ئەو پارچە شێعرەیدا كەلە گۆڤاری ژین بڵاو كراوەتەوە، بانگی كورد دەكات لەگەڵ گەلانی دیكەی ئێران یەك بگرن و فریوی بێگانان نەخۆن. بە وتەی ئەو كە گوایە دەیانهەوێ لە بەژنی "وڵاتی دایك" جیایان بكەنەوە و بیری ناسیۆنالیستیی گەلانی ئێرانی بە هەوڵێكی بچووك دادەنا و هەڵبژاردنی سەردێڕی ئەم شێعرەش هەر لەو بیرۆكەوە سەرچاوە دەگرێ. لاهووتی هەتا كۆتایی ژیانی نەگەڕایەوە ئێران و هەر ئەو خۆشەویستیەی وای لێكرد كە كاتێك لە ساڵی 1336 لە تەمەنی 72 ساڵی لە مسكۆ كۆچی دوایی كرد بە رێز و حورمەتەوە لە گۆڕەستانی "نۆڤۆدویچی"ـی موسكۆ و لە ریزی گەورە نووسەر و سیاسەتمەدارانی یەكیەتیی سۆڤیەت وەك: گوگول، خرۆشچوف، ئانتوان چوخوف، تۆپۆلۆف و... بنێژری. سەرچاوە: وێبلاگی ژوانگەی ئەدەب
خاک _ پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure