عه‌لی حسه‌ینی داوا ده‌که‌م له‌و هاوڕێیانه‌ی که ده‌غده‌غه‌ی شیعریان هه‌یه یان به شیعره‌وه سه‌رگه‌رمن، ئه‌م بابه‌ته بخوێننه‌وه، بیست و پێنج خوله‌ک کاتتان دانێین ته‌واوه. ڕۆژهه‌ڵات له به‌رانبه‌ر ڕۆژاوادا، واته ئه‌و به‌شه‌ی گۆی زه‌وی که له پێشکه‌وتن و ته‌کنۆلۆژیادا ده‌ستێکی زۆر باڵای نییه و پێبه‌ندی نه‌ریته کۆنه‌کان و کولتووره گوندییه‌کانه زۆرتر به شیعره‌وه ده‌ناسرێ. به‌شێکی به‌رچاو له شیعر زاده‌ی عاتیفه و ئێحساسه و به‌شێکیشی زاده‌ی شعوور و بیرکردنه‌وه؛ که‌وابوو ده‌توانین بڵێین سه‌ره‌تا عاتیفه و ئێحساس بووه‌ته هۆی ئه‌وه که به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی گۆی زه‌وی بره‌وێکی به‌رچاوی له شیعرا تێدا به‌دی بکرێت و پاشان شیعر هه‌ڵکشان به خۆوه ببینێ و له ئێحساسه‌وه به‌ره‌و شعوور گوزه‌ر بکات. هرگز ندانم راندن مستی که افتد بر درم در خانه گر می باشدم پیشش نهم با وی خورم مستی که شد مهمان من جان منست و آن من تاج من و سلطان من تا برنشیند بر سرم ای یار من وی خویش من مستی بیاور پیش من روزی که مستی کم کنم از عمر خویشش نشمرم چون وقف کردستم پدر بر بادههای همچو زر در غیر ساقی ننگرم وز امر ساقی نگذرم چند آزمایم خویش را وین جان عقل اندیش را روزی که مستم کشتیم روزی که عاقل لنگرم کو خمر تن کو خمر جان کو آسمان کو ریسمان تو مست جام ابتری من مست حوض کوثرم مستی بیاید قی کند مستی زمین را طی کند این خوار و زار اندر زمین وان آسمان بر محترم گر مستی و روشن روان امشب مخسب ای ساربان خاموش کن خاموش کن زین باده نوش ای بوالکرم ئه‌وه‌ی که هه‌ندێ بڕوایان به‌وه بێت ئه‌م شیعره له ئه‌شقی بوونێکی بان زه‌مینی هۆنرابێته‌وه مافی خۆیانه چون تا مرۆڤ هه‌بێ باوه‌ڕمه‌ندی به چه‌مکه بان سروشتییه‌کان بوونی هه‌یه و ڕه‌نگه کۆتاییشی نه‌یه‌ت. من بۆخۆم وه‌ک تاکێ هه‌ست به شه‌راب، ترێ، باخ، خۆشه‌ویستی، ماچ، مه‌ستی، ئازادی و شارستانییه‌ت ده‌که‌م له‌و په‌یڤه‌دا. مه‌به‌ستم له هێنانه‌وه‌ی ئه‌م نموونه‌یه، سه‌فه‌ری شیعره له ئێحساسه‌وه بۆ شعوور. ئه‌و شیعره به‌شێکی ئێحساسه به‌ڵام له‌وێدا ئێحساس کراوه به پله‌یه‌ک بۆ گه‌یشتن به شعوور. ئه‌و نموونه‌یه‌م هێنایه‌وه تا بڵێم له پاش سه‌دان ساڵ هێشتا ئه‌و شیعره داچڵه‌کێنه‌ره، به وشه‌ی ئاساییش ئه‌م داچڵهکاندنه خولقاوه، هیچ وشه‌یه‌کی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی به‌ده‌ر له تێگه‌یشتنی تاکه‌که‌س تێدا به‌کار نه‌هێنراوه. ئه‌ده‌بیات چیه و چۆنه، تاریفگه‌لی زۆری لێکراوه. ڕه‌نگه بتوانین بڵێین هه‌ر په‌یڤێ که به یارمه‌تی زمان به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و له‌گه‌ڵ ئاخاوتنی ئاسایی جیاوازیی هه‌یه ئهدهبیایه. له ڕوانگه‌ی منه‌وه شیعره زاره‌کییه‌کانی کورد، به‌یته‌کان، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا به شێوه‌ی ده‌ق له دایک نه‌بوون و ته‌نیا به سه‌ر زارانه‌وه بوون، ئه‌ده‌بیاتن؛ چون له‌گه‌ڵ زمانی ئاسایی جیاوازییان هه‌یه. له خودی ئه‌ده‌بیاتا شیعر تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ڕه‌هایه و هه‌وسار داماڵراوانه خۆ ده‌نوێنێ. ئیلیۆت له خاکی وێراندا که ئه‌و هه‌موو هه‌رای نایه‌وه به وشه‌گه‌لێ ئاسایی وێنه شیعری و ده‌سته‌واژه‌کانی خولقاند و بوو به ڕێچکه بۆ پاش خۆی. له ناو خۆمانا ده‌توانم بڵێم چ له سه‌رده‌می کلاسیک و چ ئێستا هیچکه‌س نه‌یتوانیوه ئه‌وه‌نده‌ی شێرکۆ شاعیر بێت. هیچکه‌س نه‌یتوانیوه ئه‌م پانتا به‌رینه‌ی له شیعر و خه‌یاڵ و بیرکردنه‌وه هه‌بێت. هیچکه‌س ئاوه‌ها به‌ربڵاو نه‌یتوانیوه له زمان که‌ڵک وه‌رگرێ و به‌رده‌نگ بێنێته سه‌رسوڕمان و به مۆسیقای شیعرییه‌وه ڕمبازێن کات. هه‌رکه‌سێکیش بڕوای به‌ده‌ر له‌مه‌یه مافی خۆیه‌تی؛ تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن هه‌موو شت ده‌رده‌خات. وه‌ک خوێنه‌رێکی نیمچه پڕۆفیشناڵ هه‌م شیعر ده‌خوێنمه‌وه و هه‌م چیرۆک؛ له ڕوانگه‌ی منه‌وه هه‌ر به‌رهه‌مێ ئاسه‌واری ماندووبوونی پێوه دیار بێت شیاوی خوێندنه‌وه‌یه به‌ڵام وه‌کوو نووسین له‌م دوو سێ ساڵه دواییه‌دا تا ڕاده‌یه‌ک یه‌خه‌م له شیعر هه‌ڵته‌کاند. ڕه‌نگه ئێستا به ڕواڵه‌ت بازاڕی شیعر گه‌رم بێت و به به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌قگه‌لی تر که‌سانێکی زۆرتر ده‌س بده‌نه شیعر و به شێوه‌ی خوێندنه‌وه یان نووسین هۆگری بن به‌ڵام به‌ڕای من داهاتوو جۆرێکی تر بڕیار ده‌دات. به بۆنه‌ی لاوازیی ڕه‌خنه و نه‌بوونی لێکۆڵینه‌وه، شیعر تووشی چه‌شنه ئاڵؤزییهک هاتووه که وا هه‌ست ده‌که‌م زۆرتر له قه‌یران ده‌کا. پێوه‌ندیی کۆمه‌ڵگه و به‌رده‌نگ له‌گه‌ڵ شیعر له ڕوانگه‌ی منه‌وه وه‌ک ئه‌وه‌یه که جه‌ماعه‌تێ له ناو هۆدهگهلێکی درگا به‌ستراودا بن و به‌رده‌وام خه‌ریکی چه‌پڵه‌لێدان و فیکه کێشان و هه‌راو هوریا بن و که‌سانی ئه‌م دیوی درگا وابزانن شتی زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره له ڕووداندایه به‌ڵام کاتێ که یه‌کێ له که‌سانی ده‌ره‌وه به لابردنی به‌ربه‌سته‌کان ده‌چێته ناوه‌وه بۆی ده‌رده‌که‌وێ ڕووداوێکی ئه‌وتۆ ڕووی نه‌داوه. وه‌ک وتراوه هه‌نار تا نه‌یشکێنی نازانی چی تیایه. هۆکاری ئه‌م دابڕان و بۆشاییه هه‌ره زه‌به‌لاحه له نێوان به‌رده‌نگ و شیعردا بۆ ئه‌و ڕۆمه‌ڵخه‌زا ساخته‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه که ڕه‌نگه بنه‌مایه‌کی زۆر پته‌وی نه‌بێ و ڕه‌وتی زه‌مه‌ن به ڕوونی ئه‌مه ده‌رخات. ئه‌مه له حاڵێکدایه که له ڕابردووی دوور و نزیکدا بۆشایی و دابڕانه‌که تا ئه‌م ئاسته نه‌بوو. پاش ماوه‌یه‌کی زۆر دابڕان له خوێندنه‌وه‌ی شیعر بڕیارم دا کۆمه‌ڵه شیعری تازه چاپ کراوی به‌ڕێز سوله‌یمان سۆفی ساڵحی بخوێنمه‌وه و به پێی ئه‌زموونی خۆم هه‌ندێ له سه‌ری بدوێم. چ دڵڕه‌قانه غهوارهت کردم/له سنووری ماچ و باران.../باش ده‌زانم/ ئه‌وه حیله‌ی گه‌میه‌که‌ی ده‌روونته ... . ئه‌م کۆپله‌یه به وێنه‌یه‌کی جوانه‌وه ده‌ستی پێکردووه و له ئاستێکی به‌رچاودا خوێنه‌ر داده‌چڵه‌کێنێ به‌ڵام کاتێ ده‌گا به: ئه‌وه حیله‌ی گه‌میه‌که‌ی ده‌روونته؛ هه‌موو ڕیسێک ده‌بێته‌وه به خوری. له چ قامۆسێکدا ده‌توانین بۆ گه‌میه، هه‌مان پاپۆڕگه‌لی ساکاری سه‌ر ئاوه نه زۆر قووڵه‌کان، حیله له به‌رچاو بگرین؟! ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر زۆر دڵفراوان بین بتوانین بڵێین له‌ره‌ی گه‌میه‌ی ده‌روونت به‌ڵام له‌و لایشه‌وه ده‌روون بۆ ده‌بێ گه‌میه‌ی بۆ له به‌رچاو گیرێ؟! له شیعرا لێک ئاڵانی وشه و ده‌سته واژهکان پێویسته بڕێک ته‌باییان هه‌بێت؛ ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌باییه نه‌بێت به بڕوای من شیعرییه‌ت تا ئاستێکی به‌رچاو بزر ده‌بێ و خوێنه‌ریش له پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه چێژێکی به‌رچاو وه‌رناگرێ. بۆشایی نێوان به‌رده‌نگ و شیعر له تێنه‌گه‌یشتندا نییه به‌ڵکوو له قه‌واره‌گه‌لی ڕبهیی داتاشراو له ده‌قدایه. له‌وێدا خوێنه‌ر هه‌ناسه‌یه‌کی خۆش ده‌کێشێ به‌ڵام کاتێ ده‌گا به‌و وشه و ده‌سته واژه‌گه‌له هه‌ستی تووشی چه‌شنێ له داپڵۆسین ده‌بێ و زوو خۆی له‌و به‌شه دوور ده‌خاته‌وه و بۆ ترووسکانهوهیهکی تری شیعری یان بۆ حه‌سانه‌وه‌یه‌کی تر ده‌گه‌ڕێ له شیعره‌که‌دا. خوێنه‌ر کاتێ له‌وانه تێپه‌ڕ ده‌بێ ده‌گا به وێنه‌گه‌لێکی جوانتر: ئه‌وه تاراوگه‌ی جه‌فایه هاوڕێم/ بگه‌ڕێوه/ تاریکستانی هه‌ناسه‌م/ بێزوو به لێوی ڕووناکیتهوه ده‌کا/ گلێنه‌ی بڕاوی ته‌واوی داره‌کان/ چاوه‌ڕێتن!/ وێنه‌کان زۆر خۆش ده‌ست پێده‌که‌ن به‌ڵام کاتێ ده‌گا به: گلێنه‌ی بڕاوی ته‌واوی داره‌کان، ئاسایشی به‌رده‌نگ تووشی داڕمان ده‌بێ. له ناو هه‌موو ئه‌ندامگه‌لی ده‌ره‌کی و ناوه‌کیی له‌شدا ته‌نیا چاوه گلێنه‌ی هه‌یه؛ ڕوونیشه که چاو تایبه‌ته به ئاژه‌ڵ و مرۆڤ. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ دار بکه‌ین به که‌س و چاو و گلێنه‌ی چاوی بۆ له‌به‌رچاو بگرین ڕه‌نگه کێشه نه‌بێ و ئه‌گه‌ر ده‌سته‌واژه و وێنه‌که ڕێبکه‌وێت تا ڕاده‌یه‌کی زۆر جوانیش بێت. ئه‌گه‌ر بڵێین: چاوی دره‌خت چاوه‌ڕێته ڕه‌نگه جوان بێت به‌ڵام سه‌خته بڵێین: گلێنه‌ی دره‌خت. با قبووڵی بکه‌ین گلێنه‌ی دره‌خت کێشه‌ی نییه به‌ڵام له کوێ بینراوه گلێنه‌ی چاوی که‌سێ به که‌ره‌سه‌یه‌ک ببڕدرێته‌وه؟! گلێنه‌ی چاو ده‌رده‌هێنرێ، نابڕدرێته‌وه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه دروسته زمانی شیعر تووشه به‌ڵام خۆ بڕیار نییه هه‌ر له خۆڕا وشه خه‌رج که‌ین. به‌تایبه‌ت ئه‌م ڕه‌وته شیعرییه‌ی ئێستا که زۆربه‌یان له یه‌ک ده‌چن و که‌متر بیر له‌وه ده‌کرێته‌وه که فڵان وشه بۆ ده‌بێ له په‌نای فڵان وشه‌دا بێت. چه‌ند ساڵێک به‌ر له ئێستا هاوڕێیه‌کم هه‌بوو زۆر موعجیبی شیعره‌کانی و ده‌فته‌ره‌که‌ی بوو؛ به‌رده‌وام حه‌زی ده‌کرد بۆ هاوڕێیان شیعر بخوێنێته‌وه؛ هاوڕێیه‌کی هاوبه‌شمان هه‌بوو به هه‌ر هۆکارێک بوو حه‌زی له گوێگرتن نه‌بوو و به‌رده‌وام وێنه شیعریی دروس ده‌کرد و ئه‌یدا به ناو شیعر خوێندنه‌وه‌که‌ی ئه‌ودا. بۆ نموونه: به پاسپۆرتی پاناییتا به ئه‌سپایی تێپه‌ڕ ئه‌بم/ به ترووسکه‌ی نهرماییتا دڵۆپ دڵۆپ ئه‌ڕوێمه‌وه/ به قه‌واره‌ی ئهندێشهتا گلارگلار ترێ ئه‌ڵێم. شتی له‌م چه‌شنه زۆر بوون. به‌رده‌وام له‌م وێنه‌گه‌له‌ی دروس ده‌کرد؛ ئێستا قوڵف و به‌س و ته‌بایی له نێوان وشه و دهستهواژهکانا ببوایه‌ت یان نا بۆی گرینگ نه‌بوو، گرینگ ئه‌وه بوو نه‌هێڵێ ئه‌و شاعیره ئارامشی هه‌بێت. به‌ڕای من له شیعری (کاتێ له شه‌ڕ گه‌ڕامه‌وه)دا شاعیر ڕه‌خنه‌یه‌کی هزرمه‌ندانه ئاراسته‌ی بیری شه‌ڕ و بیرکردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌نگێزانه ده‌کات. لێره‌شدا ناته‌بایی هه‌ندێ له وێنه و ده‌سته‌واژه‌کان بوونه هۆی ئه‌وه دێڕ به دێڕ نه‌توانم به شیعره‌که‌دا بێمه خواره‌وه و یه‌ک به یه‌ک شرۆڤه‌یان له سه‌ر که‌م به‌ڵام له سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی کۆتایی ئه‌و شیعره له‌نگه‌ر ده‌گرم. ده‌ستم ده‌ده‌م به‌و به‌ردانه‌ی/ ئاوێنه‌یان نهدڕاندووه/ باڵم ده‌ده‌م به‌و په‌نجه‌ره‌ی/ ساڵگارێکه له به‌ندایه/ زارم ده‌ده‌م به قه‌ڵه‌مێک/ گڕ له بێده‌نگی به‌ردات و/ تاریکیی شه‌ڕ بسڕێته‌وه/ کاتێ له شه‌ڕ گه‌ڕامه‌وه/ به‌تاڵ به‌تاڵ/ له‌و لاپه‌ڕه‌دا په‌یڤه‌که له ئاستێکی نزمه‌وه به‌ره‌و ئاستێکی به‌رز هه‌ڵده‌کشێ. هه‌ڵبه‌ت بۆیه ده‌ڵێم نزم چون له ڕوانگه‌ی منه‌وه هه‌ڵه‌یه‌کی عه‌مدی ڕوویداوه. له‌م لاپه‌ڕه‌دا ئه‌گه‌ر شاعیر ڕێگر نه‌بوایه فڕینی شیعره‌که باڵندهئاساتر ده‌بوو و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به ته‌قینه‌وه‌وه ده‌ستی پێده‌کرد. شکاندنی ئاوێنه دیارده‌یه‌کی ناحه‌ز و قیزه‌ونه چون ئاوێنه سیمبۆڵی ئه‌شق و ڕووناکییه. ئهتمۆسفۆڕی ڕۆمهلخهزائاسای ده‌ره‌کی بووه‌ته هۆی ئه‌وه که شاعیر به جێگه‌ی (ئاوێنه‌یان نه‌شکاندووه) بڵێ (ئاوێنه‌یان نهدڕاندووه) من وه‌ک بهردهنگێ سه‌ره‌تا وێنه‌که‌م لێ گوم بوو و بۆم گرینگ نه‌بوو به‌ڵام دوای چه‌ند چرکه زانیم چی ڕوویداوه. به زۆر وێنه‌یه‌کی تهقینهوهئاسا بگۆڕیت گاڵته‌یه‌کی ناڕه‌سه‌نانه له‌گه‌ڵ شیعر و وشه‌یه؛ ئه‌ویش گؤڕانێک هیچی تێدا به‌سه‌ر نه‌بێت. /ده‌ستم ده‌ده‌م به‌و به‌ردانه‌ی ئاوێنه‌یان نه‌شکاندووه/ ده‌یتوانی بۆ هه‌میشه خۆی له زه‌ینی بهردهنگا ناونشین بکات به‌ڵام که به جێگه‌ی (نه‌شکاندووه) وتت (نهدڕاندووه) زیان به شیعر و وشه و شاعێر و به‌رده‌نگ و پرۆسه‌ی نووسین و خوێندنه‌وه ده‌گات. چه‌ند چرکه بیرکه‌ینه‌وه بزاینین چ شتێک به شیعره‌که زیاد بووه به وشه‌ی (نهدڕاندووه). ئه‌گه‌ر به جێگه‌ی (نه‌شکاندووه) بیشڵێی (نهدڕاندووه) هیچ کارێکی ئازایهنهت نه‌کردووه ته‌نیا ئه‌وه‌ی که خۆت ته‌سلیمی ئه‌تمۆسفێری ده‌ره‌کی کردووه و به‌س. باڵم ده‌ده‌م به په‌نجه‌ره/ ساڵگارێکه له به‌ندایه/ وێنه‌یه‌کی زۆر ده‌گمه‌نه. په‌نجه‌ره دیدارگهی دوور به دووری ئاشقانه و بۆنی خۆشه‌ویستی لێدێت؛ ئه‌گه‌ر په‌نجه‌ره به‌ند کرابێت، ئه‌شق به‌ند ده‌کرێت، خۆشه‌ویستی زیندان ده‌کرێت. شاعیر بێزاره له کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که ببێت به ژێر هه‌ره‌سی ئه‌و نه‌ریتانه‌وه که ڕیشه‌یان له ئاییندایه و باڵی خۆی ده‌دا به ئه‌شق ئا فڕینێکی مه‌ل ئاسا بکات و چاوێکی پڕ له ئه‌وین به هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌که‌دا بگێڕیت. زارم ده‌ده‌م به قه‌ڵه‌مێک/ گڕ له بێده‌نگی به‌ر بدا و/ تاریکیی شه‌ڕ بسڕێته‌وه/ کاتێ له شه‌ڕ گه‌ڕامه‌وه به‌تاڵ به‌تاڵ/. کۆتایی شیعره‌که ڕه‌وتێکی به‌رز و به‌ره‌و لووتکه‌ی هه‌یه و ته‌واو کردنێکی زۆر شاعیرانه به کار هێنراوه. له شیعری (چنگت لابه له سه‌ر سه‌رم)دا، شاعیر زۆر جوان ده‌س پێده‌کا و سه‌ره‌تا ئه‌ڵێ کاکی داعش مه‌مکوژه با بۆنی ژیان بکه‌م، با ڕوخساری گوڵاڵه ببینم، با هێلانه‌یه‌ک بۆ زاڕۆکان ساز بکه‌م،با بۆنی مێخه‌ک و ڕێحانه‌ی دایکم که‌م. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مانه‌ی که وتم به‌رداشتی من له ڕسته و کۆپله‌کانی شیعره‌که‌یه و ویستوومه شرۆڤه‌ی که‌م ئه‌گینا زمانه‌که جیاوازتره له خودی شیعره‌که‌دا(کۆمه‌ڵه شیعری 21، لاپه‌ڕه‌کانی 26، 27، 28، 29) به‌ڵام له کۆتاییدا واتاکان پێچه‌وانه ده‌بنه‌وه. کاتێ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هوجام سوورچیی ناردووه‌ته به‌ره‌کانی شه‌ڕ و بۆخویشی به‌رده‌وام به‌ده‌م لرقهی پێکه‌نینه‌وه قومار ده‌کات و مانگای نه‌وت داده‌دۆشێ و به‌شێکی گیرفانی خۆی پێدهئاخنێ و به‌شێکیشی ده‌دا به ئهربابگهلی گه‌وره و پچووک، پێویسته له کۆتاییدا هوجام بڵێ: ده‌ستت دانێ له سه‌ر سه‌رم/له‌به‌ر خه‌نجه‌ره‌که‌ت مرم. له شیعری (جگه‌ره‌یه‌ک به کاتی چایی)دا که نازانم شاعیر بۆچی ده‌ڵێ (چای)، ده‌ستپێکێکی جوان و شاعیرانه هه‌یه: له حه‌سره‌تی جیهاندا وڵاتم/ له غوربه‌تی وڵاته‌وه شارم/ به فڕینی شاره‌وه قه‌وزی دێهاتم/ به ده‌لالیی تۆشدا ته‌نیای ته‌نیام/ لێره‌دا له گشته‌وه بۆ پاژ یارییه‌که‌ی جوان به شوێنه‌کان کراوه و له هه‌مان کاتا بێ هۆکاریش ئه‌مانه نه‌وتراون. له نیوه‌ی شیعره‌که‌دا شاعیر له مه‌عشووقه‌که‌ی به شێوازێکی ئاشقانه‌ی نیمچه شه‌هوه‌تی ده‌دوێ؛ به به‌ژنیا خه‌یاڵ غار ئه‌دا،جێژوانێک به کاتی ماچ له سنووری مهمکیا ساز ئه‌کا و ... له نزیکه و کۆتاییدا ده‌ڵێ: ده‌ستی هه‌موو کاندۆمهکانی شار ده‌گوشم/ که له هه‌موو قوژبنه‌کانی بهلهکتا/ ڕه‌قاس ئاسا جهزمیان ده‌کرد. شاعیر ده‌یه‌وێ بڵێ لێم ئاشکرا بووه ئه‌شق و خۆشه‌ویستی شتێکه له چه‌شنی که‌شک. ئه‌و ئه‌گه‌ره له ئارادایه که هه‌ر مهعشووقهیهک له‌گه‌ڵ که‌سانی زۆر له بن داره‌کانی قه‌راخ شار قه‌راری سێکس ڕیکبخات و به هۆی زۆر بوونی شه‌ریکه سێکسهکانهوه، بۆ به‌رگری له نه‌خۆشین له کاندۆم که‌ڵک وه‌رگرێ. له شیعری (ده‌سپه‌ڕ)دا که ناوه‌که‌ی سه‌رنج ڕاکێشه، چه‌مکه‌که پێچه‌وانه‌ی ئه‌م شیعره‌یه که ئێستا شرۆڤه‌مان کرد؛ له‌وێدا ڕه‌گه‌زی نێر ڕوانگه‌یه‌کی ههمهسێکسهی هه‌یه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه هه‌ر که‌س نه‌رم و شل و به‌له‌ک پڕ بێت ده‌سپه‌ڕی پێوه بکات. له کۆتاییدا ئه‌وه بڵێم که ده‌کرێ شاعیریش بین و خۆمان له ئه‌تمۆسفێری ده‌ره‌کی له ئاستێکی به‌رچاودا بپارێزین. کورت و کرمانجی هه‌ندێ هه‌ڵس و که‌وت له‌گه‌ڵ وشه‌دا ده‌بێته هۆی ئه‌وه به‌رده‌نگ له شیعر سڵ بکات و شیعر به‌ره‌و قه‌یران هه‌نگاو بنێ. چ پاساوێک هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له دوو یان سێ لاپه‌ڕه‌دا وشه‌یه‌ک سێ یان چوار گۆڕانی به سه‌ردا بێت، ئه‌ویش نه گۆڕانێ که قورسایی ده‌قه‌که بباته سه‌ره‌وه.له خۆشه‌ویسته‌وه بکرێ به شۆخهویست و پاشان ویستهشۆخ و ... من وا هه‌ست ده‌که‌م ئه‌گه‌ر پرسیارێکی قووڵ و بنه‌ڕه‌تی له خۆمان بکه‌ین، بۆچی ئه‌م کاره ده‌که‌ین؟ ڕه‌نگه زۆر سانا ئه‌م کێشه‌گه‌له چاره‌سه‌ر بکرێت. سه‌رچاوه‌کان: 1.نظریهی شعر سپید، حرفهای احمد شاملو در مورد شعر و شاعری، هیوا مسیح 2.رستاخیز کلمات، شفیعی کدکنی 3.کۆمه‌ڵه شیعری 21، سوله‌یمان سۆفی ساڵحی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure