یوونس ره‌زایی هێمن له ده‌گمه‌ن شاعیرانی نیوسهدهی رابردووی کورده که زۆر یه‌ک له شێعره‌کانی هه‌ڵگری فه‌لسه‌فه‌یه‌کی تایبه‌تن. له شێعره‌کانی وه‌ک «ئاره‌ق و تین» که تێیدا به‌ره‌و رئیالیسمی سووسیالیستی هه‌نگاوی ناوه، تا ئه‌و شێعرانه‌ی که هه‌ست ده‌که‌ی له دۆخی زۆر سه‌ختی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و کاتیی کوردستانی ئێران‌دا، هه‌ڵوێستی فیمینیستییان پێوه دیاره. واته هاوکات که خه‌ریکه شێوازی پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له «ئاره‌ق و تین»دا شی ده‌کاته‌وه و ده‌یانداته به‌ر ره‌خنه، له باسی ئابووری نه‌خۆش به ده‌ست سهلهمهخۆر بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی هه‌ژار، داپڵۆسینی نه‌خوێنده‌وار به ده‌ست دینیارانێک که نیچه گوته‌نی رق و قینی کۆمه‌ڵگایان له دڵ دایه، باسی گزیر و چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵک له لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتی زاڵی فیۆدالییهوه،(هێمن:231) له وه‌ها دۆخێک‌دا شیعری «ئاره‌ق و تین» وه‌ک بناخه‌یه‌کی بیری نوێ ده‌خاته روو. له ریالیسمی سووسیالیسیتی دا جه‌خت له‌سه‌ر واقع و هێنانه به‌ر باسی ژیانی خه‌ڵکی ره‌شۆکی و ده‌ستکورت یا بن ده‌ست، له به‌رانبه‌ر سه‌رده‌سته‌کان دایه. هونه‌رمه‌ندی ئه‌و شێوازه، به ده‌ست خستنه سه‌ر کێشه‌ی ئه‌و چینه له کۆمه‌ڵگا و هه‌ڵبژاردنی زمانێکی ته‌با له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنی ئه‌وان، خه‌ڵک به‌ره‌و کار هان ده‌دا، به واتایه‌کی دیکه کار و راوه‌ستان به دژی چینی سه‌رده‌ست یه‌کێک له بناخه‌کانی ئه‌و شێوازه‌ی خوڵقاندنی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان بووه. لایه‌نێکی دیکه‌ش که له شێعر و چیرۆکی ئه‌وتۆدا ره‌نگ ده‌داته‌وه، روانینی ئیدئۆلۆژیک و به جه‌ماوه‌ری کردنی ئه‌ده‌بیات و هونه‌ره.(عطایی:1388) جودا له‌وانه زۆر بابه‌تی وه‌ک دژایه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داری، گه‌شبینی مێژوویی و باسی کرێکار و وه‌رزێڕ وه‌ک خاڵی به‌رچاوی ده‌قی سه‌ر به‌و واره باس کراون.(هه‌مان) به‌و هۆیه‌شه که ئه‌وان پێیان وایه هونه‌ر چون دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانییه، وه‌ک هه‌موو دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنان و دۆخی ماددی سه‌رده‌می خۆی کاریگه‌ری وه‌رده‌گرێ و ته‌نانه‌ت پێیان وایه له‌گه‌ل گه‌شه و تێداچوونی شێوازی به‌رهه‌مهێنان دا، گه‌شه ده‌کا یا تێدا ده‌چێ.( خسروپناه:1389) به‌و پێیه ئه‌گه‌ر چاوێک به شێعری «ئاره‌ق و تین»ی هێمن دا بخشێنین، ده‌بینین له دوو به‌شی یه‌که‌م دا، پاش وێنه کێشانێکی شاعیرانه و له‌هه‌مان کاتدا واقیع خوازانه، وه‌ک نه‌ریتی چامه کۆنه‌کان، به سازکردنی که‌شێکی شاعیرانه خوێنه‌ر به‌ره‌و مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی خۆی راده‌کێشێ. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و وه‌سفه شێعرییانهش له زمان و وێنهسازییهک که له واقیع وه‌رگیراون لانادا. له‌هه‌مان کاتیش دا ئه‌و خاڵانه ده‌خاته روو که هه‌ستی جه‌ماوه‌ر ده‌یناسێ و تێی ده‌گا. له وه‌سفی سروشته‌وه به‌و شێوه‌یه‌ی که جه‌ماوه‌ر ده‌یبینێ نه‌ک به وه‌سفێکی بۆ وێنه له گوێن وه‌سفه‌کانی شاعیرێکی وه‌ک «مه‌نووچێهری دامهغانی» یان ته‌نانه‌ت «نالی شاره‌زووری» که به‌هارێک وه‌سف ده‌کا له زه‌ینی جه‌ماوه‌ردا وێنه‌ی نابینییه‌وه. گه‌رمی و ته‌ڕی به‌هاره که پشکۆ کوژایه‌وه پشکۆی گوڵاته‌شین به نه‌سیم بوو گه‌شایه‌وه لاله که مه‌جمه‌رێکه به با خۆش و گه‌ش ده‌بێ ناوی که پڕ خه‌ڵووزه به شه‌بنه‌م گه‌شایه‌وه(نالی:458) سروشتی ئه‌و شێعره، سروشتی جه‌ماوه‌ره و ته‌نات سروشت له روانگه‌ی ئه‌و به‌شه له جه‌ماوه‌ره که زیاتر کرێکار و وه‌رزێڕن. چون نیشانه‌کان ئه‌وانه به ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن. پێش ئه‌وه‌ی گزینگی هه‌تاو ترۆپکی جیا بنگیوێ پێش ئه‌وه‌ی شنه‌ی به‌یانیی بسکی به‌ڕه‌زا ببزێوێ پێش ئه‌وه‌ی قاسپه‌ی خاسه‌که‌و لهزهرد و ما ده‌نگ داته‌وه(هێمن:230) تا وه‌سفی ئه‌وینێکی سه‌ر به‌و چینه. لێره‌ش دا نموونه‌ی ئه‌وینداری و نیشانه‌ی ئه‌وینی لووکس و باڵاده‌ستانه نابیندرێ. چون بڕیاڕه ئه‌وینێکی خۆماڵی و راستینی تیپێکی تایبه‌ت بۆ خۆیان بنوێندرێتهوه. پێش ئه‌وه‌ی شه‌وگه‌ڕی دڵته‌ڕ وه‌ڕه‌ز بێ له ماڵ و ماڵان(هێمن:231) * پێش ئه‌وه‌ی بێری شل و مل چاوی خهوڵوو هه‌ڵێنێ (هه‌مان) تا ده‌گاته ئه‌و چین یان چینانه‌ی به مه‌نتیقی شێعره‌که‌ی له باری ئیدئۆلۆژیکه‌وه پێویسته له‌به‌رانبه‌ریاندا رابوه‌ستێ. ئه‌و چینانه‌ش که‌سانێکن که له دژی به‌رژه‌وه‌ندی چینی کرێکار و دروێنه‌وان و وه‌رزێڕانی دێهاتیدا له‌مپه‌رن. حاجی سه‌له‌مخۆر که له باری مادییه‌وه خه‌ڵک ده‌چه‌وسێنێته‌وه، که‌سانێک که له به هه‌ڵه‌دابردنی تێگه‌یشتنی خه‌ڵک دا کاران و نموونه‌کانیان له ئه‌ده‌بیاتی کۆندا به شێخی ریایی و ... ناسراون، گزیر وه‌ک نوێنه‌ری چینی سه‌رده‌ست و باسکی سه‌رکوت و ... پاش خستنه رووی ئه‌و وێنانه له سیستمی له روانگه‌ی شاعیره‌وه نه‌خۆش و ناخۆشی ئابووری و به‌رهه‌مهێنانه، که سیستمی دڵخوازی خۆی وه‌ک شاعیرێک که هه‌ڵگری ئیدئۆلۆژییه‌کی تایبه‌ته ده‌خاته روو. ئه‌و کاته‌یه که ده‌ڵێ من هه‌موو ئه‌و دیارده نه‌رێنییانه‌ی ژیانم وه‌لاناوه و له‌و به‌ری ئه‌وانه‌وه : من کاوی خۆم له کار دیوه من جه‌رگی زه‌ویم بڕیوه من شێلهگهم هه‌ڵبڕیوه من یه‌ک سه‌ریم ئاخنیوه *** من جوتیارم من جوتیارم من له‌گه‌ڵ هه‌تاو هاوکارم ئه‌و به ئاره‌ق و من به تین دامان رشتووه بناخه‌ی ژین(هێمن:232) یا له‌و کاته‌دا که رۆڵی ژن له کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا، له‌و په‌ڕی لاوازی دابوو، له چه‌ندین شێعری وه‌ک وتوێژی کیژ و کوڕ(هێمن:90) گوڵی هیوا(هێمن:187) سنوور (هێمن:229) و... رۆڵی ژن له‌و ئاسته نه‌ریتییه‌ی ده‌باته سه‌رتر و تا پله‌ی که‌سایه‌تییه‌کی وه‌ک «ژاندارک» به‌رزی ده‌کاته‌وه. ئه‌وه له کاتێک دایه زۆر دواتریش کۆمه‌ڵگای نه‌ریتیی کورد، ده‌رفه‌تی وای بۆ ژن نه‌ڕه‌خساندووه. هه‌روه‌ها ئه‌و شێعرانه‌ی که له جه‌نگه‌ی په‌ره‌گرتنی بزووتنه‌وه ناسیۆنالیستییه توندئاژۆکان له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناویندا نووسیونی و باسی رووحی لێبوورده‌یی و تۆلێڕانس له ناخیاندا په‌نگی خواردووه‌ته‌وه. باسی به‌رابه‌ری ئینسانه‌کان و برایه‌تی گه‌لان، چ له دونیا و چ له ئێران‌دا و له‌و رێیه‌وه ئاشتیخوازی، ته‌بایی گه‌لان، ئازادی و زۆر بیرۆکه‌ی نوێی دیکه فێری «کیژ و کوڕ، لاو و گراوی، دڵبه‌ر و دڵداری کورد ده‌کا».(هێمن:170) بۆ وێنه ده‌توانین ئاماژه به شێعری وه‌ک «کورد و ئازه‌ربایجانی»(هێمن:139) بۆ لێک نزیک کردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ی ئێران و له شێعری «به‌غدا نیوه‌ی رێیه‌ت بێ»(هێمن:172) بۆ چاره‌نووسی هه‌موو خه‌ڵکی ئێران که بۆ ماوه‌یه‌ک له ده‌ست رژێمی پاشایه‌تی قوتار بوون و شای په‌هله‌وی وڵاتی به‌جێ هێشتبوو به په‌رۆشه و رێی رزگار بوون له دیکتاتۆرێکی هاوبه‌ش ده‌ستنیشان ده‌کا. زۆر جاریش هه‌ستێکی نێهێلیستی له ناخیدا، دوای نسکۆ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌دیهاتووه و تاڵترین و له‌هه‌مان کاتدا به‌رزترین هۆنراوه‌کانی له‌و کاتانه‌دا هۆنیوه‌ته‌وه. شێعری به‌رزی وه‌ک «سازی ناساز» نموونه‌ی به‌رزی ئه‌و چه‌شنه ده‌قانه‌ی هێمنه. ئه‌گه‌ر نێهێلیستهکان حاشا له هه‌ر چه‌شنه ناسیاری و بوونیک ده‌که‌ن، یان روانینێکی ره‌شبینانه بۆ دیارده‌کانی بوون و ژیان ده‌خه‌نه روو، ئه‌وه له‌و شێعره‌ی هێمندا، هه‌موو ئه‌و دیاردانه‌ی بۆ پێناسه‌ی خۆی که‌ڵکیان لێ وه‌رده‌گرێ؛ ئه‌وپه‌ڕی لاوازی و بێ که‌ڵکی و په‌رواێز که‌وتنیانه. واته ئه‌گه‌ر وه‌کی ده‌ڵێن «ئیوان تۆرگنییهف» که یه‌که‌م جار له کتێبی «باوکان و کوڕان» له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی که‌ڵک وه‌رگرتووه و وه‌ک شێوه‌یه‌کی ره‌خنه‌گرانه‌ی نه‌رێنی له‌مه‌ڕ گرێبه‌ست و نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئه‌و شێوه‌یه‌ی هه‌ڵبژرادووه.(علويراد:18) ئه‌وه هێمن گرێبه‌سته واتایی و نه‌ریته فۆڕمییهکان، که له مابه‌ین زه‌ین و عه‌ینی مرۆڤی کورد دا شکڵی گرتووه تێک ده‌دا. وێنه‌یه‌ک ده‌سڕێته‌وه و یه‌کی دیکه ده‌نه‌خشێنێ، به‌و جوداوازییه‌وه که هه‌مان دیارده و هه‌مان بوون له دۆخێکی تایبه‌ت دایه که ئه‌و ده‌یبینێ و هه‌ر بۆیه مانایه‌کی جودای له ماناکانی پێشووی هه‌یه. لێره‌دا هێمن پێناسه‌ی خۆی له قالبی هه‌موو ئه‌و دیارده و شت و بووندارنه(هستوومند)دا ده‌بینێته‌وه که له پانتایی بووندا یان واتایه‌کی تاڵیان هه‌یه یان که‌ڵکیان نییه و له په‌راوێزه تاڵه‌کانی بوونن. تا ئه‌و راده‌یه‌ی که له بوون و نه‌بوونی خۆشی نادڵنیایه. واته شاعیر به باسی ئه‌و بوونانه که له ژێر نسێی بوونه‌کانی دیکه‌وه واتایه‌کیان بۆ ده‌بینیه‌وه، خه‌ریکه پێناسه‌ی جودا له بوون/نه‌بوون ده‌خاته روو. له‌و شێعره‌دا که شێعرێکی به ته‌واوی بیر لێکراوه‌یه، سه‌ره‌تا بڕیاری خۆی داوه که ره‌شبینانه‌ترین شێعری خۆی بنووسێ. شێعرێک نیشانده‌ری بێهیوایی ئینسانێک له ژیان و هونه‌ر و شۆڕش و کۆمه‌ڵگا و ته‌نانه‌ت سروشتیشه. به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی خۆی و ره‌شبینی خۆی ده‌رببڕێ، به له‌به‌ر یه‌ک رانانی دوو هه‌رێمی واتایی له‌هه‌ر کام له به‌یته‌کانی ئه‌و شیعره‌دا، حه‌ول ده‌دا سه‌ره‌تا وێنه‌یه‌کی جوان و پڕ له ژیان نیشان بدا، وێنه‌یه‌ک که به‌شی به‌رهه‌ست و به‌رچاوی بوونی شته‌کان ده‌رده‌خا و دواتر ئه‌و دیمه‌نه به کێشانه‌وه‌ی دیمه‌نێکی ره‌ش و پووچ له‌و دیمه‌نه‌ی پێشوو بخاته روو، بۆوه‌ی کاریگه‌رییه‌کی زیاتر و به‌رچاوتری له سه‌ر خوێنه‌ر هه‌بێ. بۆ روونتر بوونه‌وه‌ی باس دوو ده‌سته له‌و دیاردانه‌ی له شێعرهکهدان ده‌خه‌ینه به‌رچاو، ده‌سته‌ی یه‌که‌م ئه‌و دیاردانه‌ن که هه‌موویان له ژیان و ئه‌ده‌بیاتدا جوانن: بولبولی فه‌سڵی گوڵ، موغی ئاگر به‌ده‌ست و شادمان، نازه‌نینی ته‌ڕپۆش، جێژوانی ئاوه‌دان به دڵبه‌ر و دڵداره‌وه، شمشاڵی جوان و پڕ ئاواز، ریحانهجاڕی بۆنخۆش، ره‌شبه‌ڵه‌ک، قاسپه‌ی که‌و، ده‌فته‌ری شێعری پڕ له شێعری پاراو، و ... له‌به‌رانبه‌ر دا ده‌سته‌ی دووهه‌م ئه‌و دیاردانه ده‌گرنه‌وه که حاڵه‌تی نه‌رێنی هه‌موو دیارده‌کانی پێشوون بۆ وێنه: بولبولی باڵ شکاوی وه‌ختی گوڵ، موغی بێ ئاگری شه‌وی یه‌لدا، سێبه‌ری نازه‌نینی ره‌شپۆش، کونجی جێژوانی خامۆش، ده‌ستی به‌ربووی کچی شایی، کێلی گۆڕی شه‌هیدی گومناو، کونی گیراوی کۆنه شمشاڵ، چڵهریحانی دووره دێراو، سازی ناسازی هه‌ڵپه‌سێراو و ... له مابه‌ین ئه‌و هه‌موو خۆشی و ناخۆشییه دایه که له بوون و نه‌بوونی خۆشی دڵنیا نییه و زۆر بهدگومانانه ده‌ڵێ من نه ته‌نیا «وجوودیک نیم له مابه‌ین دوو عه‌ده‌م دا»، به‌ڵکوو گومانێکم له مابه‌ین بوون و نه‌بوون دا. ئه‌وه ره‌شبینانه‌ترین روانگه‌ی شاعیره که به زمانێکی کاریگه‌ر دهریبڕێوه. “چۆن ده‌توانم به تۆ بڵێم من چیم خۆم گومانم هه‌یه که هه‌م یان نیم”(هه‌مان: 296) له هه‌ندێک شێعریشیدا شانی داوه‌ته به‌ر ئه‌رکی هه‌ستیار و قورسی ره‌خنه‌گرتن، له ئاکاری سیاسییه‌وه بگره تا ره‌فتاری کۆمه‌ڵایه‌تی و له ره‌خنه‌ی ره‌قیب و بهرههڵستهوه بگره تا ره‌خنه له خۆ، به هه‌ر دوو واتا سیاسی و تاکه که‌سییه‌که‌یه‌وه. مامۆستا هێمن وه‌ک رۆشنبیرێک به پێی ناوه‌رۆکی به‌رهه‌مه‌کانی هه‌رگیز له به‌رانبه‌ر ناله‌بارییه‌کانی کۆمه‌ڵگا ته‌سلیم نه‌بوو، به‌ڵكوو به گرتنه به‌ری ئاراسته‌یه‌کی ره‌خنه‌گرانه له به‌رانبه‌ر پێکهاته پواو و سواوه کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوورییه‌کان، لایه‌نی واتایی ئه‌و پێکهاتانه‌ی دایه به‌ر ره‌خنه که کۆمه‌ڵگای به‌ره‌و لاڕێ بوون یان لانی که‌م په‌سیڤ بوون و مانه‌وه له دۆخی پێشوو دا هان ده‌دا. ئه‌وه تایبه‌تمه‌ندی کاری ئه‌ده‌بی هێمن له قالبی شێعردایه. ئه‌ویش له سه‌رده‌مێک دا که ده‌یهه‌وێ رۆڵی رۆشنگه‌ر و رۆشنبیرێکی ره‌خنه‌گر و له هه‌مان کات دا بنیاتنه‌ر بگێڕێ. ئه‌و واتایه ره‌نگه له گه‌ڵ پێناسه‌ی ئه‌وڕۆیی رۆشنبیر ته‌واو ته‌باش نه‌بێ، به‌ڵام شاعیڕێکی کورد که 70 ساڵ له‌وه پێش به کوتکی ره‌خنه‌وه ده‌چێته سۆراغی روخاندنی بوته فکرییه‌کانی کۆمه‌ڵگا و له لایه‌ک بناخه‌ی ئه‌وانه ده‌کۆڵی و له لایه‌ک رێگای جودا له‌وان نیشان ده‌دا، ئه‌گه‌ر له هه‌ندێک شوین دا له رچه‌ی شێعرێش لای دابێ ئه‌وا له سه‌ر گه‌وره رێی رۆشنگه‌ری و رۆشنبیری دا خۆی دیوه‌ته‌وه...(درێژه‌ی هه‌یە) سازی ناساز بولبوولی باڵ شكاوی وه‌ختی گوڵم هه‌ر شه‌پۆلان ده‌دا دڵی له كوڵم كوردی به‌ندی به‌یانی نه‌ورۆزم گڕی گرتووه ده‌روونی پڕسۆزم موغی بێ ئاگری شه‌وی یه‌لدام چاوه‌ڕێ چاره‌نووسی نا په‌یدام كه‌وی بێ ده‌نگی نه‌و به‌هارانم گوڵی بێ ره‌نگی چاو له بارانم كونجی جێژوانی چۆڵ و خامۆشم سێبه‌ری نازه‌نینی رهشپۆشم ده‌ستی به‌ربووی كچی گه‌ڕی شاییم هه‌ستی خنكاوی لاوی سه‌وداییم كێلی گۆڕی شه‌هیدی گوم ناوم تاكه‌داری كڕووزی بێئاوم ده‌فته‌ری شێعری شاعیری رووتم شه‌می سه‌ر گۆڕ و داری تابووتم کونی گیراوی کۆنە شمشاڵم خەونی ئالۆز و خاتیرەی تاڵم ژیلەمۆی ئاگری بەیانانم باوکی فرمێسکم و کوڕی ژانم باڵە سووتاوەکانی پەروانەم شووشە بادەی بەتاڵی مەیخانەم چڵە رێحانی دوورە دێراوم سازی ناسازی هەڵپەسێراوم تکە ئاونگی سەر گەڵای زەردم خەستە و دەردەداری هه‌چی دەردم ئاخرین تیشکی خۆری پاییزم شاعیری پیری تووڕە و زیزم چۆن دەتوانم بە تۆ بڵێم من چیم؟! خۆم گومانم هەیە کە هەم یا نیم؟! (هه‌مان:296( سه‌رچاوه: - هێمن (2708) دیوانی هێمن موکریانی (سه‌رجه‌می شێعره‌کانی مامۆستا هێمن)، نووسیار: وریا حه‌بیب، سوله‌یمانێ: په‌خشانگای ئازادی - علویراد، نسترن (1391) مفهوم و تاريخچه نيهيليسم در فلسفه اروپايي، روزنامه رسالت شماره 7552 - خسروپناه، محمد حسین (1389) سرآغاز رئالیسم سوسیالیستی در ایران، فصلنامهی زنده رود، شمارهی ۵۲ ، پائیز و زمستان - هادی، روحالله؛ عطایی، تهمینه (1388) مبانی زیبایی شناختی رئالیسم سوسیالیستی، مجلهی علمی پژوهشی زبان و ادبیات فارسی - نالی (1364) دیوانی نالی، لێکۆڵینه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ریس و فاتح عه‌بدولکه‌ریم، ارومیه: مرکز نشر فرهنگ و ادبیات کردی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure