عه‌لی حسه‌ینی له چۆنیه‌تی و چییه‌تیی شێعر تاریفگه‌لی زۆر هاتووه‌ته ئاراوه. له یۆنانی که‌وناردا سه‌ره‌تا شێعر به‌و ئه‌فسانه‌گه‌له ده‌وترا که به نه‌زم ده‌رده‌هێنران و وه‌سفی پاڵه‌وانان و خودایانی یۆنانیان ده‌کرد. ئۆدیسه و ئیلیادی هۆمێر له‌و چه‌شنه ده‌قه بوون که له‌واندا هه‌وڵده‌درا خاوه‌ن توخمێتی، پاکێتیی و ئازایه‌تیی پاڵهوانگهل و خواکان بهێنرێنه به‌ر باس و پێیاندا هه‌ڵبڵێن تا له‌و ڕێگه‌وه سه‌ربوونی خۆیان به نه‌ته‌وه‌کانی تر نیشان بده‌ن و هه‌ر وه‌ها بیری به‌رخودان زیندوو بهێلنه‌وه. هه‌ر له هه‌مان یۆنانی که‌وناردا به‌ره‌به‌ره تاریفگه‌لی نوێتر له شێعر هاته به‌رباس و له ڕێگه‌ی فه‌یله‌سووفانی وه‌ک ئه‌ره‌ستووه‌وه چه‌شنێ له بووتیقا و تهغهززول بۆ پێناسه کردنی شێعر هاته ئاراوه. له ئێرانی که‌وناراشدا،به له به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که پاش هاتنی ئایینی ئیسلام پێده‌چێ کتێب و نووسراوه‌کان له ناوچووبن، ئه‌وه‌ی که له به‌رده‌سدا بێت گاتاگهلی زهرتۆشته که به کۆنترین نوسخه شێعرییه‌کان به ئه‌ژمار ده‌هاتن و چه‌شنێ له شێعری بڕگه‌یی بوون. له ئه‌ده‌بیاتی کلاسیکی کوردی‌دا، له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان هه‌ڵسوکه‌وتی شاعێرانه له‌گه‌ڵ ژانری شێعر که‌م و زۆر به یه‌ک چه‌شن بوو؛ له ئه‌حمه‌دی خانی و مه‌لا جزیرییه‌وه بگره تا نالی، حاجی قادر، ئه‌حمه‌دی کۆر، شێخ ڕه‌زا، مه‌حوی، وه‌فایی،ئه‌ده‌ب و ... هه‌مان به‌رخوردیان بووه له‌گه‌ڵ شێعر. هه‌ڵبه‌ت مهم و زینی خانی له سه‌ر کێشی مه‌سنه‌وییه به‌ڵام شێوازی ده‌ربڕین و چۆنێتیی به کارهێنانی زمان که‌م و زۆر هه‌مان شته که له شێعری شاعیرانی تردا بینراوه. خودی خانییش کاریگه‌ریی کلاسیک نووسانی گه‌وره‌ی فارسی وه‌کوو نیزامیی گه‌نجه‌وی و که‌سانی تری له سه‌ر بووه. به‌ڵام له شێعری زۆربه‌ی ئه‌و شاعێرانه‌ی که له سه‌ره‌وه ناو بران قه‌سیده و غه‌زه‌ل به زۆری ده‌بینرێن و به‌م پێیه که‌ڵک وه‌رگرتن له کێشگه‌لی جۆراوجۆری عه‌رووزی له‌و په‌ڕی پێویستیدا بوو. له ئه‌ده‌بیاتی نوێی شێعریدا زانیارییه‌کی به‌رچاومان له دوو به‌شی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان نییه. له دوو به‌شی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتا له سه‌ره‌تادا بزاڤه نوێکان که‌م و زۆر هاوچه‌شن بوون به‌ڵام به‌شی ڕۆژهه‌ڵات به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ندێ بزاڤی خه‌ساوی پاش شاملوویی له شێعری فارسی‌دا و ڕه‌چاوکردنی ئه‌و بزاڤانه له لایان شاعیرانی کوردی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه، له باشوور جیابووه‌وه و ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی خۆی به‌و بزاڤه خهساوانهوه هه‌ڵدا. له باشووری کوردستانیش گۆڕانکاریی زۆر دروس بوو؛ ئه‌وان هه‌ر زۆر زوو خۆیان له ڕێچکه سه‌ره‌تاییه‌کانی گۆران جیاکرده‌وه و پێده‌چێ له‌م بیست ساڵه دواییه‌شدا هه‌وڵێکی شاراوه درابێ تا له شێرکۆ و په‌شێو و ئاڤانگاردگهلی تر گوزه‌ر بکرێ. کۆمه‌ڵه شێعری زه‌ویی پلاستیکی دیار له‌تیف ڕه‌نگه له‌م خانه‌یه‌دا جێی بێته‌وه. چهشنگهلێ له وتوو وێژ له‌م کۆمه‌ڵه شێعره‌دا خۆ ده‌رده‌خه‌ن که به‌رده‌نگ له هه‌ندێ شوێندا وا هه‌ست ده‌کا لاسایی زیافه‌ت یان کۆماری ئه‌فلاتوون کراوه‌ته‌وه؛ ئه‌وه‌ی که خودی ئه‌فلاتوون چه‌نده له‌گه‌ڵ شێعرا بوو یان چه‌نده دژی بوو کارمان نییه به‌ڵام ڕه‌نگه له‌م کۆمه‌ڵه شێعره‌دا هه‌وڵ درابێ له فه‌ننی ده‌قگه‌لی تر بۆ په‌ره‌پێدانی ده‌قه‌که و دروسکردنی ئهتمۆسفۆرێکی نوێتر که‌ڵک وه‌رگیڕێ. ئه‌مه‌ش پێوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه چه‌نده به‌رده‌نگ قبووڵی بکات و سه‌رکه‌وتن به سه‌ر دۆخه‌که‌دا له چ ئاستێک‌دا بووبێت. له‌م کۆمه‌ڵه شێعره‌دا ڕه‌نگه به هۆی هه‌ندێ نامۆیی سه‌ره‌تاییه‌وه که له ده‌قه‌که‌دا به‌دی ده‌کرێ خوێنه‌ر سه‌ره‌تا هه‌ست به نزیکایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌قه‌که نه‌کات به‌ڵام به‌ره‌به‌ره نامۆییه‌که به‌ره‌و سڕێنه‌وه ده‌چێت و پێوه‌ندییه‌کی باشتر ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ. که‌م که‌م خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ڕۆحی شاعیر و ئه‌و ڕۆحییه‌ی وا له کۆمه‌ڵگه‌که‌ی ده‌ینوێنێ ڕێک ده‌که‌وێ. سه‌رمامه چون سه‌گێک له بۆشایی شه‌ودا/من کوڕی سه‌ر ڕێگاکانم/تووتنی ناو سهبیلهکهم،/ پڕ له نیکۆتینی هه‌ژارییه./ یان: فریشته بچکۆلانه‌که‌م../مناڵیم به که‌ڵكی گێڕانه‌وه نایه‌ت/ ساڵه‌کانی گه‌وره بوونیشم/ ورده شووشه‌ی گه‌رووی ژیانن./ له هه‌مووی ئه‌مانه‌دا و شتی زۆری له‌م چه‌شنه به‌رده‌نگ به گه‌رمی له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕۆحییه برینداره‌ی شاعیر مه‌به‌ستیه‌تی پێوه‌ندییه‌کی خه‌مناکانه وه‌رده‌گرێ. له‌وه ئاگادار نیم که شاعیر تا چ ڕاده له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتی بیانی پێوه‌ندیی هه‌بێت به‌ڵام له بواری فۆرم و قه‌واره‌وه هاوچهشنییهکی زۆر له نێوان ئه‌م ده‌قه شێعرییه و هه‌ندێ له ده‌قه شێعره بیانییه‌کان ده‌بینرێ. سه‌رنج بده‌نه ئه‌م شێعره‌ی چارلز ئار. فیڵدشتاین شاعیری ئه‌مریکایی که ساڵی 2010 له کتێبی ده‌روازه‌که‌دا به وه‌رگێڕانی عه‌لی حسه‌ینی له سلێمانی چاپ کراوه: (چاوه‌ڕوانی) ڕۆژ وه‌کوو ئه‌سپێکی شه‌که‌ت خۆی کێش ده‌کات. قوتابیان کوتووپڕ ده‌ڕژێن به سه‌ر کورسییه‌کانیاندا، به شێوه‌یه‌کی هاوچه‌شنه به‌ره‌و ده‌رکه دهرینهکه به‌ره‌و گه‌وڕی تاریکی خه‌و، پۆله‌که دێتهکۆتایی. کورسیه‌که‌م لار ده‌بێته‌وه، منیش به‌ره‌و ماڵ ده‌ڕژێم ئه‌و شوێنه‌ی که چیمهنهکهم چاوه‌ڕێمه، به ده‌ور و پشتی ماڵمه‌وه ڕێک له بهردایهنێک ده‌چێ شه‌وقی هه‌تاوی گرتبێ، شه‌وژه‌نی ده‌روازه‌که‌م چاوه‌ڕوانی کردنه‌وه‌یه، قوڵفی ده‌رکه بهروهکهشم چاوه‌ڕێگه‌ی کلیله‌که‌یه، چێشتخانه‌که، ئاوسه به نانی تازه،چاوه‌ڕێگه‌ی شه‌وقێکی هێوره که له داڵانه‌وه تێیدا بڵاو بێته‌وه، به‌ره به‌ره شهوقهکه به‌ره‌و به‌شی خۆڵه‌مێشیی خۆی ده‌بزوێت و ون ده‌بێ، له نێو هۆده‌ی خه‌وه‌که‌مدا،به سه‌ر سه‌رینه‌که‌مه‌وه، نیشانه‌ی نێوانی کتێب بۆ خه‌ونه‌کانمه،که ئه‌توانم له‌و شوێنه‌وه بڕژێمه ناو ئاینده‌وه، به‌و گومانه که له چه‌قی دهرکهکهمدا به وێنه‌ی ئه‌سپێکی ئازا سمکۆڵان کا و شه‌ماڵ ئاسا له ده‌روازه‌که‌وه ده‌رچێ. ئه‌مه‌ش کۆپله‌یه‌ک له کتێبی زه‌ویی پلاستیک لاپه‌ڕه‌ی 47، به گشتی ده‌ربڕینی له‌م چه‌شنه له کتێبه‌که‌دا زۆره: شاره‌کان ده‌کشێن په‌راسووه‌کان ته‌سکتر ده‌بنه‌وه. هه‌وا پچڕپچڕه و گیرفانه‌کانی پڕه له چه‌وری ماشێنه‌کان له ژێر زرمه‌ی کات دهپلێنهوه. ئاوه‌ڕۆی چه‌رمه‌سه‌ری تینووترمان ده‌کات. مه‌به‌ستم له شێوازی ده‌ربڕین و بهڕیزوتنی شته‌کان و هه‌ر وه‌ها بێ توێکڵیی پهیڤهکانه؛ به گشتی زۆرێک له ده‌ربڕینی شێعری له کتێبی زه‌ویی پلاستیکدا به‌م شێوه‌یه‌یه. شێعری ڕۆژاوایی شێعرێکی بێ توێکڵه و له شێعریاندا خوازه ده‌وری که‌متر ده‌گێڕێ به‌ڵام شێعری ڕۆژهه‌ڵاتی، به تایبه‌ت شێعری کورد، ئێران و عه‌ره‌ب، شێعرێکی خوازه‌ییه. له شێعری گهشتنامهدا، به گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕابردوو و ئاماژه به شارستانییه‌ته کۆنه‌کان، شاعیر ده‌یه‌وێ سه‌فه‌رێک به‌ره‌و دوا بکات و سه‌فه‌ره‌که ئاوێته‌ی ژیانی ئه‌مڕۆ بکات. قافڵهکهم لێده‌خوڕم،/ به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی کۆن/ ههگبهکان پڕن له پرسیار/ په‌پووله ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کان له سه‌رمان هه‌ڵنیشتوون./ هه‌ر له‌م شێعره‌دا: له‌دایکبوون خۆکوژییه‌کی ته‌نکه،/ له سه‌ر سه‌مای شه‌یتان،/ که واته من زیندانیی سه‌ره‌تای خۆمم./ دێته سه‌ر وته‌کانی دیدی په‌پای و ئه‌ڵێ: کۆمه‌ڵگه شوێنی کوشتنی ئاره‌زووه‌کانی تاکه/ سه‌رچاوه‌ی گه‌نده‌ڵ بوونی مرۆڤه/ درێژه‌ی شێعره‌که و پاشان ئه‌م چه‌ند ڕسته: هه‌زار ساڵه به‌ڕێوه‌م/ ڕابردووم بازداوه/ ئه‌سپه‌که‌م سه‌رسم ده‌دا./ دێموکڕاسیی شکاو،/ له ژێر ناڵهکهیدا ده‌زرنگێته‌وه./ ئه‌گه‌رچی ڕیوایی بوون به سه‌ر ئه‌م ده‌قه شێعرییه‌دا زاڵه به‌ڵام هه‌وڵدراوه ڕواڵه‌تێکی نوێ بدرێ به ڕیوایه‌ته‌که؛ زۆر جار خوێنه‌ر وا هه‌ست ده‌کات ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌قه شێعرییه له قه‌واره‌ی ڕۆمانێکدا بوایه شتێکی سه‌مه‌ره‌ی لێ ده‌رده‌هات. به خوێندنه‌وه‌ی شێعری ڕۆژه زێرابییهکان خوێنه‌ر وا هه‌ست ده‌کا که شاعیر به وردی ڕۆمانی نه‌ته‌وه‌ی زێرابه‌کانی جه‌بار جه‌ماڵ غه‌ریبی خوێندبێته‌وه و به قووڵی چووبێته ناو ده‌قه‌که‌یه‌وه. ئه‌و ڕۆمانه‌ش له به‌ره‌یه‌کی شوناس لێسه‌ندراو، به شتوومه‌ک کراو و له ناو چاڵی خه‌مۆکیدا نغرۆکراو ده‌دوێ که له زێرابدا جێگایان بۆ کراوه‌ته‌وه تا له‌وێدا، له ژێر زه‌خت و فشاری ژیاندا بیر له سه‌رهه‌ڵدان و ڕزگاری بکه‌نه‌وه. هه‌ڵبه‌ت پێشتر له شرۆڤه‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌دا وتبووم که له‌ودا په‌یڕه‌وی له ئه‌ده‌بیاتی چه‌په‌ڵی کۆتایی هه‌شتاکانی ئه‌مه‌ریکا کراوه. له زه‌ویی پلاستیکیشدا شاعیر وه‌کوو تاکێک له به‌ره‌ی نغرۆ بوو، جارجار له هه‌مان ئه‌ده‌بیاتی پۆخڵ و که‌م و زۆر تووڕه که‌ڵك وه‌رده‌گرێ. من نووسه‌ر نیم/ که‌چی ده‌خوازم قوونم له باوه‌شی دێڕه‌کان بشارمه‌وه./ به گشتی به‌رده‌نگ وا هه‌ست ده‌کات ڕۆمانێک له گه‌رووی شاعیردا گیری کردووه که ویستوویه‌تی له‌و ڕێگه‌وه نسکۆکانی به‌ره‌یه‌کی داپڵۆسراو و شکست خواردوو بنوێنێ. که ده‌ڵێم ڕۆمان مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه شێوازی داڕشتنی ده‌قه‌که و ناوه‌رۆکی ده‌قه‌که هاندرمانن که بڵێین جۆرێک له هاوچهشنێتیی له‌گه‌ڵ ڕۆمان هه‌یه که ناوشیاری شاعیر پاڵی پێوه ناوه زووتر بێته دنیای بوونه‌وه و ئه‌مه‌ش هۆکاره بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قه‌که به‌شێوه‌ی نه‌وه‌کام یان له‌بارچوو بێته بوونه‌وه. شکسته‌کانیش ئه‌وه‌نده زۆرن که ڕه‌نگه هه‌ر به هه‌مان ڕۆمانی خنکێندراو له گه‌رووی شاعیردا بنوێندرێن. به گشتی کاردانه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه له حوکمڕانیی حکوومه‌تیی کوردی له ڕاده‌به‌ده‌ر به ده‌قی زه‌ویی پلاستیکه‌وه دیاره. به‌ره‌یه‌ک که به هۆی حاکمیه‌تی گه‌نده‌ڵی حاکمانی کورده‌وه ته‌نانه‌ت ویسته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیشی له‌بیرچووه‌ته‌وه. ئازاری ناوسه‌رم،/ له سه‌ر ئاڵای وڵاته‌که‌م ده‌کوتم./بارابۆس من کاول بووم/ ڕمامه خواره‌وه‌ی گه‌ردوون./ یان: ئاڵاکه‌م/ بیرم چوو من ئاڵام نییه/ نیشتمانه‌که‌م دایکوتاندم به خاچه‌وه./ ئه‌م ده‌قه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ که حکوومه‌تی کوردی هه‌رگیز حکوومه‌تێکی سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه و بهرهیهکیشی نغرۆی ناو لمی خه‌مۆکی کردووه. ده‌رباره‌ی جوانکاریی زمانی و تهغهززول ئه‌وه بڵێم که شاعیر ئاگایانه یان ڕه‌نگه نائاگایانه ڕواڵه‌تێکی ئاخاوتن ئاسای داوه به ده‌قی شێعره‌کان و به‌م پێیه جوانکاریی شێعری له چه‌شنی ئیهام و خوازه و ... تا ڕاده‌یه‌ک دابه‌زیوه هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌و مانایه نییه که جوانکاریی نه‌بێت؛ هه‌ندێ جار وێنه‌گه‌لی شێعریی زۆر جوان ده‌بینرێن: سێبه‌ری لاق شۆڕی ناو تاریکی،/ هه‌ناسه‌یان بۆنی چۆله‌که‌ی بر‌ژاو ده‌دات و شه‌ڕ/ به شه‌قامه‌کانی ژێر پێیان ده‌فرۆشن./ یان: نه‌فره‌ت چرایه له ماڵی پاکیزه‌ییدا/ که هه‌م وێنه‌یه‌کی جوانه و هه‌م به چه‌شنێک ده‌چێته ناو خانه‌ی پاڕادۆکسێکی پێچه‌ڵپێچه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ته‌لمیح له‌م ده‌قه شێعرییه‌دا جارجار ده‌ور ده‌گێڕێ. ده‌ڕوانمه هه‌بوونم/ که‌م که‌م ده‌بمه سیسرکێکی خشۆک./ لێره‌دا ڕه‌نگه کاریگه‌ریی ده‌قی مه‌سخی کافکا بووبێته هۆی ئه‌وه شاعیر بڵێ: ده‌بمه سیسرکێکی خشۆک. یان هه‌ندێ جار به هێما ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شارستانییه‌ته که‌وناراکان وه‌کوو میسر و ... . له‌م ده‌قه‌دا ناوبه‌ناو ده‌سکاریی وشه کراوه هه‌ڵبه‌ت له ئاستێکی که‌مدا، که به ڕای من پێویست نییه ئه‌و کاره بکرێت یان ئه‌گه‌ر بکرێت ده‌بێ زۆر هۆشیارانه بێت. دههامشۆن، گۆشت گۆشت و ... . سه‌رچاوه‌کان: 1.فن شعر، ارسطو، ترجمهی دکتر عبدالحسین زرین کوب 2. نظریهی شعر سپید، حرفهای احمد شاملو در مورد شعر و شاعری، هیوا مسیح 3.کۆمه‌ڵه شێعری ده‌روازه‌که،وه‌رگێڕدراو له ئینگلیزییه‌وه به وه‌رگێڕانی عه‌لی حسه‌ینی 4.کۆمه‌ڵه شێعری زه‌ویی پلاستیک، دیار له‌تیف
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure