عه‌لی حسه‌ینی توانایی مرۆڤ بۆ خولقاندنی ده‌قی داستانی سه‌رسوڕهێنه‌ره و ده‌توانێ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که تاکه‌که‌سی ئاسایی وه‌کوو ڕووداوگه‌لی ئاسایی و پشت گوێخراو ده‌یبینێ له چوارچێوه‌ی ده‌قدا جێیان کاته‌وه. له ده‌قه داستانییه کلاسیکه‌کاندا نووسه‌ر ناوه‌رۆکێ هه‌ڵده‌بژێرێ و له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ناوه‌رۆکه هه‌وڵ ده‌دا کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی داستانی بخولقێنێ که له‌ودا که‌سایه‌تییه‌کان که‌م و زۆر ئاوێنه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ن. له‌م چه‌شنه ده‌قانه‌دا به بێ هیچ جۆره قهزاوهتێ له سه‌ر هه‌ڵس و که‌وتی که‌سایه‌تییه‌کان و ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌که، که‌سایه‌تییه‌کان ژیانی داستانیی خۆیان ده‌گرنه به‌ر و به‌رده‌نگیش زۆر جار چێژێکی سیحراوی وه‌رده‌گرێ. نووسه‌ری کورد، بێهرووز بۆچانی، به‌ڕای من به شێوه‌یه‌کی زۆر شیاو و داهێنه‌رانه توانیویه‌تی له نووسینی ڕۆمانێک یان به سه‌رهاتێکی به ڕۆمان کراودا بچێته پێشه‌وه. هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌قه‌که‌وه ئاستی ڕاتڵه‌کان ئه‌وه‌نده له‌سه‌ره‌وه‌یه خوێنه‌ر له بیری ده‌چێته‌وه که بڕیاره به پێی به‌سه‌رهاتێکی ڕاسته‌قینه چیرۆکێک بێته ناو دنیای بوونه‌وه. نووسه‌ر به هه‌ڵبژاردنی ناوگه‌لی ته‌نزی و توانج ئامێز هه‌ر له سه‌ره‌تاوه گه‌ڵاڵه‌که‌ی ئه‌وه بووه که ڕۆمانێک بخولقێنێ چون به باشی ئاگادار بووه چ له بواری زاڵبوون به سه‌ر بابه‌ته‌که‌دا و چ له بواری چۆنیه‌تیی به‌سه‌رهاته خهمناکهکهوه سه‌رمایه‌ی خولقاندنی ڕۆمانێکی له بهردهسدایه. له مانیتۆرینگ یان زاڵبوون به سه‌ر گێڕانه‌وه‌که‌دا نووسه‌ر ئه‌وه‌نده شێلگیرانه هه‌ڵس و که‌وتی کردووه که به‌رده‌نگ وا هه‌ست ده‌کا له‌گه‌ڵ ڕیالیزمێکی جادوویی یان ئیگزهجرهیشن(زێده‌ڕۆیی)یه‌کی زۆر ڕووبه‌ڕوویه. سه‌فه‌ری ده‌ریایی به به‌له‌م به‌جۆرێک وه‌سف ده‌کا که وه‌ک بڵێی تراژیدیایه‌ک له ڕووداندایه و به‌رده‌نگ بێ خه‌به‌ره له‌وه‌ی که هه‌ر ئێستا له خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێکدایه چون ئاستی وێناکردنه‌که زۆر له‌سه‌رێیه و به‌قووڵی و تامه‌زرۆیانه له ده‌قه‌که ڕۆده‌چێ. له بواری گرینگی‌دان به ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد به ڕای من ڕۆمانی له‌م چه‌شنه که‌م و له‌وانه‌یه بڵێم ده‌گمه‌نه. نووسه‌ر ئاشقی نه‌ته‌وه‌که‌ی و ئاڵا بێ وڵاته‌که‌یه‌تی و ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ئه‌وه‌مان به گوێدا ده‌دا که کورد نه‌یتوانیوه وه‌ک مافێکی سه‌ره‌تایی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت. به‌رده‌نگ له کاتی خوێندنه‌وه‌دا به چه‌شنێکی نۆستالژیک هه‌موو ئه‌و هه‌لانه‌ی که کورد له ده‌ستی داوه وه‌بیری دێنێته‌وه و ئاخێک له ناخه‌وه هه‌ڵده‌کێشێ. هه‌ڵبه‌ت ده‌قه‌که زۆر بێ لایه‌نانه ده‌چێته پێشه‌وه و نووسه‌ر له هه‌ر شوێنێکدا پێویست بێت ڕه‌خنه‌کانی ئاراسته‌ی خودی کوردیش ده‌کاته‌وه. بۆ نموونه له یه‌کێک له زیندانه‌کانا، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌که‌م زیندانی فۆکس، سه‌رله‌به‌ری زیندانییه‌کان کوردن و زیندانه‌که به کوردستان ناوی ده‌رکردووه و ته‌نیا ئه‌و زیندانه و گۆشه و که‌نار و قوژبنه‌کانی میوه‌ی دارمانگۆی لێیه و جاروبار ده‌نکێ میوه به بۆنه‌ی جووڵه‌ی باڵنده یان باوه داده‌که‌وێ؛ هه‌ندێ جار بڕێک له کورده‌کان تا ڕاده‌یه‌ک خێڵه‌کییانه بیرده‌که‌نه‌وه و له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که بێجگه له کورد هیچکه‌س ئه‌و مافه‌ی نییه له‌و میوه داکهوتووانه بخوات. له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا "غوولی ماقووڵ" که ڕه‌زا بێت وه‌ده‌نگ دێت و تابۆکه ده‌شکێنێت. ئه‌و وه‌ک ڕابه‌رێکی کاریزماتیک ده‌نکه میوه داگیرکراوه‌که‌ی تاکی نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر که له لایان کوردێکه‌وه لێی زه‌وت ده‌کرێ ده‌داته‌وه به خاوه‌نه سه‌ره‌کییه‌که‌ی. له لایه‌کی تره‌وه "غوولی ماقووڵ" ڕێبه‌ری کوردان، هه‌وڵ ده‌دا پرسی کورد لای که‌سانی زیندانیی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌کانی دیکه به‌رجه‌سته بکاته‌وه و ههڵیاننێت به‌ڕێزه‌وه بۆ کورد بڕوانن. نووسه‌ر به‌رده‌وام له چاره‌نووسی لێڵی کورد و داگیرکردنی وڵاتی کوردان به‌گله‌ییه و هه‌وڵده‌دا مێژووی پڕ کاره‌ساتی کورد بناسێنێ تا ڕه‌نگه توانیبێتی هه‌نگاوێک بۆ پرسی کورد هه‌ڵگرێ. ئه‌م ڕۆمانه ڕه‌نگه بۆ به‌رده‌نگی تاکی نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر وه‌ک ڕۆمانێکی پڕکاره‌سات بێته ئه‌ژمار به‌ڵام بۆ به‌رده‌نگی کورد تا ڕاده‌یه‌کی زۆر جیاوازه؛ نووسه‌ر له ڕێگه‌ی چاندنی تۆوی حه‌سره‌ته‌وه ئه‌و ئاماده‌گییه له به‌رده‌نگی کوردا دروس ده‌کات که چاوێک له خۆی وه‌ک تاکێکی ماف زه‌وتکراو بخشێنێ و ڕابردووی دوور و درێژی خۆی بێنێته پێش چاو. ڕه‌نگه ئه‌م کاریگه‌رییه‌ش بۆ به‌رده‌نگه جۆراوجۆره‌کان جیاواز بێت. من بۆخۆم وه‌کوو بهردهنگێ له کاتی خوێندنه‌وه‌دا بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه که چۆن شۆڕشی شێخ سه‌عید به شێوه‌یه‌کی ناجوانمێرانه خنکێندرا و کورد که به پێی په‌یمان نامه‌ی سیڤه‌ر بڕیار بوو ببێت به ده‌وڵه‌تێ، ناته‌بایی و چه‌ند ده‌سته‌یی کورد بوونه هۆی ئه‌وه هه‌موو ڕیسێک ببێته‌وه به خوری و له ئه‌نجامدا ڕێبه‌ری کاریزماتێکی کورد، شێخ سه‌عید به ده‌ستی داگیرکه‌ران له‌سێداره بدرێ ، پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و کۆماره‌که‌ی به هه‌مان چاره‌نووس ڕۆیشتن ، شێخ مه‌حموود هه‌ڵس و که‌وتێکی زۆر لێزانانه و لێهاتووانه له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ران ناکات و سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێته بازێکی نامۆ و له شانی کورد نانیشێت. هه‌ژاری فکری و ئابووری بووه هۆی ئه‌وه که کورد له به‌جینۆساید ناساندنی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالدا نه‌توانێ هه‌نگاوگه‌لی هۆشیارانه هه‌ڵبگرێ. به درێژایی مێژوو کورد هه‌موو هه‌لێکی بۆ سه‌ربه‌خۆیی له ده‌ست داوه. نووسه‌ر لێره‌دا ده‌یه‌وێ بڵێ چیدی هه‌ل له ده‌ست نه‌ده‌ین و بچووکترین کێشه‌ی کوردان له ئاستێکی جیهانیدا بنوێنین. له ڕێگه‌ی ناساندنی "غوولی ماقووڵه"وه ڕێبه‌ری کوردانی زیندانی، ده‌یه‌وێ قوربانی به‌رجه‌سته کاته‌وه. ژمارێک له په‌نابه‌ران و زیندانیانی کورد بۆ نموونه کوڕه‌ی چاوشین هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌فه‌ره‌وه ده‌بێته قوربانی. نووسه‌ر وشه‌ی "داڵگه" یان "دایه" به جیهان ده‌ناسێنێ و ده‌ڵێ پێوه‌ندیی نێوان دایک و کوڕی کورد له‌گه‌ڵ پێوه‌ندیی نێوان دایک و کوڕی نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر یان هاوچه‌شن نییه یان هاوچهشنایهتییان که‌مه.ئه‌م جیاوازییه‌ش ڕێشه‌ی له شه‌ڕ و قوربانی و کارهساتایه. مێژوو دووپات ده‌بێته‌وه؛ کورد جارێکی تر ڕابه‌ری خۆی له ده‌س ده‌دا. "غوولی ماقووڵ" له لایان زیندانبانه دڵڕهقهکانهوه خوێنی ده‌ڕێژرێ. لێره‌دا چه‌مکی دایک و کوڕی کورد له لایان نووسه‌ره‌وه زه‌قتر ده‌کرێته‌وه. به‌ر له‌وه‌ی هه‌واڵی کوشتنی "ڕه‌زا" ڕاگه‌یه‌نێ ده‌ڵێ: ده‌نگێکی ئاشنا دێته گوێم، "داڵگه" "دایه" ئه‌مه‌ش دوایین وشه‌ی ڕه‌زایه له کاتی گیانداندا. قه‌ڵه‌می نووسه‌ر بڕیاری داوه چیدی نه‌هێڵێ قوربانیی کورد به فێڕۆ بڕوات. له باری نێواندهقێتییهوه به شێوه‌یه‌کی سه‌رنج ڕاکێش هاوچهشنیم له نێوان ئه‌م ده‌قه و ده‌قی ڕۆمانی "پاژێک له گشت"ی ستیڤ تۆڵتزدا بینی. نووسه‌ری کورد ڕۆژنامه‌وانان به که‌سانێکی سهرهتاتکێچی و ڕووهه‌ڵماڵڕاو و که‌سانێک که له خزمه‌تی حاکمان و سه‌رمایه‌داراندان، ناوبرده ده‌کات. له‌و کاته‌دا که په‌نابه‌ران له دوورگه‌ی کریسمه‌سه‌وه ده‌گوێزرێنه‌وه بۆ دوورگه‌ی مانووس گله‌یی نووسه‌ر له‌م تاقمه فزووله ده‌گاته ته‌شق. له وه‌سفی بورۆکراسی و پێچه‌ڵپێچه ئیدارییه‌کانی ئۆستڕالیاش نووسه‌ری کورد که‌م و زۆر هه‌مان خوێندنه‌وه‌ی تۆڵتزی هه‌یه و پێمان نیشان ده‌دا که چۆن تاکه‌که‌سه‌کان له ناو ئه‌و گێژاوگهلهدا گیر ده‌خۆن و ڕێگه‌ی پاش و پێشیان نییه. تاکی زیندانی ئه‌گه‌ر پێداویستییه‌کی هه‌بێت به نزیکترین ئه‌فسه‌ر ده‌ڵێ ئه‌ویش ده‌ڵێ ڕاوه‌سته بێ‌سیم بۆ فه‌رمانده‌که‌م بکه‌م. دووباره به شێوه‌یه‌کی زنجیره‌یی ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ش ڕوخسه‌ت وه‌رده‌گرێ و چه‌شنێک له ڕه‌فتاری ده‌سکرد دروس ده‌بێ که تاکه‌که‌س ناهومێد ده‌بێ و هیچکات له‌و باوه‌ڕه‌دا نییه کارێکی بۆ بچێته سه‌ر. چۆنییه‌تی وه‌سفی جووڵانه‌وه‌ی حکوومه‌ت و کۆمه‌ڵگای ئوسترالیا له‌گه‌ڵ په‌نابه‌رانیش چ له ده‌قه‌که‌ی بێهرووز بۆچانی و چ له ده‌قه‌که‌ی تۆڵتزدا که‌م و زۆر هاوچه‌شنن. نووسه‌ر له په‌روه‌رده‌کردنی که‌سایه‌تیدا، چ نیگه‌تیڤ چ پۆزه‌تیڤ، تا ئاستێکی به‌رچاو باش چووه‌ته پێشه‌وه به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌یهێشتووه که‌سایه‌تییه‌کان بۆ جارێکیش بووه خۆیان خۆیان شرۆڤه بکه‌ن. کاتێ باسی که‌سایه‌تییه‌کان ده‌کا به چه‌شنێ لێیان ده‌دوێ که هه‌ر ئه‌و ڕه‌فتارانه‌یان لێده‌وه‌شێته‌وه. "مانگا" که‌سایه‌تییه‌که که ته‌نیا حه‌زی له خواردنه و پێی خۆشه هه‌موو هه‌لێ بۆ خواردن بقۆزێته‌وه. ئه‌و هه‌موو ته‌شه‌ر و توانجێک له پێناوی خورادنا قبووڵ ده‌کات.زۆر جار له ناو یاسای جهنگهلیی زیندانا به هۆی ته‌ماح و چاوبرسییه‌تیی که‌سانی وه‌ک مانگاوه که‌سانی تر خواردنیان به‌رناکه‌وێ؛ کاربه‌ده‌ستانیش ئه‌وه‌یان ده‌وێ، تا له ڕێگه‌ی به جه‌نگه‌ڵ کردنی که‌مپه‌که‌وه په‌نابه‌ران جاڕز ببن و واز له په‌نابه‌ری بێنن و بگه‌ڕێنه‌وه وڵاته‌کانی خۆیان. "غوولی ماقووڵ" ڕابه‌ری کوردان، که به هۆی ڕاکشاوی و به‌خۆوه بوون و له هه‌مان کاتا هێوری و ئارامییه‌وه ئه‌م ناوه‌ی بۆ هه‌ڵبژێردراوه، ناوه‌که‌ی پڕاوپڕیهتی. پاڵه‌وان له ڕووی ئازایه‌تیی جه‌سته‌یی و تا ڕاده‌یه‌ک فکرییه‌وه ناوه‌که‌ی بۆ هه‌ڵده‌بژێردرێ و به جوانی لێی ده‌کاڵێته‌وه. چۆنییه‌تیی سه‌ما کردن و هه‌ڵس و که‌وتی مه‌یسه‌م جنده ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خا که ئه‌گه‌ر ناوێکی تری ببوایه هیچ بایه‌خی نه‌بوو. سه‌رۆک وه‌زیر هه‌وڵێکی بێ وچان ده‌دا که ماقووڵ بنوێنێ به‌ڵام له ئه‌نجامدا کێشه‌یه‌کی بچووک ده‌بێته هۆی ئه‌وه ڕۆحییه‌ی هه‌ره‌س بێنێ و چیدی خۆی پێ ڕانه‌گیرێ و داوا بکات شوێنی بگۆڕن یان بینێرنه‌وه بۆ وڵاته‌که‌ی خۆی. ئه‌م ڕۆمانه یان ئه‌م سه‌رگوزه‌شته به ڕۆمان کراوه لایه‌نگه‌لی زۆری بۆ لێکۆڵینه‌وه تێدایه که ڕه‌نگه له داهاتوودا باس و لێدوانی زۆری لێبکه‌وێته‌وه له لایان ڕه‌خنه‌گرانه‌وه. به بڕوای من کێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی که له‌م ڕۆمانه‌دا هه‌بێت ئه‌وه‌یه که نووسه‌ر نه‌یهێشتووه که‌سایه‌تییه‌کان سه‌ربه‌خۆیانه بدوێن و هیچ چه‌شنه ئاوخاوتنێکیان هه‌بێت. له سه‌ره‌تا تا بنه‌تای ئه‌م ڕۆمانه هیچ په‌یڤێک له که‌سایه‌تییه‌کان نهنواندراوهتهوه. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه که له‌حنی ڕۆمانه‌که تاک ڕه‌هه‌ندانه بێت و که‌سایه‌تییه‌کان نه‌توانن سه‌ربه‌خۆیانه شوناسی خۆیان بنوێنن. ده‌رباره‌ی وه‌رگێڕانی کتێبه‌که ده‌رباره‌ی وه‌رگێڕانه‌که ئه‌وه بڵێم که دوکتور هاشم به گشتی وه‌رگێڕانێکی شیاوی به ئه‌نجام گه‌یاندووه و زۆر به باشی به‌رگی کوردیی به به‌ری ده‌قه‌که‌دا کردووه به‌ڵام به سه‌ر هه‌موو شیاوبوونی وه‌رگێڕانه‌که‌دا ده‌توانین هه‌ندێ کێشه‌ی تێدا بدۆزینه‌وه. له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه وهرگێڕدراوهدا خوێنه‌ر هه‌ست ده‌کا ده‌قێکی چاک به کتێبخانه‌ی کوردی زیاد بووه به‌ڵام هه‌ر وه‌کوو وتم ده‌توانین وه‌ک ڕسته، وشه، ده‌سته‌واژه و... هه‌ندێ خاڵ بدۆزینه‌وه. من هه‌وڵم دا ده‌قی ئینگلیزیی ڕۆمانه‌که‌م ده‌ست بکه‌وێت به‌ڵام به بۆنه‌ی هه‌ندێ گرفته‌وه نه‌متوانی له سایتی ئامازۆن کتێبه‌که وه‌رگرم هه‌ر بۆیه‌ش ناتوانم چڕ و پڕ له وه‌رگێڕانی کتێبه‌که بدوێم. "چۆن ئێمه ده‌مانتوانی له ئۆقیانووسدا بخنکێین؟" وه‌کوو ئه‌زموونی خۆم له زمانی ئینگلیزی و هه‌ر وه‌ها زمانی کوردی له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕسته‌یه و هه‌ندێ ڕسته‌ی هاوچه‌شنی ئه‌مه‌م بینی چه‌شنێ له داچڵهکانم بۆ دروس بوو و هاتمه سه‌ر ئه‌و بڕوایه که له‌وانه‌یه هه‌ڵه‌ی ده‌قاوده‌قی یان وشه به وشه ڕوویدابێت. How could we drown in the ocean? یان ڕه‌نگه ئه‌م ڕسته‌یه‌ی خواره‌وه بێت و به هۆی کێشه‌ی زه‌مانه‌وه له وه‌رگێڕانی ئینگلیزییه‌وه بۆ کوردی، دوکتۆر هاشم ناچار بووبێت بیکات به زه‌مانی ڕابردوو. How can we drown in the ocean? به هه‌ر حاڵ هه‌رچی بووبێت وه‌رگێڕانی ئه‌م ڕسته‌یه بۆ کوردی مۆرکی ئینگلیزییه‌که‌ی پێوه دیاره. دیاره نووسه‌ر ویستوویه‌تی بڵێ بۆ ده‌بێ ئێمه له ئۆقیانووسدا بخنکێین؟ یان نابێ ئێمه له ئۆقیانووسدا بخنکێین. یان نه‌ده‌بوو ئێمه له ئۆقیانووسدا بخنکێین. له‌و ڕووه‌وه که ده‌قه‌که له فارسییه‌وه بۆ ئینگلیزیی وه‌رگێڕدراوه ڕه‌نگه ئه‌و چه‌شنه گۆڕانه تا ڕاده‌یه‌ک پێویست بووبێت. هه‌ڵبه‌ت خۆشبه‌ختانه گرفتی له‌م چه‌شنه له کتێبه‌که‌دا زۆر که‌من که ئه‌وانه‌ش ده‌توانرا زۆر به سانایی له پێداچوونه‌وه‌دا چاره‌سه‌ر بکرێن. من زۆر هه‌وڵم دا بزانم وشه‌ی به‌رانبه‌ری بیژوو له ئینگلیزییدا چی بووه. ڕه‌نگه ئه‌م وشه‌یه له ده‌قی سه‌ره‌کیدا شتێ بووبێت وه‌کوو تخس، شیطان، کره‌خر، منافق و... ده‌کرێ ئینگلیزییه‌که‌ی وشه‌گه‌لێ بووبێت وه‌ک rascal, menace, devil یان هه‌ر وشه‌یه‌کی تر بووبێت. من وه‌ک ئه‌زموون له زمانی کوردی‌دا ئه‌وه‌ی بیستبێتم له‌م حاڵه‌ته‌دا له وشه‌گه‌لێ وه‌کوو: شه‌یتان، حه‌رامزاد، حه‌رامزاده، سه‌گه، سه‌گ، زۆڵ، منافق، دایکه‌خۆگێ یان ڕه‌نگه بڕێ وشه‌ی دیکه‌ش که له یادگه‌ی مندا نه‌بن، که‌ڵك وه‌رده‌گرین. هیوادارم وشه‌ی بیژوو به‌و مانایانه که‌ڵكی لێوه‌رگیرێ که ڕه‌نگه هه‌ر واشبێت و دوکتور هاشم له‌وه ئاگادار بووبێت ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ڕه‌نگه هێنانی وشه‌ی بیژوو زۆر لۆژیکی نه‌بێت چون ئه‌و وشه‌یه له مانا سه‌ره‌کییه‌که‌یدا به مانای مناڵی بێ دایک و باوک یان زۆڵ دێت. زۆر جار ڕسته‌یه‌ک یان وشه‌یه‌ک له زمانێکدا به شێوه‌ی کۆ به کار ده‌برێت به‌ڵام له زمانێکی دیکه‌دا به شێوه‌ی تاک دێت و پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش دروسته. "چاوه‌کانم قورس بوون و خه‌ویان تێخزاوه. لاپه‌ڕه‌ی 43" که به داخه‌وه شتی له‌م چه‌شنه له کتێبه‌که‌دا که‌م و زۆر هه‌یه و له ڕوانگه‌ی منه‌وه به گرفت دێته ئه‌ژمار. زۆر ئاسان ده‌کرا بوترایه "چاوم قورسی خه‌وه." یان "چاوم خه‌وی تێخزاوه." دیاره له ئینگلیزی و هه‌ندێ له زمانگه‌لی تردا ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی که جووتن هه‌میشه به شێوه‌ی کۆ به‌کارده‌برێن به‌ڵام له زمانی کوردی‌دا شته‌که پێچه‌وانه‌یه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه له زاراوه‌ی که‌لهوڕی و ئه‌رده‌ڵانیدا تا ڕاده‌یه‌ک باوه و جاجار ده‌وترێ چه‌وه‌یلم یان پاگهلم و ... به‌ڵام له‌و شێوازه کوردییه‌دا که وه‌رگێڕ بۆ وه‌رگێڕانه‌که که‌ڵكی لێوه‌رگرتووه ئه‌ندامه‌کان به شێوه‌ی تاک دێن و مه‌به‌ست کۆیه. چاوم دێشێ، ده‌ستم ته‌زیوه، قاچم عه‌رز ناگرێ و ... که هه‌موویان به شێوه‌ی تاک دێن و مه‌به‌ستیش کۆیه. لێم ڕوون نییه یان نه‌مبیستووه که وشه‌ی "سه‌رسوڕمێن" به جێگه‌ی سه‌رسوڕماو (مبهوت) یان سه‌رسوڕمان که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گیرێ یان ته‌نانه‌ت وشه‌ی سه‌رسوڕمێن بوونی ده‌ره‌کیی هه‌یه یان نا. ئه‌گه‌ر ئه‌و وشه بوونی هه‌بێت و هه‌ر کام له‌و مانایانه‌ی ببێت هێشتا زۆر سه‌خته بتوانین بڵێین" سه‌رسوڕمێنه‌ر" به جێگه‌ی "سه‌رسوڕهێنه‌ر" که ده‌یان جار له ده‌قی کتێبه‌که‌دا ئه‌م وشه‌یه دووپات بووه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر جارێک بوایه ڕه‌نگه بمانوتایه هه‌ڵه‌ی تایپی بووه به‌ڵام چه‌ندین جار که‌ڵكی لێ وه‌رگیراوه. ئه‌گه‌ر چه‌سپاندنی ئه‌و وشه‌یه لۆجیکی بێت ڕه‌نگه ئه‌مجار بتوانین بڵێین به شێوه‌ی دیکه‌ش به‌کارده‌هێنرێت؛ که هیوادارم وه‌رگێڕ پاساوی بۆ زۆر به کارهێنانی ئه‌م وشه‌یه هه‌بێت. وه‌رگێڕ له زاراوه و دهستهواژهگهلێ که زاڵ بوون به سه‌ر زه‌ینیدا زۆر که‌ڵکی وه‌رگرتووه. من له‌م کتێبه‌دا دوو وشه‌ی "لێره" یان "له‌وێ" م نه‌بینی به جێگه‌ی ئه‌و دوو وشه‌یه وتراوه "دێره" یان "ده‌وێ"؛ که ئه‌م شێوه به‌کارهێنانه له هه‌رێمێکی نابهربڵاوتردا بوونیان هه‌یه. کاتێ وشه‌گه‌لێ وه‌ک "نۆره"، "سه‌ره"، یان "نۆبه"مان هه‌یه بۆ ده‌بێ پێداگری له سه‌ر وشه‌ی مه‌هجووری "سڕه" بکرێت و زیاتر له ده‌یان جار که‌ڵکی لێوه‌رگیرێ. "هه‌موان" به ته‌نیا وشه‌یه‌کی ئاساییه و کێشه‌ی نییه به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به جێگه‌ی "هه‌موومان" بڵێین "هه‌موانمان" ڕه‌نگه به‌کارهێنانه‌که زۆر لۆژیکی نه‌بێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له بواری ڕێزمانیشه‌وه دروست بێت له باری زمانناسییه‌وه "هه‌موومان" به‌چه‌ندین قات سووکتر و کارپێکردنی هاسانتره؛ ئه‌م وشه‌یه‌ش به‌زۆری که‌ڵكی لێوه‌رگیرابوو. وشه‌گه‌لی تاب یان کابوس ڕه‌نگه زۆرتر مۆرکی فارسییان پێوه بێت، له‌م ده‌قه‌دا به ده‌یان جار که‌ڵكیان ڵیوهرگیراوه که ده‌کرا لانیکه‌م جارجار وشه‌ی تر به جێگه‌یان به‌کاربهێنرێ. هه‌مووی ئه‌مانه، چ به‌راوردی ده‌قی ئینگلیزی و کوردییه‌که و چ لێڕوانینی ده‌قه‌که وه‌ک ده‌قێکی کوردی ده‌کرا له پێداچوونه‌وه‌دا زۆرتر سه‌رنجیان بدرێتێ تا ڕه‌زامه‌ندیی هه‌موو سۆرانی نووسانی به چڕوپڕی ده‌سته‌به‌ر کردایه. مامۆستا هه‌ژار له گۆڕێنی مهم و زین له کرمانجییه‌وه بۆ سۆرانی زۆر جار له وشه‌گه‌لێ که‌ڵک وه‌رده‌گرێ که خوێنه‌ر هه‌ر زه‌ینی بۆی ناچێت. به جێگه‌ی "ئه‌ڵێم" یان "ئێژم" له "ئووشم" که‌ڵك وه‌رده‌گرێ. به گشتی ده‌قی وه‌رگێڕانه‌که‌ی کاک دوکتور هاشم ده‌قێکی زۆر به‌چێژ و سه‌رنج ڕاکێشه و هه‌ر وه‌ک وتم زۆر به جوانی به‌رگی کوردی به به‌ری ده‌قه‌که‌دا کراوه به‌ڵام وه‌کوو ئه‌زموون به پێویستم زانی ئه‌م سه‌رنجانه ئاراسته که‌م. سه‌رچاوه‌کان: 1.قصهنویسی ڕه‌زا به‌راهه‌نی 2. از رمان تا ملت،دوکتور هاشم ئه‌حمه‌دزاده، وه‌رگێڕانی دوکتور به‌ختیار سه‌جادی 3. ده‌قی وه‌رگێڕدراوی ڕۆمانی هێچ دۆستێ جگه له چیاکان، به وه‌رگێڕانی دوکتور هاشم ئه‌حمه‌دزاده
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure