20/4/2020 10:49 AM

ناساندنی کتێبی «رۆژهه‌ڵاتناسى» به‌رهه‌می ئێدوارد سه‌عید

سەرچاوە : ماڵی کتێبی کوردی

ناساندنی کتێبی «رۆژهه‌ڵاتناسى» به‌رهه‌می ئێدوارد سه‌عید، وه‌رگێڕانى له‌ فرانسییه‌وه‌ د. موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ر
پێگه‌ی هه‌واڵنێریی «ماڵی کتێبی کوردی» كتێبى ڕۆژهه‌ڵاتناسى كه‌ له‌لایه‌ن د. موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ره‌وه‌ كراوه‌ته‌ كوردى، یه‌كێكه‌ له‌ وه‌رگێڕانه‌ نایاب و دانسقه‌كان بۆ سه‌ر زمانى كوردى، كه‌ به‌ درێژایى زیاتر له‌ دوو ساڵ كارى وه‌رگێڕان و كارى شێوازناسى و كارى ئایدیا و تێرمینۆلۆژى بۆ كراوه‌. به‌ كوردییه‌كى (كوردى ناوه‌ند) ساده‌ و ئاسان بۆ تێگه‌یشتن و ڕه‌وان وه‌رگێڕدراوه‌. وه‌رگێڕ بۆ خۆیشى هه‌ر له‌ناو ئه‌ده‌بیات و وه‌رگێڕانى كوردى به‌ یه‌كێ له‌ وه‌رگێڕه‌ كوردى زانه‌كان ناسراوه‌، كارى دانسقه‌ و جوان ده‌كا، له‌وانه‌ وه‌رگێڕانى زۆربه‌ى كاره‌كانى نووسه‌رى فرانسى ئه‌لبێر كامو، كه‌ هه‌ر ئێستاش له‌م كاره‌ به‌رده‌وامه‌ و ده‌یه‌وێ هه‌موو كاره‌كانى ئه‌م نووسه‌ره‌ فرانسییه‌ بكاته‌وه‌ كوردى.
د. موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ر (وه‌رگێڕ)
وه‌رگێڕ كه‌ بۆ خۆیشى پسپۆڕى له‌ ئه‌ده‌بى به‌راوردكارییه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ماوه‌ى بیست سال له‌ زانكۆى سه‌لاحه‌دین مامۆستاى ئه‌ده‌بى فرانسى و سه‌رۆك به‌شى فرانسى بووه‌، هه‌روه‌كو له‌ پێشه‌كى كتێبى رۆژهه‌ڵاتناسیدا ده‌ڵێ ئه‌م كتێبه‌ وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كى فیكرى هه‌ر له‌ زووێكه‌وه‌ یه‌كێ له‌ سه‌رچاوه‌ گرینگه‌كانى خوێندنى باڵاى خۆى بووه‌، ماوه‌ى زیاتر له‌ بیست سال له‌گه‌ڵ ئه‌م كتێبه‌ ژیاوه‌ تا دواجار بڕیار ده‌دا بیكاته‌ كوردى، سه‌رنجام له‌ كۆتایى ساڵى ۲۰۱۸ سه‌ره‌تاى ساڵى ۲۰۱۹ له‌لایه‌ن ماڵى وه‌فایى چاپ و په‌خشكرا. هه‌ر زوو سه‌دا و ناوبانگى له‌ هه‌موو كوردستان بڵاوبووه‌وه‌.
كتێبى رۆژهه‌ڵاتناسى ئێدوارد سه‌عید یه‌كێكه‌ له‌و سه‌رچاوه‌ مۆدێرنانه‌ى تایبه‌ت به‌ پله‌ى ئه‌كه‌م ئه‌ده‌بى به‌راوردكارى، ڕه‌خنه‌ى نوێ، كولتوورى به‌راوردكارى نێوان رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات. چیرۆكى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ڕۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا، چۆن رۆژئاوا رۆژهه‌ڵاتى دۆزییه‌وه‌، مێژووى ڕۆژهه‌ڵاتناسى چۆن له‌ توێژینه‌وه‌ى فیلۆلۆژییه‌وه‌، واته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ زمان و كولتووره‌ كۆنه‌كانه‌وه‌ له‌لایه‌ن ڕۆژئاواوه‌ له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات ده‌ست پێده‌كات، دواتر ده‌بێته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ى سیسته‌ماتێك له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تان و زلهێزه‌كانى رۆژئاوا سوودى لێ وه‌رده‌گێرێ وه‌ك چۆن، داگیركردنى میسر له‌لایه‌ن فرانساوه‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ كۆنتڕۆلكردنى ڕۆژهه‌ڵات، به‌هێزكردنى ده‌سته‌ڵاتى فرانسا و كولتوورى رۆژاوایى به‌سه‌ر كولتوور و كه‌سایه‌تى رۆژهه‌ڵاتى، پاشان چۆن رۆژهه‌ڵاتناسى وه‌ك بوارێكى لێكۆڵینه‌وه‌ى سه‌رده‌مى مۆدێرنیزم ده‌بێته‌ بوارێك بۆ سوودى ده‌زگا كۆلۆنیالیسته‌كان و ده‌سكارى كردنى چاره‌نووسى میلله‌تانی رۆژهه‌ڵاتى وه‌ك چۆن بینیمان له‌ داگیركردنى میسر له‌۱۹۱۰ و داگیركردنى ئیمپراتۆرى عوسمانى و پارچه‌پارچه‌كردنى خاكى كوردستان له‌لایه‌ن زلهێزه‌ كۆلۆنیالیسته‌كان خۆیان، پاشان ئێدوارد سه‌عید باس له‌وه‌ ده‌كا دواى نه‌مانى كۆلۆنیالیزمیش، رۆژهه‌ڵاتناسى له‌ناوناچێ، به‌ڵكو ئه‌ویش فۆرمى خۆى ده‌گۆڕێ، ئه‌م جاره‌ ڕۆژهه‌ڵاتناسى هه‌روه‌كو چۆن سه‌ره‌تا له‌ناو زانكۆیه‌كان گه‌شه‌ى كرد، له‌سه‌ر ده‌ستى سیلڤێستر دو ساسى و ئه‌رنست رێنان و لان و له‌ سه‌رده‌مى نوێش له‌سه‌ر ده‌ستى لوى دو ماسنیۆن و گایب و زۆرى تر، له‌ دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهانى رۆژهه‌ڵاتناسى ده‌چێته‌وه‌ ناو زانكۆكاكان له‌وێ درێژه‌ به‌ خۆى ده‌دا، به‌ڵام هه‌ر لێره‌وه‌ ئه‌م بواره‌ پارچه‌ پارچه‌ ده‌بێ و به‌ش به‌ش ده‌بێ، كۆمه‌ڵێك به‌شى لێ ده‌بێته‌وه‌ وه‌ك كوردناسى و عه‌ره‌بناسى و ئیسلامناسى و ئێراناسى و زۆرى تر، ئێسته‌ش ئه‌م بوارانه‌ هه‌ر بریتییه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ و سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ ناسینى ئه‌م وڵاتانه‌، هه‌روه‌كو وه‌رگێڕ له‌ پێشه‌كى رۆژهه‌ڵاتناسى باسى ده‌كا، بۆ نموونه‌ كوردناسێكى وه‌ك مارتن ڤان برونسن یان فیلیپ كرۆینبۆرك، یان لێزه‌نبێرگ، كه‌ له‌ كوردناسه‌ مۆدێرنه‌كانن، روانین و كتێبه‌كانیان له‌ باره‌ى كورده‌ به‌ گشتى، وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كه‌ بۆ سه‌نته‌ره‌كانى ناسین و ده‌سته‌ڵات و دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كانى رۆژئاوا. كێشیه‌كى گه‌وره‌ش له‌ خوێندنه‌وه‌ و په‌یوه‌ندى كورده‌كان خۆیان هه‌یه‌ له‌گه‌ل ئه‌م سه‌رچاوه‌ كوردناسییانه‌، ئه‌وان به‌ خزمه‌تێك بۆ كورد حسێبى ده‌كه‌ن و له‌ هه‌قیقه‌تدا زاڵبوون و كۆنترۆلكردنى كورده‌ نه‌ك خزمه‌ت.
بێگومان له‌ هه‌ر ڕوانگه‌یه‌كه‌وه‌ بۆى بڕِوانى وه‌ك وه‌رگێر له‌ پێشه‌كى باسى ده‌كا ئه‌مانه‌ هه‌مووى له‌ ڕوانگه‌یه‌كى ڕۆژئاوایى نووسراوه‌، له‌ به‌رژزه‌وه‌ندى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى رۆژئاوا نووسراوه‌، سه‌ره‌نجام، له‌م نیگایه‌وه‌، رۆژهه‌ڵاتناسى وه‌ك ئێدوار سه‌عید باسى ده‌كا بریتییه‌ له‌ كۆیله‌گه‌رایى، چۆن رۆژئاوا توانى به‌ شێوازێكى مۆدێرن و به‌ مۆدێرنیتێى توانى هه‌موو رۆرژهه‌ڵات بكاته‌ كۆیله‌ى خۆى، واته‌ ئه‌م كتێبه‌ ده‌بێته‌ گێڕانه‌وه‌ى سه‌ربرده‌ى كۆیله‌گه‌رایى، به‌ هه‌مان شێوه‌ كوردناسى و عه‌ره‌بناسى و ئێرانناسى و …هتد، ده‌بنه‌ كۆیله‌گه‌رایى پۆست رۆژهه‌ڵاتناسى. سه‌ره‌نجام ئه‌م كتێبه‌ به‌ یه‌كێ له‌ كتێبه‌ دانسقه‌ و نایابه‌كان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێ، به‌ كوردییه‌كى ڕه‌وان و جوانه‌، پێویسته‌ هه‌موو كوردێك بیخوێنێته‌وه‌. لێره‌وه‌ یه‌ك په‌ڕه‌گراف له‌ پیشه‌كى كتێبى رۆژهه‌ڵاتناسى وه‌رده‌گرم كه‌ وه‌رگێر چۆن كارى له‌سه‌ر كێشه‌ى تێرمینۆلۆژى یا زاراوه‌سازى وشه‌ى رۆهه‌ڵات كردووه‌. وه‌رگێڕ د. موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ر له‌ لاپه‌ڕه‌ یانزه‌دا ده‌ڵێ: ((هه‌رچى له‌باره‌ى واژه‌ى “رۆژهه‌ڵات” و “رۆژهه‌ڵاتناسى”یه‌وه‌ ده‌گوترێ، ئه‌مه‌یان ڕاسته‌، وه‌ك هه‌ڵه‌یه‌كى باو هاتووه‌ و ڕۆیشتووه‌، چونكه‌ وشه‌ى “ڕۆژ” له‌ كوردى چه‌ند مانایه‌كى هه‌یه‌، وه‌ك ڕۆژ و وه‌ك خۆر، بێگومان ده‌شێ “خۆرهه‌ڵات” و “خۆرهه‌ڵاتناسى” گونجاوتربن، به‌ڵام بۆ دروستنه‌كردنى ته‌مومژى، ئێمه‌ “ڕۆژهه‌ڵات” و “ڕۆژهه‌ڵاتناسى”یمان وه‌ك خۆى هێشتۆته‌وه‌. وشه‌ى خۆرهه‌ڵات”مان به‌رانبه‌ر به‌ وشه‌یه‌كى دیكه‌ به‌كارهێناوه‌ كه‌ له‌ گوتارى ئێدوارد سه‌عیددا زۆر دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه‌: ئێمه‌ به‌رانبه‌ر به‌ Orient رۆژهه‌ڵات –مان داناوه‌، به‌رانبه‌ر به‌ Occident رۆژئاوا-مان داناوه‌، به‌رانبه‌ر Est یان East خۆرهه‌ڵات-مان داناوه‌، به‌رانبه‌ر به‌ Ouest یان Oust خۆرئاوا-مان داناوه‌، به‌رانبه‌ر به‌ Levant خاوه‌ر-مان داناوه‌، وه‌ك چۆن له‌ خاوه‌رمیانه‌دا هه‌یه‌، مه‌به‌ست له‌ وشه‌ى Levant ، مه‌شریقه‌، واته‌ ” سوریا و لوبنان و خاكى پیرۆز” به‌و شێوه‌یه‌ى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتناسى سه‌ده‌ى نۆزده‌م و سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌مدا هاتووه‌. هه‌ر ئه‌م وشه‌یه‌ “خاوه‌ر” و “خاوه‌رمیانه‌” له‌ ئه‌ده‌بیات و رۆژنامه‌گه‌رى كوردى سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌م به‌رانبه‌ر به‌ “مه‌شریق” و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست زۆرتر به‌كارده‌هات، به‌ڵام ئه‌مڕۆ كه‌متر. ئێمه‌ به‌رانبه‌ر به‌ Moyne Orient یان Middle-East رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست-مان داناوه‌، (له‌ كوردستانى رۆژهه‌ڵات ئێسته‌ش هه‌ر خاوه‌رمیانه‌ به‌كارده‌هێنن.) به‌رانبه‌ر به‌ Oriental رۆژهه‌ڵاتى-مان داناوه‌، وه‌ك تاكى رۆژهه‌ڵاتى یان حاڵه‌تێكى رۆژهه‌ڵاتى. له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا بێگومان هه‌ست به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندى و گه‌شه‌سه‌ندنى زمانى كوردیش ده‌كرێ.))




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved