چەمەدانی بەتاڵ، كۆمەڵە چیرۆكی خەبات رەسووڵی یە، لەدووتوێی 119 لاپەڕەدا چاپبووە. د. هاشم ئەحمەد زاد پێشەكی بۆ نووسیوە. ئەم كۆمەڵە چیرۆكە چیرۆكی مرۆڤی كوردە، لە رۆژهەڵات و باشووری وڵات و لە توركیا و... چیرۆكی مرۆڤی كورد كە چۆن گیرۆدەی كێشەكانی ژیان بووەتەوە. نووسەر بەكوردییەكی رەوان و جوان و بەزمانێكی سادە و ساكار ئەو چیرۆكانە دەگێڕێتەوە، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین كە چۆنێتی گێڕانەوە لە رەوتی چیرۆك و هونەری چیرۆك لایان نەداوە، ئەم چیرۆكانە بەشێوەی ڕیاڵ نووسراون و سادە و ساكار چیرۆكی گرفتی مرۆڤ دەگێڕێتەوە، بەڵام چیرۆكەكان هونەریین. نووسەری ئەم كۆمەڵە چیرۆكە بۆ خۆی خەڵكی رۆژهەڵاتە و لەباشوور ژیاوە، ئەوەندەی بزانم ماوەیەكیش لەتوركیا ژیاوە، ئەم ئەزموونی ژیانە بەهەموو دەرد و ژان و میحنەتەكانییەوە هاتووەتە نێو دەقی گێڕانەوە و كاریگەری هەبووە لەسەر نووسەر. ئەم كۆمەڵە چیرۆكە هەندێكیان زۆركورتن و هەندێكیان چیرۆكی درێژ. چیرۆكی یەكەمی ئەم كۆمەڵەیە چیرۆكی ژیانی ئەو خوێنكارانەیە كە لە رۆژهەلاتی وڵاتەوە بەدبەختی و كوردبوون پەڕیوەی باشووری كردوون و لە بەشە ناوخۆیی زانكۆ لە هەولێر دەژین. لێرەوە نووسەر چیرۆكی ئەو دیوارە بەرز و پانە دەگێڕێتەوە كە لەنێوان كوردی رۆژهەڵات و باشووردا بەرزكراوەتەوە. چیرۆكی جوداخوازی و لەیەك دابڕانی مرۆڤی كورد دەگێڕێتەوە، ئەم دەردێكی كەسكوونە و هەتا ئەمڕۆش جۆرێك لە دابڕان و یەكتر سڕینەوە و ناشیرین كردنی یەكتری لە نێوان خەڵك كورددا هەیە، بەڵام ئەوەی باری لارە و بەدبەختە ئەو خوێنكارانەن كە كوردبوون هەڵیبڕیون بۆ بەشێكی دیكەی وڵاتەكەی خۆیان كە زۆرجار وەك غەریبەیەك هەڵسوكەوتیان لەتەكدا دەكرێ. ئێمە لە مێژە بەدەست ئەم دەردی جودایی و جوداكارییەوە دەناڵێنین. ئەم چیرۆكەی رەسووڵیش برینێكی بچووكە لەو برینە گەورەیە. لە چیرۆكی جندۆكەدا نووسەر چیرۆكی خێزانێك دەگێڕێتەوە، كە بەردەوام لە ماڵاَ باركردن و گواستنەوەدان، چیرۆكەكە بە سەیركردنی بەرنامەی دروستكردنی خۆراك دەست پێدەكات و بە گرفتی بوونی جندۆكەیەك كۆتایی دێت. لێرەدا نووسەر پەردە لەسەر نەریتێكی كۆنی چەقبەستوو لادەدات، لەم چیرۆكەدا نووسەر وێنای ئەو عەقڵییەتە دەكێشێ كە سەد ساڵ زیاترە هیچ نەگۆڕاوە، وەختێ ئەم چیرۆكە دەخوێنینەوە چیرۆكەكانی غوڵام حوسێن ساعێدیمان بیر دەكەوێتەوە، كە ئەویش لە زۆر چیرۆكدا باسی ئەو عەقڵییەتە كۆنە چەقبەستووە دەكات كە چۆن مرۆڤی ئێرانی هێشتا باوەڕیان بە نووشتە و شێخ و مەشایەخ و جنۆكە هەیە. هەڵبەت خەبات رەسووڵی چیرۆكێكی كوردی دەگێڕێتەوە و پەیوەستە بە كۆمەڵی كوردەوارییەوە. لە چیرۆكی جەعفەر دا باسی رووداوی دزییەكە كە گوایە بەسەر جەعفەردا بڕاوە و ئەویش دزەكە نییە، دوای پانزە ساڵ لە دەربەدەری دەگەڕێتەوە بۆ گوند و ساغبووەتەوە كە ئەو دزی ملوانەكەكە نییە لەوبەرانبەر ئەوەدا زڵەیخای داوای لێ دەكات گەردنی مردووی دووشك ئازا بكات و رەحمەتیش وەسێتی كردووە كە سەروەت و ماڵی بۆ جەعفەر بێ، بەڵام جەعفەر هیچی ناوێ و دەڕوات و گەردنیشی ئازا ناكا. لە چیرۆكی رەمەزان دا گێڕانەوە لە توركیایە، مرۆڤێك كە هەم سیستمی خۆراك و هەم بیركردنەوەی لەگەڵ ئەو كۆمەڵگایە جودایە، كاتێ بانگێشت دەكرێ بۆ فتاركردنەوە، ئەو بەرۆژوو نییە بەڵام بەناچاری دەڵێ بەرۆژووم و لەگەڵیان دەڕوات و وەك خۆی دەڵێ وەدەندوك پێوە بووم. كاتێ لەسەر سفرەی توركیانە ئەو نان و خۆراكە دەخوات تووشی حاڵێكی خراپ دەبێ و خۆراكی چەور و تیژ لە ناوسكیدا دەبێ بە بەرد. لەم كۆمەڵەیەدا چەند چیرۆكێكی دیكە هەیە، لەوانە چیرۆكی چرووك، دیوار، چەمەدانی بەتاڵ، دراكولا، شەوی ئیعدام، رادیۆ، گورگ، گورگەزێ، كوڕە لەكۆڵ كارل ماركس بەوە پیاو، گێلانەترین چیرۆكی مردن... لەكۆتاییدا دەست خۆشی لە نووسەری ئەم چیرۆكانە دەكەم و هیواخوازم بەردەوام بێ لەسەر نووسینی چیرۆك و ئاوا كوردانە بنووسێ و پەنجە بخاتە سەربرینەكان. چۆن برینەكان هەیە، ئازاریان هەیە و نابێ خۆمان لەو ئێش ئازارە گێل بكەین. مەحمود نەجمەدین
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure