عه‌لی حسه‌ینی له‌م ساڵه دواییانه‌دا نووسینی ڕۆمان و چیرۆک ڕوو له زیادبوون بووه؛ به چه‌شنێک که ده‌توانێ مایه‌ی دڵخۆشی و شانازی بێت بۆ ئه‌ده‌بیاتی کوردی و چاوه‌ڕوان ده‌کرێ خوێنه‌رانیش نووسه‌ران به‌جێ نه‌هێڵن و به هه‌ر شێوه‌یه‌ک که ده‌توانن یارمه‌تیده‌ریان بن. کامه‌ران حامیدی یه‌کێک له‌و نووسه‌رانه‌یه که ساڵانێکه هاتووه‌ته ناو یانه‌ی ده‌قی داستانیی کوردییه‌وه. له ڕۆمانی "گۆمی بهردهلانکێدا" که یه‌ک له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و نووسه‌ره‌یه له فهسازی و هه‌روه‌ها فله‌ش به‌ک و گه‌ڕانه‌وه بۆ دوا نووسه‌ر له ئاستێکی تا ڕاده‌یه‌ک باش‌دا هه‌نگاوی ناوه و توانیویه‌تی له‌و بواره‌دا خوێنه‌ر به‌ره‌و خۆی ڕابکێشێت. ڕه‌نگه بۆ ئه‌وه‌ی که بتوانین ڕۆمانی خۆش و ناخۆش یان چاک و خراپ لێک جیا بکه‌ینه‌وه ده‌توانین پاش ته‌واو بوونی خوێندنه‌وه بزانین چیمان ده‌رباره‌ی ئه‌و ده‌قه له زه‌یندا ماوه یان چ شتێکی لێ فێر بووین. پاش کۆتایی هێنان به خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی گۆمی به‌رده لانکێ ڕه‌نگه هه‌ر خوێنه‌رێک بتوانێ ڕووداوه‌کان وه‌ک وێنه‌یه‌ک له زه‌ینی خۆیدا وێنا بکات و هه‌موو شتێ به بیره‌وه‌ریی بسپێرێت. له خولقاندن و پێگه‌یاندنی که‌سایه‌تیدا ده‌توانین بڵێین نووسه‌ر تا ڕاده‌یه‌کی باش خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بووه؛ به تایبه‌ت که‌سایه‌تیی ڕه‌سووڵ، له‌و کاته‌یدا که هاوقه‌تارانی ده‌یانه‌وێ ئه‌وه‌ی پێ بسه‌لمێنن که ده‌بێ له به‌رانبه‌ری ده‌زگیرانه دزراوه‌که‌ی له لایان پیاوانی سه‌ید جه‌ماڵه‌وه ژنێک بدزێت، ئه‌و شانی پێدا ناکات و به‌رده‌وام له بیری ئه‌وه‌دایه که بتوانێ ده‌زگیرانه دزراوه‌که‌ی وه‌رگرێته‌وه. کاتێکیش به زۆری ئاغا و که‌سانی تر سه‌بریی دزراوی لێ ماره ده‌که‌ن هه‌ر ناتوانێ ژیانێکی خۆش له‌گه‌ڵ ئه‌و بژی و به‌رده‌وام بیر له ده‌زگیرانی خۆی ده‌کاته‌وه و سه‌ره‌نجام ڕێگه‌ی سابلاغ ده‌گرێته به‌ر بۆ دۆزینه‌وه‌ی. ڕه‌سووڵ له که‌سێکی ئاساییه‌وه یان بڵێین له که‌سایه‌تییه‌کی ئاشقه‌وه ده‌گۆڕدرێ بۆ که‌سایه‌تییه‌کی گه‌وره که ده‌توانێ خاوه‌نی ئه‌و بیره گه‌وره بێت که دزینی ژن به دیارده‌یه‌کی دزێو بێنێته ئه‌ژمار ئه‌گه‌رچی به هۆی دزرانی ده‌زگیرانه‌که‌یه‌وه تا سه‌ر ئێسقان برینداره. ئه‌و کاته‌ش که دوای هه‌وڵێکی زۆر ده‌توانێ له سابڵا‌غ ماڵی خه‌یاڵ(ئاسکێ)ی ده‌زگیرانی بدۆزێته‌وه تا بتوانێ به کوشتنی محه‌مه‌دی چاووش که مێردی خه‌یاڵه ئارام بگرێت ده‌ست به جێ به قسه‌ی خه‌یاڵ ئارام ده‌بێته‌وه و محه‌مه‌د ناکوژێت. به جێگه‌ی کوشتنی محه‌مه‌د که له‌و کاته‌دا له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ له لایان حاکمه‌وه ژیانیان له مه‌ترسیدایه "سواره"ی ساوایان لێ وه‌رده‌گرێ که بیسپێرێ به ماڵی باوکی خه‌یاڵ. کاتێکیش که به مناڵه‌که‌وه ماڵه‌که به‌جێدێڵێ و ده‌یه‌وه‌ێ به‌ره‌و ناوچه‌ی لێڕه‌وار بگه‌ڕێته‌وه له‌گه‌ڵ ده‌بیسێ له ماڵی محه‌مه‌د و خه‌یاڵ شه‌ڕی پیاوانی حاکمه له‌گه‌ڵ ئه‌و جووته، ئازا ده‌گه‌ڕێته‌وه و وێڕای ئه‌و دووانه به تفه‌نگه‌که‌ی ده‌ست ده‌کات به شه‌ڕ له‌گه‌ڵ پیاوانی حاکم و له ئه‌نجامدا له‌گه‌ڵ ئه‌و جووته به ده‌ستی پیاوانی حاکم خوێنی ده‌ڕێژرێت. ئه‌مه ده‌توانێ باشترین نموونه بێت بۆ پێگه‌یاندنی که‌سایه‌تی چون له‌وێدا ڕه‌سووڵ چاوی له حه‌ق و ناحهقهوهیه و له ڕووی ئێحساسه‌وه هه‌ڵس و که‌وت ناکات و ئه‌و نه‌فره‌ته‌ی که به‌رانبه‌ی محه‌مه‌د له دڵیدایه ده‌گۆڕدرێ بۆ خۆشه‌ویستی. ئه‌م پێگه‌یاندنه بۆ ئاسکێیش تا ڕاده‌یه‌کی زۆر بوونی هه‌یه. ئاسکێی دزراو که خۆی به ویستی خۆی مێرد ده‌کات به‌و که‌سه‌ی وا له ده‌ستی ڕفێنه‌رانی ڕزگار کردووه ئه‌وه‌نده ئاشقی مێرده‌که‌ی ده‌بێت که به هیچ فێڵ و ته‌ڵه‌که‌یه‌ک نایه‌ته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که خۆی ته‌سلیمی حاکمی چڵێس و شههوهتاویی شاری سابڵا‌غ بکات و به هیچ شیوه‌یه‌ک نایه‌وێ که‌سایه‌تیی خۆی و مێرده‌که‌ی و مناڵه ساواکه‌ی له‌و سه‌رده‌مه نه‌ریتییه‌دا لکاوی بکات. له ڕیوایهتهکهدا نووسه‌ر گۆشه نیگایه‌کی به‌هێزی هه‌یه و به جوانی ده‌مانخاته ناو فه‌زای داستانه‌که‌وه. هه‌روه‌ها به بێ ئه‌وه‌ی هیچ چه‌شنه قهزاوهتێ له سه‌ر که‌سایه‌تییه‌کان بکات لێده‌گه‌ڕێ خودی خوێنه‌ر له ڕووی هه‌ڵس و که‌وته‌وه ده‌رباره‌ی که‌سایه‌تییه‌کان دادوه‌ری بکات؛ ته‌نانه‌ت قه‌زاوه‌ت له سه‌ر حاکمیش به محه‌مه‌دی بێ ڕێزی پێکراو ده‌سپێرێ و خۆی له قه‌ره‌ی هیچ چه‌شنه داوه‌رییه‌ک نادا. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نیگای به‌هێزی نووسه‌ر که جۆرێک داستانه‌که و ڕیوایه‌ته‌که دابڕێژێ و که‌سایه‌تییه‌کان به جۆرێک باربێنێ که پیویست به قسه‌ی زیادی و قه‌زاوه‌تی خۆی نه‌کات. ده‌رباره‌ی زمان ئه‌وه بڵێین که ڕۆمانه‌که به زمانێکی تا ڕاده‌یه‌ک باش داڕێژراوه به‌ڵام به‌داخه‌وه زمانی ڕاوی و که‌سایه‌تییه‌کان که هی سه‌رده‌مانێک به‌ر له ئێستان و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ڵس و که‌وت و زمان و شێوه‌زار و زۆر شتیان جیاواز بێت له‌گه‌ڵ ڕاوی جیاوازییه‌کی وایان به تایبه‌ت له باری زمانییه‌وه له نێواندا نابینرێ. به داخه‌وه هه‌ندێ له نووسه‌رانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی وا ئه‌م چیرۆکه سه‌ری لێهه‌ڵداوه به شێوه‌یه‌کی سه‌یر و سه‌مه‌ره باوه‌ڕیان به شێوه‌زاری خۆیان هه‌یه و وا هه‌ست ده‌که‌ن کوردیی ئه‌ستاندارد ئه‌وه‌یه که ئه‌وان پێی ده‌ئاخێون و ئه‌وه‌یه که ئه‌و چه‌شنه زمانه له نووسینیشیاندا به زۆری ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. وشه‌گه‌لێ وه‌ک "غومال" به جێگه‌ی تۆز و خۆڵ یان "ڕاوهنهدهستان" به جێگه‌ی ڕانه‌ده‌وه‌ستان که ئه‌م دواییه چه‌ندین جار له لایان ڕاوییهوه دووپات ببووه‌وه و یه‌که‌میش هه‌ر وشه‌ی ڕاوی بوو نه‌ک که‌سایه‌تییه‌کان؛ بۆ منی خوێنه‌ر تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ببووه مایه‌ی سه‌ر سوڕمان. ئێمه نووسه‌رگه‌لێکی مودێڕن نووس وه‌ک به‌ختیار عه‌لی و ... یان ئه‌م هه‌موو که‌ناڵه تهلهڤیزیۆنییهمان هه‌یه که له ئاستێکی به‌رچاودا وه‌ک یه‌ک ده‌دوێن، ده‌توانین به یارمه‌تیی ئه‌وانه زمانمان لێک نزیک بکه‌ینه‌وه و به‌ره‌وه یه‌کگرتوویی هه‌نگاو بنێین. ده‌رباره‌ی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌ی که بۆ نووسینه‌که داڕێژراوه به ڕای من پێده‌چێ هه‌ندێ کێشه هه‌بێت. له سه‌ره‌تادا چیرۆکه‌که ئاسایی ده‌چێته پێشه‌وه به‌ڵام له‌گه‌ڵ باسی حاکم و شار و ئه‌و شتانه دێته پێشه‌وه به بێ پێشه‌کی گۆڕینی ناوی ئاسکێ بو خه‌یاڵ زۆر نائاساییه. نائاسایهتییهکه ئه‌و کاته ده‌گاته لووتکه که ئاشق بوونی حاکم به‌و شێوه‌یه زۆر له زه‌ینی خوێنه‌ردا جێگه ناگرێ و وا ده‌رده‌که‌وێ ئه‌م سه‌ره‌داوانه تا ڕاده‌یه‌ک به زۆر پێکه‌وه لکێندراون. ئه‌گه‌ر ڕۆمانه‌که خاوه‌نی به‌شێک بوایه که ئاسکێ به‌ره و شاری سابڵا‌غ سه‌فه‌ر بکات و له‌وێ زه‌مینه‌یه‌ک بۆ گۆڕینی ناوی خۆی بڕه‌خسێنێ و ئه‌مجار به‌ره به‌ره مێرد کردنه‌که‌ی به محه‌مه‌د ده‌ربکه‌وتایه به ڕای من ئاسایی تر ده‌بوو. ته‌نانه‌ت بینینی خه‌یاڵ(ئاسکێ) له لایان حاکمه‌وه ده‌توانرا به هۆی کارێکی ئیدارییه‌وه بوایه. هه‌مووی ئه‌مانه ده‌توانن بۆ گه‌ڵاڵه‌ی چیرۆکه‌که به ئیراد بێنه ئه‌ژمار. خوێنه وا هه‌ست ده‌کا که نووسه‌ر له ڕووی جه‌بره‌وه ئه‌م سه‌ره گوریسانه‌ی پێکه‌وه گرێ داوه و بیری به‌وه نه‌شکاوه گه‌ڵاڵه‌که بڕێک پان و به‌رین تر بکات.یه‌ک شت که زۆر پێویسه بوترێ ئه‌وه‌یه که ناوی ڕۆمانه‌که له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆکه‌که‌ی زۆر نایه‌ته‌وه. ئیسته‌ش لێم ڕوون نییه که نووسه‌ر ئه‌م ناوه چه‌په‌که‌ی بۆچی بۆ ئه‌و ڕۆمانه هه‌ڵبژاردووه؟ هه‌ر ئه‌و ناوه بووه‌ته هۆی ئه‌وه که خوێنه‌ر له سه‌ره‌تادا بڕێک دره‌نگ ده‌ست بداته خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌که هه‌ر بۆیه وتراوه ناو و ڕووبه‌رگی کتێب ئه‌وه‌نده‌ی ناوه‌رۆکه‌که‌ی گرینگه. به گشتی به سه‌ر هه‌موو کێشه‌یه‌کدا به ڕای من ڕۆمانی گۆمی به‌رده‌لانکێ ده‌توانێ له ناو کتێبه باشه‌کاندا جێگه‌ی بێته‌وه. هیوادارم که نووسه‌ر به‌رده‌وام له‌م چه‌شنه ده‌قانه بخولقێنێ و له ڕێکه‌ی به پێز کردنی کتێبخانه‌ی کوردی‌دا هه‌نگاوی باشتر و گه‌ورتر هه‌ڵبگرێت.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure