حوسێن حوزنی موکریانی ساڵی 1883 لە گوندی بوغدەکەندی نێوان شاری بۆکان و سەقز لەدایک بووە. حوزنی موکریانی خوێندنی لە حوجرەی مزگەوتەکان دەستپێکردوە. لەبەر لێھاتویی نەوەستاوە و دەستیکردووە بە راهێنانی خۆی لە رێگەی ئەو کتێبانەی کە بە زمانەکانیتر ھەبوون لەو سەردەمەدا. حوسێن حوزنی سەرەتا لای باوکی و خاڵەکانی خوێندویەتی و لەتەمەنی ٢١ ساڵیدا ئاوارەبووە و چەندین وڵاتی دەرەوەی بینیوە بۆ نموونە: ڕووسیا، ئەفغانستان، سووریا، لوبنان، میسر، حیجاز، فەڕەنسا. حوسێن حوزنی ھەموو کوردستانی بەردەستی ئێران و عوسمانی ئەوکاتە گەڕاوە و بە مۆرھەڵکەنی بەڕێچووە. ساڵی 1915 لە حەڵەب چاپخانەیەکی بچوکی پێکەوە ناوە و ئەدەب و مێژووی کوردیی تێدا بڵاوکردۆتەوە. شێخ عومەر وەجدی ،مامۆستای ڕەواقی ئەکراد لە ئەزھەر بۆ مامۆستا "گیوی موکریانی" نووسیوە، دەڵێ: لە محەمەد عەلی عەونیم بیستووە گوتویەتی: چاپخانەی حوزنیم لە حەڵەب دیتووە کە ئەدەب و مێژووی کوردی لێ چاپ دەکرد. خەیاڵم بووە بچمە سوێرەک و سەر لە خزمان بدەم؛ بەڵام حوزنی ئەوەندەی کار تێکردم وازم لە گەشتەکەم ھێنا و گەڕامەوە میسر و بڕیارم دا منیش چاو لەو پیاوە بکەم و خۆم بۆ خزمەتی مێژووی کورد تەرخان بکەم. حوسێن حوزنی ساڵی 1925 ھاتۆتە ڕەواندز و چاپخانەی زاری کورمانجی دامەزراندووە. ساڵی 1943 لە ڕەواندز دوور خراوەتەوە و تا کۆتایی ژیانی لە بەغدا ژیاوە.
خاک _ پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure