"بنکەی خێرخوازیی بیل و مێلیندا گەیتس" هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، پشتگیریی خۆی لەو کۆمپانیا و رێکخراوانەی رووبەڕووی کۆرۆنا بوبوونەوە دەست پێکرد. ئێستا ئەم بنکەیە 125 ملیۆن دۆلاری دیکەی پێشکەش بەو رێکخراوانە کردووە کە لە بەرەی پێشەوە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنادان. لەو 125 ملیۆن دۆلارە، 50 ملیۆن دۆلاری تەرخان کراوە بۆ ئەنجومەنی "Gavi" بۆ پەرەپێدان به ڤاکسین و 75 ملیۆن دۆلاریش تەرخان کراوە بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان بۆ ئەم پەتایە. ئەم بنکەیە بڕیارەکەی خۆی سەبارەت بە پشتیوانیی ماڵیی لەو رێکخراوانەی بەرەنگاری کۆرۆنا بوونەتەوە، لە کۆبوونەوەی "دژکردەوە جیهانی بەرامبەر بە کۆرۆنا"ـدا راگەیاند. ئەم کۆبوونەوەیە بە بەشداری حکومەتەکان، رێکخراوە مەدەنییەکان و کەرتی تایبەت بەڕێوە چوو بۆ ئەوەی رێگەچارەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نەخۆشیی کۆڤید-19 بدۆزنەوە. هەڵبەت جگە لە "بنکەی خێرخوازیی بیل و مێلیندا گەیتس"، چەندین کۆمپانیای دیکەش پشتیوانییە ماڵییەکانی خۆیان ئاراستەی ئەنجومەنی "Gavi" کردووە بۆ ئەوەی مناڵانی بێبەش لەسەرانسەری جیهان ڤاکسین و دەرمانیان پێ بگات. بنکەی "گەیتس" تا ئێستا 300 ملیۆن دۆلاری بۆ چارەسەریی کۆرۆنا سەرف کردووە. مێلیندا گەیتس لەم بارەیەوە دەڵێ: "بۆ ئەوەی بەسەر کۆفید-19ـدا زاڵ بین، جیهان پێویستیی بە زانستێکی پێشکەوتووتر هەیە. خەڵک دەبێ زیاتر هەست بە بەرپرسایەتی بکەن و دەبێ هەموو تواناکانی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ لەناوبردنی ئەم پەتا گشتگیر و جیهانییە."
سەرچاوە: cnet
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure