عەلی حوسەینی ـ سەقز خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی کچانی چیرۆکخوانی مه‌ها حه‌سه‌ن، ڕۆماننووسی کوردی عه‌ره‌بی نووسی ڕۆژئاوایی، هه‌ر وه‌ها کورته‌یه‌ک ده‌رباره‌ی وه‌رگێڕانی ڕۆمانه‌که به وه‌رگێڕانی سه‌باح ئیسماعیل له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا، وا ده‌رده‌که‌وێ میسر هه‌میشه له بوارگه‌لی هونه‌ر وه‌کوو، مووزیک، شانۆ، سینه‌ما و... ،هه‌ر وه‌ها له ئه‌ده‌بیاتا، له ناو سه‌رله‌به‌ری جیهانی عه‌ره‌بدا پێشه‌نگ بووبێت. سووریا له‌و وڵاته عه‌ره‌بییانه‌یه که ئێمه ڕه‌نگه ئه‌وه‌نده‌ی میسر ئاگاییمان لێی نه‌بووبێت یان ڕه‌نگه به بۆنه‌ی ئاڤانگارد بوونی وڵاتی میسر له ناو وڵاتانی عه‌ره‌بدا،هه‌وڵه هونه‌رییه‌کانی وڵاتانی دیکه‌ی عه‌ره‌بی وه‌کوو سووریا که‌متر ده‌رکه‌وتبێتن. من پێشتر له ڕێگه‌ی جان دۆسته‌وه به قه‌ڵه‌م و داڕشتنه‌وه‌ی شیاوی وریا غه‌فووری بۆ سۆرانی تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو له‌گه‌ڵ مێژووی سووریا و پێشینه‌ی به‌شی ڕۆژاوای کوردستان ئاشنا بووم؛ هه‌ر وه‌ها له ڕێگه‌ی ڕۆمانی عه‌شیقی وه‌رگێڕه‌وه به وه‌رگێڕانی سه‌باح ئیسماعیل، که هه‌ندێ تیشک ده‌خاته سه‌ر مێژووی شام و له قووڵایی سه‌ده‌گه‌لی پێشوودا سه‌فه‌ری پڕ مه‌ترسیی عهشیق و هاوڕێیانی له شامه‌وه بۆ ڕۆم به به‌له‌م نیشان ده‌دا، تا ڕاده‌یه‌ک ته‌م و مژه‌کانم له سه‌ر سووریا بۆ ڕه‌وییه‌وه. بار و دۆخی سووریا به تایبه‌ت له‌م چه‌ند ساڵه‌دا دواییه‌دا جۆرێکه که تاکه‌که‌س که‌متر چاوه‌ڕوانی کاری هونه‌ریی لێده‌کات؛ ئه‌وه‌ش به‌و بۆنه‌یه‌وه که جه‌نگ باڵی ڕه‌شی به سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا کێشاوه. مه‌ها حه‌سه‌ن یه‌کێک له‌و ده‌نگه کورده به عه‌ره‌ب بووانه‌یه که ڕه‌نگه ته‌نانه‌ت ناویشمان نه‌بیستبێ؛ ئه‌وه‌ش هونه‌ری وه‌رگێڕانه که ده‌بێته هۆی ئه‌وه هونه‌ره‌کان بگوێزرێنه‌وه بۆ وڵاتانی دیکه و نووسه‌ران له سهرزهمینگهلی جۆراوجۆر خوێنه‌ری خۆیان بدۆزنه‌وه و ته‌نانه‌ت کاره‌کانیشیان بکه‌وێته به‌ر ڕه‌خنه و توێژینه‌وه. ئه‌م خاتوونه ڕۆماننووسه له "کچانی چیرۆکخوان"دا به ده‌سه‌ڵات و ئاگایی به سه‌ر دنیای کلاسیک و مودێڕندا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رده‌نگ جۆریكه، که زۆر جار وه‌ک چه‌شنێ له چاوشارکێ شیرازه‌ی خوێندنه‌وه‌که له ده‌ستی خوێنه‌ر ده‌ردێنێ به‌ڵام دیسان هه‌وڵ ده‌دا بیخاته‌وه سه‌ر هێڵی ڕاست و درێژه به کاره‌که‌ی بدات. گۆڕینی خێراخێرای ڕاوی، به‌شێکه له‌م چاوشارکێیه. خوێنه‌ر زۆر جار لێی ده‌شێوێ له‌گه‌ڵ کێدا ڕووبه‌ڕوویه،ئهبدۆنه، ساباتۆیه، ئه‌نیسه، ئه‌لیسه، فریدایه، دالیدایه،کێیه ڕیوایه‌ت ده‌کات؟! ڕۆماننووس په‌یتا په‌یتا له‌حنی ده‌ق ده‌گۆڕێ و پۆلی فۆنی و ههمهدهنگی ته‌کنیکێکی جیانه‌کراوه له‌م ڕۆمانه‌یه. هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆکار بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام به‌رده‌نگ هه‌ست به نوێبوونی له‌حن بکات و نه‌گۆڕیی ده‌نگ و تۆن نه‌بێته هۆی ماندوو بوونی. خوێنه‌ر هه‌ست به بێ دهرهتانییهکی خۆش له بزاڤی ڕسته و وشه‌کاندا ده‌کات و هه‌ر چرکه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه کاراکته‌رێک به دزهخشکێ،ناوی گۆڕاو، یان ته‌نانه‌ت ڕه‌گه‌زی شاراوه‌وه بێته ده‌نگ؛ ئه‌م ته‌کنیکه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه که خوێنه‌ری له بزاڤی دێڕدا نغرۆ بوو، به‌رده‌وام ده‌بێ هه‌وڵ بدات سه‌ره داوه‌کان پێکه‌وه گرێبداته‌وه و ده‌روویه‌کی نوێ بۆ تێگه‌یشتن بدۆزێته‌وه. ئه‌مه‌ش، سارته‌ر وته‌نی، بێجگه له به‌شدار بوونی چالاکانه‌ی به‌رده‌نگ له پرۆسه‌ی ده‌قدا و هه‌ر وه‌ها چه‌شنێ له شهوود و دۆزینه‌وه به‌چی تر ده‌توانرێ بهێنرێته ئه‌ژمار. به گشتی له که‌سایه‌تی په‌روه‌ریدا، خاتوونی ڕۆماننووس زۆر جار نیوه سیمایه‌ک له که‌سایه‌تی نیشان ده‌دا و پاشان ونی ده‌کات و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه پاش ناوبڕێک بانگێشتی بکاته‌وه. به‌ڕای من ئه‌مه‌ش ده‌که‌وێته خانه‌ی تازه‌گه‌ریی ڕۆمانه‌وه. دالیدا، حه‌لیم، عه‌زیز و ... وه‌ک برق دێن و تێده‌په‌ڕن. جاری وا هه‌یه نووسه‌ر که‌سایه‌تییه‌کان له چینی کراس،توێی پێخه‌ف یان له ژێر مێزی ئاشپه‌زخانه و ... جێده‌کاته‌وه و هه‌وڵده‌درێ له شوێنگه‌ل و شتگه‌لی جۆراوجۆره‌وه ده‌نگی زیندوو به‌رز بێته‌وه. له نوێگه‌ری له بواری ناوه‌رۆکه‌وه، مه‌ها حسه‌ن زۆر شت ده‌رباره‌ی تایبه‌تمه‌ندیگه‌لی ڕه‌گه‌زی مێ ده‌درکێنێ و هه‌ر وه‌ها به شێوه‌یه‌کی بوێرانه و تا ڕاده‌یه‌ک ڕووههڵـماڵراوانه لاپه‌ڕه‌گه‌لێک له ئه‌شق و سێکس ئاراسته ده‌کات و ئه‌و شتانه‌ی که بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ڕۆژهه‌ڵاتی هێشتا هێڵی سوور ده‌ژمێردرێن دێنێته بزاڤی ده‌قه‌وه. که‌سایه‌تیی سه‌ره‌کیی ڕۆمانه‌که که ئه‌بدۆن بێت له‌گه‌ڵ ساباتۆ به شێوازێکی نیمچه سێکسه و هه‌ر وه‌ها جارجار به سێکسی چڕوپڕی ناو خه‌و، لێک ده‌ئاڵێنێ. نووسه‌ر ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌که جۆرێک لێ ده‌کا که سێکسی ڕه‌به‌ق ده‌سته‌به‌ر نه‌بێیت و به ئامێر بوون بۆ سێکس به دیارده‌یه‌کی نه‌شیاو بهئهژماردێنێ. سه‌ره‌تا ڕه‌گه‌زی نێر براوه‌ی یارییه‌که‌یه و ساباتۆ ئاماده نابێت سێکسی ره‌به‌ق به‌کرده‌وه ده‌ربێنێت. پاشان دوای ئه‌وه‌ی که خانمی نووسه‌ر ده‌قه‌که بۆ ساباتۆ ته‌واو ده‌کات بۆخۆیشی ئاماده نابێت سێکسه‌که ئه‌نجام بدات؛ که واههستدهکرێ نووسه‌ر ئاگایانه به‌رگی به‌رنده‌ی خستبێته ده‌ستی ڕه‌گه‌زی مێ و ئه‌و هۆشدارییه به ڕه‌گه‌زی مێ بدا که خۆ له به‌ئامێربوون بپارێزن. ساباتۆ دوای وه‌رگرتنی ده‌قی ڕۆمانه‌که تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو له سه‌ر به کرده‌وه ده‌رهێنانی سێکسه‌که جه‌خت ده‌کاته‌وه؛ خاتوونی نووسه‌ر لێره‌دا ڕۆحییه‌ی هه‌مه سێکسه و که‌ڵه‌شێر ئاسای ڕه‌گه‌زی نێر به باشی به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه. له سه‌ره‌تادا ته‌نانه‌ت بۆ ڕه‌گه‌زی مێیه‌که‌ش ناوی ئه‌بدۆن ههڵدبژێرێ که به ته‌واوی نێر و مێیهتییهکهی ڕوون نه‌بێت، ڕه‌نگه بیهه‌وێ بڵێ من ته‌نیا ده‌مه‌وێ نووسه‌ری کتێبه‌که‌ت بم و تێپه‌ڕبوونی کات ئه‌مه ده‌رده‌خات که سێکست له‌گه‌ڵ ده‌که‌م یان نا. له لایه‌کی تریشه‌وه هه‌وڵی زۆری ئه‌بدۆن له ماوه‌ی درێژه‌کێشانی پرۆسه‌ی نووسینه‌که‌دا بۆ به‌کرده‌وه ده‌رهێنانی سێکس تا ڕاده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌م بیرۆکه ناته‌بایه به‌ڵام به گشتی بزاڤی ده‌قه‌که ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ که به ئامێر بوون بۆ سێکس دیارده‌یه‌کی جوان نییه. مه‌ها حه‌سه‌ن به سه‌ر هه‌موو هه‌وڵدان بۆ نوێگه‌ری، تێکۆشاوه ڕۆمانه‌که پێیه‌کیشی له کلاسیک‌دا بێت. به نیشاندانی ئه‌شقی بێگه‌ردی فریدا و حه‌لیم، ده‌یه‌وێ دیارده‌ی ئه‌شق به شێوه‌یه‌کی پاک و بێخه‌وش بنوێنێ و ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌مان پێ بڵێ که له سه‌رده‌می تهکنۆلۆژیاشدا ئه‌م دیارده‌یه ده‌توانێ هێشتا بێگه‌رد بێت. باوکی فریدا هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وه‌یه که فریدا بنێرێ بۆ ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا تا به شێوازێکی ئاکادیمیک کاری هونه‌ری درێژه پێبدات به‌ڵام فریدا وته‌کانی باوکی نادیده ده‌گرێت و ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ده‌ڵێ من حه‌لیمی شوانم هه‌بێ هیچم ناوێ. بڕوای وایه که داهێنانی سه‌ره‌کییش له قوتابخانه و زانکۆ و شوێنی بهربهستکراودا به ده‌ست نایه به‌ڵكوو مرۆڤ ده‌بێ پایه‌کی له سروشتا بێت. لێره‌دا نووسه‌ر به جوانی گوزه‌ران کردن و ژیان لێک جیاده‌کاته‌وه و پێمان ده‌ڵێ ژیانی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که مرۆڤ چیی پێخۆشه به‌ده‌ر له قه‌زاوه‌تی خانه‌واده و کۆمه‌ڵگه ئه‌نجامی بدات و ته‌نانه‌ت هێڵه سووره‌کانیش تێپه‌ڕێنێ. سه‌ره‌نجام فریدا ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ترسی بۆ حه‌لیم دروس نه‌بێت ناچار ده‌بێ سه‌فه‌ر و ژیان له هه‌نده‌ران قبووڵ بکات. له گه‌ڕانه‌وه‌شدا یه‌که‌م شت که هه‌وڵی بۆ بدات،ئه‌وه‌یه که بۆ دۆزینه‌وه‌ی حه‌لیم ده‌چی بۆ گوندی سوورهخاک به‌ڵام هه‌وڵه‌که‌ی ناکام ده‌بێت. له شوێنی ڕوودانی ڕۆمانه‌که‌شدا دیسان خاتوو مه‌ها سه‌ر له خوێنه‌ر ده‌شێوێنێ. ئه‌گه‌رچی جارجار وا ده‌رده‌که‌وێ شوێنی ڕووداوه‌کان فه‌ڕانسه بن به‌ڵام به تێکه‌ڵکردنی هه‌ندێ هێما و نیشانه و ناو و ... خوێنه‌ر وا هه‌ستده‌کا که به شێوه‌یه‌کی جادوویی شوێنه‌کان ئه‌گه‌ری گوێزانه‌وه‌یان هه‌یه. له قاوه‌خانه‌ی شاره‌زادا سه‌ره‌تا وا ده‌رده‌که‌وێ شوێنی ڕووداوه‌که فه‌ڕانسه بێت به‌ڵام هه‌ندێ ناو و نیشانه ده‌بنه هۆی ئه‌وه خوێنه‌ر هه‌ست بکات وڵاتێ وه‌کوو ئێران گوێزرابێته‌وه بۆ شوێنی ڕووداوه‌که. دیسانیش که‌سه‌کان ئه‌وه‌نده برق ئاسا خۆیان ده‌نوێنن که به‌رده‌نگ سه‌ری لێ ده‌شێوێ. هه‌موو ئه‌م سه‌ر لێ شێواندنانه‌ش له ڕووی ئاگاییه‌وه کراون تاوه‌کوو فۆرمی ڕۆمانه‌که نوێگه‌ریی تێدا له‌به‌رچاو گیرابێت. به‌شی"هونهرمهندهیلێک له پێناو ئاشتیدا" سه‌رنجی به‌رده‌نگ زۆر ڕاناکێشێت؛ خوێنه‌ر وا هه‌ستده‌کا نووسه‌ر به شێوه‌یه‌کی ده‌سکرد هه‌وڵی گرێدانی سه‌ری گوریسه‌کانی پێکه‌وه داوه. نووسه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی بیهه‌وێ ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامه‌وانی بدا، ده‌سکردانه هه‌وڵده‌دا عه‌لیا و ئه‌لیس پێکه‌وه بناسێنێ و ڕاکێشی وڵاتی میسریان بکات و پاشان بپه‌رژێته سه‌ر شۆڕشی میسر و به تاریف لێدانه‌وه گوزارشی بکات؛ ئه‌مه له حاڵێکدایه که هۆشیارانه چ پێش ئه‌و به‌شه له ڕۆمانه‌که و چ دوای ئه‌وه خۆی له قه‌ره‌ی ڕووداوه‌کانی سووریا نه‌داوه. ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی که ده‌ڵێ هونه‌ر ده‌بێ له خزمه‌تی ژیان و ئازاره‌کانی مرۆڤدا بێت، ناته‌بایه. چه‌ند په‌یڤێ ده‌رباره‌ی وه‌رگێڕانی ڕۆمانه‌که به بڕوای من سه‌باح ئیسماعیل ئافراندنی دووباره‌ی ده‌قه‌که‌ی به شێوه‌یه‌کی شیاو و لێزانانه به‌کرده‌وه ده‌رهێناوه هه‌ر بۆیه توانیویه‌تی ڕۆحی کوردی بکات به به‌ری ده‌قی نووسه‌رێکی کوردی عه‌ره‌بی نووسدا. له هه‌موو به‌شه‌کانی ڕۆمانه‌که‌دا خوێنه‌ر وا هه‌ستده‌کا ڕۆحی کوردیی بزربووی نووسه‌ر گه‌ڕێندرابێته‌وه بۆ ده‌قه‌که. ئه‌گه‌رچی نووسه‌ر له پێشه‌کیدا ئاماژه به نه‌نکه حه‌لیمه‌ی و گونده کوردییه‌که‌ی له ده‌ڤه‌ری عه‌فرین ده‌کا به‌ڵام له ڕه‌وتی ڕۆمانه‌که‌دا ئه‌و هێماگه‌له گوم ده‌بن. زمانی وه‌رگێڕ هۆکارێکه بۆ ئه‌وه‌ی بزربوونی ئه‌و هێماگه‌له نه‌بنه هۆی غه‌ریبی کردنی خوێنه‌ری کورد له بزاڤی ده‌قه‌که‌دا؛ وه‌رگێڕ به زمانێکی پوخت و له‌کڵ ده‌رهاتوو ئه‌و ڕۆحه کوردییه دێنێته‌وه ناو دێڕه‌کان. زۆر به که‌می هه‌ست به خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێکی وه‌رگێڕدراو ده‌کرێ؛ وه‌رگێڕ یارمه‌تیی خوێنه‌ر ده‌دا وه‌ک ده‌قێکی سه‌ره‌کی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌قه‌که بکات. له‌م وه‌رگێڕانه‌دا به گشتی هه‌وڵ بۆ کۆکردنه‌وه و له وڵاشم ده‌رچوونی زمانی کوردی دراوه که به هێنانه‌وه‌ی نموونهگهلێ ده‌مه‌وێ ئه‌م تێکۆشانه بنوێنم. "ئه‌بدۆن به خه‌تێکی ورد به‌ڵام جوان و خوێنراو ده‌ینووسی" ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌بوو بوترایه: ئه‌بدۆن ورد و جوان دینووسی و خه‌ته‌که‌ی به باشی ده‌خوێنرایه‌وه. هه‌ڵبه‌ت دانانی وشه‌ی "خوێنراو" وه‌ک "خوانا"ی فارسی پێوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه چه‌نده پێشوازیی لێبکرێ و قبووڵ کردنی گشتی گرینگه. "له‌و ئاهه‌نگه‌دا سه‌ندرێلا له‌گه‌ڵ میردا سه‌مای نه‌کرد، به‌ڵكوو کاتێ میری له داڵانه ته‌نگه‌که وه‌ستاند، ته‌ماشای کرد و هه‌موو هێزی ئاراسته‌ی کرد." به جێگه‌ی ئه‌وه بڵێ هه‌موو هێزی خۆی ئاراسته‌ی ئه‌و کرد ده‌ڵێ: هه‌موو هێزی ئاراسته‌ی کرد. "شیراز به ده‌م وابزانم ده‌یه‌مین جگه‌ره‌یه‌وه بوو، بزه‌ی هاتێ و پێی‌گوتم." ده‌یتوانی بڵێ: شیراز وابزانم له کێشانی ده‌یه‌مین جگه‌ره دابوو که پێی‌گوتم؛ به‌ڵام خۆی له درێژکردنه‌وه هه‌ڵبواردووه. به ڕای من ئه‌مانه کۆشینێکن بۆ کورتکردنه‌وه و له وڵاشم ده‌رچوونی زمان. هه‌وڵی له‌م چه‌شنه‌ش له وه‌رگێڕانه‌کدا به زۆری ده‌بینرێن. هه‌ڵبه‌ت به‌ڕای من له تێکۆشان بۆ خڕکردنهوی زمانی کوردی‌دا هه‌ندێ وشه و ده‌سته‌واژه دروست بوون که سه‌خته بڵێین کێشه‌دار نین. "ته‌ماشای کاتژمێره‌که‌مم کرد، ئاماژه‌ی به دوانزه که‌م ده خوله‌ک ده‌دا." ئه‌مه یان پێناسه‌ی زمانی سه‌رچاوه‌ی پێوه دیاره یان ڕه‌نگه له پیت چنییدا هه‌ڵه کرابێت؛ ئه‌گه‌ر ئاگایانه‌ش وه‌رگێڕ ئه‌م کاره‌ی کردبێت، به‌ڕای من کێشه‌ی هه‌یه. زۆر سانا ده‌یتوانی بڵێ: ئاماژه‌ی به ده خوله‌ک بۆ دوانزه ده‌دا؛ که له قه‌باره و ئه‌ندازه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ڕسته‌که‌ی وه‌رگێڕه. "ئه‌وان ده‌مانبیستن" هه‌ڵبه‌ت ڕسته‌ی له‌م چه‌شنه له چه‌ند شوێنێکدا دووپات بوونه‌ته‌وه؛ وه‌کوو خوێنه‌ر بۆم سه‌خته قبووڵی بکه‌م به جێگه‌ی ڕسته‌ی له ده‌نگمان تێده‌گه‌ن، له‌و ڕسته‌ی سه‌ره‌وه که‌ڵك وه‌رگرم؛ که وابزانم ئه‌وه‌ش کاریگه‌ریی زمانێکی تری به‌سه‌ره‌وه‌یه. "ئه‌زبه‌رکردن" له فارسییه‌وه وه‌رگیراوه زۆر سانا ده‌کرا "له‌به‌رکردن" بێت. "دڵی به کوته‌کوت که‌وت." ده‌یتوانی بڵێ: دڵی که‌وته کوته‌کوت. ئه‌م شێوه به‌کارهێنانه‌ش نزیکه له فارسی. هه‌ڵبه‌ت به‌خۆشییه‌وه شتی له‌م چه‌شنه زۆر که‌من. سه‌رچاوه‌کان: 1.آری و نه به رمان ن‌و، ترجمهی منوچهر بدیعی 2.جیهانی ڕۆمان، دوکتۆر هاشم ئه‌حمه‌دزاده 3. ڕۆمانی کچانی چیرۆکخوانی مه‌ها حه‌سه‌ن به وه‌رگێڕانی سه‌باح ئیسماعیل
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure