17/5/2020 08:27 AM

ئەگەر نایخوێنیتەوە لایکی مەکە. جارانی کەرکوک.


زاهیر شکور
قسەکردن لەسەر بازاری عەسریە" ئاڵتونچێکان" دورو درێژە، هیوادارم بێتاقەت نەبن لەخوێندنەوەی، چونکە بابەتێکە پڕە لەزانیاری دەربارەی کەرکوک.. زاهیر شکور..
بازاڕی زەرنگرەکان دیمەنێکی تری جوان ودڵڕفێنی کەرکوکە، بازاڕێکە دوکان وجامخانەکانی ڕەنگی تێشکی خۆری پۆشیوە، بازاڕێکە تیشکی ئاڵتون پرچی کچانی کەرکوک شانە دەکات ، تیشکی ئاڵتون لەم بازارەدا شەڕ لەگەڵ تشکی خۆر دەکات، هەر لە یەکەم هەنگاوی چوونمان بۆ ناو ئەم بازاڕە هەستمان بە جوانی وناسکی بازاڕەکە دەکرد، هەر دوکان وجامخانەیە بەچاو، بەجوانی بانگی دەکردین بۆ لای خۆی ، زیاتر لە شەست ساڵە کچان وژنانی ئەم شارە خۆیان لە ئاڵتون هەڵدەکێشن لەم بازاڕەدا، شەست ساڵ مەگەر بەدەگمەن دەنا هەموو کچان وژنانی کەرکوک ڕۆژێک لە ڕۆژان سەردانی ئەم بازاڕەیان کردووە، لە بەردەم کۆگاکانی هەڵوەستەیەکیان کردووە، کچ نییە، ژن نییە حیکایەت وبیرەوەریەکی نەبێت لە بازاڕی عەسری کەرکوک ، حیکایەتی عەشق وئەوین، حیکایەتی ملوانکەی مل وگەردنی بلووری ئەستێرەی سەر سنگ، حیکایەتی گوارە وماچی کوڵم وچاوشارکێ لەگەڵ روومەتی پەمەیی وسوور وسپی وگەنم ڕەنگ، لێرە لەم بازاڕەدا دوگمە ودۆڵاب حیکایەتی خۆیت بۆ دەگێڕێتەوە، گۆبەرۆک حیکایەت وعەشقی ناوقەدو باڵای نازدارانی کچە کوردت بۆ باس دەکەن. مستەفا بەگی کوردی دەڵێ:
بەخ بەخ کە، چ موزوونە، نەخڵی قەدی شمشاڵت.
لاقییە هەیاسە، پات وپاوانە وخڕخاڵت.
لاگیرەوو،سەر پەرچەم، گوارە و، گوڵ و، گەردانە.
چەند دڵگیر ونەخشین فێس وگوڵی دەسماڵت.
زەردوویی و،گۆوبازن، گوستێلە وبازی بەند.
قوربان و بەڵا کەردی، پەنجە ومەچەک وباڵت.
تەنیا کە لەخۆت دێ وبەس، لوولە وبەرگۆو ساچلغ.
کۆڵوانەیی سیمین وزەربافتی قەبای ئاڵت.
ئەو دوگمە، ودۆڵابە، قفڵێکی چ نایابە.
بۆ گەنجی گوهەر سنەجی، زیوین وئەڵای قاڵت..
شیلانە وحێل ومێخەک وعاشقبەن. بازنگ وپاوانە باس لە گەردنی بلوور ومەچەکی گۆشتن وپوزی خڕ وپڕت بۆ دەکەن. لەم بازاڕەدا زیاتر لە 60 ساڵە چیرۆکی خۆشەویستی کچ وکوڕی شار لە سەرەتادایە وکۆتایی ناییەت، وەستا دەست و پەنجە سپی وناسکەکانی ئەم بازاڕە هەر ڕۆژە ومۆدێلێک نمایش دەکەن، لە گۆشەی هەر جامخانە و پێشانگایەکەوە دەڕوانی ئەڵقەیەک، گوارەیەک، ملوانکەیەک، لوتەوانەیەک تیشکت تێدەگرێت، چاوت لێدادەگرێت، بانگت دەکات ودەڵێت هەڵمبژێرە بۆ ناسکترین وجوانترین قەد وباڵای خۆشەویستەکەت.
شێرکۆ بێکەس دەڵێ:
ئەم کۆگایە
جێ سەر پەڕی لە بەر چاوە
ناوی بووکی ، لە خۆی ناوە
بابزانم دیاریی بووکی
ئێسک سووکی
منی تییایە
ئەم ۆگایە.
لە بۆفییەی شوشە بەنگا
لەناو تاقی ڕەنگاو ڕەنگا
لەڕووی جامخانەی قەشەنگا
دیاریی جوانە وخۆدەردەخەن
بەتایبەتی بانگ دەکەن!
ئەو ملوانکەیە پێم ئەڵێ:
بۆ گەردنی گەلێ جوانم
زۆر دەمێکە من پەسەندی
دەست ودڵی دڵدارانم
ئەم سەفەرە
بۆ یارەکەت من هەڵگرە
مننییانم!
من قەدری گەردنی بەرزی چاک دەزانم
ئەو موستیلەش بانگ ئەکا وەرە بۆ لام
بۆتۆ تەنها منم مەرام
بۆ پەنجەی جوان وناسکی
یارانی تر هەر من لوام
لەپێش چاوی جوانی ئەبم
تۆ دڵدارێکی هەژاری
نرخم هەرزانە بمکڕە
من هەڵگرە
***
ئەو گوڵ ئەستێرەی سەر سنگە
لە دوورەوە چاو دائەگرێ
ئەڵی: چیت کرد کات درەنگە
خاوەنەکەم هەڵم ئەگڕێ
دەستم بەرێ
لەمن جوانتر ئەبێ کێ بێ؟
بەس بگەڕێ
بۆ شوێنێکم، جێ نزرگەی
گشت دڵدارە
ناونیشانم، شوێن وجێگەی لەوانی تر زۆرتر دیارە..
یان ئەحمەد هەردی دەڵێ:
ئەزانم دڵ هەیە وەک مس ژەنگ هەڵدێنێ بە ئاسانی
دڵی تۆ زێڕی تێزابە لە کوێوە ژەنگی هەڵهانی.
شێخ ڕەزا دەڵێ:
ای زر،کە متلب همە شاە وقلندەری
دڵبند ودڵ فریب ودلارام ودلبری
از زر عجب مدار فغانم کە ادمیم
زر گویی زرکند خر بە این خری
واتا ئەی زێڕ، کە دڵخوازی گشت شاە وقەلەندەری، دڵبەند ودڵڕفێن ودلارام ودلبەری، سەرت سوڕ ئەمێنێ کە ناوی زێڕ هات، هاوارم بڵند دەبێ، من مرۆڤم بڕوانە"زەڕ"ی لێبکەی کەر بەکەری خۆی دەکەوێتە زەڕین.
بەڵێ ئەمە دیمەنێکی بچوک وکەمی بازاڕی عەسری کەرکوکە، کە تایبەتە بە زەڕەنگەرەکانی کەرکوک، بازاڕی عەسری، بازاڕی ئاڵتونە کە بەنرخترین کانزای سەر زەمینە،ئاڵتون ئەو کانزا سەر سوڕهێنەرەیە کە خوای گەورە لە کتێبە پیرۆزەکانی باسی دەکات. کانزایەکە ڕەنگی تایبەت،شێوەی تایبەت،نرخ وبەهای تایبەت وەستای تایبەت بەخۆی هەیە، لە هەرجێگایەکدا ئاڵتون هەبێت جوانی وعەشق میوانی ئەو جێگایەییە، هەموو شتە بەنرخەکانی دونیا لەناویاندا مرۆڤ بە ئاڵتون دەپێورێ وەک( بەسەنگایی خۆی ئاڵتون دێنێ، بێ غەل وغەشە وەک ئاڵتون، ئەم خاکە خاکنییە ئاڵتونە) ودەیان پەند وقسەی تر کە بە ئاڵتون پێوانە دەکرێ، مسقاڵێک یان چەند غرامێکی یان قیراتێکی سەدان و هەزارن ژن وپیاو وکچ وکوڕی ئاشتکردوتەوە،هەزاران شەڕی لەسەرکراوە، وڵاتانی لەسەر داگیرکراوە، ئاگری زۆر شەڕی کوژاندوتەوە. لە ڕاستیدا هیچ شتێک نییە بە ئەندازەی ئاڵتون وزیو وبرونز ومیتاڵەکانی تر دۆستی ئینسان بێت، دوژمنی ئینسان بێت، کەس نییە لە دونیادا ڕقی لە ئاڵتون بێت یان ئاڵتونی خۆش نەوێت، سەر سنگی پاڵەوان وسەرکردە نیشتمان پەروەرەکان بە ئاڵتون ڕازاوەتەوە، میدالییای گەردنی پاڵەوانانی وەرزش، سەدان جۆر خەڵاتی لێدروستکراوە بۆ فیلم وشانۆ وئەکتەرەکانی دونیا، چڵی ئاڵتونی، خەڵاتی ئۆسکار، خەڵاتی ساڵانەی سینەمای قاهیرە وئیمارات وڤیستیڤاڵی سینەمایی کان لە فەرەنسا؟وسەدان خەڵاتی تر، تاجی سەر پاشاکانی دونیا، تاجی سەر شاژنەکانی دونیا وشاجوانەکانی دونیا، خاچ بە هەموو جۆرەکانی ، خاچی نوێژکردن، خاچی دوعاکردن، خاچی پاڕانەوە، خاچی سەەکردن وخاچی خەوتن وجۆرەها خاچی تر کە بە ئاڵتون وزیو دروستکراوە.
کتێبە پیرۆزەکان چوونەتەمناو وردەکاری بەکارهێنانی لەلایەن پیاوانەوە، بۆیە ئاڵتون لە کەرکوک وهەموو دونیا بازاڕی تایبەت بە خۆی هەیە، تەنانەت ئەوانەش کە مامەڵە بە ئاڵتون دەکەن،ڕەنگی ئاڵتون وناسکی وپاک وخاوێنی وجوانی ئاڵتون دەگرن هەر ئەمەشە وای لە زەڕەنگەرەکانی کەرکوک کردووە کە جوانترین وهەستیارترین شوێن بۆبازاڕەکەیانداگیر بکەن، بازاێک کەوتووتە سەنتەری شارەکە، بە چەند مەترێک لە شەقامی ەلیک غازی " ثورة" ومەجیدیە و وئەتڵەسەوە دوورە، پردی جمهوریگرێی؟دەدات بە بازاڕی گەورەوە"بیوک بازاڕ" .. ساڵی 1956 ئەو ساڵەیە کە ئەم بازاڕە دروستکرا، پێشتر زەڕەنگەرەکان دابەشبوون بەسەر بازاڕەکانی قۆرییە وجووت قاوە وحەلواچێکان. ساڵی 196، شێخ حەبیب تاڵەبانی سەرۆکی شارەوانی کەرکوک بوو بڕیاری دروستکردنی ئەو بازاڕەی دا. بابەتە ماوێتی ، لە دەرفەتێکدا بڵاوی دەکەمەوە، یان ئیزافەی ئێرەی دەکەم، ئەزانم دوور ودرێژە کەس نایخوێنێتەوە..




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved