وه‌رگێڕان وه‌ک تێکۆشانێکی ئاکادیمیک به‌ڕاده‌ی پێویست له کوردی‌دا ئاوڕی لێنه‌دراوه‌ته‌وه. زمانی کوردی پێویستی به هه‌وڵی به‌رفراوانه له‌م بواره‌دا. وه‌رگێڕی کورد ڕه‌نگه بۆ وه‌رگێڕانی ده‌قێکی ئه‌ده‌بی کێشه‌یه‌کی ئه‌وتۆی نه‌بێت به‌ڵام پێده‌چێ بۆ وه‌رگێڕانی ده‌قگه‌لی فه‌لسه‌فی، شیکاری، ده‌روونناسی و ... تا ڕاده‌یه‌کی زۆر کێشه‌ی هه‌بێت. له ناو ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کاندا ڕه‌نگه وه‌رگێڕانی شیعر دژوارترین چه‌شنی وه‌رگێڕان بێت چون له وه‌رگێڕانی شیعردا جگه له به کرده‌وه ده‌رهێنانی پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان، وه‌رگێڕ ده‌بێ شیعرییه‌تیش بپارێزێت و هه‌وڵبدات وێنه شیعرییه‌کان له زمانی مه‌به‌ستا سه‌ر له نوێ دروست بکاته‌وه. کتێبی"مژ" وه‌ک کۆمه‌ڵه شیعری وه‌رگێڕدراو له ئینگلیزییه‌وه به وه‌رگێڕانی عه‌تا میره‌کی که هه‌ڵبژارده‌یه‌که له شیعره‌کانی کاڕڵ سه‌ندبێرگ، شاعیری ئه‌مریکایی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک سویدی، به بڕوای من ده‌که‌وێته ناو خانه‌ی وه‌رگێڕانه سه‌رکه‌وتووه‌کانه‌وه. که‌سێک تا وه‌رگێڕانی شیعری ئه‌زموون نه‌کردبێ نازانێ ئه‌م کاره چه‌نده کارێکی کاتگر و دژواره. پاش خوێندنه‌وی ئه‌م کۆمه‌ڵه شیعره ده‌مه‌وێ له سه‌ر شیعری "جه‌لاد له ماڵه‌وه" له‌نگه‌ر بگرم. بیر له چی ده‌کاته‌وه ئه‌و جه‌لاده‌ی شه‌و به‌ره‌و ماڵ ده‌بێته‌وه؟ لێره‌دا وه‌رگێڕ هۆشیارانه به‌رانبه‌ری ده‌سته‌واژه‌ی from workی که به واتای "له کار" یان "له سه‌ر کار"ه و له ده‌قی ئینگلیزییه‌که‌دا پشتیوانی کرداره‌که‌یه بۆ ته‌واوبوون، نه‌هێناوه. به بڕوای من وه‌رگێڕ کارێکی دروستی ئه‌نجام داوه چون له کوردی‌دا کاتێ ده‌وترێ فڵانه که‌س ئێواره یان شه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵ تا ئاستێکی به‌رچاو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که له کار ده‌گه‌ڕێته‌وه. بێجگه له‌وه‌ش ئه‌گه‌ر له‌وێدا وه‌رگێڕ ئه‌و ده‌سته واژه‌ی له وه‌رگێڕانه‌که‌دا بهێنایه وه‌رگێڕانه‌که به‌ره‌و درێژدادڕی ده‌چوو و تا ڕاده‌یه‌کی زۆریش هاوسه‌نگیی ڕسته‌کان له بواری کێشه‌وه که‌م ده‌بووه‌وه. له وه‌رگێڕاندا ئه‌گه‌ر ئامانجی نووسه‌ر زیان نه‌بینێ هه‌ندێ جار وه‌رگێر ده‌توانێ شتێکی بچووک به ده‌قه‌که که‌م یان زیاد بکات. کاتێ له‌گه‌ڵ ژن و مناڵه‌کانی بۆ خواردنی قاوه‌یه‌ک و ده‌ورییه‌ک هێلکه و گۆشت داده‌نیشێ بڵێی لێی بپرسن: ئه‌وڕؤ چۆن بوو ئیش و کارت چۆن چوونه پێش؟ له سه‌ره‌تای ئه‌و کۆپله‌یه‌دا پێویست نه‌بوو وه‌رگێڕ بڵێ ژن و مناڵه‌کانی، به بڕوای من ته‌نیا ژن و مناڵه‌که‌ی به‌س بوو چون له کوردی‌دا ئه‌و ده‌سته واژه‌یه به شێوه‌ی تاک دێت. له درێژه‌ی ئه‌م کۆپله‌یه‌دا وه‌رگێڕ نووسیویه "بڵێی لێی پرسن"، یان من هه‌ڵه ده‌که‌م یان نیشانه‌یه‌کی ڕوونم له ده‌قی ئینگلیزییه‌که‌دا نه‌بینی که هۆکار بێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕ له ده‌قی کوردییه‌که‌دا له وه‌جهی ئیلتیزامیی"بڵێی لێی پرسن" که‌ڵک وه‌رگرێت. ده‌قی ئینگلیزییه‌که ئه‌مه‌یه: Do they ask him if it was a good day’s work لێره‌شدا به بڕوای من وه‌رگێڕ کارێکی باشی کردووه ئه‌گه‌رچی له‌وێدا هاوتایه‌ک بۆ کرداری "بڵێی" به‌دی ناکرێ به‌ڵام وه‌رگێڕ له‌و شێوازه ده‌ربڕینه که‌ڵكی وه‌رگرتووه چون هه‌م ئامانجی نووسه‌ر زیانی نه‌دیوه هه‌میش قورسایی واتاکه له ده‌قه کوردییه‌که‌دا هه‌ڵكشاوه. وه‌رگێڕ ئه‌گه‌ر بیوتایه "لێی ده‌پرسن" ڕه‌نگه کێشه‌یه‌کی ئه‌وتۆ نه‌بووایه به‌ڵام به بڕوای من ئه‌وه‌نده‌ی " بڵێی لێی پرسن" قورسایی نه‌ده‌بوو. بڵێی سه‌یری ده‌سته‌کانی بکه‌ن وه‌ختێ ده‌ستی بۆ قاوه‌که‌ی یان هێلکه و گۆشته‌که‌ی ڕاده‌کێشێ؟ لێره‌شدا دووباره وه‌رگێڕ له هه‌مان وه‌جهی ئیلتیزامی" بڵێی" که‌ڵکی وه‌رگرتووه که به‌ڕای من کارێکی به‌جێیه به‌ڵام یه‌ک شت که ده‌بوو له به‌رچاوی گرتایه ئه‌وه‌یه که هه‌ندێ جار له وه‌رگێڕاندا هه‌ندێ ده‌سته‌واژه و وشه که له زمانی سه‌رچاوه‌دا به شێوه‌ی کۆ هاتبێتن ڕه‌نگه پێویست نه‌بێ له زمانی مه‌به‌ستیشدا به‌شێوه‌ی کۆ بێن؛ به‌جێگه‌ی "ده‌سته‌کانی" وه‌رگێڕ زۆر ئاسان ده‌یتوانی بڵێ ده‌ستی چون له کوردی‌دا ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی له‌ش که جووتن له ئاخاوتن و نووسینیشدا باشتر وایه به شێوه‌ی تاک بیانهێنین. له کوردی‌دا ده‌ڵێن: "ده‌ستی برد بۆ نان" ، "پای ڕاکێشا" ناڵێین: "ده‌سه‌کانی برد" یان "قاچه‌کانی ڕاکێشا". له‌وێدا که کچه بچکۆله‌ی جه‌لاد داوا له جه‌لاد ده‌کا به ته‌ناف یاریی ئه‌سپ سواری بکه‌ن، شاعیر ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی له‌به‌رچاو گرتووه که جه‌لاد له وڵامی کچه‌که‌یدا ئاوه‌ها بڵێ: I seen enough rope for today? Or does his face light up like a Bonfire of joy and does he say: It’s a good and dandy world we live In له ڕسته‌ی کۆتایی ئه‌م کۆپله‌یه‌دا وه‌رگێڕ وتوویه‌تی: "ئاخ چه‌ن خۆشه ئه‌و دنیایه" ئه‌مه له حاڵێکدایه وشه‌ی به‌رانبه‌ری "ئاخ" له ده‌قی ئینگلیزییه‌که‌دا نییه. ئه‌گه‌ر وشه به وشه گه‌ره‌کمان بێت ئه‌و ڕسته‌یه وه‌رگێڕین ڕه‌نگه بتوانین بڵێین: " ئه‌م جیهانه‌ی تێیدا ده‌ژین شتێکی تۆکمه و ده‌ره‌جه یه‌که" به‌ڵام وه‌رگێڕ دیسان بۆ دووری له درێژدادڕی شتێکی لابردووه. "تێیدا ده‌ژین"ی لابردووه. له کۆتایی ئه‌م شێعره‌دا به بڕوای من وه‌رگێڕ باشتر وابوو به جێگه‌ی "واده‌زانم" بیوتایه "وابزانم" "واده‌زانم/ هه‌موو شتێک/ئاسانه بۆ جه‌لاد" ئه‌مه ڕسته‌کانی وه‌رگێڕه. یان ڕه‌نگه ده‌یتوانی به جێگه‌ی "واده‌زانم" بڵێ: "گومانم وایه"، ئینگلیزییه‌که‌ی: I guessه که به بڕوای به‌رانبه‌ری ئه‌وه له کوردی‌دا هه‌مان "وابزانم"ه. به گشتی ئه‌گه‌ر گشتێتیی ده‌قه‌که له به‌رچاو بگرین وه‌رگێڕانه‌که‌ی عه‌تا میره‌کی وه‌رگێڕانێکی شیاوه و جێگه‌ی خۆیه‌تی له کۆتایی ئه‌م ده‌قه‌دا ده‌س خۆشی ڵیبکه‌م و پێشنیاری خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه به هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌غده‌غه‌ی شێعریان هه‌یه، بکه‌م.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure