9/6/2020 03:07 PM

WHO: دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەرە خراپییە

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رۆژی دووشەممە رایگەیاند دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە جیهاندا خراپتر بووە و بەنیسبەت بەجیدیی وەرنەگرتنی مەودای کۆمەڵایەتی و پابەندنەبوون بە رێنماییەکان هۆشداری دەدات.
"تێدرۆس ئیدهانۆم"ـی سکرتێری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی کە لە رۆژ دووشەممەدا بە شێوەی ئینتەرنێتی گوتی: "دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئەوروپا بەرەو باشبوونە بەڵام لە جیهاندا بەگشتی بەرەو خراپییە. لە 9 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 100هەزار حاڵەتی تووشبوونی نوێ بە کۆرۆنا تۆمار کراوە. دوێنێ زیاتر لە 136هەزار حاڵەتی تووشبوونی نوێ تۆمار کرا کە زۆرترین ئاماری تووشبوون لە رۆژێکدایە."
ئەو گوتیشی نزیکەی 75٪ـی تووشبووانی نوێ کە رۆژی یەکشەممە بەم رێکخراوەیە راگەیەندراوە پەیوەندییان بە 10 وڵاتەوە هەیە کە زۆرینەیان دانیشتووانی ئەمریکانی لاتین و باشووری ئاسیان.
"ئیدهانۆم" لەگەڵ ئەوەی پشتگیری لە بەرابەری و خەبات لەدژی رەگەزپەرەستی کرد، داوای لە خۆپیشاندەرانی ئەمریکایی کرد کە لە کاتی خۆپیشانداندا پابەندی رینماییەکان بن. ئەو زیادیشی کرد رێکخراوەکەی ئەو تا ئێستا 5 ملیۆن کەلوپەلی پزیشکی پاراستنی رەوانەی 110 وڵاتی جیهان کردووە.
بەپێی ئامارەکانی زانکۆن "جۆن هاپکینز" تا ئێستا نزیکەی 7 ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و زیاتر لە 400هەزار کەس گیانی خۆیان لە دەست داوە.

 

سەرچاوە: medicalxpress

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved