بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو جومگەکانی ژیانی مرۆڤایەتی لە سەرانسەری جیهان لەگەڵ کێشە و گرفت رووبەڕوو کردووەتەوە. پیشەسازی سینەما یەکێک لەو بوارانە بوو کە زۆر زوو شاڵاوەکانی ئەم قەیرانەی پێ گەیشت و لە پێی خست. لە نوێترین هەواڵ سەبارەت بە جیهانی سینەما باس لە دواخرانی رێوڕەسمی ئۆسکاری 2021 دەکرێت. پاش ئەوەی کە رەوتی بەرهەمهێنانی زۆرینەی فیلمەکانی لە مانگی 3ـی ئەمساڵدا وەستێندران، ئەکادمیای ئۆسکار بڕیاری داوە بەڕێوەبردنی گەورەترین رێوڕەسمی سینەمایی جیهان دوو مانگ دوابخات. واتە رێکەوتی بەڕێوەچوونی ئۆسکار لە 28ـی 2ـی 2021ـەوە گۆڕاوە بۆ 25ـی 4. دەیڤید رۆبینی سەرۆکی ئەکادمیای ئۆسکار و داون هانسۆنی بەرپرسی کارگێڕیی ئەم ئەکادمیایە، بڕیارەکەی خۆیان بەم شێوەیە راگەیاند: "بە ماوەی زیاتر لە سەدەیەک، فیلمەکان رۆڵێکی گرنگیان بووە کە سوکنایی بەخشین، وەرەبەخشین و سەرقاڵکردنی ئێمە مرۆڤ لە ناخۆشترین قۆناغەکاندا. بێگومان ئەمساڵیش هەر بەم جۆرەیە. هیوادارین بە درێژکردنەوەی ماوەی وەرگرتنی بەرهەمە سینەماییەکان بتوانین مەجالێک دروست بکەین بۆ ئەوەی دەرهێنەرەکان بتوانن کارەکانی خۆیان تەواو بکەن و بەبێ ئەوەی کەس تووشی کێشە و گرفتی یاسایی تایبەت بەم بارودۆخە نەخوازراوە بێت (کە لە کۆنتڕۆڵی ئێمەدا نییە)، رێوڕەسمەکە بەڕێوە بچێت. رێکەوتە نوێیەکە بەو مانایەیە کە بەربژێرەکانی خەڵاتی ئۆسکار رۆژی 15ـی 4 رادەگەیەندرێن و دوادەرفەتی ناردنی بەرهەم لە هەموو بەشەکاندا (بۆ نموونە باشترین فیلم) رۆژی 15ـی 1ـی 2021 کۆتایی دێت. ئەکادمیای ئۆسکار کە تویتێکدا سەبارەت بە یاسا نوێیەکانی خەڵاتی ئۆسکار روونکردنەوەی داوە و گوتوویەتی: "رێوڕەسمی خەڵاتی ئۆسکار 25ـی 4 دەست پێدەکات و هەروەها باس لەوە کراوە کە هەڵبژاردنی بەرهەمە ناوازەکان تا 28ـی مانگی 2 بەردەوام دەبێت. بەپێی ئەم تویتە بەرپرسانی ئەکادمیای ئۆسکار گوتوویانە مۆزەخانەی ئۆسکار رێکەوتی 30ـی 4 دەکرێتەوە.
سەرچاوە: mirror
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure