19/6/2020 11:00 AM

پایانیانی، شانەی هەنگ

مەحموود نەجمەدین
لە مێژە لە بارەی چالاكییەكانی رۆژهەڵاتەوە ئەوەم گوتووە ئەم شێوازە لە كاركردن و خزمەت كردنی ئەدەبیات و فەرهەنگی كوردی مەزنترین و پیرۆزترین شۆڕشە. هەر بەرهەمێك یان چالاكییەكی فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵات كوردستان داستانێكی گەورەی شۆڕشگێڕییە. من بۆ خۆم وابیر دەكەمەوە. كە ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێكە ئەدەبیات و زمانی نەتەوەكەمان دەوڵەمەند بكات. دیوانە شیعرییەكانی یونس ڕەزایی و رۆمانەكانی سەید قادر هیدایەتی و چیرۆكەكانی محەمەد ڕەمەزانی و عەزیزی مەحمود پوور و بەرهەمە ناوازەكانی ئەحمەد بەحری و سەلاح پایانیانی لای من هەر یەكەیان داستانێكی گەورەیە و هیچی كەمتر نییە لەو داستان و گیانبازییانەی لە شۆڕشەكانی كورد دا تۆماركراون. بۆ نموونە دانانی فەرهەنگی زارەكی موكریان لە چاوی مندا داستانێكە چەشنی داستانی حەمك، ئەو داستانەی كە لە باشووردا كەم كەس هەیە پێی سەرسام نەبووبێ. تەنانەت كاتێ بۆ نەوەكانی ئێستا دەگێڕدرێتەوە باوەڕ ناكەن و پێیان وایە ئەوە فیلمە نەك ڕاستییەك كە كۆمەڵێك پێشمەرگە بەرانبەر بە بەعس چۆن شەڕێك دەكەن! جا ئەم شۆڕشی ڕۆشنبیرییەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵات پەرەی پێدراوە دەبێ بەو چەشنە بەرز بنرخێنرێ. كاری فەرهەنگی و پاراستنی ئەدەبیات و زمانی كوردیمان شۆڕشێكی پیرۆزە. پارستنی زمان و بەرهەمی ئەدەبیاتی زارەكی و فۆلكلۆر تا دەگاتە بەرهەمی نوێی گەنجەكانی ئەمڕۆ وەكو پاراستنی خاكە و كەمتر نییە ئەگەر زیاتر نەبێ. چون مرۆڤ وەختێ زمانەكەی لە دەست بدات خاكەكەی لەدەست داوە. لەم پێناوەدا كاری بەرهەم هێنانی فەرهەنگی زارەكی موكریان هێندە بەرزە هێندە بەرزە نازانم چۆنی لەسەر بنووسم و هەرچی بڵێم حەقی خۆی پێنادەم. ئەو پایانیانی یە كەڵەگەتە سەر لە هەورانە كارێكی ئەوەندە مەزن و پیرۆزی كردووە. بنیادەم نازانێ چۆنی ستایش بكات. 
كانی مرادان كانی وشە و بەیت و مەتەڵ و پەند و ئیدیۆم و... پایانیانی ئەو پیاوە بەتوانا و كۆڵنەدەرەی بێوچان خزمەتی زمان و ئەدەبیاتی زارەكی كوردی دەكات و بەرگ لە دوای بەرگ شاخێك لە وشە و پەند و ئیدیۆم بۆ نەتەوەكەی بڵند دەكاتەوە. ئەوەی سەرێك بە فەرهەنگی زارەكی موكریاندا بكات و تاوێك تێیدا بحەسێتەوە و چاو بەو ئەو هەموو مەتەڵ و پەند و ئیدیۆم و وشە جوان و پاراوەدا بخشێنێتەوەە ئەوجا دەزانێ پایانیانی گەوهەرێكی چەند بەنرخە. ئەم پیاوە باڵابەرزە سەر لە حەوێقە كارێكی ئەوەندە پیرۆزی كردووە هەرچییەكی لەسەر بنووسراێ حەقی خۆی پێنادرێ. ئەز وەكو بۆرە نووسەرێكی گچكە زۆرم سوود لەو بەرهەمە بەنرخە وەرگرتووە و هەر كات سەر بەنێو فەرهەنگی زارەكی موكریان دا دەكەم شاگەشكە و دڵ خۆش بە دوای پەند و وشەدا دەگەڕێم، دەڵێی شانەی هەنگە هەرگیز لێی تێر نابم.
مامۆستا سەلاح پایانیانی توێژەر و فەرهەنگنووسی كورد ساڵی  1978 لە پایتەختی شۆڕش، مەهابادی بەرز و بڵند لەدایكبووە. زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە بێوچان شانی وەبەر توێژینەوە و فەرهەنگنووسیی زمانی كوردی داوە و كۆشێك بەرهەمی بەپێزی پێشكەشی كتێبخانە و نەتەوەی كورد كردووە. فەرهەنگی زارەكیی موكریان یەك لەو پڕۆژە بەنرخانەیە كە لە سایەی كاری مەیدانی و كۆكردنەوەی داتا لە ماوەی ئەو بیست و پێنج ساڵەدا سەری گرتووە و ئێستاش نەپساوەتەوە و وەك زنجیرە پیت بە پیت دوا بە دوای یەك چاپ دەكرێ.
خوازیارم ئەم پیاوە مەزنە تەمەن درێژ و لەش ساغ بێت و بمێنێ بۆ ئەم كارە نایابانە. جێی شانازی هەموو كوردێكی كورد پەروەرە مامۆستا سەلاحی وەك هەنگ شیرین.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved